دیموکراسی ژێر بەتانی

د. ئەمیر حسێن
  2025-09-27     398

    نوسەری ناسراوی میسری دکتۆر ئەحمەد خالید تۆفیق ( 1962 – 2018)، چیرۆکێکی پێکەنیناوی دەربارەی دەنگدان و هەڵبژاردن لە ناو خێزانەکەیدا دەگێڕێتەوە کاتێک دەڵێت : “ لەساڵی 1988 وە من دەستم لە دیموکراسی شوشتوە، ئەوڕۆژەبوو هەموومان بەدەوری مێزی نان خواردنەکەوە دانیشتبوین، من و هەر شەش خوشکەکەم و دایک و باوکم، باوکم لێی پرسین، بەیانی پشووە، پێتان خۆشە بچین بۆ کوێ ؟ بۆ ماڵی مامتان یان بۆ ماڵی خاڵتان ؟ هەموومان بە یەکەوە وتمان بۆ ماڵی مامم، تەنها دایکم نەبێت زۆر بە دڵنیاییەوە وتی دەچین بۆ ماڵی خاڵتان، بەڵام بەوپێیەی زۆرینە لەگەڵ ئەوەبون بچینە ماڵی مامم مەسەلەکە یەکلابۆوەو گفتوگۆ لەو بارەوە کۆتای پێهات، بەیانیەکەی دایکم هات و بە پێکەنینەوە وتی : هەستن خۆتان بگۆڕن دەچین بۆ ماڵی خاڵتان . سەیرم کرد باوکم لەولاوە بە بێدەنگی خۆی بە ڕۆژنامەکەوە خەریک کردبوو، وەک ئەوەی ئەم بابەتە هەر پەیوەندی بە ئەوەوە نیە . لەو ڕۆژەوە تێگەیشتم دیموکراسی و پاکو خاوێنی دەنگدان جگە لە درۆ هیچ شتێکیتر نیە، وە بابەتەکان لە ژورە تاریکەکان یەکلای دەکرێنەوە، لە شیرین خەوی کۆمەڵگەی نوستودا “ .

    ئەم چیرۆکە ئەگەرچی لە ڕوکەشدا زۆر سادە و پێکەنیناوی خۆی دەنوێنێ، بەڵام دەست دەخاتە سەر ئاڵۆزترین ئاریشەکانی بیرکردنەوەی سیاسی لەم سەردەمەدا، ئایە بەڕاست دیموکراسی دەسەڵاتی گەل و زۆرینەیە ؟ یان تەنها پرۆسەیەکی ڕوکەشی ئاهەنگ ئامێزی کۆمیدیە، بۆ ڕەوایەتی دان بە بڕیاری پێش وەختەی دەستەبژێرێکی سیاسی ؟

    جوزیف شومبیتر پێیوایە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە پێویستە سەرەتا چەمکی دیموکراسی پێناسە بکەینەوە، بۆیە دەڵێت : “ دیموکراسی تەنها پرۆسەیەکە، دەستەبژێرە سیاسیەکان تیایدا کێبڕکێ لەسەر دەنگی دەنگدەران دەکەن و هیچیتر “ بەواتایەکی تر لە سیستەمی دیموکراسی لەم جۆرەدا، گەرەنتی دەسەڵات لای گەل نیە، بەڵکو کۆمەڵگە تەنها بانگهێشت کراوە، بەشدابێت لە نمایشی شانۆی هەڵبژاردنی ئەو دەستەبژێرەی، لە داهاتودا سەرکردایەتی دەکات . وەک چۆن لەم چیرۆکەدا ( دایک ) وەک مێتافۆڕ بۆ نوێنەرایەتی دەستەبژێری سیاسی، پێشوەختە ئەنجامەکەی بەپێی ویستی خۆی یەکلاکردۆتەوە، بەم پێیە بەشداری و دەنگدانەکە تەنها وەک ئێکسسوارێک پرۆسەکەی ڕازاندۆتەوە، لێرەوە ئیتر ڕۆڵی ڕاگەیاندنەکان وەک دەزگایەکی زەبەلاح دەستپێدەکات، بۆ ئامادەکردن و بەرهەمهێنانی هۆشیاری بەکۆمەڵ، بەپێی داخوازی سیاسیەکان، لە پێناو قبوڵکردنی دەرئەنجامەکان وەکو ڕاستی و حەقیقەت، لەکاتێکدا ماشێنی ڕاگەیاندنەکان جگە لە سڕ کردن و لە کارخستنی ئاگامەندی بە کۆمەڵ، ڕۆڵی چەواشەکارانە دەبینن، وەهم بە حەقیقەت بە چەندان شێوازی نا ئەخلاقی دەرخواردی هاونیشتمانیان دەدەن، چۆمسکی لە پێناو دەرخستنی ئەم ڕۆڵە ژەهراویەی ڕاگەیاندنەکان دەڵێت : “ ڕاگەیاندن حەقیقەت ناگوازێتەوە وەک ئەوەی هەیە، بەڵکو ئامرازێکە لە پێناو دروستکردنی هۆشیاریەکی ئاراستەکراوی بە کۆمەڵ، بۆ خزمەتی بەرژەوەندی دەستەبژێرە سیاسیەکان “ . وەک چۆن دایکەکە بەیانی بە پێکەنینەوە بڕیاری ژێر بەتانی بۆ منداڵەکان دەخوێنێتەوە، ئەوانیش بە بێدەنگیەوە قبوڵی دەکەن، زۆر جاریش بڕیارە سیاسیەکان ئەگەرچی ناڕەواو توند و دژی بەرژەوەندی گشتین، بەڵام ڕاگەیاندنەکان ئەوەندە تیف تیفەیان دەکەن، تا بەقازانجی دەستەبژێرە سیاسیەکان تێی دەپەڕێنن .

    ئەگەر لە ڕووی تیۆریەوە هەڵبژاردن ئامڕازێک بێت، بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسان، بەمەبەستی بەشداری هەموان لە پراکتیزەکردنی مافێکی دەستوری و پێشاندانی ئیرادەی زۆرینە و دەستاو دەستکردنی دەسەڵات، وەک کۆڵەگەیەکی پتەوی دیموکراسی، ئەوە لە ڕووی پراکتیکیەوە هەڵبژاردن، لە ڤیستڤاڵێکی وەرزی دەچێت، تیایدا سەکۆی کەمپینەکان بە دروشمی قەبەو، زۆر جار نا واقعی دەڕازێندرێنەوە، هەموو سێکتەرەکان دەدرێنە بەر دەستڕێژی بەڵێنی ڕەنگاو ڕەنگ، خەونەکان هێندە نزیک دەکرێنەوە لە ڕاستی، مرۆڤ حەزدەکات زوو خەبەری نەبێتەوە، بەڵام لە کۆتایدا هەر ئەودەستەبژيرانە، دووبارەو هەزاربارە، جارێکیتر لە سەرەوەی هەڕەمی دەسەڵات قوت دەبنەوە . ژان ژاک ڕۆسۆ ڕاستی پێکاوە کاتێک دەڵێت : “ مرۆڤ ئازادانە لە دایک دەبێت، بەڵام لە هەموو شوێنێک دەست و قاچی زنجیرکراوە “ . واتا منداڵان هەر لە ساتەوەختی لەدایکبونیانەوە لە سیستەمی دیموکراسیدا، مافی دەنگدانیان مسۆگەرکراوە و کارتی دەنگدانیان بەگەردندا هەڵواسراوە، بەڵام ڕۆژی دەنگدان ئەوە بڕیاری دایکەکانە، ئەنجامی دەنگی نێو صندوقەکان یەکلایی دەکاتەوە .  

   لەکۆتایدا لە سەرهەمو ئاستە جیاجیاکان، بەتایبەت لە نێو کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتیەکاندا، ئەم چیرۆکە بەردەوام دوبارە دەبێتەوە، مارک توین دەڵێت: “ ئەگەر دەنگدان لە هەڵبژاردندا کاریگەری هەبوایە، بە دڵنیایی ڕێگەیان نەدەدا بەشداری بکەین تیایدا “. چونکە زۆرینە ئەگەرچی دەنگیشی ببیسیرێت، بەڵام مەرج نیەهەمیشە گوێی لێبگیرێ یان دەنگەکەی ئەژمار بکرێ، بڕیارەکان لە پشتی پەردەو ژێر بەتانیەوە گەڵاڵە دەکرێن، لە نێو چێشتخانەی دایکەکان، لە سەر ئاگرێکی هێواش دەکوڵێنرێت، یان لە ژورە تاریکەکان و باخچەی پشتەوە، سیاسیە دەسەڵاتدارەکان کەین و بەینی پێوەدەکەن  و نەخشەی دیزاینەکەی دادەڕێژن . کەواتە مەرج نیە دیموکراسی لە پراکتیکدا، بەردەوام کەرەستەی ئازادی بێت وەکو بانگەشەی بۆ دەکرێ، زۆر جار درۆیەکی جوانکراوی ڕازاوەی شاخداری بە کۆمەڵە و هیچیتر، وەک چۆن لە دوای ڕاپەڕینەوە، لە هەرێمەکەی ئێمە بەردەوام لە فۆڕمی جۆراوجۆردا خۆی دوبارە دەکاتەوە، بەڵام ئەنجامەکەی جێگیرو نەگۆڕە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×