ڕۆڵی ئەنجومەنی دادوەری عێراق و هەرێمی کوردستان لە سیستەمی دادوەریدا

لوقمان مصطفی صالح
  2026-07-19   

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەرزترین دامەزراوەی بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی دادوەرییە لە ئاستی فیدراڵی. بەپێی دەستووری عێراق، بە تایبەتی ماددەکانی (٨٧) و (٨٨)، دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە و نابێت لەژێر کاریگەری هیچ دەسەڵاتێکی تر بێت. لەسەر ئەم بنەمایە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی دادگا فیدراڵییەکان، چاودێریکردنی کاری دادوەران و دابینکردنی بنەماکانی دادپەروەری و جێبەجێکردنی یاسا بە یەکسانی لە سەرانسەری عێراقدا.

لە هەمان کاتدا، لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵی عێراقدا، هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی دادوەری تایبەتی خۆی هەیە کە بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی دادگا و کاروباری دادوەری لە ناو هەرێمدا. ئەم دامەزراوەیە، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاساکانی هەرێم و یاسا فیدراڵییەکان، دەبێت پاسەوانی سەربەخۆیی دادوەری و پاراستنی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتیان بێت. بوونی ئەم ئەنجومەنەش یەکێکە لە دیارترین ڕەنگدانەوەکانی سیستەمی فیدراڵی و مافی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دادوەری خۆی.

بەڵام، نێوان ئەو ئامانجە دەستووریانە و ئەو واقیعەی کە هاوڵاتیان هەستی پێدەکەن، جیاوازییەکی دیار هەیە. لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بڕیارە هەندێک دادگا و شێوازی مامەڵە لەگەڵ هەندێک کێشەی سیاسی و دەستووری، بوونەتە هۆی درووستبوونی گومان و پرسیار لەسەر ئاستی سەربەخۆیی دادوەری، چ لە ئاستی فیدراڵی و چ لە ئاستی هەرێم.

لە عێراقدا، زۆر جار لە ئەنجامی ململانێ سیاسییەکان، بڕیارە دادوەرییەکان دەبنە بابەتی مشتومڕی سیاسی، ئەوەش کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوە دادوەرییەکان جێدەهێڵێت، تەنانەت ئەگەر ئەو بڕیارانە لە ڕووی یاساییەوە هەڵگری پشتیوانی بن. دادگا دەبێت لە هەموو دۆخێکدا وەک دامەزراوەیەکی بێلایەن دەربکەوێت، نەک بەشێک لە ململانێی سیاسی.

لە هەرێمی کوردستانیشدا، هەرچەندە یاساکان سەربەخۆیی دادوەری دەپارێزن، بەڵام بەشێک لە ڕای گشتی و چاودێرانی یاسایی پێیان وایە هێشتا کاریگەری هێزە سیاسییەکان و سیستەمی حیزبایەتی لەسەر هەندێک بڕیار یان لەسەر ئازادی جوڵەی دادگا هەست پێدەکرێت. ئەم هەستە، تەنانەت ئەگەر لە هەموو کەیسێکدا نەسەلمێندرێت، بەخۆی کاریگەری لەسەر باوەڕی خەڵک بە دادپەروەری هەیە.

هەروەها، ناکۆکییە بەردەوامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر دەسەڵات و لێکدانەوەی دەستوور، هەندێک جار بابەتە دادوەرییەکانیش دەخاتە ناو بازنەی ململانێی سیاسی، لە کاتێکدا کە دادگا دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا تەنها بڕیار بدات، نەک لەسەر بنەمای هاوسەنگییە سیاسییەکان.

لە ڕوانگەیەوە دەردەكەوێت كە چاکسازیی سیستەمی دادوەری تەنها بە گۆڕینی یاسا بەدی نایەت؛ بەڵکو پێویستی بە ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی سیاسی هەیە بۆ ڕێزگرتن لە سەربەخۆیی دادگا، دابینکردنی پاراستنی دادوەران لە هەر جۆرە فشارێک، و زیادکردنی شەفافیەت لە کارکردنی دامەزراوە دادوەرییەکان.

ئەگەر ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەڕاستی بیانەوێت متمانەی هاوڵاتیان نوێ بکەنەوە، پێویستە بە کردار پیشانی بدەن کە یاسا بەرزترە لە هەموو بەرژەوەندییە سیاسی و حیزبییەکان، و هیچ کەس و هیچ لایەنێک لەسەر یاسا نییە.

دادگا نابێت بەشێک بێت لە کێشە؛ بەڵکو دەبێت ببێتە گرنگترین بەش لە چارەسەری کێشەکان. لە دەوڵەتی یاسادا، هێزی دادگا بە هێزی بڕیارە عادلانەکانی دەناسرێت، نە بە نزیکییەکەی لە دەسەڵاتی سیاسی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
حیزبەکانی رۆژهەڵات، ​لەهەرێمی کوردستانەوە بۆ سەماوە
موراد قەرەیلان: گەلی کورد لە سووریا پێگەی بنەڕەتی هەیە و نابێت مەیدانەکە چۆڵ بکرێت
قوباد تاڵەبانی هۆشداری دەدات: دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت خەریکە دەبێتە پەڵەیەکی ڕەش و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ‌ئومێد دەکات
ترەمپ دانوستان لەگەڵ تاران ڕەتدەکاتەوە و هۆشداری لە ڕووداوێکی نزیک دەدات
موحسین ڕەزایی: تا حەوت مەرجەکەمان جێبەجێ نەکرێت، گەرووی هورمز بە داخراوی دەمێنێتەوە
دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی: هیچ بەربەستێک لەبەردەم تۆمارکردنی خانووبەرە بەناوی هاووڵاتییانی عێراقەوە نییە
بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە لە ئاکرێ دوو برا کوژران و سێ تۆمەتباریش دەستگیر کران
هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر: ئێستا یه‌كێتی پاره‌ له‌ سلێمانیدا خه‌رج ده‌كات، ئه‌وسا پاره‌ی تێدا سپی ده‌كرایه‌وه‌
مستەفا سەنەد ڕوونکردنەوە لەسەر قەدەغەکردنی ئەپڵیکەیشنی 'وەیز' دەدات و پشتگیری لە بەرهەمی ناوخۆیی دەکات
حوسییه‌كان: وه‌زاره‌تی به‌رگریی سعودیه‌مان كرده‌ ئامانج
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×