پەروەردەی نەزۆک، زیندانی سەرۆک     

د. ئەمیر حسێن
  2025-09-14     664

        پەروەردە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆی بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوریەوە هەیە ، لوکسێکی زانستی و مەعریفی نیە ، بەقەدەر ئەوەی مەرجێکی بونیادیە لە بەدەستهێنانی کۆمەڵگایەکی هاوسەنگدا، ( ڤیکتۆرهۆگۆ ) لە وتەیەکدا زۆر جوان و بە چڕی ئەم پەیوەندیە دەخاتە ڕوو کاتێک دەڵێت : ئەو کۆمەڵگایەی کەمتر لە بواری پەروەردەدا خەرج بکات ، ناچاردەبێت زیاتر لە زیندانەکان خەرج بکات . ئەم بۆچونە پەنجەرەیەک بەسەر تێڕوانینی فەلسەفەی کۆمەڵایەتیدا دەخاتە سەرپشت ، لە کاتێکدا نەزانی و هەژاری و تاوان لە لایەک وڕێکخستنەوەی بژاردەکانی دەوڵەت لە دانانی ئەولەویەتەکانیدا، لە لایەکی دیکەوە بە توندی لەگەڵ یەکتردا بەریەک دەکەون . چونکە شڕۆڤەیەکی سادەی سۆسیۆلۆژی پێمان دەڵێ ، پشتگوێخستنی پەروەردە بەتەنها تاک و کۆمەڵگە لە زانین و مەعریفە دانابڕێ ، بەڵکو دەروازەکان بەڕووی هەژاری و بێکاری و قەیرانی جۆراوجۆری سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەکاتەوە ، ئەمەش ژینگەیەکی لەبارە بۆ دزی و گەندەڵی و تاوان و گرتنەبەری ڕێکاری نا ئەخلاقی و نا ڕەوا لە پێناو مانەوەدا ، لە دۆخێکی ئاوهادا دەوڵەت ناچارە بوجەیەکی زەبەلاح لە بنیاتنانی زیندانەکان و دامو دەزگای پۆلیس و ئاسایش و دادگاکاندا بخاتە گەڕ، لە کاتێکدا ئەمە تەنها شاردنەوەی نیشانەکانە نەک چارەسەری ڕیشەیی ، یان لە باشترین حاڵەتدا پرۆسەی چارەسەرە لە دەرئەنجامەکانەوە ، نەک بنبڕکردنی هۆکارەکان . بۆیە پەروەردە وەبەرهێنانی پێشوەختەی خۆپارێزیە ، تێچوی چارەسەری قەیرانەکان و لادانە کۆمەڵایەتیەکان زۆر کەم دەکاتەوە .

    ئەگەرچی دەسەڵاتی سیاسی زۆر جار ، بە مەرامی پاراستنی پێگەو کورسیەکەی ، بە بەرنامە کار بۆ لە کارخستن و بێبایەخکردنی پرسی پەروەردە دەکات ، یان لانیکەم هەموو هەوڵێک دەخاتە گەڕ ، لە پێناو بەلاڕێدابردنی پەروەردە و ئاراستەکردنی ، بە ئاقاری بەرژەوەندی تایبەتی دەستەبژێرێکی خۆ سەپێندا . هەربۆیە هەمیشە دیکتاتۆرەکان ئەوەندەی بایەخ بە زیندانەکان و دامودەزگا ئەمنیەکان دەدەن ،هەرگیز بایەخ بە خوێندنگاکان نادەن ، لێرەوە ئیتر پەروەردە لە پەراوێزی ئەولەویەتەکانی دەوڵەتدا خۆی دەبینێتەوە ، دەڵێن کاتی خۆی پاشایەک بەیاوەری وەزیری کار سەردانی باخچەیەکی منداڵان دەکات ، پاشا لە وەزیرەکەی دەپرسێت تێچوی خواردنی منداڵێکی باخچە چەندە ؟ وەڵام چوارسەد دۆلار ، پاشا زۆرە بیکەن بە سێ سەد ، دوایی سەردانی گرتوخانەیەک دەکەن بەهەمان شێوە دەپرسێت ، تێچوی خواردنی مانگانەی زیندانیەک چەندە ؟ وەزیر قوربان  پێنج سەد دۆلار ، پاشا کەمە بیکەن بە هەزار دۆلار ، جەنابی وەزیر سەرسام دەبێت بەو داوایەی پاشا ، بۆیە خۆی پێناگیرێ و دەپرسێت گەورەم بۆ ؟ پاشا دەڵێت : تۆ پێت وایە دوای تەواوبونی ماوەی حوکومڕانی یان لە کار لادانمان دەمانبەن بۆ کوێ ؟ بۆخوێندنگەو باخچەی منداڵان یان بۆ زیندان .

    ئەم چیرۆکە لۆژیکی دەسەڵاتی ستەمکارانە دەخاتە ڕوو ، لۆژیکێک بە پێویستی دەزانێ وەبەرهێنان لە دامودەزگاکانی پۆلیس و زیندان و سزاداندا بکات لەبری پەروەردە ، جونکە وەک تاوانبارێک لە کۆتایدا زیندان بە چارەنوسی خۆی دەزانێ ، ئەمەش ئاماژەی قەیرانێکی قوڵی تێگەیشتنی دەوڵەتە ، لە ئەرکەکانی بەرامبەر هاونیشتیمانیان لە سایەی دەستەبژێری خۆسەپێنی دەسەڵاتخوازدا .

    ئەگەرچی ئەم تێگەیشتنەی هۆگۆ ، لەگەڵ تێزەکەی ( فۆکۆ) لە یەکتربڕێکدا بە توندی بەریەک دەکەون ، چونکە فۆکۆ پێیوایە دەوڵەتی نوێ سیستەمی سزادانەکەی لەسەر میکانیزمی کۆنتڕۆڵکردن و دیسپلینی کۆمەڵایەتی بنیات دەنێت ، لەبری ئەوەی سەرمایە گوزاری بکات لە لادانی ئەو مەرجە بونیادیانەی تاوان بەرهەم دەهێنن ، یان بنبڕکردنی هۆکارگەلی ئەنجامدانی تاوان . هەروەها ئەم تێزە لەگەڵ ( پیێر بۆردیۆ ) دا یەکدەگرێتەوە، سەبارەت بە بەرهەمهێنانەوەی بەردەوامی نایەکسانی ، کاتێک جەخت لەوە دەکاتەوە فەرامۆشکردنی پەروەردە جیاوازی چینایەتی قوڵترو درێژتر دەکاتەوە ، هەژاری دەکاتە میکانیزمێک بەردەوام خۆی دووبارە بەرهەم دەهێنێتەوە لە نێو نەوەکاندا .

    لە کۆتایدا ئەم هاوکێشە لە فۆڕمێکی مەترسیداردا ، لە سایەی دەسەڵاتی ستەمکارانەی دەستەبژێرێکی سیاسی ، لە هەرێمی کوردوستاندا خۆی نمایش دەکات ، ئەگەرچی چەندین ساڵە ئەم حکومەتە بەبێ بونی بوجەی نیشتمانی ، تەنها بەپێی ئیجتیهادو دەسەڵاتی ڕەهای تاکڕەوانەی خۆی ، بێ چاودێری و لێپرسینەوە میزانیە دابەشدەکات بەسەر سێکتەرەکاندا ، بەڵام ئاشکرایە چ بوجەیەکی زەبەلاح ، بۆ دامودەزگاکانی پۆلیس وئاسایش و دادگا وزیندانەکان خەرج دەکرێ ، بۆ نمونە تەنها لە سلکی دامودەزگا جۆراوجۆرەکانی پۆلیس ، لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەوە ، بۆ پۆلیسی فریاکەوتن ، پۆلیسی بەرگری شارستانی ، پۆلیسی هاتوچۆ ، پۆلیسی ئاداب ، پۆلیسی ئاو کارەبا ، پۆلیسی ژینگەو باخچەکان ، پۆلیسی خەستەخانەو مزگەوتەکان ، پۆلیسی نەهێشتنی زیادەڕۆیی ، پۆلیسی نەوت و غاز،  پۆلیسی بازگەو سنورەکان ، پۆلیسی دارستانەکان ، پۆلیسی زیندانەکان ، پۆلیسی مەدەنی و پۆلیسی ئاگرکوژێنەوە ، پۆلیسی نهێنی و پۆلیسی پیادەو سوارە ، پۆلیسی پاراستنی بەرپرس و دامودەزگاکان ، پۆلیسی گەشتوگوزار، پۆلیسی ماددەهۆشبەرەکان ، پۆلیسی چەم و ڕوبارەکان ، پۆلیسی ژنان و نەوجەوانان ، پۆلیسی زانکۆو پەیمانگاکان و پۆلیسی بۆنەو ئاهەنگ و شانۆو سینەماو کچە مۆدێل و گوندی غەرامیات و…  تا دەگاتە پۆلیسی خەو خەیاڵ ، پۆلیسی ڕابردو ئێستاو ئایندەو پۆلیسی مادی و مەعنەوی ، پۆلیسی ئەرزو ئاسمان و دونیاو قیامەت . لەبەرامبەر خەرجی پەروەردەو توێژینەوەی زانستیدا ، ئەم نا هاوسەنگیە بەتەنها بێکاری و هەژاری بڵاو ناکاتەوە و بەرهەم ناهێنێ ، بەڵکو هاوڵاتیەکی شەکەت و لاوازو بێئومێد و تێکشکاوی نا هۆشیار بەرهەم دەهێنێ ، یان پەنا بۆ توندوتیژی و توندڕەوی یان کۆچ و سەرهەڵگرتن یان دزی و گەندەڵی و تاوان دەبات ، وەکو بژاردەی مانەوە ، لێرەوە زیندانەکان زیاتر دەبن بە سیمبولی شکستی حکومەت ، لە بنیاتنانی مرۆڤی ئازادی خاوەن ئیرادەو کەرامەت و هۆشیاردا ، لەبری ئەوەی ببن بە دەزگایەک بۆ سزادان و دوبارە ڕاهێنانەوەی لادەران و تاوانباران ، لە پێناو گەڕانەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا . دەکرێ بڵێین پەیوەندی پەروەردەو زیندان فۆڕمێکی پارادۆکسی لە خۆ دەگرێ ، تا خوێندنگەیەک زیاتر بنیات بنێین ، دەرگای زیندانێک پێوەدەدەین و دیواری بەندیخانەیەک دەڕوخێنین ، بە پێچەوانەشەوە هەر دینارێک لە پەروەردە گل بدەینەوە ، بەبیانوی لابەلاو تەقەشوف ، لەوسەرەوە چەندان هەزاردۆلار، دەبێت بخەینە سەر خەرجی سزای لادەرو تاوانباران و مووچەو بوجەی پۆلیسی جۆراوجۆر . مەسەلەی پەروەردە تەنها پەیوەست نیە بە وەزارەتێک ، بەڵکو پڕۆژەیەکی وجودیە پەیوەستە بە ئاسایشی نیشتمانی ، بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان لە نەوەیەکی تەندروست و هۆشیار بۆ ئایندە ، بەڵام بەردەوامی پڕۆژەی دەسەڵات ، لە وەبەرهێنانی نا هاوسەنگی نێوان هاوکێشەی سزا لەبری پەروەردە و بنیاتنان ، لە کۆتایدا دەسەڵاتداران دەگەیەنێ بە زیندان وەک چۆن پاشا پێشبینی دەکرد ، نەوەیەکی تێکشکاوی بزرو کۆمەڵگەیەکی هەژاری ڕۆچوو لە قەیران و نەزانین بەرهەم دەهێنێ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×