کێ "ئاسۆی دەلاک"ی بەگرت دا؟
  2019-08-11       10090       

سامان عەلی



بەروار: ڕۆژی پێنجشەممە، شەشی مانگی نۆی ساڵی ۱۹۷۹.


شوێن: شاری سلێمانی، گەڕەکی گۆیژە، کۆڵانی مەعمەلی کۆلاکەی عەبەی کۆلا (ئێستا ئەو کۆڵان و گەڕەکە پێی دەوترێت سەیوانی دوو).


کات: پێش نیوەڕۆ.


دیمەن: ئۆتۆمبێلێکی لادا-ی ڕەنگ سپی، لە بەردەم مەعمەلەکە کە داخرابوو، ڕاوەستا، هەر خێرا ژمارەیەک ئەمن کە جلی مەدەنییان پۆشیبوو، بە کۆڵان و سەر گۆشە و سوچەکانی ئەو ناوەدا بڵاوبوونەوە و خۆیان قایم کرد و چوونە دۆخی ئامادەباشیی و بۆسەوە.


ئەمنەکان ترس و دڵەڕاوکێ بە جوڵە و ڕەفتاریانەوە دەبینرا، بەتایبەتی ئەو دانەیەیان کە لە پەنجەرەی هۆڵەکەی ماڵی بینەری ئەم ڕووداوەوە دەبینرا، لە سەر گۆشەکە ڕاوەستابوو و میلی دەمانچەی هێنابووەوە و بێ ئۆقرەیی بە جوڵە زۆرەکانییەوە دیاربوو.


بەینێکی نزیک بە نیوکاتژمێری پێ چوو، تا ئەو کەسەی کە بۆسەکەی بۆ دانرابوو پەیدابوو.


لە گۆشەکەی سەرەوە، گۆشەکەی لای دووکانەکەی کاک مەحمودی وردەواڵەفرۆش، پیاو و ژنێک و منداڵێک دەرکەوتن و بەرەو خوار بوونەوە. لەگەڵ گەیشتنە بەردەم مەعمەلی کۆلاکە کە لادا سپییەکەی لێ ڕاگیرابوو، لە ناو لاداکە و لە سەر گۆشەکە و سوچ و گۆشەکانی تری ئەو کۆڵان و دەوروبەرە چەندین ئەمن بەهەڵەداوان و پەلاماردان و هەڵکوتانە سەر گەیشتنە سەر ژن و پیاوەکە و هاواریان دەکرد خۆت بدە بە دەستەوە. پێنج شەش ئەمن دایان بەسەر پیاوەکەدا و دەرگای دواوەی لادایان کردەوە و بە زۆر ترنجاندیانە ناو لاداکەوە. لەم بگرە و بەردەیەدا ئەفسەری ئەمنی ئەم پرۆسەیە کە ئەو پیاوەی تێدا دەستگیرکرا، ژن و منداڵەکەی ئیزندا بڕۆن، پاش ئەوەی کەسی مەبەستیشیان دەستگیرکرد ئەمنەکان وەک دەربڕینی شادیی و خۆشیی بەم سەرکەوتنەیان بە چەکەکانیان تەقەی خۆشییان کرد بە ئاسماندا و بەپەلە هەموو سواری لاداکە بوون و لادا بەخێراییەک کە لەپاش خۆی تەپ و تۆزی لە کۆڵانەکەدا دروستکرد تێی تەقاندو ڕۆیشت. ئەفسەری سەرپەرشتیاری ئەم بۆسەو پڕۆسەیە مولازم موحسین بوو، ئەو پیاوەی کە لە بۆسەکەدا دەستگیرکرا ئاسۆی دەلاک بوو. ئەی ئەو ژنەی کە منداڵێکی لەگەڵدا بوو و هاوڕێی ئاسۆی دەلاک بوو و ئاسۆی هێنایە ناو بۆسەکەوە کێ بوو؟! هەڵبەتە ئەڵقەلەگوێ و بەکرێگیراوی سەر بە دەزگاکانی ئەمن بوو، چونکە لەدوای دەستگیرکردنی ئاسۆ، دەسبەجێ ئیزندرا و لێیدا ڕۆیشت و لەو ناوە دورکەوتەوە. زۆر جار کە باس لە دەستگیرکردنی ئاسۆی دەلاک دەکرێت دەوترێت ناپاکێک بە گرتی دا، بەڵام نەک هەر ناوترێ ئەو ناپاکە کێ بوو بەڵکو باس لەوەیش ناکرێت کە بە ڕەگەز مێینە و ژن بوو. تۆ بڵێی ئەو ژنە کێ بووبێت؟! ئایا لەدوای گرتنی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی لەپاش ڕاپەڕینی زستانی ساڵی۱۹۹۱ و دەستگرتن بەسەر ئەو ژمارە زۆرە لە فایل و بەڵگەنامە و نهێنی کە لەو دەزگا داپڵۆسێنەرەدا هەبوون ئەوەندەی پێویست بەڵگەنامە و دۆکیومێنت نەکەوتە دەست یەکێتی و خەڵکی ڕاپەڕیو کە ڕووداوی ئەم دەستگیرکردنە و بەشداران لەم کارەی تێدا تۆمارکرابێت؟!

ئاسۆی دەلاک


ئاسۆی دەلاک، ناوی راستەقینەی حەسیب عومەر سابیرە، ساڵی 1957 لەگەڕەكی دەرگەزێن-ی سلێَمانی لەدایك بووە، تا پۆلی پێنجەمی سەرەتایی خوێندوەو دواتر دەستی كردووە بەپیشەی سەرتاشی لەناوەڕستی دەیەی حەفتای سەدەی رابردودا پەیوەندی بەكۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانەوە دەکات.
لەکۆتایی ساڵی 1976دا کە پۆلیس دەبێ لەسەنگەسەر، 11 تفەنگ دەباو دەچێتە ناو هێزی پێشمەرگەوەو چەندین چالاکی لەساخ‌و ناو شار ئەنجامدەدات بەتایبەتی لەو کاتەی مولازم موحسین، کە ئەفسەری ئەمن بو کوشێکی پڕ لەتۆقاندنی لەسلێمانیدا خوڵقاند بو. رۆژی 6/9/1979 لەكاتی ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی چالاكییەك لەناو شاری سلێمانی خیانەتی لێدەكرێت و بەگرت دەدرێ‌و بەدیلی دەكەوێتە دەست ملازم موحسین‌و بێ سەروشوێن دەکرێت.

مولازم موحسین

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×