پسپۆڕی : دارایی گشتی
لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا جڵەوی هەموو جومگەکانی ژیانی گرتووە ڕێگەکانی دزینی سەروەت و سامانی هاووڵاتییان گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆیانەوە بینیوە و ئێستا گەورەترین مەترسی لەسەر دارایی خەڵک لە ڕێگەی شاشە بچووکەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکانەوەیە، کە تێیدا گرووپە هاککەرەکان بە بەکارهێنانی فێڵی جۆراوجۆر وەک ناردنی "لینکی ساختە" و "نامەی چەواشەکاری" هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی زانیارییە کەسییەکان دەدەن تا بگەنە قووڵایی ئەژمێرە بانکییەکان.
ساڵانە ملیۆنان دۆلار لە ڕێگەی هێرشە سۆفتوێرەکانەوە دەدزرێت و هاککەرەکان سوود لە کەلێنە ئەمنییەکانی ناو ئەپڵیکەیشنەکان یان کەمتەرخەمی بەکارهێنەران وەردەگرن بۆ گواستنەوەی پارە بۆ شوێنی نادیار، ئەمەش وایکردووە بانکەکان سیستەمی پاراستنی توندتر پەیڕەو بکەن، بەڵام هێشتا مەترسییەکان بەردەوامن چونکە ڕێگەکانی فێڵکردن سات بە سات نوێ دەبنەوە و زۆرجار بەکارهێنەر بە ویستی خۆی و بەبێ ئەوەی هەست بکات کلیلی چوونە ناو ئەژمێرەکەی دەداتە دەست تاوانباران.
پسپۆڕانی بواری ئاسایشی زانیاری، ئاماژە بەوە دەدەن کە "هۆشیاری تاکەکەس" یەکەمین هێڵی بەرگرییە و پێویستە هاووڵاتییان لە هەر "نامەیەکی گوماناوی "دووربکەونەوە و متمانە بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییانە نەکەن کە داوای وشەی نهێنی یان کۆدی دڵنیایی دەکەن، چونکە هیچ دامەزراوەیەکی دارایی داوای ئەو زانیارییانە لە کڕیارەکانی ناکات.
حکومەت، ئەرکە سەرەکییەکەی لەداڕشتنی یاسای توندی تایبەت بە تاوانە ئەلیکترۆنییەکاندا دەست پێ دەکات کە سزای قورس بۆ چەتە دیجیتاڵییەکان دیاری بکات، وە لە هەمان کاتدا بانکی ناوەندی ناچار دەکات کە سیستەمێکی چاودێری ورد و پێشکەوتوو بۆ هەموو بانکە بازرگانییەکان دابنێت تاوەکو دڵنیایی بدات لەوەی کە هیچ کەلێنێکی تەکنیکی لە ئەپڵیکەیشنەکاندا نییە
جگە لەمەش پێویستە حکومەت یەکەی تایبەت دابمەزرێنێت بۆ ڕاوەدوونانی هاککەرەکان و هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی بکات چونکە زۆرجار ئەم تاوانانە سنووربەزێنن، خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە حکومەت کەمپەینی هۆشیاری نیشتمانی ئەنجام بدات، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان فێری ڕێگەکانی خۆپارێزی بن و دەرکردنی یاسایەک بۆ بیمەکردنی پارەی خەڵک لە بانکەکاندا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هاووڵاتی دڵنیایی هەبێت لە گەڕانەوەی مافەکەی ئەگەر تووشی دزییەکی لەو شێوەیە بووەوە.
ئەرکی بانکەکان لە پاراستنی سەروەت و سامانی هاوڵاتیاندا تەنها لە چوارچێوەی هەڵگرتنی پارەکەدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەبێت وەک قەڵغانێکی تەکنیکی و یاسایی کار بکەن و یەکەم هەنگاویشیان دابینکردنی نوێترین سیستەمی بەرگری و سۆفتوێری جیهانییە بۆ ئەپڵیکەیشن و وێبسایتەکانیان تا ڕێگری لە هەر دزەکردنێکی ئەلیکترۆنی بگرن.
جگە لەوەش پێویستە بانکەکان سیستەمێکی چاودێریان هەبێت کە بەردەوام جوڵە گوماناوییەکان بناسێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر بڕێکی زۆر پارە لە کاتێکی نائاساییدا یان لە شوێنێکی دوورەوە ڕەوانە کرا خێرا پڕۆسەکە ڕابگرێت و پەیوەندی بە کڕیارەکەوە بکات بۆ دڵنیابوونەوە.
ئەرکێکی تری گرنگی بانکەکان ئەوەیە، پابەندن بەوەی بەردەوام کڕیارەکانیان ئاگادار بکەنەوە لە شێوازە نوێیەکانی فێڵکردن و جەخت بکەنەوە کە هەرگیز داوای زانیاری نهێنی بە تەلەفۆن یان نامە ناکەن، لە کۆتاییدا لە ئەگەری ڕوودانی هەر هاککردنێک کە بەهۆی کەلێنێکی تەکنیکی بانکەکەوە بێت دەبێت بانکەکە بەرپرسیارێتی یاسایی هەڵبگرێت و زیانەکان بۆ کڕیارەکەی قەرەبوو بکاتەوە.
پاراستنی هەژماری بانکی لەلایەن هاوڵاتییانەوە، بە پلەی یەکەم پەیوەستە بە گۆڕینی هەندێک ڕەفتاری ڕۆژانە و وریایی لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا. لێرەدا گرنگترین ئەو هەنگاوانە دەخەمە ڕوو کە پێویستە هەر هاوڵاتییەک پەیڕەوی بکات:
کاتێک لە کافتریایەک، بازاڕ، یان فڕۆکەخانەیت، هەرگیز مەیەرە ناو ئەپڵیکەیشنی بانکەکەت یان کڕینی ئۆنلاین ئەنجام مەدە. هاککەرەکان دەتوانن لە ڕێگەی وایفایەکی بێبەرامبەرەوە هەموو ئەو زانیارییانەی لە مۆبایلەکەتەوە دەنێردرێن بیبینن.
هەرگیز کلیک لەسەر هیچ لینکێک مەکە کە لە نامەیەکدا بۆت دێت و دەڵێت: "هەژمارەکەت بلۆک کراوە" یان "خەڵاتت بردۆتەوە". ئەگەر گومانت هەبوو، کلیكی لینکەکە مەکە، بەڵکو خۆت ڕاستەوخۆ بچۆ ناو ئەپی فەرمی بانکەکە یان پەیوەندی بە ژمارەی فەرمی بانکەکەوە بکە.
خاڵێکی تری جەوهەری بریتییە لە چاودێریکردنی بەردەوامی جوڵەی حسابەکەیان لە ناو ئەپڵیکەیشنی بانکەکەدا و چالاککردنی زەنگی ئاگادارکردنەوە بۆ هەر کڕین و گواستنەوەیەک تاوەکو لە ئەگەری هەر دزییەکدا خێرا بتوانن کارتەکەیان ڕابگرن، هەروەها پێشنیار دەکرێت بۆ کڕینی ئۆنلاین کارتێکی جیاواز بەکاربهێنن و تەنها بڕی پێویستی پارەی تێبکەن تا ئەگەر هاکیش کرا زیانەکان کەم بن
بۆ کۆمپانیاکان، مەترسییەکە تەنها لەدەستدانی بڕێک پارە نییە، بەڵکو مەترسی لەسەر ناوبانگ، زانیارییە نهێنییەکانی بازرگانی و داتای کڕیارەکانیشیان هەیە. کۆمپانیاکان پێویستە وەک بەشێکی سەرەکی لە بەڕێوەبردنی مەترسی سەیری ئەم بابەتە بکەن.
کۆمپانیا، دەبێت پلانێکی نووسراوی هەبێت بۆ کاتی ڕوودانی هاککردن. کێ یەکەم کەس دەبێت ئاگادار بکرێتەوە؟ چۆن ئەژمێرەکان بلۆک دەکرێن؟ چۆن پەیوەندی بە لایەنی پەیوەندیدار و بانکەوە دەکرێت؟ بوونی ئەم پلانە کاتی کاردانەوە کەم دەکاتەوە و ڕێگری لە زیانی گەورە دەگرێت.
لە کۆتاییدا، شەڕی هاککردنی هەژماری بانکی بووەتە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەش لە نێوان حکومەتەکان و بانکەکان و بەکارهێنەرانی تاکەکەسیدا لەگەڵ بەردەوامی فراوانبوونی دارایی دیجیتاڵی هۆشیاری کڕیاران وەک یەکەم و بەهێزترین هێڵی بەرگری دەمێنێتەوە لە پاراستنی پاشەکەوتی کەسی و سەقامگیری دارایی کە تادێت پەیوەندیدارتر دەبێت.