خوتبەی نوێژی ھەینی یەکێکە لە کاریگەرترین ئامرازەکانی ڕێنمایی ئاینی و کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵگای موسڵماندا. منبەر لە بنچینەدا دەبێت شوێنێک بێت بۆ ئاراستەکردنی خوو ڕەوشتی جوان، ھێنانە پێشەوەی ھوشیاری گشتی و بەھێزکردنی یەکگرتوویی تاکەکانی کۆمەڵگا.
بەڵام کاتێک ئەم پێگەیە لە سنووری خۆی دەرچوو، دەتوانێت ببێتە ھۆکاری کێشە و ناکۆکییە کۆمەڵایەتییەکان،پاشانیش سەرپێچی کارانیش ڕوبەڕوی یاسا دەکرێنەوە.
لە دوای ئەو خوتبەیانەی لە مزگەوتی بەختەوەری لە سلێمانی و مزگەوتێک لە کەلار پێشکەش کران، کە بە پێی ڕاپۆرتە میدیاییەکان تێیدا وتاری توند دژی شەڕڤانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ھەبوو، ناڕەزایی نوێژ خوێنانی لێکەوتەوە،سەرچاوە فەرمییەکان ئاماژەیان دا کە ھەردوو مامۆستا ئاینیەکە دەسگیر کراون. دەسگیرکردنەکە بە پێی مادە ٢٤٠ لە یاسای سزادانی عێراقی ئەنجام دراوە؛ مادەیەک کە پەیوەندی بە سەرپێچیکردنی مەرجەکانی وەزارەتی ئەوقاف و وتار و کردارەکان ھەیە کە دەتوانن ببنە ھۆکاری تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی، توندکردنەوەی ناکۆکی و تێکدانی ئارامی گشتی.
ئەم گۆڕانکارییە، منبەر لە سنووری وتاری ئاینی بۆ سنووری لێپرسینەوەی یاسایی دەھێنێتە ناو، و پرسیارێکی گرنگ دێنێتە پێشەوە: ئایا خوتبە تا کوێ دەتوانێت ئازاد بێت، و لە کوێدا یاسا دەستێوەردان دەکات؟
لە ڕوانگەی فەرمییەوە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی مەرجەکان بۆ خوتبەدان داناوە: قەدەغەی سیاسیکردنی منبەر، دووربوون لە ھێرش و تۆقاندن، و پابەندی بە ناوەڕۆکی ئاینی–ئەخلاقی کە ئارامی کۆمەڵگا پارێزراو بێت. ئەگەر وتاری خوتبە لەم سنوورانە دەرچوو، ئەوە تەنھا پێشێلکاری ڕێنمایی ئاینی نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە بابەتی لێپرسینەوەی یاسایی.
دەسگیرکردنی مامۆستا ئاینیەکان ــ ھەرچەندە زووە بۆ دەرچوونی حوکمی دادگا لە ئێستادا، چونکە ھێشتا لەسەرەتای لە لێکۆڵینەوەدان لە بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەدا ــ ئەمە نیشانەیەکی ڕوونە لەوەی کە منبەر، وەک ھەر شوێنێکی گشتی تر، لە ژێر سنووری یاسا دایە. ئەمەش ھۆشیارییەکە بۆ ھەموو خەتیبان: وشە لەسەر منبەر تەنھا وتار نییە، کاریگەری و ئەنجام و لێکەوتەی یاسایی ھەیە.
کۆتایی ئەوەیە کە پاراستنی پیرۆزی منبەر، بە مانای دوورکردنەوەی لە شەڕی سیاسی و وتاری توندە. ئەگەر منبەر ببێتە ئامرازێک بۆ دژایەتیکردن و سوکایەتی کردن بە بەتایبەت براو ھاوزوبانی خۆت، ئەو زیانە تەنھا ئاینی نییە؛ کۆمەڵایەتی و یاساییشە. نێوان ئازادی خوتبە و سنووری یاسا، ھێڵێکی باریک ھەیە، و ئەم ڕووداوە دووبارە ئەو ھێڵە دەھێنێتە پێشەوە.
بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئاینی کە ئەرکی ڕەوشتی کۆمەڵایەتیان لەسەر شانە وورتر مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندابکەن، پێویستە شوێن پێی پێشەوا قازی محەمەدی نەمر ھەڵگرن، لەگەڵ مەینەتی و مافی میللەتەکەیانبن دژ بە دوژمنانی کورد و کوردستان.