تیرۆری پیرۆز

د. ئەمیر حسێن
  2026-01-13     378

   کاتێک کوشتن و بەکارهێنانی توندوتیژی، دەبێتە جۆرێک لە بەجێگەیاندنی فەریزەت، لای بەشێک لەباوەڕداران 

 

   تیرۆر لە بۆشایدا سەرهەڵنادات ، بەڵکو لەسەر زەمینەیەکی پتەوی باوەڕداری و بیرکردنەوەی عەقائیدی گەشەو نەشونوما دەکات ، هەر بۆیە ناکرێ لە کردەیەکی پۆلیسی داماڵراودا کورتی بکەینەوە ، بەڵکو لە ژینگەیەکی هزری و ڕۆشنبیری دیاریکراودا گەشەدەکات ، ئەم ژینگەیە پێش ئەوەی ئامرازەکانی تیرۆری بخاتە بەر دەست ، تێگەیشتن و ڕەوایەتی بۆ دابین دەکات ، توندوتیژی ناچێتە ناو چەمکی تیرۆرەوە ، تەنها ئەوکاتە نەبێت کە پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە ، وە باشترین پاساو بۆ داپۆشینی تیرۆر، بە بەرداکردنی بەرگێکی ئاینیە ، وە وێناکردنیەتی وەک بەجێگەیاندنی ئەرکێکی ئاینی و ئەخلاقی ، لێرەوە ئیتر لە ئاستی تاوانەوە دەگوازرێتەوە بۆ ئاستی پابەندی بە ئەنجامدانی جۆرێک لە فەریزەت بۆ ئیمانداران ، لە چوارچێوەی ئەم کۆنتێکستەدا تیرۆر دەرچون و لادان نیە لە سیستەمی باو ، بەڵکو دەرئەنجامێکی سروشتی سیستەمێکی باوی بیرکردنەوەیە ، وەکو فۆکۆ دەڵێت : دەسەڵات تەنها لە ڕێگەی ستەمەوە پەیڕەو لە باڵادەستی خۆی ناکات ، بەڵکو بە بەرهەمهێنان و داتاشینی مانای نوێ ، بۆ چەمکەکان خۆی دەسەپێنێ  . کاتێک واتای پیرۆزی بۆ توندوتیژی بەرهەم دەهێنرێت ، ئیتر کوشتن دەبێتە جێ بەجێ کردنی ئەرکێکی شەرعی ، تاوانبارەکەش دەبێتە گوێڕایەڵێکی باوەڕدار لەناو سیستەمێکی ڕەمزی فراوانتردا ، بکوژ خۆی وەک ڕاسپێردراو ، یان هەڵگری پەیام دەبینێ نەک تاوانبار .

   مەترسی گەورەی تیرۆری بناژۆخواز( ئوسولی) ، لەوەدایە کە نەک تەنها جەستە بەڵکو خودی عەقڵ و بیرکردنەوە دەکاتە ئامانج . کاتێک بیرکردنەوە دەبێتە دۆگمایەکی داخراو، ئیتر ڕەخنەگرتنی لێ دەبێتە دەستدرێژی کردنە سەر ناسنامە ، بۆیە لە هەمو بۆچونێکی دەرەوەی سیستەمەکە دەسڵەمێتەوە ، تەنانەت وەک خائین سەیری ئەوانیتر دەکات ، پرسیارکردن دەبێتە هەڕەشەی وجودی بۆ سەر بوونی گروپەکە ، لێرەوە ئیتر دەق ئۆبژێکتی تێگەیشتن نییە بە تەنها ، بەڵکو دەبێتە خودی سەبژێکت بە دەسەڵاتی بێدوایەکی ڕەهاوە ، ئیمانیش دەبێتە تەنها ملکەچی و گوێڕایەڵی ، نەک باوەڕهێنان وەک دەرئەنجامی تێگەیشتن و بیرکردنەوە ، یان پە یوەندیەکی ڕوحی لە نێوان عەبد و خودای خۆیدا .

   ڕژێمە تۆتالیتارییەکان ( ئایینی و تەنانەت سیاسییەکان ) ، دەرکیان بەو ڕاستیە کردووە ، ترس کاریگەرترین ئامرازە بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگا . کاتێکیش ترس پیرۆز دەکرێت ، ئیترهێندەی تر پایەکانی ستەم بە ئەستوری دادەکوتێ . ئەمەش نەک تەنها « هاوڵاتییەکی ترسنۆک » ، بەڵکو « باوەڕدارێکی ترسناک » بەرهەم دەهێنێت ، وەک فەرمانێکی ئاسمانی پیرۆز بەرگری لە سیستەمەکەی دەکات ، ئەگەرچی باش دەزانێ ستەمکارە ،  وەک نیچە ئاماژەی پێکردووە ، مەترسیدارترین شێوەی ستەمکاری ئەوەیە کە مرۆڤەکان والێدەکات ، لەبری نیگەرانی و هەڵچون و کاردانەوە ، هەمیشە هەست بە تاوانباری بکەن .

   تیرۆری پیرۆز، بەو واتایەی ، جۆرێکە لە پێشاندانی ڕووخساری تیۆلۆژیانەی دەسەڵاتی تۆتالیتاریی ، وەک هانا ئارێنت ئاماژەی پێدەکات ، زۆر تەباو تەریبە لەگەڵ لۆژیکی ( خراپەکاری بێبایەخ )، واتا مەرج نیە ئەنجامدانی توندوتیژی پێویستی بە ئەهریمەنێکی باڵا دەستی ناوازە بێت ، وەکو لە خەیاڵدانی هەر یەکێکماندا خۆی وێنا دەکات ، بەڵکو تەنها ئامادەیی کەسانی ئاسایی بەسە ، بەمەرجێک دەستبەرداری ڕەهەندی بیرکردنەوە بێت و ملکەچی جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانەبێت ، وەک ڕاستی ڕەها دەخرێتە ئەستۆی .

   لەم ڕوانگەیەوە ، تەنها چارەسەری پۆلیسی ، هەرچەندە لە قۆناغێکدا پێویست بێت ، بەڵام بە تەنها بەس نییە . چونکە تیرۆر تەنیا کردەوەیەک نییە بتوانرێت لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێز بنبڕ بکرێت ، بەڵکو سیستەمێکی فیکری کەڵەکەبووە ، وزە و بەردەوامبوونی خۆی لە دەق و لێکدانەوە مێژوییەکانەوە وەردەگرێت ، کە بە تێپەڕبوونی کات گۆڕاون بۆ ناسنامە و مانایەکی وجودی وەک شوناسی ئەم گروپانە . تا ئەو مانایە بەردەوام بێت ، واتا کوشتن بە ناوی جیهاد پیرۆزبێ ، توندوتیژی دژی نەیاران وەزیفەیەکی ئەخلاقی بێ ، تاوان بە پاساوی بێباوەڕی فەریزەی عەقیدە بێت ، ئەم پرسە بە کراوەیی دەمێنێتەوە ، کردەوەکە واتا ( تیرۆر) هەمیشە ئەو کەسانە دەدۆزێتەوە کە دوبارە بەرهەمی دەهێننەوە .

   ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم جۆرە تیرۆرە ( تیرۆری پیرۆز ) ، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێکهاتە سیمبولیە عەقائیدیەیە شەرعییەتی پێدەدات ، لە ڕێگەی پەروەردە و گەڕاندنەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و عەقڵانی ، کردنەوەی فەزای کولتووری بۆ ئەوەی ڕێگە بە گفتوگۆی ئازاد بدات ، بەبێ ئەوەی پرسیارکردن یان جیاوازی بیرکردنەوە و فرەیی ، بە نەریتی شەیتان و تاوان بزانێت . وەک سپینۆزا جەختی لەسەر کردۆتەوە ، هێزی ترس تەنیا ئەو کاتە لاواز دەبێت ئازادی بیرکردنەوەی جیاواز بۆ هەر تاکێک دەستەبەر بکرێ .

   تیرۆر بە نەهێشتنی تیرۆریستانی تاوانکار کۆتایی نایەت ، بەڵکو بە لێستاندنەوەی مافی زەوتکردنی ماناکانی کردەوەی توندوتیژی ، داماڵینی چەمکی کوشتن لە پیرۆزی ، گێڕانەوەی پرسی تاوان ، بۆ شوێنی شایستەی خۆی ، لە کایەی ئیماندا بەگشتی ، نەک بە تەنها لە کایەی سیاسەت و دەسەڵاتداریدا ، دەکرێ بڵێین سەرەتای کۆتای تیرۆر فەراهەم دەبێت . چونکە تیرۆر کردەوەیە ، کردەوەش لە هەناوی بیرکردنەوەدا چاو دەکاتەوە ، کاتێک ئەو فۆڕمە لە بیرکردنەوە وزەی بەردەوامی لە پیرۆزکردن  وەردەگرێ ، ئەوا تەنیا بەکارهێنانی هێز بەبێ زانست و پەروەردە و برەودان بە بیرکردنەوەی عەقڵانی ، لە گەڵیدا بوێری بۆ دووبارە دەستبردنەوە ، لە پێناو ڕاڤەکردن و لێکۆڵینەوەی نوێ ، لە بیروباوەڕە مێژوییە چەسپاوەکان ، بە دڵنیایی کاریگەری ئەوتۆی نابێت .

    تا ئێستا ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر ، لە تێگەیشتنی دەسەڵاتدارانی هەرێم بەتەنها ئەرکی دامو دەزگا پۆلیسیەکانە . ئەمەش دەرفەتی بەردەوام دەڕەخسێنێ بۆ سەرهەڵدانەوەی گروپی جۆراو جۆری تیرۆر، لە فۆڕمی جیاجیا و قۆناغی جیاجیادا ، ئەگەرچی هەمویان دواجار ، لە یەک سەرچاوەی بیرکردنەوە ڕەوایەتی وەردەگرن ، بۆیە باشترە سەرچاوەکەیان  بە ئامانج بگیرێ ، بەپێی نەخشە ڕێگایەکی پەروەردەی و ڕۆشنبیری نیشتیمانی ، هەوڵ بۆ وشک کردنی بدرێت ، بەڵام بەداخەوە تائێستا لەم بوارەدا هەنگاوی پێویست بەگەڕ نەخراوە . ئەم خەمساردیە وادەکات ، لە هەر بۆنەو قەیران و کارەساتێکدا ، تیرۆرستان لە ناوخۆو دەرەوە ، زۆر بێشەرمانە ، چاو لە گەلەکەمان و خەون و هیواکانی سور بکەنەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×