ئاین‌و رەخنەو میانڕەوی

ئاسۆس هه‌ردی‌
  2021-12-14     1100

ئەوەندەی بیرم بێ لە ژیانی منداڵی و هەرزەکاری و لاویمدا، هەمیشە ئەوەی جێگای سەرنج و رێزم بوو ئەوەبوو، خەڵکی دیندارو شارەزای ئایین زمانشیرینترین و بەئەدەبترین خەڵک بوون. حەزت ئەکرد لە مەجلیسیاندا دانیشی و گوێیان لێبگری. ئەگەر لەگەڵ لێکدانەوەو تێگەیشتەکەشیان نە بوویتایە، شەرمت ئەکرد راستەخۆ قسە لەسەر بۆچوونەکانیان بکەیت. لەنموونەی ئەوانە: مامۆستا شێخ محمەدی خاڵ، مامۆستا مودەریس، مامۆستا شێخ محمەدی بەرزنجی و… هتد، خوا لێیان خۆش بێت. ئەمە جگە لەو خەڵکە ئاساییە باوەڕدارو پابەندی ئایینەی، دڵنیام هەر یەکێک لە ئێمە لە ژیانی خۆیدا دەیان نموونەی بینیون و لەیادی ناچێت. خەڵکێک ئەدەب و رێزیان لێ ئەباری.

بەداخەوە! پێدەچێ ئەو جۆرە جوان و پڕ لە رێزو خاکیبوونە لە دینداری و خواپەرستی بەرەو لەناوچوون بچێت! 

هەندێ هاوڕێی فەیسبووک چەند سەرنجێکیان لەسەر ئەو هێرش و هەڕەشانە نووسیبوو کە رووبەڕووی مامۆستا شێرزاد بۆتەوە. ئەوەی بۆ من مایەی تێڕامان و بێزاری بوو، ئەو کۆمێنتانە بوون، کە بەشی هەرە زۆریان جگە لە سووکایەتی و جنێوی ناشرین هیچ شتێکی دیکە نەبوون!  زۆر بە دەگمەن گفتوگۆ و وەڵامدانەوەم بینی. زمانێک کە هەرگیز لە سەردەمی مامۆستا منەووەرو شارەزاکانی ئایندا نەمانبیسیووە.

ئەمە دیاردەیەکە پێویستی بە لەسەر وەستان هەیە. رەنگە یەکێک بڵێت ئەی بۆ باسی زمانی دزێوی “عەلمانییەکان” ناکەیت؟ پێم وایە بە درێژایی تەمەنی نووسینم دژی ئەو جۆرە قسەکردنە بووم و گەلێک جاریش قوربانیی ئەو زمانەی بەناو عەلمانییەکان بووم.

بە لای منەوە کێشەی ئەوەی یەکەم لەوەدایە، بەناوی ئاین و خوداوە قسە دەکات و ئاینیش لای من سەرچاوەی رێزو ئەخلاقە، وەک لەو مامۆستا پایەبەرزانەوە فێری بووین. 

پێم وایە ئەو زمانە توندو بێباکە بەرهەمی ئەو بەناو مامۆستایانەیە کە لە شاشەی تەلەفزیۆنەکان و پەیجەکانی سۆشیال میدیاوە، زۆر بە خوێنساردی و بێباکی، زۆر بە ئاسانی و بێ سڵکردنەوە تەکفیری خەڵک دەکەن، حوکمی کوشتن و هەڵگەڕانەوە دەردەکەن، بە زمانێک کە لە هەموو شتێک بچێت، ئەوا بێگومان لە زمانی ئەو ئیماندارو زانایانە ناچێت کە نەوەی ئێمە ناسیومانن و گوێمان لێگرتوون. زمانێک پڕە لە (ببوورن لەم تەعبیرەم) سەپاندنی مۆرکی “بێ ئەخلاقی” بەسەر هەموو ئەوانەدا کە لە خۆیان ناچن و تێگەیشتنی جیاوازیان هەیە. کاتێکیش کە “مامۆستاکان!” بەو جۆرە رەفتار بکەن، چاوەڕیی لەوە باشتر لە”قوتابییەکان” و گەنجە پڕ لە حەماسەتەکانیان ناکرێت.

پێم وایە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا ئەرکی گران و یەکەم دەکەوێتە سەرشانی ئە لایەن و رۆشنبیرانەی مەرجەعییەتیان ئاینەو خاوەنی تێگەیشتنێکی “میانڕەو” و سەردەمین بۆ ئاین. بەداخەوە ئەو بەڕێزانە، کە زۆریان هاوڕێی بەڕێزو ئازیزی خۆمن، تەنها ئەو دیوە دەبینن کە بە دڵی خۆیان نیە. هەر گفتوگۆ لەسەر ئەو بۆچوونانە دەکەن کە لەگەڵیدا ناکۆکن و بێدەنگن، یاخود لانیکەم بایەخێکی ئەوتۆ بەو هەموو ناشرینییە نادەن کە هەندێ کەس و تەوژم بەناوی ئایینەوە ئاڕاستەی خەڵکی خاوەن بۆچوونی جیاوازی دەکەن.

نایشارمەوە من چاوەڕێی ئەوە بووم و چاوەڕێی ئەوەم ئەو بەڕێزانە داکۆکی لەمافی ئازادیی رادەربڕینی مامۆستا شیرزاد بکەن یا هیچ نەبێ راشکاوانە دژی هەڕەشە کردن لە مامۆستای بەڕێز بووستنەوە، ئەگەرچی لەگەڵ بۆچوونەکاینیشیدا نەبن، وەک چۆن خەڵکێکی زۆری “عەلمانی” هەر کاتێک ئەوان رووبەڕووی پەلامارو هەڕەشە بووبنەوە، پشتیوانییان لێکردوون، ئەگەرچی لەگەڵ فکرو بۆچوونەکانیشیان نەبووبن.
رووبەڕوو بوونەوەی ئەو زمانە ناشرینەو ئەو عەقلییەتە تاریکە، ئەرکی هەموو لایەکمانە، سەر بە هەر بیروبۆچوون و قوتابخانەیەکی فکری بین.

لەگەڵ رێزو خۆشەویستیم بۆ ئەو هاوڕێ ئازیزانەی خاوەن مەرجەعییەتی ئیسلامیشن و راشکاوانە رای خۆیان نووسیوەو ئازایانەش داکۆکییان لە مامۆستا شێرزادو ئازادیی رادەربڕین کردووە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
وەزارەتی دارایی داوای کارتی نیشتمانی و ناوی دایکی مووچەخۆران دەکات
سه‌رۆكی فراكسیۆنی بابلیۆن كوژرانی برازایه‌كی ره‌یان كلدانی له‌ لاله‌زار ره‌تده‌كاته‌وه‌
جەبار یاوەر بۆ ئاوێنە: ئەگەر پڕۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگە راستی بێت، نابێت تەنها پڕۆسەی تێکەڵکردنی ژمارە بێت
وتەبێژی پارتی: گفتوگۆی چڕ و جددی بە دوور لە میدیا بۆ کابینەی دەیەم بەردەوامە
توركیش ئێرلاین گه‌شته‌ ئاسمانییه‌كانی بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌
سبه‌ی دادگای فیدرالی له‌باره‌ی سكاڵاكانی‌ په‌یوه‌ست به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه‌
ئیکۆ عێراق: ئه‌گه‌ری سزای ئه‌مریكاو قۆستنەوەی دۆخه‌كه‌، بازاڕی دۆلارییان لە عێراق هه‌ژاندوه‌
شاسوار عه‌بدولواحید هۆکاری بەشدارینەکردنیان لە حکومەت راگەیاند
نرخی دراوه‌كان؛ 100 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌ له‌ 160 هه‌زار دینار
وته‌بێژی سه‌ربازیی زه‌یدی: له‌دوای 30ی ئه‌یلول هیچ پاساوێك نامێنێت بۆ بونی هیچ جوڵه‌یه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×