لەئازاری ١٩٧٥ چی گوزەرا لەشاری پێنجوین

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-10-07     684
لە زۆربەی بیرەوەریەکاندا باسی مانگی ئازاری ساڵی ١٩٧٥ و کۆتایی شۆڕشی ئەیلولی مەزن دەکرێت لە پێنجوێن ، پێمباش بوو بەچەند دێڕێک ئەوەی لەو شارۆچکەیەدا گوزەرا لەو مانگەدا بیگێڕمەوە.

 پێنجوێن یەکێکە لە شارۆچکە جوانەکانی سەرسنوری ئیراق/ ئێران، شارەکە کەوتۆتە نێوان بناری زنجیرە چیای ئاسناوا و ڕوباری بناوەسوتە. بەهۆی نزیکیەوە لە وڵاتی ئێران زۆربەی دانیشتوانی کار لەسەر هاوردەکرن و بازرگانی کاڵای ئێرانی دەکەن و مەڕداری و کشتوکاڵیش گرنگترین پیشەکانی دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیە و چواردەوریەتی.

لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلول دا بارەگای سەرەکی یەکێک لە گرنگترین هێزەکانی پیشمەرگەی کوردستان ‌هێزی خەبات لەم ناوچەیەدا بوو، بلکیان ئەو هاوینەهەوارە جوانەی پێنجوێن کرابوو بە بنکەی سەرەکی بارەگای هێزی خەبات. پاش ئەوەی کە هێزی زمانکۆ لە هێزی خەبات جیاکرایەوە بارەگای هێزی زمناکۆ لە شارەدێی تەوێڵە مایەوەو و بارەگای هێزی خەبات هاتە ئەم شوێنە. کۆمەڵە خێمەیەک و چەند بینایەکی میری هەردەم جمەیان دەهات لە پێشمەرگە. ڕۆژانە بەدەیان ئەفسەری پلەداری کوردی دەرچوی کۆلێژی سەربازی ڕژێمی ئێراقی و دەرچوانی کۆلیژەکانی زانکۆ کاروباری ڕیکخستنی شەڕەکانی بەرگری و بەڕێوەبردنی نزیکەی چەند هەزار پێشمەرگەیان لە پێنجوێنەوە بەڕێوەدەبرد. ئامرهێزی خەبات شۆڕشگێری ناسراو شەهید کاک فەتاح محمدامین ئاغا بوو، بەهۆی پێشینەی کوردپەروەری بنەماڵەکەی و بیر ئازادی شەهید فەتاح ئاغاوە خەڵکانێکی زۆر بە بیری جیاواز لە نەتەویی و چەپە مارکسیەکان لە نێو هێزی خەباتدا و لە سنوری کاری ئەم هێزەدا بە ئاشکرا چالاکبوون. پێشمەرگەکان کۆمەڵ کۆمەل لە نێو بارەگاکانی هێزی خەبات بە گفتوگۆی چڕوپڕ لە سەر بیروڕای جیاواز و ئایندەی شۆرش دەیان شەویان ڕۆژ دەکردەوە. 

پاش واژووکردنی ڕێکەوتنی جەزائیر لە ٦ ئازاری ١٩٧٥ لە نێوان  محمد ڕەزاشای ئێران و  سەدام حسین جێگری سەرۆککۆماری ئێراق  نیگەرانیەکی گەورە باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشابوو، بەهۆی تایبەتمەندی بیر ئازادی بارەگای هێزی خەبات لە پێنجوێن ئەم ناوچەیە جێگەی کۆمەڵێک جموجۆڵی ڕامیاری و خۆسازکردن بوو لە ساتەکانی نسکۆی شۆڕشی ئەیلول، ئاڕاستەی زۆربەی گفتوگۆکان بەرەوە ئەو ئامانجەبوو کە دەبێت بەردەوامی بدرێت بەشۆڕشی چەکداری.

شەهید فەتاح بەردەوام لەبیری جۆشدان و ئامادەسازی بوو بۆ ئەو ئامانجە واتە بەردەوامیدان بە شۆڕشی چەکداری. ئەوەی من ئاگاداربووم کە کۆمەڵ کۆمەڵ چەک و تەقەمەنی بەرەو ناوچە سەختەکانی پێنجوێن و شارباژێر دەنارد و لەلای کۆمەڵێک خەڵکی ناوچەکە دەیشاردنەوە. بەهەمان شێوە دەرمان، ئازوقەو خواردەمەنی وشکی بەسەر ناوچە دووردەستەکاندا دابەشدەکرد بۆ ڕۆژی تەنگانە.

لەدوای ڕێکەوتنی شومی جەزائیر بەردەوام ئەو پێشمەرگانەی کە خاوەنی ماڵ و منداڵ بوون بە ئاگاداری خۆی دەگەڕانەوە بۆ ئێراق و بەڵام بە پێشمەرگە گەنجەکانی دەفەرموو خۆڕاگربن و شۆڕش بەردەوام دەبێت، چونکە ئەو قۆناغەی کە ئەو بیری لێدەکردەوە بۆ پێشمەرگە خاوەن منداڵ وماڵەکان سەختتردەبوو.  

شەهید فەتاح و شەهید خاڵە شەهاب کوڕی شیخ نوری هەر لە کۆنەوە پەیوەندیەکی توندوتۆڵیان هەبوو. جگە لە خزمایەتی ماڵی خاڵوانی شەهید فەتاح ئەوان لە ساڵەکانی سەرەتای ١٩٦٠وە لە سلێمانی زۆر لەیەکتر نزدیک بوون هەرچەندە بە دوو ئاڕاستەی جیاواز بیریان دەکردەوە. سەرتا من خاڵە شەهابم لە سلێمانی ناسی کە لە فەرمانگەی پشکنین و وەرگرتنی توتن کارمەند بوو. چەند جارێک کە بۆ پشکنینی توتن دەچومە ئەوێ دەیفەرموو بە کاک فەتاح بڵی بۆ شەوێ لەماڵەوە چاوەڕوانی دەکەم. تا درەنگانی شەو هەر خەریکی گفتوگۆی سیاسی بوون تا جارێکیان وتم ئەرێ کاکە ئەوە ئێوە تەواو نەبوون، ماندوو نەبوون، هەردووکیان وتیان ئەمە ئیشی تۆنی‌یە و واز لە ئێمە بهێنە، وتم کاکە ڕاستە من بەشدار نابم بەڵام خۆ دەبێت بهێڵن بخەوم تا وتم جارێکی تر من لە شوێنێکی تر دەخەوم. بەدەیان شەو ئەم دوو سەرکردەیە بە بەردەوامی تا بەیانی شەویان بە گفتوگۆی سیاسی چڕوپڕ ڕۆژدەکرددەوە.

لە پێنجوێن پاش دەساڵ لە کۆتایی ساڵی ١٩٧٤ و سەرتای ١٩٧٥ بوو، بۆ کارێک چووم بۆ بارەگای هێز لە کاتی چونە ژورەوەدا بینیم کە پیاوێکی ڕەشتاڵەی چاوگەش کە فەروەیەکی ڕەشی لەبەردابوو لە جێگەی کاک فەتاح دانیشتبوو و وە کاک فەتاحیش لە تەنیشتی لە سەر کورسیەک دانیشتبوو، پاش سڵاو کردن، کاک فەتاح فەرمووی سوارە ئەم میوانە ناناسی، هەرچەندە تەماشام کرد بەڵام نەهاتەوە یادم، بەڵام میوانەکە فەرمووی کاک فەتاح هەر کە هاتە ژورەوە ناسیمەوە کە ئەمە سوارەی براتە. تا کاک فەتاح فەرمووی ئەوە خاڵە شەهابە، دیاربوو ماوەیەکی زۆر لەگەڵ جوڵانەوەی فەڵەستین لە لوبنان بوو وەهەر لەوێشەوە گەڕابووەوە ناوچەی ئازادکراوی پێشمەرگە. بۆ مێژوو دەڵێم کە خاڵە شەهابیش وەکو هاورێیەکی نزیکی کاک فەتاح، یەکێک بوو لەو سەرکردانەی کەبەردەوام لە کۆبونەودابوون و  بەشداربوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ بەردەوامی بە شۆڕشی چەکداری.

کاک فەتاح پۆل پۆل هەمیشە لە کۆبونەوەدابوو لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی پیشمەرگە، بۆ مێژوو دەڵێم زۆربەی فەرماندەکانی هێزی خەبات و هێزە دراوسێکانی پێشمەرگە گفتیان بە کاک فەتاح دابوو کە ئەوانیش بەردەوام دەبن لەگەڵی ئەگەر لەشاخ بمێنێتەوە. لە کۆتا ڕۆژەکانی نسکۆدا، دیارە لە سەرکردایەتی شۆڕشەوە قەناعەتیان بە کاک فەتاحیش کرد کە ئەم نسکۆیە بۆ ماوەیەکی کاتیەو بەرژەوندی کورد و شۆڕش لەوەدایە بوەستین و پاش ماوەیەکی کاتی گونجاوی تر شۆڕش دەستپێدەکەینەوە. بۆیە ئەویش لە بیرۆکەی بەردەوامی شۆڕشی چەکداری پاشگەز بوەوە.

بۆ مێژوو دەگێڕمەوە کە کاک فەتاح دوا پێشمەرگە بوو کە ناوچە ئازادکراوەکانی پێنجوێنی بەجێهێشت و گەڕایەوە شاری مەریوان. هەرگیز بڕوای بەوە نەبوو بگەڕێتەوە ژێر دەستی ئێراق. دەیفەرموو بەسەدان هاوڕێ و هەوسەنگەرم لەم شوڕشەدا شەهید بوون بەچ ڕوێکەوە بچمەوە بەردەمی دایک و خێزانی ڕەشپۆشیان و پرسیارم لێبکەن کوا کوڕ و پیاوەکانمان؟ چ جوابێکیان بدەمەوە کە خۆم بە سەلامەتی گەڕابمەوە بەردەستی هەمان ڕژێمی فاشی.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×