گەشەکردن لە کۆشکە سیاسییەکانەوە نایەت

د.پیرۆت محەمەد ئەمین
  2025-09-11     137

پسپۆڕی : دارایی گشتی

 

بە درێژایی سەدەی بیستەم، زاراوەی "چینی ناوەند"، ئاماژەیە بۆ چینێکی گەشبین و گەشەسەندوو، کە زۆربەی ئەندامەکانیان بەرزبوونەتەوە لە کارە جەستەییەکان لە کێڵگەکان یان کارگەکاندا بۆ ئۆفیسە بچووکەکان و بازرگانییەکان کە لەلایەن خۆیانەوە بەڕێوەدەبرێن. بەهۆی ئەوەی ئەم چینە ماوەی درێژخایەنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە، وایکردووە ببێتە جێگەی سەرنجی بەردەوام بۆ سیاسەتمەداران، لە ڕاستەوە بۆ چەپ وهەوڵیان داوە سەرنجیان ڕابکێشن چونکە ئەوان زۆرینە بوون و لێیانەوە دەتوانرا  کۆدەنگی سیاسی و هاوپەیمانی سیاسی بنیات بنرێت.

لە وڵاتانی ئەمڕۆی داهات بەرزدا ، "چینی ناوەند" پێوەرێکی ڕێژەییە، زۆربەی خێزانەكان ئەوەندە داهاتیان هەیە کە بە نزیکەیی دەتوانرێت ببنە بەشێكی گرنگ  لەدابەشکردنی داهاتی نیشتمانی. ئەم چینە بە تایبەتی لە جیهانی گەشەسەندوودا زۆر گرنگە، چونكە  داهاتێکی تەواویان هەیە بۆ بەرگەگرتنی شۆکەکانی وەک  ماوەی بێکاری، باری نائاسایی تەندروستی، یان تەنانەت مایەپووچبوونی بزنسی بچووک بەبێ دابەزینی بەرچاو یان هەمیشەیی لە ئاستی ژیانیاندا. بەو مانایە هاوڵاتیانی چینی ناوەند ڕووبەڕووی دڵەڕاوکێی ئابووری ودارایی زۆر دەبنەوە، بەڵام نیگەران نین لەوەی بتوانن کرێی مانگی داهاتوو بدەن، یان پارەی قەرزی ئۆتۆمبێل، یان پارەی کارتی بانکیی بدەن.

لە ڕووی ئابوورییەوە وێنەکە باشتر دەردەكەوێت. بەوەی كەزۆرجار هەژاران لە ڕێگەی بەرنامەکانی حکومەتەوە پشتیوانی ڕاستەوخۆ وەردەگرن، هاوسۆزی و پێگەیان پێدەبەخشرێت لە کۆمەڵگادا. بەڵام دەوڵەمەندەکان، بەهۆی سەرچاوەکانیانەوە، توانای تێپەڕاندنی زۆربەی ئاستەنگە ئابوورییەکانیان هەیە. بەم شێوەیە چینی ناوەند بە تەنیا قورساییەکە لە ئەستۆ دەگرێت وە بە تەواوی "پسوڵەكان "دەدەن، هەروەها پابەندی یاساکانن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە ژێر فشاری بەردەوامدا دەژین و لەوەش خراپتر لەلایەن نوخبەکانەوە زۆرجار سەرزەنشت دەکرێن، کە داوا دەکەن لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا سەرەتاییەکان و بەنزین بێدەنگ بن .

قەبارەی چینی ناوەندی وڵاتێک تەنیا نیشاندەرێکی کۆمەڵایەتی نییە؛ بەڵكو فاکتەری چارەنووسسازە بۆ داڕشتنی ڕێڕەوی ئابووری و سیاسی. تا ئەم چینە گەورەتر بێت، خواست لەسەر کاڵا و خزمەتگوزارییە ناوخۆییەکان زیاتر دەبێت، کە ڕاستەوخۆ  بەشدار دەبێت لە گەشەکردن  لەسەر بنەمای بەکاربردن. ئابووریناس "جۆن کینز" ئاماژەی بەم ڕاستییە کرد کاتێک جەختی لەوە کردەوە کە بەکاربردن  بەشێوەیەكی بەردەوام وجێگیری چینی ناوەند بەردی بناغەی هاندان وەبەرهێنان و گەشەپێدانە.

چینی ناوەندی فراوان بە بەردی بناغەی هەر حوکمڕانییەکی باش دادەنرێت، هێزێک کە سەقامگیری سیاسی و ئابووری دەباتە پێشەوە. ئەندامانی ئەم چینە بەدوای سیستەمێکی دادپەروەرانەدا دەگەڕێن کە لەسەر بنەمای کێبڕکێی شەفاف بێت و ڕێگری بکات لە دەوڵەمەندەکان لە ئیستغلالکردنی  ئیمتیازات بۆ قازانجی ناڕەوا. ئەوان کەمتر بەشدارن لە تۆڕەکانی لایەنگیری و زەوتکردنی ڕۆژانە، و زیاتر مەیلیان بۆ پشتگیریکردنی حکومەت هەیە کە مافی خاوەندارێتی دەپارێزێت و ڕێگە بۆ وەبەرهێنانی تایبەت دەكاتەوە. بەم شێوەیە چینی ناوەند دەبێتە "ئامرازى سەلامەتی" کە هاوسەنگی لە نێوان تەماحی ئابووری لەگەڵ شەفافیەتی سیاسی دروست دەکات.

کاتێک چینی ناوەند دەگاتە  قەبارەیەکی دیاریکراو كە ڕەنگە 30%ی دانیشتووان پێكبهێنێت. ئەوكات ئەندامەکانی دەتوانن دەسەڵاتی بەکۆمەڵیان بەکاربهێنن بۆ ئەوەی داوای ئەوە بکەن کە دەوڵەت باجەکانیان بۆ دابینکردنی بودجەی خزمەتگوزارییە گشتیەکان و ئاسایش و کاڵا گشتییە سەرەکییەکانی دیکە خەرج بکات.

سیاسەتمەداران کلیلی گەشەکردن و خۆشگوزەرانییان بەدەستەوە نییە. بەڵکو چینێکی ناوەندی زیندوو بزوێنەری ڕاستەقینەیە کە داهاتوو لە قاڵب دەدات. لە کاتێکدا سیاسەتمەداران بۆ ئەم چبنە تەنها وەک بەرهەمێکی لاوەکی گەشەسەندنی ئابووری سەیری دەکەن، بەڵام ڕاستییەکان ئەوە دەردەخەن کە هاوکێشەکە بە تەواوی پێچەوانەیە، چونكە چینی ناوەند دەبێتە هۆی  گەشەکردن. لەبەرئەوەی ئەم چینە ژینگەی لەبارە بۆ کارگێڕی و داهێنان. لە ڕێگەیەوە سەقامگیری کۆمەڵایەتی بەهێز دەبێت، متمانە دروست دەبێت، ئەمەش کارلێکەکان ئاسان دەکات. هەروەها قەڵای بەشداریکردنی مەدەنییە، کە کوالیتی حوکمڕانی بەرز دەکاتەوە و بەهێزترین پشتیوانیە بۆ پەروەردە و وەبەرهێنانی درێژخایەن.

توێژەران زیاتر بۆیان دەردەکەوێت کە چینێکی ناوەندی بەهێز ئاستی بەرزتر لە گەشەکردن بەرهەم دەهێنێت. بۆ نمونە توێژینەوەیەکی "مارک پارتریج" لە ساڵی 2005 لەسەر گەشەی ئابووری گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە چینێکی ناوەندی زیندووتر  گەشەی ئابووری درێژخایەن زیاد دەکات. توێژینەوەیەکی ئابووریناس" ویلیام ئیستەرلی" لەسەر گەشەسەندنی ئابووری نێودەوڵەتی دەریخستووە کە کۆمەڵگەی ناوەندی  هاوچەشن، بەهرەمەندن لە داهات و گەشەکردنی زیاتر.

ئەو کەسانەی لە چینی ناوەندا گەورە بوون، ئەگەری ئەوە زۆر زیاترە کە ببنە خاوەنکار. ڕاپۆرتێکی "دامەزراوەی کاوفمان" ئەوەی  دەرخستووە کە ڕێژەیەكی بەرچاوی خاوەنکارەکان لە پاشخانی ئەم  چینەوە هاتوون.

بیرمەندان وەک "ئەرستۆ" تا كو "جەیمس مادیسۆن" وەهەتاوەكو زانایانی سیاسی هاوچەرخ ئاماژەیان پێکردووە، چینێکی ناوەندی بەهێز ، بە دەستەبەرکردنی حکومەتێکی باش و زیادکردنی بەشداری هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی شەڕی کوتلەیی و پێشخستنی سیاسەتگەلێک، خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی دەکات نەک بەرژەوەندی تایبەت.

لێکۆڵینەوەیەکی زانای سیاسی "فرێدریک سالت" لە ساڵی 2008 لە وڵاتانی پێشکەوتوو دەریخستووە کە زیادکردنی نایەکسانی لە خوارەوە بۆ سەرەوە مشتومڕی سیاسی بە ڕێژەی 12% و دەنگدان بە 13% کەم دەکاتەوە. بەو پێیەی ئەو کەسانەی كە دەوڵەمەند نین، تەنانەت لە کۆمەڵگایەکی تاڕادەیەک یەکسانیشدا، کەمتر بەشداری سیاسەت دەکەن بە بەراورد بەوانەی کە سەرچاوەی ئابووریی زیاتریان هەیە.

لاوازی چینی ناوەند و کشانەوەی لە ژیانی گشتی، نەک سیاسەتی هەڵبژاردن و سیاسەتی گشتی دەگۆڕێت، بەڵکو کاریگەرییە  بنەڕەتییەکانی حکومەت کەمدەکاتەوە. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە کوالیتی و کارایی دەزگا و خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە بەهۆی لاوازی چینی ناوەندەوە.

ئابوریناسان "ئەلبێرتۆ چونگ" و "مارک گرادشتاین" لە وتارێکی ساڵی 2007دا مۆدێلێکی تیۆرییان داڕشتووە، کە پەیوەندی نێوان نایەکسانی و حوکمڕانی ڕوون دەكەنەوە. پاشان بە شێوەیەکی ئەزموونی تاقیکردنەوە  بۆیان دەرکەوت کە گەندەڵی حکومەت زۆر زیاترە لە غیابی چینێکی ناوەندی بەهێزدا. لەلایەكی دیكەوە ئەم چینە لاوازە پراکتیزە و دامەزراوەکانی حوکمڕانی بەتاڵ دەکاتەوە، بەجۆرێک دامودەزگاكانی حكومەت توانای دابینکردنی پێداویستی هاووڵاتیانی نامێنێت.

پارەی حکومەت نەک تەنها بەفیڕۆ دەچێت کاتێک  گروپەکانی فشار  و خاوەن بەرژەوەندیەکان چالاکیی قازانجخوازی خۆیان دەوێت  لەئەنجامی کەمکردنەوەی باجی سنووردار، یان قۆرخکاری، یان مافی دەرهێنانی سەرچاوەی سروشتی لەسەر زەوییە گشتیەکان و زۆر شتی تر . ئەم گۆڕانکاریانە وا دەكەن  کاریگەرییان لەسەر گەشەکردن هەبێت.

چینی ناوەند دڵی  لێدانی هەر ئابوورییەکی سەقامگیر و خۆشگوزەرانییە. سیاسەتمەداران پێویستیان بە چاوخشاندنەوە بە حكومڕانی هەیە ، وە سەرنجیان لەسەر گرنگی و پشتیوانیکردنی چینی ناوەند هەبێت. ئەمانە پێشنیار نین، بەڵکو هەنگاوی بێگەردن بەرەو سیاسەت و کولتوورێک کە ڕەنگە جارێکی دیکە سەقامگیری و خۆشگوزەرانی و حیکمەتی بەهرەمەندی بن. لەوانەیە چارەسەرێکی تەواو بێت بۆ ڕزگارکردنی وڵات لە قەیرانە قووڵەکانی.                  

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×