لەبارەی تەسەوف و تەریقەتەوە؟

ئومێد قه‌ره‌داغی‌
  2020-07-12     1360
تەسەوف رزگاربونە لە عەشقی دنیا و رووكردنە عەشقی ئیلاهیە، جێهێشتنی چێژی مادییە لەپێناو گەیشتن بە چێژی روحیدا ، هەوڵدانە بۆ گەیشتن بە پلەیەكی باڵا لە رۆحانیەت،  بۆ ئەمەش تاك لە رێگای زیكر و تەهلیلەوە، لە رێگای تێڕامان و  كۆمەڵێك ئەزموونی روحییەوە تێكەڵ بەعشقی ئیلاهی ئەبێت، لە نێو ئەو عەشقەدا دەگاتە پلەیەك هەندێك لە سوفیەكان پێدەڵێن فەنابوون، جەوهەرەكەی فەنابوونی خودە لەنێو عەشقی ئیلاهیدا ،یان تا ئەو سنورەی سوفی دەچێتە دۆخێكەوە ،  لە ژیانی مادی دادەبریت و ئەبێت بە بەشێك لە مەعشوقەكەی كە زاتی خودا خۆیەتی ، بوونی خۆی لە نێو بوونی ئەودا دەبینیتەوە  ، بوونی ئەویش لە نێو بوونی خۆیدا 

 مەنسوری حەلاج یەكێك لە دیارترین ئەو سوفیانەی لەم بارەیەوە بەروونی دواوە ،  ئەو ئەڵێت (أنا من أهوی ومن أهوی أنا ،نَــحــنُ روحــانِ حَـڵنـا بَـدَنـا، فــــــإژا أبصرتنی أبصرته، وإژا أبصــــــــرته كان أنـــا) واتە ( من ئەوكەسەم ئارەزووی ئەكەم، ئەوكەسەی ئارەزووی ئەكەم منم ، ئێمە دووگیان بووین چوینە ناو یەك لاشە ، ئەگەر من ببینی ئەوت بینیوە ، ئەگەر ئەو ببینی ئێمەت بینیوە )  لەبەر ئەم بۆچۆن و مەقامە روحیانەیە بەردەوام تەسەوف و فەلسەفەكەی لەلایەن تەوژمی سەلەفی و نەقڵگەرایی مێژوی ئیسلامەوە رووبەرووی گرفت و كێشە بونەتەوە، دەركەوتنی تەریقەتیش لە بنەرەتدا  رێگایەكە بۆ  رێكخستن و بە كۆمەڵایەتیكردنی  ئەزموونی خوداپەرستی تەسەوف ، بۆ  توانەوە لە نێو روحانیەتدا، بەڵام لە قۆناغەكانی دواتردا،  بە بڕوای من دوو گرفتی  سەرەكی لە نێو تەریقەتدا رویداوە، یەكەمیان ؛ لادانی جیاواز لە ریبەرایەتی تەریقەتدا رویداوە ، رابەرانی تەریقەت كەوتونەتە پەیوەندییەكی بەهێز و بەرژەوەندخوازانە لەگەڵ دەسەڵاتدا، بە پێچەوانەی بەهاكانی تەسەوفەوە ، تەریقەتیان وەك ئامرازی بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی  بەكارهێناوە ، بە درێژایی میرنیشینی بابان تەریقەتی قادری وەك دامەزراوەی ئایینی  فەرمی دەسەڵات رۆڵی بینیوە و رابەرانیشی لە پەیوەندییەكی ئۆرگانی بەهێزدابوون لەگەڵ دەسەڵاتدا،  لەكاتێكدا بنەمای گرنگی تەسەوف بەجێهیشتنی دەسەلاتە، بایەخدانێكی تەواوە بە رەهەندە روحیەكەی ئینسان ، هەر لەبەر ئەمەش بوو ، كاتێك مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە هێندستانەوە گەرایەوە سلێمانی لە ماوەی چەند ساڵێكی كەمدا هەزاران موریدی بۆ پەیدا بوو ، چینی هەژار و جوتیار و كەمدەرامەتەكان لە دەوری كۆبوونەوە، كاتێك میرنیشینی بابان روخا ،  شێخ و خەلیفەكانی تەریقەت لەپەیوەندی بەهێزدابوون لەگەڵ فیئودالەكان و خاوەن زەوییەكان و بەگەكان ،  بە بڕوای من تێوەگلانی شێخ و خەلیفەكانی تەریقەت لەگەڵ بەرژەوەندی چینە كۆمەڵایەتیە باڵادەست و هەژموونگەرەكان، لێدانێكی توند بوو لە پێگەی ئایینی و كۆمەڵایەتی تەریقەت ،  گرفتی دوەمیشیان ئەوەبوو؛ ئەزمونكردنی روحی لە نێو تەریقەتدا وردە وردە گۆرا بۆ نمایش،  بۆ روكەشگەرایی ، ئەمە لە كاتێكدا ئەزموونی رۆحی، تێكەلبوون بە خۆشەویستی خودا ئەزموونێكی تەواو پەنهان و نهێنیە ،  ،ئەزموونێكی تاكەكەسییە، هەڵقەی زیكر و تەهلیلەشبە كۆمەڵایەتیكردنی ئەزموونی روحی نیە،بەڵكو لە نێو ئەو ئەڵقەیەدا هەر كەسە  ئەزمونیك ئەكات ، لە جیاتی ئەمە نمایشی و و بە روكەشكردنی ئەزموونی روحی گەشەی كرد ، ئەم دوو هۆكارە  رۆژ بە رۆژ دۆخێكی وای دروستكرد مۆدێلی ئایینداری ناو تەریقەت ، سۆفیگەری  ببێ بە دیاردەیەكی نامۆ ،  پێگەی كۆمەڵایەتی و ئایینی خۆی لە دەستبدات ، ئەگینا ، هیچ فۆرمێكی ئایینداری بەقەد تەسەوف و تەریقەت لە نێو كوردا رەسەن و ریشەداكوتراو نیە ، بەقەد ئەو پەیوەندیدار نیە  بە مێژوو ناسنامەی نەتەوەیی ئێمەوە ، تەنانەت  باوەرم وایە دەركەوتەی رۆحی نەتەوەیی كورد لە ئاییندا   لە نێو تەریقەتدا خۆی مانیفیست كردوە ، هەردوو تەریقەتی قادری و نەقشبەندی  دوو دەركەوتەی كوردبوونن‌ لەنێو ئاییندا ، لەگەڵ پاشەكشەی تەریقەت ، لەگەڵ بەردەوامیدان بە روكەشگەرایی لە نێو تەسەوفدا و كاڵبونەوەی ئەزموونكردنی عەشق و رۆحانیەتی ئایینی ، لەگەڵ تێكەلبوونی تەریقەت بە بەرژەوەندگەرایی، بۆشاییەكەی گەورە دروست بوو ، سەرەنجام ئەو بۆشاییە مۆدیڵی ئایینداری  ئیخوانی و سەلەفی  پڕیكردەوە، ئەم دوو مۆدێلە لە ئایینداری هیچیان لە كوردستان بونیان نەبوە و بە تەواوی هاوردەی ولاتانی میسر و بیاباننشینی عەرەبی بوون ، ئایینداری تەریقەت  پەیوەست بوونێكی روحی و بێ بەرژەوەندییە ، بەڵام ئایینداری ئیخوانی و سەلەفی  پەیوەستبوونێكی پڕ لە بەرژەوەندی و هەڵپە و تەماعی دنیاییە ، ئایینداری تەریقەت  ئایندارییەكی  نا توندوتیژ و  نا هەژموونگەرە ، لەكاتێكدا ئایینداری ئیخوانی و سەلەفی  ئایینداریەكی توندوتیژ و هەژموونگەرە ، پڕن لە توندوتیژی سونبولی و فیزیكی بەرانبەر ئەویدی جیاواز، ئامادەكارییەكی راستەوخۆ و ناراستەوخۆیە بۆ جیهاد،  ئاینداری تەریقەت دوورن لە  تەماعی سیاسی و هەڵپەی حوكم ، لەكاتێكی ئاینداری  ئیخوانی و سەلەفی جەوهەرەكەی تەماعی سیاسی و دەسەڵاتخوازیە ،  ئاییندارانی تەریقەت شتێكیان ناوێ زیاتر لە ئازادی خۆیان ، بەڵام هەمیشە ئاینداری ئیخوانی و سەلەفی شتیكی زیاتر لە ئازادی خۆیان ئەوێ، هەمیشە لە هێرشدان بۆداگیركردنی هەموو رووبەری گشتی كۆمەڵگا، ئایینداری تەریقەت  یەكێكە لە دەركەوتەكانی كوردبوون لە نێو ئاییندا ، رەنگ و بۆن و بەرامەیەكی رەسەنی كوردەواریانەیە ، لەكاتێكدا ئایینداری ئیخوانی و سەلەفی تەعبیرە لە رۆحی بێگانە ، رەنگدانەوەی ناسنامە و بوون و مێژووی عەرەبە، ئایینداری تەریقەت  یەكێكە لە دەركەوتەكانی كوردبوون و بە رۆحی كورد ئاشنایە ، لەم روانگەیەشەوە گۆران وێنەیەكی شیعری جوانی بۆ ئەمە كێشاوە و ئەڵێت

دەخیلت بم؛ دەسا بەو لاوك و ئای ئای و حەیرانە،
شەپۆلی زەوقی میللی پڕ دەروونی مات و چۆڵم كە!
لە "بێتهۆڤن" گەلێ زیاتر بە ڕۆحم ئاشنای وەڵا
دە ئەی دەروێش؛ سكاڵایەك لەگەڵ ڕۆحی كڵۆڵم كە!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×