مه‌ترسییه‌كانی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم له‌كوێوه‌ دێن؟

ئومێد قه‌ره‌داغی‌
  2020-06-30     206
یه‌كه‌م: گومان له‌وه‌دا نیه‌، هیچ كاتێك بوونی سیاسی كورد، خه‌ونی كورد بۆ دروستبوونی قه‌واره‌ی سیاسی، كارێكی ئاسان نه‌بوه‌، هه‌میشه‌ رووبه‌روو بوه‌ له‌گه‌ڵ نه‌زعه‌ی شۆفێنیستی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م واقعه‌ تاڵه‌شدا گه‌لی كوردستان ئه‌م قه‌واره‌ سیاسیه‌ی دروستكردوه‌، ئه‌م قه‌واره‌یه‌ی كه‌ ناوی هه‌رێمی كوردستانی عێراقه‌، قه‌واره‌یه‌كی یاسایی سیاسی دانپێدانراوه‌ له‌ده‌ستووری عێراقیدا، له‌ئێستادا هیچ مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر نیه‌، ئیدیعای مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌م قه‌واره‌یه‌ ته‌نها درۆیه‌كی گه‌وره‌یه‌و هیچی تر، ئه‌م درۆیه‌ش هه‌میشه‌ هه‌موو بزووتنه‌وه‌ قه‌ومچییه‌كانی دنیا ده‌یكه‌ن، ئه‌م ئیدیعایه‌ دوو ئامانجی سه‌ره‌كی له‌پشته‌وه‌یه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ به‌ناوی بوونی مه‌ترسی ده‌ره‌كییه‌وه‌ ناره‌زایه‌تیه‌كانی ناوخۆ سه‌ركوت ئه‌كرێ، خواستی چاكسازی راسته‌قینه‌ كپ ئه‌كرێت، دوه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو مونافیسه‌ سیاسیه‌كان ته‌خوین ئه‌كرین به‌پیلانگێرو دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم، له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا به‌روونی تێبینی ئه‌وه‌ ئه‌كه‌ین ماكینه‌ی ئیعلامی پارتی به‌هه‌موو توانایانه‌وه‌ خه‌ریكی ته‌خوینی ئه‌م كه‌سایه‌تی و ئه‌و سه‌ركرده‌و ئه‌و نوسه‌رن كه‌ گوایه‌ خه‌ریكی موئامه‌ره‌ن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم.

دووه‌م: مه‌ترسی راسته‌قینه‌ له‌سه‌ر كوردو قه‌واره‌كه‌ی نه‌یاره‌كان نین، به‌ڵكو كورد خۆیه‌تی، كورد خۆیه‌تی مۆدیلێك له‌حوكمرانی بینا كردوه‌ گه‌نده‌ڵی تا سه‌ر مۆخ رۆچوه‌، كورد خۆیه‌تی رێگای داوه‌ توركیا به‌رۆژی رووناك‌و له‌ده‌روازه‌ فه‌رمیه‌كانه‌وه‌ كۆماندۆكانی بهێنێت، كورد خۆی رێگای داوه‌ تورك زیاتر له‌ 22 باره‌گای سه‌ربازی له‌ناوچه‌ ستراتیژیه‌كاندا دروست بكات ، كورد خۆیه‌تی هه‌موو كوردستانی كردوه‌ به‌بازارێكی زه‌به‌لاح بۆ ساغكردنه‌وه‌ی كاڵای بێگانه‌و ئاسایشی خۆراك‌و كاڵا و جلوبه‌رگی كوردی خستۆته‌ ده‌ستی بێگانه‌، كورد خۆیه‌تی به‌دیاریكراتر بڵین ئیدیعاكه‌رانی كوردایه‌تیه‌، پارتییه‌، رێكه‌وتنی په‌نجا ساڵه‌ی فرۆشتنی نه‌وتی له‌گه‌ڵ توركیا ئیمزا كردوه‌ و سامانی سروشتی ئه‌م وڵاته‌ی خستۆته‌ خزمه‌ت ئه‌وانی دیكه‌وه‌، ئیدیعاكه‌رانی كوردایه‌تیه‌ په‌رله‌مان و داموده‌زگا فه‌رمیه‌كانی هه‌رێمیان سووك كردوه‌و هه‌ركات بیانه‌وێ وه‌ك دوكان دایده‌خه‌ن، ئه‌مانه‌ مه‌ترسیه‌ راسته‌قینه‌كانی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمن نه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی رۆتینی وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتانی دراوسێ، نه‌ك لێدوان و پۆستی ئه‌م نوسه‌ر و ئه‌و سیاسی.

سێیه‌م: له‌دۆخی ئێستای هه‌رێمدا، چاكسازیی سیاسی گه‌یشتۆته‌ كۆڵانێكی داخراو ، چونكه‌ دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانی هه‌رێم بێ بایه‌خ و بێ كاریگه‌ر كراون، په‌رله‌مان وه‌ك گرنگترین دامه‌زراوه‌ نیشتیمانی پێگه‌ی نه‌ماوه‌، پارتی هه‌ر كاتێك بیه‌وێت به‌ زه‌بری هێز دایده‌خات، ئێستاش كه‌داینه‌خستوه‌ له‌رێگای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كورسی كۆتاكانه‌وه‌ په‌رله‌مانی گرتوه‌ به‌ بارمته‌، له‌په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌روات كه‌ پارتی ئه‌یه‌وێت، دادگا بۆته‌ ئامرازی حساباتی ته‌سفیه‌ی سیاسی، رۆژێك بریاری گرتنی نه‌وشیروان مسته‌فا ئه‌ده‌ن، رۆژێك به‌ رۆژنامه‌نووس ئه‌ڵێن تیرۆریست و رۆژێكی دی هه‌ر شتێك خۆیان بیانه‌وێ، له‌ بارودۆخێكی له‌م شێوه‌یه‌دا كه‌ خه‌باتی سیاسی و په‌رله‌مانی و مه‌ده‌نی گه‌یشتۆته‌ دۆخی نا ئومێدی، من دوو رێگا به‌ گونجاو ئه‌زانم؛ 

یه‌كه‌میان: كۆتایهینان به‌مه‌ركه‌زییه‌تی ده‌سه‌ڵات له‌هه‌رێمداو جێبه‌جێكردنی پره‌نسیپی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات به‌سه‌ر شارو ناوچه‌كاندا، دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵاتی كارگێری‌و دارایی‌و خۆبه‌رێوبه‌ری له‌رێگای پیاده‌كردنی لا مه‌ركه‌زییه‌تی كارگێری‌و دارایی به‌رفراوان به‌جۆرێك هه‌ر شارێك توانای ته‌واوه‌تی خۆبه‌رێوه‌بردنی پێبدرێت.

دوه‌میان: دروستكردنی هه‌رێمی سلێمانی، ئه‌مه‌ش ئه‌توانێت رێگا بگرێت له‌و داروخانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له‌هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×