موجتەبا خامنئی : ” ئایەتوڵڵایەکی زاهید یان ئیمپراتۆرێکی ئابوری “ لە کۆماری تەوریسدا !

د. ئەمیر حسێن
  2026-03-09     365

   ئەم وەرچەرخانە مێژووییە ، دەکرێ وەک مەترسیدارترین قۆناغ لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ، لە ساڵی ( 1979) وە دیاریبکرێ ، کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران لاپەڕەی سێهەمی سەرکردایەتی شۆڕشی ئیسلامی ، لەژێر باڵی فڕۆکە بۆمب هاوێژەکانی ئەمریکاو ئیسڕائیلدا کردەوە ، بە دەستنیشانکردنی موجتەبا خامنەئی ، وەک جێگرەوەی باوکی ، کە هێشتا پرسەکەی تەواو نەبوەو تەنانەت تەرمەکەی نە نێژراوە ، ئێران بە فەرمی چو بۆ ناو سەردەمێکی نوێ ، سەردەمی ” ڕەهبەری سێهەم “ . ئەم گواستنەوەی دەسەڵاتە دەکرێ بە " بوومەلەرزەیەکی سیاسی " وەسف بکرێ ، بە ئەگەری زۆرەوە تسۆنامی بەدوای خۆیدا بێنێ ، چونکە تەنها بە ڕێکارێکی پرۆتۆکۆڵی ئاسایی و سروشتی نەبوو لەلایەن ” ئەنجومەنی شارەزایانی ڕەهبەری “ یەوە ، بەڵکو زیاتر دەرئەنجامی چالاکی و هەڵسوڕانی چەندین دەیە بوو بۆ خودی موجتەبا ، لە بنیاتنانی هەژموونێکی بێدەنگ لەناو کۆریدۆرە ئەمنی و سەربازییەکانی ئێراندا .

   موجتەبا بردنەوەی متمانەی ئەنجومەنی شارەزایانی ڕەهبەری بە کۆدەنگی ، لە هێز و توانای ” کاريزما “ی کەسی یان لێهاتویی و هونەری وتارخوێنی جەماوەرییەوە وەرنەگرتووە ، وەک قوتبێکی سیاسی یان ئاینی ، بەڵکو لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی وردو بەسەلیقەی ، ماڵی ڕێبەری ” بەیت ڕەهبەری“ یەوە ، کە زیاتر لە دەیەیەکە دەزگایەکی گرنگ و هەستیاری بڕیار بەدەستی سێبەرو نادیاری دەسەڵاتەکانی باوکیەتی ، ئەمەش دەرفەتی زێڕینی بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی پتەو، لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران و دامودەزگا ئەمنی و سەربازیەکان بۆ ڕەخساندوە ، ئەو متمانەی بەدەست هێناوە . موجتەبا بەدرێژایی ڕێبەرایەتی باوکی ، زیاتر وەک ” ئەندازیاری ئەمنی “ دەناسرێت ، بەردەوام دەزگا هەواڵگرییەکانی بۆ جێگیرکردنی پایەکانی ولایەتی فەقێ بەکارهێناوە ، هەر ئەمەش وای کردووە دامەزراوەی سەربازی لەم کاتەدا ، موجتەبا وەک تاکە زامنێک بۆ بەردەوامی ” کۆماری ئیسلامی “ ببینێت ، لە ناوەڕاستی ئەو هەمو زریانە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییانەی ، لە ڕابردو لە ئێستادا ، خەریکە پایەکانی ئەم وڵاتە دەهەژێنن .

   ئەوەتا سەرچاوە ئاینی و میدیاییەکانی تاران ، بەردەوام هەوڵ دەدەن ، موجتەبا وەک ” ئایەتوڵڵا “ یەکی زاهید و شارەزا لە فیقهی ئیسلامی وێنا بکەن ، بەڵام ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە ڕۆژئاواییەکان ، وێنەیەکی تەواو جیاواز دەخەنە ڕوو . ئەم ڕاپۆرتانە باس لە ” ئیمپراتۆریەتێکی ئابووری“ گەورە دەکەن ، لە پشتی پەردەوە کە موجتەبا بەڕێوەی دەبات ، هەروەها لەهەمان کاتدا ، باس لە گەشت بۆ ئەوروپا ، بە پاساوی چارەسەری پزیشکی و ئامانجی وەبەرهێنان ، لە دڵی ئەوروپادا ،(بەتایبەت لە لەندەن) دەکەن . لە کاتێکدا کۆماری ئیسلامی بەدرێژایی تەمەنی ، ئەمریکا بە شەیتانی گەورە ، وڵاتانی ئەوروپاش بە فەرخە شەیتان وەسف دەکا ، ئەمەش تەمێکی گەورە دەخاتە سەر تابلۆی ڕابردوە شۆڕشگێڕییەکەی لە ناوخۆدا ، تا ڕادەیەکی باش وێنەکەی تاریک و تەڵخ دەکات ، وەک پارادۆکس لەگەڵ ئەو هەموو ژمارە قورس و قەبانەی ، لە ڕوی سەرمایە گوزاری نێودەوڵەتیی دەخرێتە پاڵی .

   لە ڕووی سیاسییەوە ، موجتەبا خامنەیی نوێنەرایەتی ڕادیکاڵترین باڵی نەریتخوازەکان ، یان ( بناژۆخوازەکان ) دەکات . مێژووەکەی پڕە لە دوژمنایەتی ڕەها بەرامبەر ڕەوتی چاکسازیخواز( إصلاحی ) ، ئەو بوو سەرپەرشتی سەرکوتکردنی ” بزووتنەوەی سەوز “ ی کرد ، لە ساڵی ( 2009 ) ، هەر ئەویشە تا ئەمڕۆ ، گەمارۆی سیاسی خستووەتە سەر کەسایەتییە ڕیفۆرمخوازەکانی ، وەک محەمەد خاتەمی و میر حسێن موسەوی . بۆیە بە دەسەڵات گرتنە دەستی ، وادەردەکەوێت بژاردەی ” کرانەوەو چاکسازی “ لە ناوخۆدا ، دوایین بزماری ژەنگاوی لە تابوتی خۆی دابکوتێ ،  لێرەوە ئیتر مەیدانەکە بۆ دەوڵەتێکی ” ئەمنی - سەربازی “ بێ ڕکابەر تەواو چۆڵ دەبێت . بێگومان ئەم فۆڕمەش لە حوکمڕانی کلاسیکی پیاوانی ئاینی ، چیتر لە ناوخۆی شەکەت و ماندو نە لە دەرەوەی گەمارۆدراو قبوڵکراو نەماوە .

     موجتەبا ئەمڕۆ لەبەردەم تەحەدایەکی تری وجودیدایە ، دەستنیشانکردنی ئەو لە شوێنی باوکی ، مەترسی ڕوبەڕو بونەوەی شەپۆلێک تۆمەتی لە ناوخۆدا ، لە مەڕ” تەوریسی سیاسی “ ی لێبکەوێتەوە ، ئەو پرەنسیپ و بنەمایەی شۆڕشی ئیسلامی لە بنەڕەتدا ، بۆ ڕووخاندن و کۆتایی پێ هێنانی ، سەردەمی دەسەڵاتی ” پاشا “ یەتی لە ئێراندا بەرزی کردبۆوە . ئەوەتا ئەمڕۆ لە سایەی جەنگێکی وێرانکەردا لەگەڵ ئەمریکاو ئیسڕائیل ، دەبینین ڕۆژ لەدوای ڕۆژهێرشەکان چڕتر و سەقفی داواکاریە سیاسیەکانی تڕامپ و نەتانیاهۆ، بڵند تر دەبنەوە ، ئەگەرچی لە ئێستادا دەسەڵاتدارانی ئێران ، تەنها مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بەسەرکەوتنێکی مێژووی دەبینن ، لە تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارەدا ، بەڵام بەیعەت بە موجتەبا ، پێدەچێ هەمو دەرگاکان بۆ گۆڕانکاری خێراو دراماتیکی و بژاردەی زیاتری هێرش و سییناریۆی هەڵگەڕانەوە و ناڕەزایی ناوخۆ ، لە داهاتودا بخاتە سەر پشت . بێگومان ئەگەر موجتەبا بڕیاربێ شوێن پێکانی باوکی ، لە بەرکەوتن لەگەڵ پرسەکانی ناوخۆو دەرەوە پێڕەو بکا ، ستەم و برسیەتی و بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی و ئابوری ، توڕەییەکی بێدەنگ و گشتی جەماوەری ، بەتایبەت دوای خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە ، ڕاستە بارودۆخی ناوخۆ جۆرێک لە کپی پێشان دەدات ، بەڵام شیمانەی تەقینەوەی ئەم بارودۆخە ناوخۆییە لە ئێستادا ، لە هەمووکات کراوە ترە ، بۆیە ڕێبەری نوێ خۆی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدا دەبینێتەوە : ئایا دەتوانێت بە مشتێکی ئاسنین یەکپارچەیی ڕژێمەکە بپارێزێت ، لەبەردەم باهۆزی ئەم هەمو میراتە ئەستورەی قەیرانی ناوخۆ ، لەڕوی ( سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی ) ؟ . یان کاریگەریەکانی دەرەوە ، بەتایبەت گەڕی ئەمجارەی ئەو جەنگە وێرانکەرە ، موجتەبا بەشوێن چارەنوسی تراژیدی باوکیدا بۆ فیردەوسی ئەعلا هەڵدەکێشێ ؟! یان دواجار” تەوریس “ وەک خاڵی وەرچەرخانی هەڵگەڕانەوە ، لە مانفێستی شۆڕشی ئیسلامی ، دەبێتە ئەو درزە سەرەتاییەی ، کۆتایی بە داهاتووی ڕژێم دەهێنێت لەناوخۆدا ؟ .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
« تورکیا ڕێگە دەدات سێ سەرکردەی باڵای پەکەکە لە دورگەی ئیمڕاڵی نیشتەجێ بن»
وه‌زیری دارایی عێراق چی به‌ وه‌فدی هه‌رێم وتوه‌؟ له‌باره‌ی پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ چی وتوه‌؟
دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگا هەموو تۆمەتەکانیان ڕەتکردەوە و ڕایانگەیاند «لەژێر ئەشکەنجەدا» وتەیان لێوەرگیراوە
لێدوانەکانی هادی عامری لەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین ڕووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی و ڕێکاری یاسایی دەبنەوە
مالیكی: گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك به‌بێ ره‌زامه‌ندی تره‌مپ ئاو ناخۆینه‌وه‌، ئه‌مه‌ قبوڵكراو نییه‌
توركیا دورخستنه‌وه‌ی ئه‌حمه‌د تورك و سه‌پاندنی قه‌یومی‌ به‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی گه‌وره‌ شاره‌وانی مێردین درێژكرده‌وه‌
ڕۆیتەرز: فشارێکی ناوخۆیی لە ئیدارەی ترەمپ هەیە بۆ هێورکردنەوەی شەڕی ئێران پێش هەڵبژاردنەکان
پردێ؛ لە هێرشێکی چەکداریدا بۆ سەر بارەگایەکی حەشدی شەعبی چەکدارێک کوژرا
میدیای ئێران بانگه‌شه‌ی ده‌ستگیركردنی تیمێكی حه‌وت كه‌سیی سه‌ربه‌ حزبه‌ كوردییه‌كان ده‌كات له‌ ئیلام
نه‌تانیاهو: نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ روخاندنی رژێمی ئێران
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×