پسپۆڕی : دارایی گشتی
بە شێوەیەکی نەریتی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک پەروەردە، چاودێری تەندروستی، ئاو، کارەبا، گواستنەوە، و چاودێری کۆمەڵایەتی بە مافە گشتیەکان دادەنرێن کە لەلایەن حکومەتەوە بەبێ جیاوازی بۆ هەموو هاووڵاتیانی دەستەبەر دەكات. لە بودجەی گشتی لە ڕێگەی باج و سەرچاوەی تری داهاتەوە پارەیان بۆ دابین دەکرێت. بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم خزمەتگوزارییانە گۆڕانکاری گەورەیان بەخۆوە بینیوە، لە مافێکی گشتی کە لە لایەن حکومەتەوە مسۆگەر دەکرێت دەگۆڕێت بۆ کاڵای قازانج بزوێنەر و بەرژەوەندی تایبەت. ئەم گۆڕانکارییە کاریگەری قووڵی لەسەر یەکسانی و دەستڕاگەیشتن و گرێبەستی کۆمەڵایەتی نێوان هاوڵاتیان و حکومەت هەیە.
لە پارەدارکردنی حکومەتەوە بۆ لۆژیکی بازاڕ
دابەزینی نرخی نەوت، خراپ بەڕێوەبردنی درێژخایەنی دارایی، ناسەقامگیری سیاسی و پەرەسەندنی گرژییەکان لەگەڵ بەغدا، بوونە هۆی گرژبوونی دارایی گشتی لەهەرێم. كە کورتهێنانی بودجە و زیادبوونی قەرزی لێكەوتەوە، وەلەبری باشترکردن و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات، یان باشترکردنی کارایی خەرجییە گشتیەکان، بەرهەمهێنان و نرخاندنی هەندێك لەخزمەتگوزارییەكان دران بە کەرتی تایبەت ، كەئامانجیان قازانجە، ئەمەش وایکردووە هاوڵاتیان ڕووبەڕووی واقیعێکی نوێ ببنەوە کە توانای کڕینی کارەبا، چاودێری تەندروستی، یان خوێندنیان نەبێت.
ژمارەیەکی زۆر لە قوتابخانە و زانکۆ ئەهلییەکان پەرەیان سەندووە، زۆرجار خوێندنی کوالیتی بەرز پێشکەش دەکەن بەڵام بە تێچووی زۆر کە زۆرێک لە خێزانەکان توانای ئەوەیان نییە. بەهەمان شێوە لە کەرتی چاودێری تەندروستیدا نەخۆشخانە و کلینیکەکانی تایبەت بوونەتە باڵادەست وخزمەتگوزارییەکی نایاب پێشکەش بەو کەسانە دەكەن کە توانای کڕینییان هەیە. لەکاتێکدا نەخۆشخانە حکومییەکان بەدەست کەمی بودجە و دەرمان و ئامێری گونجاوەوە دەناڵێنن.
هەروەها خزمەتگوزاری کارەبا و ئاو، شایەتحاڵی ئەوەن كە وردە وردە بەرەو بازرگانی بوون هەنگاو دەنێن، ئەمە لە کاتێکدایە كە حکومەت بەردەوام بووە لە پاڵپشتیکردنی كەرتی خزمەتگوزاریی تەنها بەناو. بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کارەبا لەلایەن کۆمپانیا تایبەتەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها دابەشکردنی ئاو، ئەمەش بازاڕی هاوتەریب دروستدەکات کە لەسەر قازانج کاربکات نەک دادپەروەری.
ئەم گۆڕانکارییە مەترسیدارە تێدەپەڕێت لە خزمەتگوزاری سەرەتاییەوە بۆ بوارەکانی دیکە، وەک سەپاندنی ڕسومات و مۆڵەت و غەرامەکردنی هاتوچۆ، کە بوونەتە بەشێک لە گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا تایبەتەکان. ئەمانە بوونەتە سەرچاوەی داهاتی بازرگانی کە لەلایەن ئەو کۆمپانیانە کۆنتڕۆڵ دەكرێن، بەمەش بارگرانی دارایی زیاتر لەسەر هاوڵاتیان زیاد دەکات.
هاوڵاتیان قوربانی هاوکێشەی بازاڕن
لەم چوارچێوەیەدا، چیتر سەیر نییە کە دەستڕاگەیشتن بە کارەبا، ئاوی خواردنەوە، چاودێری تەندروستی و پەروەردە، پەیوەست بووە بە توانای پارەدان. کاتێک کەرتی تایبەت خزمەتگوزاری بۆ قازانج بەرهەم دەهێنێت نەک وەک پابەندبوونێکی کۆمەڵایەتی. دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان بە تایبەت ئەوانەی داهاتیان سنووردارە، خۆیان دەبیننەوە کە ناتوانن دەستیان بەم خزمەتگوزاریانە بگات، یان ناچارن بەکارهێنانیان بۆ کەمترین ئاست کەم بکەنەوە. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە ئەم کۆمپانیانە لە غیابی چاودێری یان کۆنترۆڵکردنی ڕاستەقینەدا کاردەکەن، كەدەبێتە هۆی ئەوەی نرخی دادپەروەرانە یان کوالیتی خزمەتگوزارییەکان مسۆگەر نەكات.
ئەنجام
گۆڕینی خزمەتگوزاریی گشتی بۆ بازرگانی، تەنیا هەڵبژاردنێکی ئابووری یان کارگێڕی نییە،بڕیارێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە و کاریگەریی دوور مەودای لەسەر دادپەروەری و سەقامگیری هەیە. ئایندەی خزمەتگوزاریی گشتیی لە هەرێم پێویستی بە پێداچوونەوەی ورد و جددی هەیە. ناهاوسەنگیەکانی ئەم مۆدێلە چارەسەر دەکرێت تەنیا بە گەڕانەوەی ڕێزگرتن لە مافی گشتی بۆ خزمەتگوزارییەکان و ڕێکخستنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت وەک "هاوبەشێک" نەک وەکو "بەدیلێک" .
ئیمەیڵ: pirot.ahmad01@gmail.com