هەر لە کۆنەوە فەیلەسوف و بیرمەندان زۆرجار ئاژەڵیان وەکو ڕەمز لە وێناکردنەوە و پێشاندانی ڕەهەندی جۆراو جۆری مرۆیدا بەکارهێناوە، هەندێک جار بۆ ڕونکردنەوەی مەبەست و بیرۆکەکانیان و زۆر جاریش بۆ بەراوردکردن بە نمونە :
سوکرات - لە ڕونکردنەوەی حیکمەتەکانیدا، پرسیار بەرامبەر کاردانەوەی مرۆڤ دەکات کاتێک کەر لوشکەی لێدەدات .
پلاتۆن - لە کۆماردا مرۆڤ وەکو گورگ وێنادەکات کاتێک لە دادپەروەری دادەماڵرێ .
نیچە - پەنا بۆ هەڵۆو گیسک دەبات لە پێناو خستنەڕوی دوانەی سەردارو کۆیلە لە دیاریکردنی سەرچاوەی ئەخلاقدا .
لە چوارچێوەی ئەم کۆنتێکستەدا دەکرێ کەمتیار لە بونەوەرێکی بایۆلۆژیەوە وەک سیمبولێک بگوازینەوە نێو جیهانی فەلسەفە، بەمەبەستی تیۆریزەکردنی لە ڕەهەندی عەقڵگەرایی و شڕۆڤەکردنی بە نەشتەری لۆژیک، هەوڵبدەین ڕەوشت و هەڵوێستە نامۆ و تایبەتەکانی بخەینە ژێر پرسیار، بە ئامانجی ئاشکراکردنی ڕەفتارەکانی کەسایەتی مرۆڤی کەمتیار لە ڕوی هەڵوێستی هەلپەرستانەی سیاسی و کۆمەڵایەتی .
کەمتیار ئەگەرچی ئاژەڵێکی دڕندەی ناشیرینی ڕەوشت بێزراوە، هەمیشە لە پشتەوە پەلامار دەدات و زۆر جار خیانەت لە هاوڕێکانی دەکا، زیاتر لەسەر پاشماوەی ئەو نێچیرانە دەژی ئەوانیتر ڕاویان دەکەن، هەر بۆیە بە زۆری لەو ناوچانە دەژی شێرو پڵنگ ڕاوی تێدادەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا کەمتیار ئاژەڵێکی تاکتیکی زیرەکە، هەرگیز ڕاستەوخۆ ناچێتە شەڕو ڕوبەڕوبونەوە، سەرکێشی بە هێزو توانای جەستەیەوە ناکات، ناچێتە شەڕی نابەرابەرەوە کە ئەنجامەکەی مسۆگەر نەبێت، هەر بۆیە کەمتر خۆی ڕاوی نێچیری زیندو دەکات، بەڵام تواناو نەفەسێکی درێژی لە چاوەڕوانی هەیە، چاودێری نێچیرەکەی دەکات تا بەتەواوی ماندوو شەکەت دەبێ یان لەلایەن ئاژەڵێکی ترەوە ڕاو دەکرێ، ئەوجار پەلامار دەدات، ئەگەرچی ئەم ستراتیژیە ترسنۆکانە خۆ دەنوێنێ بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکە لە ئەوپەڕی هەڵوێستی پراگماتیکیانە، خۆی لە دواخستنی پەلاماردا دەبینێتەوە تا کاتی گونجاو .
ئەم فۆڕمە لە عەقڵی کەمتیاری لە نێو سروشتی سیاسی و ڕەوشی کۆمەڵایەتی هەندێک مرۆڤدا زۆر جار دوبارە دەبێتەوە، تەنانەت هەندێک گروپ و کۆمەڵە ئەم ستراتیژە لە بەرامبەر نەیارەکانیان یان لە یەکلاکردنەوەی ململانێ کاندا پەیڕەو دەکەن، لێرەوە ئیتر کەمتیار وەک ڕەمز سروشتە ئاژەڵیەکەی لەدەست دەدات و پەلدەهاوێتە ناو بیرکردنەوەی سیاسی .
ماکیاڤیلی لە ( میر) دا پێیوایە سەرکردەی سیاسی زیرەک ئەوکەسەنیە بچێتە شەڕی ئاشکراو ڕاستەوخۆوە، بەڵکو ئەوکەسەیە بزانێ دەرفەت بقۆزێتەوە لە کاتێکدا نەیارەکەی شەکەت و ماندوبوە، بۆیە دەڵێت : هەلپەرستەکان هەرگیز لە ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆدا سەرکەوتونابن، بەڵکو بەردەوام سود لە لاوازی نەیارەکانیان وەردەگرن .
هۆبز لە ( لیڤیاتان ) دا وای دەبینێ سروشتی مرۆڤ جەنگی هەموانە لەگەڵ هەموان، بۆیە ڕەوایەتی دەدات بە هەڵخەڵەتاندن و هەلپەرستی وەکو ئامڕازی خۆ پاراستن و مانەوە، لێرەدا کەمتیار وێنەی مرۆڤی سروشتی هۆبزیە، کاتێک دەڵێت : مرۆڤ گورگی مرۆڤە .
نیچە جیاوازی دەکات لە نێوان دووجۆر ئەخلاق ( ئەخلاقی سەردار لەسەر بنەمای هێز دامەزراوەو و ئەخلاقی کۆیلە لەسەر فێڵ و تەڵەکە دامەزراوە ) ئاشکرایە دوەمیان دەچێتەوە سەر ئەخلاقی کەمتیار .
کارل سمیث سیاسەت دەبەستێتەوە بە جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن ( کەمتیاری سیاسی) خۆی بۆ دوژمنەکەی ئاشکرا ناکات، بەڵکو وەک هاوپەیمان و ڕزگارکەر خۆی دەنوێنێ و چاوەڕێدەکات تا دوژمنەکەی لاواز دەبێ .
ئەم جۆرە بیرکردنەوانە دەچنەوە سەر عەقڵیەتی کەمتیاری لەلای ڕۆبرت گرین کاتێک بە ستراتیژی چاوەڕوانکردن ناویان دەبات بۆیە لە یاساکانی هێزدا تیۆریزەی کردوەو دەڵێت : دەرفەت بدە ئەوانیتر بەتەواوی خۆیان شەکەت و ماندو بکەن، دواتر تۆ بەسێنایی بەری ڕەنج و ماندوبونی ئەوان بچنەوە، هەر بۆیە ئەم فۆڕمە لە ئەخلاقی هەلپەرستانە، لە فەزیلەتەکانی ئەرستۆدا، بەتایبەت کاتێک بنەما سەرەکیەکانی ئەخلاق دەگێڕێتەوە سەر ئازایەتی و ڕوبەڕوبونەوەی ڕاستەوخۆ، لە ( زانستی ئەخلاق بۆ نیقۆماخۆس ) دا، کەمتیار وەک هێمای لادان لە ئازایەتی و کەرامەت خۆی دەنوێنێ، بەڵام لە دیدی براگماتیانەی ماکیاڤیلی و هۆبزدا، کەمتیار شەڕانگێزو دڕندە نیە، بەڵکو بەشێکە لە غەریزەی سروشتی لە پێناو مانەوە، بەلای نیچەوە کەمتیار ڕاستگۆیە لەگەڵ سروشتی بیرکردنەوەی کۆیلە، بەڵام هەرگیز توانای نیە وەک سەردار داهێنەرو بەهێزبێت .
لە کۆتایدا "کاراکتەرو کەسایەتی کەمتیاری" تەنیا وەسفێکی بایۆلۆژی ئەبستراکت نییە، بەڵکو مێتافۆرێکی فەلسەفی - سیاسییە، فۆڕمێکی نەخۆشی دەروونی ئاشکرا دەکات بە درێژایی مێژوو دووبارە دەبێتەوە : عەقڵیەتێک لە پەراوێزی ململانێکاندا دەژی و خۆی حەشار دەدات، شارەزا لە هونەری چاوەڕوانی و تاکتیکی چاودێری، خاڵی لاوازی ئەوانی دیکە دەگۆڕێت بۆ سەرچاوەی هێزی خۆی . تێگەیشتن لەم جۆرە عەقڵیەتە سەرەتای وانەیەکە لە ئاشکراکردنی فێڵبازی لەپێناو مانەوە، ئەمەش جۆرێک لە هۆشدارییە بەرامبەر مەترسیەکی ڕاستەقینە، کاتێک هەلپەرستی دەبێتە خواستێکی ڕەواو یاسایەکی گشتی، لێرەوە مەترسیەکی قوڵ خۆی مەڵاس دەدات لەسەر پاراستن و بەردەوامی متمانە یان داماڵینی دادپەروەری لە کۆمەڵگای مرۆیی لەم سەردەمەدا .