چەند سەرنجێک لەسەر قسەکانی سەرۆکی حکومەت

ئاسۆس هه‌ردی‌
  2022-06-22     442

رۆژی (٢٠/٦) ژمارەیەک میدیاکار لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەو سەبارەت بە ئازادی رادەربڕین و بابەتەکانی رۆژ گفتوگۆیان کرد. سەرەتا ئەبێ ئەوە بڵێم سەرسام بووم بە جورئەت و راشکاویی هەندێ لەو هاوکارە ئازیزانەم، کە بوێرانەو راستگۆیانە هەندێ لە كیشەکانی ئازادی رادەربڕین و کێشە هەنووکەییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان رووبەڕوو لەگەڵ سەرۆکی حکومەتدا باس کرد.

ئەوەی بۆ من جێگەی تێڕامان بوو، وەڵامەکانی سەرۆکی حکومەت بوو. پێم وایە گەلێک لە بۆچوونەکانی هی ئەوەن قسەیان لەسەر بکرێت، بەڵام من لێرەدا زۆر بە کورتی تەنها قسە لەسەر ئەو تەوەرانە ئەکەم کە پەیوەندییان بە ئازادیی بیروڕادەربڕین و ئاازادیی رۆژنامەگەرییەوە هەیە.

سەرۆکی حکومەت راشکاوانە پێی وتین بڕوای بەوە نیە میدیایەک هەبێت سەربەخۆ بێت. پێی وا بوو میدیای حیزب و سیاسەتمەدارەکان باشترن، چونکە ئاشکرایە سەر بە کێن! هەموو میدیاکانی تریشی تۆمەتبارکرد بەوەی ژێر بەژێر سەر بە لایەکن.

لەسەر ئەو بۆچوونانە تەنها ئەوەندە ئەڵێم، سەیرە سیاسەتمەدارێک لە خۆرئاوا خوێندبێتی کەچی هێشتا هەر بە مەنتیقی موئامەرە بیر بکاتەوەو بە تێڕوانینی ستالینیانە لە دنیا بڕوانێت! هەر میدیایەک سەر بە خۆی نەبێت، ئیتر چاوی دا بخات و بڵێت کەواتە سەر بە رکەبەرەکانمە، ئەگەر نەڵیت سەر بە دوژمنە. سەیرە ئەوەی لەبیر نەبێت کە یەکێک لە ئەرکە هەرە سەرکییەکانی میدیا چاودێری کردنی دەسەڵاتە، مەحاڵیشە میدیایەک کە سەر بە دەسەڵات بێت بتوانێت لە هەمان کاتدا چاودێر بێت بەسەر خودی خۆیەوە. سەیرە ئەوەی لە بیر نەبێت یەکێک لە مەرجەکانی سیستمێکی دیموکرات و شەفاف و کراوە، جیاکردنەوەی کایەی سیاسی و کایە گشتییەکانی ترە، وەک میدیاو بازاڕو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی. چونکە لە راستیدا میدیای سەربەخۆ، بە شێوەیەک لە شێوەکان ئەو میدیایەیە کە لە نێوان حیزبەکاندا سەربەخۆیەو لە دەرەوەی کایەی سیاسییە، واتە لە رووی خاوەندارێتییەوە موڵکی هیچ حیزب و جووڵانەوەیەکی سیاسی نیە، بەڵام چاودێرە بەسەر کایەی سیاسییەوەو کاریگەریی راستەوخۆی لەسەری هەیە. روون و ئاشکرایشە ئەمە بەو مانایە نیە کە هیچ فکرو تێڕوانینێکی سیاسیی نیە، بەڵکو بەو مانایەی گەمەکەرێک نیە لە کایەی سیاسیداو، ئامانجی ئەوە نیە رۆژێک لە رۆژان دەسەڵات بگرێتە دەست. بۆ نموونە (رۆبێرت مەردۆخ)ی خاوەنی دەزگای (فۆکس) کە گەورەترین تۆڕی میدیایی ئەمەریکایە، ئەگەرچی لە رووی فکرییەوە کۆنسێرڤاتیڤەو لە کۆماریخوازەکانی ئەمەریکاوە نزیکە، بەڵام نە بە فەرمانی پارتی کۆماری دەجووڵیتەوە، نە ئامانجی ئەوەیە ببێتە رکەبەری دوو حیزبەکەو فەرمانڕەوایی ئەمەریکا بکا. بە هەمان شێوەش تیم وارنەری خاوەنی (سی ئێن ئێن) کە لە دیموکراتەکانەوە نزیکە. دەتوانین هەمان شت لەسەر نیویۆرک تایمزو واشینگتۆن پۆستی ئەمەریکی و گاردیانی بەریتانی و ... هتد، بڵێین. ئەمانە هەموو میدیان و سەر بە کەرتی تایبەتن، پلانی میدیاییان هەیە، نەک بەرنامەی سیاسی بۆ دەسەڵات گرتنە دەست.

هەر لەو دانیشتنەدا، سەرۆکی حکومەت و هەندێ لەو رۆژنامەنووسانەی لای خۆی کاردەکەن، زۆر باسیان لەوە کرد کە ئەبێ سەرچاوەی دارایی میدیاکان ئاشکرا بکرێت. وتیان ئاشکرایە میدیای حیزب و سیاسەتمەدارەکان لە کوێوە پشتیوانی دارایی دەکرێن، بەڵام پرسیارەکە لەسەر ئەوانەیە کە "لە دەرەوە" هاوکاری مادی دەکرێن. دیارە مەبەستیشیان لە هاوکاریی رێکخراوە قازانج نەویستە خۆرئاواییەکان بوو بۆ میدیای ئازادو میدیای کوردی بەگشتی.

جارێ با ئەوە بڵێم من بە تەواوی لەگەڵ ئەوە پرنسیپە گشتییەدام کە نەک هەر میدیاکان، بەڵکو ئەبێ هەموو دامودەزگا گشتی و تایبەتەکان شەفاف بن و هیچ شتێکی شاراوەیان نەبێت. ئەمە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی شەڕکردن لەگەڵ گەندەڵیدا. بەڵام پێش ئەوە پرسیارێک هەیە کە ئەو مەنتیقی یاریکردن بە قسەیە خۆی لێ ئەدزێتەوە. ئەویش ئەوەیە: باشە حیزب و سیاسەتمەدارەکان ئەو سەدان ملیۆن دۆلارەیان لە کوێ هێناوە کە لە میدیادا سەرفی ئەکەن؟ داهاتی حیزبەکان چەندەو سەرچاوەکەی چییە؟ مووچەی بەرپرسەکان چەندەو ئەو بودجە زەبەلاحەیان لەکوێ بوو کە لە میدیای سێبەرو سۆشیال میدیای جنێوفرۆشدا سەرفی ئەکەن... هتد؟

بەڕێزان! جارێ ئێوە پێمان بڵێن ئەو پارە زەبەلاحەتان لە کوێ هێناوە بۆ تەمویلی کەناڵەکانتان کە خەرجی یەک مانگی هەر یەکێکیان چەندین ئەوەندەی خەرجی یەک ساڵی هەموو میدیای ئازادە لەکوردستان، ئەوسا هەقتانە بپرسن سەرچاوەی دارایی خەڵکی تر لە کوێوەیە. کورد ئەڵێ: “دەرزییەک بکە بە خۆتا، ئینجا شووژنێک بکە بە خەڵکدا!". دیارە ئەمە بەو مانایە نیە کە من لەگەڵ ئەوەدابم میدیای ئازاد سەرچاوەی داهاتی خۆی بشارێتەوە، بەڵکو بە پێچەوانەوە پێم وایە میدیای ئازاد ئەبێ دەستپێشخەر بێت لە پرۆسەی شەفافییەتدا، تەنانەت ئەگەر یاساکانیش پابەندی نەکەن بەوەی بودجەو داهاتی ئاشکرا بکات. ئەوەندەی لە میدیاشدا کارم کردبێت، پەیڕەویم لەو قەناعەتەی خۆم کردووە.

پاشان خۆ هەر خودی میدیای حیزب و سێبەرو رێکخراوەکانی سەر بە حیزب سوودمەندی گەورەی هاوکاریی رێکخراوە قازانج نەویستەکانی خۆرئاوان، بە هاوکاری و پرۆژەی هاوبەشی کۆنسوڵخانەکانیشەوە. باشە بۆ بۆئەوان حەڵاڵەو بۆ خەڵکی تر حەرام؟ فەرموون دەست لە پرۆژە هاوبەشەکانی نێوان میدیاکان و رێکخراوەکانتان لەگەڵ رێکخراوە نێوەدەوڵەتی و کونسوڵخانەکان هەڵگرن، ئینجا بۆ خەڵکیشی حەرام بکەن.

سەرۆکی حکومەت وتی لە کوردستان کەس لەسەر کاری رۆژنامەوانی و ئازادی بیروڕادەربڕین نەگیراوە! باسی لەوە کرد رۆژنامەنووس هاوڵاتییەو ئەگەر تاوانێکی ئەنجام دا، دەبێ لە بەردەمی دادگادا بەرپرسیارێتیی تاوانەکەی لە ئەستۆ بگرێت. جەختیشی لەوە کردەوە ئەبێ هەموومان، بە حکومەتیشەوە، پابەندی بریارەکانی دادگا بین.

سەیرە! هەر لە بندەستی سەرۆکی حکومەتدا مامۆستا بەدەل بەرواری و شیروان شیروانی و هاوڕێکانیان لەسەر خۆپیشاندانی ئاشتیانەو کاری رۆژنامەوانی دەستگیرکران و تۆمەتی ناڕەوایان بۆ هەڵبەسترا، کەچی سەرۆکی حکومەت ئەڵی لە کوردستاندا هیچ کەسێک لەسەر بیروڕادەربڕین نەگیراوە! جارێ با ئەوە روون بکەمەوە کە ئازادی رادەربڕین تەنها پەیوەندیی بە رۆژنامەنووسانەوە نیە، بەڵکو بەپێی دەستوورو یاساکان هەموو هاوڵاتییەک خاوەنی ئەو مافەیەو کەس بۆی نیە لێی زەوت بکات. بۆیە کەس مافی ئەوەی نیە بڵێت بۆ نموونە مادام مامۆستا بەدەل رۆژنامەنووس نیە، کەواتە دەبێ مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵ بکرێ. ئازادی رادەربڕین مافی هەموو هاوڵاتییەکە، بە گردبوونەوەو خۆپیشاندانیشەوە. بە هەمان شێوە ئەو قسەیە هیچ بنەمایەکی نیە کە ئەڵی شیروان شیروانی ئەندامی سەندیکا نیە، کەواتە رۆژنامەنووس نیە. چونکە لە یاسای رێکخستنی کاری رۆژنامەوانیی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧دا بەم شێوەیە پێناسەی رۆژنامەنووس کراوە: "رۆژنامەنووس: هەر کەسێک کە لە بواری رۆژنامەگەرییدا لە هەر کەناڵیکی راگەیاندندا کاردەکات" (مادەی یەکەم، بڕگەی پێنجەم). واتە ئەندامبوون لە سەندیکای رۆژنامەنووساندا نەکراوەتە مەرج بۆ شوناسی رۆژنامەنووسی. شیروانیش سەرنووسەری گۆڤارێک بووە کە مۆڵەتی یاسایی هەبووەو چەندین ژمارەی لێدەرچووە. پاشان کێ وتوویەتی رۆژنامەنووس پارێزبەندیی هەیەو نابێ دادگایی بکرێت؟ رۆژنامەنووسیش هاوڵاتییەو ئەگەر دەستی چووە تاوانێک، ئەبێ وەکو هەموو هاوڵاتییەکی تر برپرسیارێتی یاسایی لە ئەستۆ بگرێت. کێشەکە لەوەدایە لەسەر کارەکەی یا خود لەسەر ئازادی بیروڕادەربڕین لە زیندان توند بکرێت. ئەمە نە یاساییەو نە شەرعی.

ئینجا با بێمە سەر دادگاو تاوان. دیسانەوە ئەڵێم من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ ئەو پرنسیپە گشتییەدا نیە کە ئەبێ هەموومان پابەندی بڕیاری دادگا بین، بەڵام لە چ هەلومەرجێکدا؟ من هیچ ناڵێم، باسی راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بۆچوونی چاودێرانی یاسایی و ئەندام پەرلەمانەکان لەسەر چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی دادگایی کردنی مامۆستا بەدەل و رۆژنامەنووس و چالاکوانەکانی تر ناکەم. تەنها ئەوە بەبیر سەرۆکی حکومەت دەهێنمەوە کە لە سەروبەندی خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا، ئەو کاتەی دادگاکانی سلێمانی فەرمانی گرتنیان بۆ ژماریەک کەس دەرکرد کە هەندێکیان کادری پارتی بوون، فازیل میرانی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکراو لە بەر چاوی کامێرای کەناڵەکانی راگەیاندندا وتی: "ئێمە کادرەکانمان تەسلیمی دادگا ناکەین، چونکە متمانەمان بە دادگاکانی سلێمانی نیە". پرسیارەکەش زۆر بە سادەیی ئەوەیە، ئەگەر باڵاترین بەر پرسی پارتی متمانەی بە دادگای کوردستان نەبێ، چۆن چاوەڕێ ئەکەن خەڵکی ئاسایی متمانەی پێ بکەن؟ چۆن داوا لە خەڵکی ئاسایی و هاوڵاتیی ئاسایی ئەم وڵاتە ئەکەن بڕوا بەوە بکەن کە هیچ جۆرە دەستێوەردانێک لە دادگاکاندا نیە؟

دواجار سەرۆکی حکومەت رەخنەی لەوە گرت کە رۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەگەڵ دیپلۆماتە بیانییەکاندا دائەنیشن و باسی کێشەو کەموکوڕییەکانی حکومەتی هەرێم ئەکەن. ئەم قسانە ئەو تۆمەتانەی وەبیر هێنامەوە کە لە دادگا ئاڕاستەی رۆژنامەنووس و چالاکوانانی بادینان کرابوون: "سیخوڕی، دانیشتن لەگەڵ نوێنەرایەتیی دەوڵاتانی خۆراوا لە هەولێر"! ئەو تۆمەتەی دواتر لەژێر گوشاری ئەو دەوڵەتانەدا لە لیستی تۆمەتەکان دەرهێنرا. ئەمە لە کاتێکدایە کە سەری زمان و بنی زمانی حکومەتی هەرێمەکەی ئێمە ئەوەیە ئەو دەوڵەتانە هاوپەیمان و دۆستمانن و ئێمەش بەشێکین لە هاوپەیمانێتیی ئەوان. باشە ئەگەر دانیشتن لەگەڵ ئەو نوێنەرایەتییانە سیخوڕییە، یاخود لانیکەم کارێکی نەشیاو و هەڵەیە، بۆچی رێگە بە میدیاو رێکخراوەکانی خۆتان ئەدەن خواخوایان بێت بانگهێشتی یەکێک لەو کونسوڵخانانە بکرێن و وێنەکەی لە فەیسبووک بڵاوبکەنەوە؟ جگە لەوەش، ئەگەر خەمی ناو و ناوبانگی هەرێمی کوردستانتانە، باشترە رێگە لە پێشێلکارییەکان بگرن و کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن، نەک هەرچی قسەی لەسەر ئەو کەموکوڕییانە کرد، تۆمەتباری بکەن بە سیخوڕی و دەستی دەرەکی. وێنەی هەرێم بە شاردنەوەی کێشەکان جوان ناکرێت، ئاخر لە کوێی دنیادا رووبەرێک دەدۆزینەوە بێ کێشەو کەموکوڕی بێت؟ وێنەی هەرێم بەوە جوان ئەکرێت، جورئەتمان هەبێ بە ئاشکرا باسی کێشەکان بکەین و هەوڵی چارەسەرکردنیان بدەین. بەوە دەکرێت بیسەلمێنین ئێمە هەرێمێکین ناترسین لەوەی لە رووناکیدا باسی کەموکوڕییەکانی خۆمان بکەین و بە جورئەتەوە دەست بۆ چارەسەرکردنیان بەرین. دانیشتنی ئاشکرای چالاکوانان لەگەڵ نوێنەرایەتییەکانی خۆرئاوا کێشە نیە. کێشەی گەورە نفووزو دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتە دراوسێیانەیە کە پەیوەندیی رەسمییان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی ئێمە هەیەو هەر رۆژەی زەبرێکمان لێ ئەوەشێنن. بەداخەوە حکومەتی هەرێمەکەی ئێمەش هیچ دەسەڵاتێکی بەربەرچدانەوەیانی نیە، وەک خۆشتان راشکاوانە باسی ئەکەن. کەسیش نازانیت لە دانیشتنە داخراوەکان لەگەڵ ئەو دەوڵەتاندا چی دەگوزەرێ و چی دەوترێ. دواجار ئەگەر دانیشتن لەگەڵ دیپلۆماتە خۆرئاواییەکاندا تاوانە، بۆچی یەخەی ئەوان ناگرن و ئەو چالاکییانەیان لێ قەدەغە ناکەن؟

ئەو قسانەی سەرۆکی حکومەت بۆنی ئەوەیان لێ ئەهات، بیر لە سنووردارکردنی پەیوەندی رێکخراو و دامودەزگا میدیاییەکانی هەرێم لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماتە بیانییەکان بکاتەوە. هیوادارم بە هەڵە تیگەیشتبم، بەڵام ئەگەر وابێت، ئیدی تەنها هەنگاوێکمان ماوە بۆ ئەوەی بگەین بە سیستمێکی داخراوی وەک ئێران و میسرو سووریا.

زۆرترین بینراو
© 2022 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×