زەیدی بەرهەمی چیە؟

رزگار عومەر
  2026-11-24   

لە کۆتایی پەنجاکاندا بەسەرەوە لە عێراقدا زلهێزە جیهانیەکان؛ چەشنی بەریتانیا، ئەمریکا، فەڕەنسا سەرەڕای ناکۆك بوونی بەرژەوەندیەکانیان و ئاڵۆزی کەشی سیاسی لە عێراقدا، ئەوان جۆرێك لە کۆک بوونی نافەرمیان هەبوو لە دیزاین کردنی عێراق جیاواز لەسەردەمی مەلەکی و سەردەمی کورتی عەبدالکریم قاسم.

 ئەوان دوای دەست بەکاربوونی عبدالکریم قاسم، کە وەکو قۆناغێکی راگوزەرە مامەڵەیان لە گەڵ کردو بەشداری ڕاستەوخۆیان هەبوو لە پلانەکانی ڕوخانی بە یارمەتی جەمال عەبدلناسری مسڕ، کاریان بۆ ئەوە کرد کە بوار بدەنە ڕەهەندی ناسیۆنالیزمی عەرەب لە کەسایەتی حیزبی بەعس بێتە سەرحوکم، بەڵام ئەم "زانراوانەی" مێژوو بۆچی لێرە دووبارەی دەکەینەوە؟

 لێرەدا من دەمەوێ یەك ڕەهەندیتری ئەم پڕۆسەیە بخەمە سەر ئەم واقیعە سەلمێنراو بەڵگەنەویستانە؛ ئەویش ئەوەیە هاتنە سەرکاری حیزبی بەعس و ستایڵی "هەڕەمی سیاسی بەهێز" چەشنی ئەزموونی دروست و بوون و نەمانی "سەدام حوسێن" بەرووبوومی تەنیا ئایدیۆلۆژیا نەبوو، بەڵکو بەروبوومی سەپۆرتێکی ئیقلیمی و جیهانی بوو، پێگەیاندنی "پیاوی بەهێزی دەوڵەت" یان بە چەمکێکی فراوانتر-تۆلیاتاریزم- موتوربەکراو بە ستایڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەرخان کردنی بەشێکی گەورەی بودجەی وڵات بوو بۆ چەك و سوپا کە ڕوخسارێکی دیالیکتیکی دەوڵەتی تۆلیتارە، ڕەگەزەکانی بەرهەمهێنانی "دەسەلاتی ڕەها"ی بەرزترین پۆستی دەوڵەت و "دەوڵەت خۆی" بێ بوونی میلیتاریزم یەکتر دروست نابن، بە تایبەتی لە کۆپیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە ڕووی فەلسەفەی مێژوو، نەك تەنیا دوێنێ، بەڵکو ئەمڕۆش هەڵگری بچمی دواڕۆژمانە، نەك بە مانا میکانیکیەکەی "کۆپی-پەیست" بەڵکو بەو مانا دیالیکتیکەیە "مەرجەکانی" بەردەم ئەو هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسیانەی لە پشتی ناکۆکین، ئەو کاراکتەرانەی کە بەرهەمی ئەم ناکۆکیانەن چۆن سەرلەنوێ دەبنە "ڕوخساری" نیشتنەوەی ناکۆکیەکان بۆ کەنارێکی کورتخایەن یان درێژخایەنی مێژوو.

 ئەو جۆرە لە کاراکتەر کە دەبێتە نوکی ڕمی ساغکردنەوەی ناکۆکیەکان بەلایەکدا، ئەوانیش وەکو "حەقیقەتی" سیاسی لە نوێنەرایەتی کردنی جەنگی ناکۆکیەکان، "بارستەو سەنگی حەقیقی" و ئەو مەجازو داستانانەی دەوری ئەم ڕۆڵەو ئاکشنانە دەدەن هەمووی دەبنە هێزی بزوێنەری مێژوو بەرزکردنەوەی ئۆتۆریتەی ڕەهای ئەم کاراکتەرە، بە ئاراستەو بەرژەوەندی ڕیزبەندێكی سیاسی (جیهانی و ئیقلیمی) یان ئایدیۆلۆژی کە لە ئەوان لە سفرەوە ئەم کاراکتەرەیان هێنا سەر شانۆی مێژوو یان ووردتر بڵێم-ئیدارە دانی ناکۆکیەکان- ئەم شانۆیە لێواو لێوە لە ڕیسک نەك تەنیا لە حاڵەت و ئاکامی دروست بوونی "دەوڵەتی بەهێزو" "پیاوی بەهێزی دەوڵەت"، بەڵکو لەو باجە مرۆییانەو مێژووییانەی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە دەیدەن کە قامەتی دەزگای دەوڵەت دەگەڕێتەوە سەر ژێرخانێکی میلیتاریستی.

 

تێگەیشتن لە "زەیدی" لە نیو ڕەهەندی میلتاریزبوونەوەی عێراق:-

لێکدانەوە تاکڕەهەندەیەکان پشت بەوە دەبەستن کە زەیدی "بژاردەی ئەمریکایە" یان هەندێ جار بەوە کورت دەکرێتەوە کە زەیدی بژاردەی بازاڕی ئازادو لیبرالیزمە بە مانا بزنس و ئابوریەکەی، ئەمانە هەمووی ڕاستن، بەڵام من لەو باوەڕم هەموو ئەو فاکتانە بە دەوری ڕەهەندێکیتری سەرەکین (میلتاریزە بوونەوەی دەوڵەت)  کە نزیك بە ١٥ ساڵێك لەمەوبەر "مالیکی" بەرهەم هێنا بە ئاراستە ئێرانیەکەی، ئەمڕۆ لەبەر ئاوێتە بوونی چەندین فاکتیتری مەوزوعی و فراوان بوونەوەی رەهەندی میلتاریزم لە نەخشاندنەوەی هەرەمی دەسەڵات لە عێراق ئەمجارە "زەیدی" بەرهەم دێت بە ئاراستەی ئەمریکا نەك بە ئاراستەی ئێران، بۆ تێگەیشتن لە ڕەهەندی میلتاریزە کردنەوەی عێراق گرنگە چاوێك بەم داتایانەی خوارەوە بگێڕێن:-

پرۆسەی سەرلەنوێ میلتاریزەبوونەوەی عێراق  لە دوای هەڵوەشاندنەوەی سوپا لە ساڵی ٢٠٠٣ـەوە تا ئێستا (٢٠٢٦)، یەکێکە لە دیارترین گۆڕانکارییە ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکە. بەپێی داتاکانی پەیمانگای ستۆکهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتیی نێودەوڵەتی (SIPRI)، پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان (IISS)، و خشتەکانی بودجەی فیدراڵیی عێراق، دۆخەکە بەم شێوەیەی خوارەوە دەردەکەوێت:

خەرجیی سەربازی بەپێی پەیمانگای ئاشتیی سویدی (SIPRI)

٢. عێراق چەند لە داهاتی ساڵانەی خۆی بۆ کەرتی سەربازی و ئەمنی تەرخان دەکات؟

وەزارەتی بەرگری: نزیکەی ٨.٣ ترلیۆن دینار (نزیکەی ٦.٣ ملیار دۆلار).

وەزارەتی ناوخۆ (پۆلیسی فیدراڵی و هێزە چەکدارەکانی ناوخۆ): نزیکەی ١٣.٢ ترلیۆن دینار (نزیکەی ١٠ ملیار دۆلار).

دەستەی حەشدی شەعبی: بودجەکەی لە نێوان ٣.٩ بۆ ٤.٥٥ ترلیۆن دینار (نزیکەی ٣ ملیار دۆلار) بەرزبووەتەوە.

دەزگای دژە تیرۆر و هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانی: نزیکەی ١.٥ بۆ ٢ ترلیۆن دیناری تر پێکدەهێنن.

ئەنجامگیریی دارایی: کۆی گشتیی خەرجیی کەرتی سەربازی و ئەمنی لە عێراقدا دەگاتە نزیکەی ٢٧ ترلیۆن دیناری عێراقی (سەرووی ٢٠ ملیار دۆلار ساڵانە). ئەگەر داهاتی ساڵانەی عێراق (کە ٩٠٪ـی پشت بە نەوت دەبەستێت) لە نێوان ١١٠ بۆ ١٣٠ ملیار دۆلار بێت، ئەوا عێراق نزیکەی ١٥٪ بۆ ١٨٪ـی کۆی داهات و بودجەی گشتیی خۆی تەنها بۆ مووچە و پڕچەککردنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان خەرج دەکات.

٣. داتاکان دەربارەی «دەزگای دژە تیرۆری عێراق» (ICTS)

دەزگای دژە تیرۆری عێراق (جهاز مكافحة الإرهاب) خاوەنی پێگەیەکی تایبەتە، چونکە لە ڕووی ئیداری و داراییەوە سەر بە وەزارەتی بەرگری نییە، بەڵکو وەک وەزارەتێکی سەربەخۆ ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە:

ژمارەی هێزەکان: بەپێی ڕاپۆرتەکانی (IISS) و ناوەندە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوا، ژمارەی کارمەندانی ئەم دەزگایە لە سەرەتادا تەنها چەند هەزار کەسێک بوو، بەڵام تا ساڵانی ٢٠٢٥–٢٠٢٦ گەیشتووەتە نزیکەی ٣٧,٠٠٠ بۆ ٤٤,٠٠٠ سەرباز و ئەفسەری مەشقپێکراو (لە چوارچێوەی سێ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی تایبەتدا).

تێچووی دارایی (بودجە)ی دژە تیرۆر:

بودجەی ساڵانەی دەزگای دژە تیرۆر لە بودجەی فیدراڵیی عێراقدا بە نزیکەی ٧٥٠ ملیار تا ١ ترلیۆن دیناری عێراقی (واتە نزیکەی ٥٧٠ بۆ ٧٦٠ ملیۆن دۆلار لە ساڵێکدا) دەخەمڵێنرێت، کە زۆرینەی ڕەهای بۆ مووچە و دەرماڵەی تایبەتە (مووچەی کارمەندانی دژە تیرۆر لە سوپای ئاسایی بەرزترە).

جیا لە بودجەی عێراق، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چوارچێوەی پرۆگرامی مەشق و پڕچەککردن، ساڵانە نزیکەی ٢٢ بۆ ٢٥ ملیۆن دۆلاری وەک پاڵپشتیی ڕاستەوخۆ (جگە لە دابینکردنی چەک و تەقەمەنی و هەواڵگری) بۆ ئەم دەزگایە تەرخان کردووە، کە بەرزترین ڕێژەی وەبەرهێنانی ئەمریکایە بەپێی تاک لە هەموو دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراقدا.

٤. لێکدانەوەی ستراتیژی و داتای زیاتر لەسەر میلتاریزەبوونەوەی عێراق

گۆڕانی ژمارەی هێزە چەکدارەکان: لە ساڵی ٢٠٠٣ سوپای عێراق هەڵوەشایەوە؛ لە ٢٠٢٦ـ دا کۆی هێزە چەکدارە فەرمی و نیمچەفەرمییەکانی عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە ٨٥٠,٠٠٠ بۆ ٩٥٠,٠٠٠ چەکدار (نزیکەی ١٩٣,٠٠٠ سوپای نیزامی، زیاتر لە ٥٠٠,٠٠٠ پۆلیس و ناوخۆ، نزیکەی ٢٣٨,٠٠٠ حەشدی شەعبی، و نزیکەی ٤٠,٠٠٠ دژە تیرۆر). ئەمەش واتە عێراق لە ڕووی ڕێژەی چەکدار بەرامبەر دانیشتووان یەکێکە لە بەرزترین وڵاتانی جیهان.

میلتاریزەبوونی ئابووری (ئابووریی مووچەخۆری سەربازی): بەپێی داتاکانی بانکی جیهانی و SIPRI، زیاتر لە ٨٠٪ بۆ ٨٥٪ـی بودجەی سەربازیی عێراق دەچێت بۆ مووچە و خەرجیی بەکاربردن نەک بۆ کڕینی تەکنەلۆژیای سەربازی یان توێژینەوە. واتە میلتاریزەبوونەوەی عێراق زیاتر «میلتاریزەبوونی مرۆیی و بێکاریی شاراوەیە» وەک لەوەی دروستکردنی سوپایەکی تەکنەلۆژیی مۆدێرن بێت؛ حکومەت سوپا و دەزگا ئەمنییەکانی وەک ئامرازێک بۆ دابینکردنی هەلی کار و کڕینی دڵسۆزیی سیاسی بەکارهێناوە.

هاوردەکردنی چەک (SIPRI Arms Transfers): لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠٢٣، عێراق ساڵانە بە تێکڕا بە بەهای نزیکەی ١.٨ بۆ ٢.٤ ملیار دۆلار چەکی هاوردە کردووە. لە ساڵانی ٢٠٢٤ تا ٢٠٢٦ ئاراستەکە گۆڕاوە بەرەو فرەچەشنکردنی سەرچاوەکان (کەمکردنەوەی پشتبەستنی ڕەها بە ئەمریکا و ڕووکردنە کۆریای باشوور بۆ سیستەمی بەرگریی ئاسمانی و تۆپخانە، فەڕەنسا بۆ ڕادار و هێلیکۆپتەر، و چین و پاکستان).

هەندێ بۆچوونی "ناستراتیژی" گرەو لە سەر ڕیسکەکانی "زەیدی" بەرامبەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران دەکەن پێیان وایە؛ ڕەنگە زیدی لەم بەرامبەرکێیە بدۆڕێ یان تیرۆر بکرێ، ئەم ئەگەرانە بە چاوپۆشین لەوەی چەندە ڕێی تێدەچێ یان نا، هیچ لەو ڕاستیە کەم ناکاتەوە کە ئێمە بەرامبەر مێژوویەکی تازەین، لە سەرلەنوێ زلبوونەوەی ڕەهەندی میلتاریزمی دەوڵەتە.

 گریمان زەیدی تیرۆر کرا، یان دۆڕا، ئەم سیناریۆیانە "چارەنوسی" موحتەمەلی هەموو لیدرەێکە کە لە قۆناغە وەرچەرخانەکانی میلتاریزە بوونەوەی دەوڵەت دەکرێ تووشی بێت، بەڵام هەر ئەم ڕەهەندە خێراتر لە بەرهەمهێنانی زەیدی (ئەگەر بدۆڕێ یان تیرۆر بکرێ) سەرلەنوێ کەسیتر بەرهەم دێنێتەوە بە سیفاتی توندڕەوی زیاترو ئاکشنی فراوانتر.

 زەیدی کاراکتەرێکە لە نێو بەلەمێکی گەورە بە جۆرێکە داینامیکەکەی لە جوڵەدایە کە بە خێرایی دەتوانێ کاپتنیتر بەرهەم بهێنێتەوە، ترس لە کاراکتەرو خولانەوە بە دەوری زۆرجار وا دەکات ژێرخانە بزوێنەرە ئەسڵیەکە نەبینرێت، میلیتاریزم لە عێراق لە ٢٠٠٣ وە تا ئەمڕۆ زۆر بەخێرایی گەشەی کردووەو فراوان بووە، تازە تەنیا لە یەك حاڵەتدا ئەم میلتاریزمە لاواز دەبێت پووچ دەبێ، ئەگەر لیدەرێکی بێ مێشکی چەشنی سەدام پەیدا بێت ٨ ساڵ شەڕی ئێرانی پێبکەن وڵاتێکیتری وەکو کوێتی پێ داگیر بکەن! سەردەمەکە سەردمی سەدام نیە، بەڵام ئەگەر لە دووربینی مێژوو سەیری بکەیت دەبینی عێراق دیسان بۆتەوە سەربازگەیەکی زۆر گەورە!

زۆرترین بینراو
عەلی حەمەساڵح نەخشەیەک لەبارەی کێڵگە نەوتی و گازییەکانی هەرێم بڵاودەکاتەوە و هۆشداری لەبارەی "دەستبەسەرداگرتنیان لەلایەن بەغداوە" دەدات
سەرۆک کۆمار: نە لەگەڵ دابەشکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی بودجەم، نە پارتی و یەکێتیش بەبێ یەکتر دەتوانن حکومەت پێکبهێنن
حکومەتی عێراق وادەی گەیشتن و دانانی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە کۆرمۆر ئاشکرا دەکات
ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید: عه‌لی زه‌یدی ده‌ڵێت، بودجه‌ نابێت تا هه‌رێم مه‌رجه‌كانم جێبه‌جێ نه‌كات
دەم پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکرا دەکات
مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كگرتو: بۆ ده‌رچون له‌ دۆخی چه‌قبه‌ستوی هه‌رێم چه‌ند هه‌نگاوێكی كرده‌یی ده‌نێین
حه‌لبوسی بۆ زێدان: لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و‌ "تۆمه‌تانه"‌ بكرێت كه‌ ئاڕاسته‌ی خۆم و خانه‌واده‌كه‌م كراون له‌باره‌ی به‌قاچاخبردنی نه‌وت
ئاوات شێخ جەناب هۆشداری لە "بچووککردنەوەی هەرێم" دەدات: ئەم فشارانە لە سەردەمی سەدام حسێنیشدا لەسەر کورد نەبوون
کچێکی 19 ساڵان بە دەستی دایک و باوکی کوژرا
عەلی زەیدی فەرمانی بەوەزارەتی نەوت کرد کە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×