د. هەژار مەعرووف

ئاسۆس هه‌ردی‌
  2022-08-25     654

دوێنێ ئێوارە هەواڵم پێگەیشت د.هەژار مەعرووف، پزیشکی دەروونی، پێشمەرگەی دێرینی ینک و نووسەر و چالاکوانی سیاسی لەسەر بڵاوکردنەوەی وتارێک لەماڵپەڕی ئاوێنە دەستگیر کراوە. دواتر زانیم لایەنی سکاڵاکار، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی سلێمانییە.

من نامەوێ هیچ قسەیەک لەسەر ناوەرۆکی وتارەکەی بکەم. د.هەژار نەک هەر تێکۆشەرێکی دێرینە، بەڵکو کەسێکی رۆشنبیرو نووسەریشە. هەر بە ئەزموونی خۆم، لە سەردەمی رۆژنامەی هاوڵاتی-یەوە تا رۆژنامەی ئاوێنە، دەیان وتاری بۆ ناردووم کە بە رەئی و جێگەی سەرنجم زانیون و بێ دوودڵی بڵاوم کردوونەتەوە. چونکە بە نووسەرو کەسێکی (خاوەن رەئی)م زانیوە، ئەگەرچی رەنگە هەندێکجاریش لەگەڵ بۆچوونەکانیدا نەبووبم. پاش ئەوەش کە گەڕایەوە کوردستان و لە نزیکەوە ناسیم، ئەوەندەی تر ئەو قەناعەتەم لا جێگیر بوو. بۆیە دڵنیام لەوەی خۆی بەرپرسیارێتیی بۆچوونەکانی لە ئەستۆ دەگرێت و پێویستی بە کەس نیە داکۆکی لێ بکات.

ئەوەی دەمەوێ قسەی لەسەر بکەم، شێوازی مامەڵە کردنە لەگەڵ ئەو نووسەرەو وتارەکەی. پێشەکی با ئەوە بڵێم هەر نووسەرێک کە بە تێڕوانینێکی رەخنەگرانە لەسەر رووداوە هەنووکەییەکان و حیزب و دامودەزگاکانی ئەم وڵاتە قسە بکات، دەبێ چاوەڕێی ئەوە بێت رووبەڕووی کێشە ببێتەوە. ئەگەر پەلامار نەدرێت و هەڕەشەی لێنەکرێت، لە سادەترین کاردانەوەدا رووبەرووی دادگا دەکرێتەوە. با پێش هەموان بکەوم و بڵێم رووکردنە دادگاو تۆمارکردنی سکاڵا لەلایەن ئەو کەس و دامودەزگایانەوە کە پێیان وایە نووسەرێک یا رۆژنامەنووسێک “بە ناڕەوا” ناو و ناوبانگیان زڕاندوون و مافیان پێشێل کردوون، مافێکی یاسایی و سروشتییەو جێگەی گلەیی و گازندە نیە. ئەوەی جێگەی رەخنەو بگرە سەرسوڕمانیشە،چۆنیەتیی مامەڵەکردنی دادگاو دامودەزگاکانی لێکۆڵینەوەی یاساییە لەگەڵ کێشەکەی د.هەژاردا. وەک لە کەسە نزیکەکانیم بیست بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە. لەوەش سەیرتر! پاش نیوەڕۆ چوونەتە سەر عیادەکەی.

جارێ نازانم بۆچی لەسەر بڵاوکردنەوەی وتارێک بەبێ هیچ بانگهێشت و ئاگادارکردنەوەیەک، یەکسەر فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە؟! ئێ خۆ دۆسیەکە کوشتن و دزی و گەندەڵی نیە تاکو ترسی ئەوە هەبێت هەڵبێت و نەچێتە بەردەمی دادگا. جگە لەوەش د.هەژار کەسێکی ناسراوە، شوێنی نیشتەجێ و کاری بۆ سکاڵاکارو دادگایش زانراوە. کێشەکەش بڵاوکردنەوەی وتارەو ترسی ئەوە لە ئارادا نیە تۆمەتبار “بەڵگەکان!” بشارێتەوە یا لەناویان بەرێت. وتارەکە بڵاوکراوەتەوەو تەواو.

لەوەیش جێگەی پرسیارتر، کاتی جێبەجێ کردنی بڕیاری دەستگیرکردنەکەیە: پاش نیوەڕۆ و دوای تەواوبوونی دەوامی دادگا! دیارە ئەو کاتەش ئەگەری ئازادکردنی بە کەفالەت لەلایەن دادگای کەتنەوە، لە نەبوو نزیک ئەبێتەوە.

بەداخەوە، لەم وڵاتەی ئێمەدا دەستدرێژیکردنە سەر ئازادیی بیروڕادەربڕین رۆژ بە رۆژ لە هەڵکشاندایە، سەروەری یاساو سەربەخۆیی دامودەزگاکانیش رۆژ بە رۆژ لە داکشاندان.

بەهیوای سەلامەتی و بەردەوامی بۆ هاوڕێم د.هەژار

تێبینی: لەسەر داوای خاوەن کێشەکە، دوێنێ هاوڕێیانی ئاوێنە هەواڵەکەیان بڵاو نەکردەوە.

ئەمڕۆ د.هەژار بە کەفالەت ئازادکرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×