شەڕەکانی ١٩٧٤و بەرگری لەسەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-10-07     1875

لەم کاتانەدا بوو، سەرتای پایزی ١٩٧٤ کە هێرشەکانی ڕژێمی ئێراق بۆسەر بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بارەگای بارزانی بەچڕی دەستیپێکرد. گەرمەی شەڕەکان لە چیای ماکۆک و کارۆخەوە بگرە تا حەوزی دیانەو ناوچەی ڕەواندوزدا بوو. گەروی عومەرئاغا، شاخەکانی هەندرێن، گۆڕس، زۆزک، سەرتیز و چیای حەسەن بەگ رۆژانە جێگەی فیداکاری پێشمەرگەکانی کوردستان بوون بەگشتی. بست بە بستی ئەو ناوچانە ڕۆژانە شەری دەستەویەخەی لێدەکرا و ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتە خۆیان دەکردە قۆچی قوربانی ئەم نیشتیمانە.


لەم یاداوەریەدا تەنها تیشک دەخەمە سەر دەوری بەشێکی بچوک لەو فیداکاریانەی کە پێشمەرگەکانی ‌هێزی خەبات لەو ناوچانەدا نواندیان و خودی خۆم بەچاوی خۆم بینیومن. بەدڵناییەوە گشت هێزەکانی تری نێو شۆڕشی ئەیلولیش لە بادینان، قەڵادزێ، لە دەشتی هەولێر وە بگرە تا کەرکوک و خانەقین بەشداری کارا و قارەمانانەیان هەبووە لەو داستانە مەزنانەدا.
هێزی خەبات بە هەزاران پێشمەرگە یەکێک بوو لە هێزە مەزنەکانی شۆڕشی ئەیلول کە سنوری چالاکی لەشارۆچکەی ماوەتە وە تا شاری خانەقین بەرفراوان بوو، شەهیدی سەرکردە کاک فەتاح محـمدامین ئاغا ئامرهێزی خەبات بوو، لە ناخی دڵیەوە باوەڕی پتەوی بە ئازادی یەکجاری گەلەکەی هەبوو، جەنگاوەرێکی بێوێنە و مرۆڤێکی بەئاگاش بوو لە بەڕێوەبردن و هەڵسەنگاندنی گشت پێشمەرگەکانی ئەو دەڤەرە. زیادەڕەوی ناکەم ئەگەر بڵێم کە ئامرهێزی خەبات لەگەڵ هەریەکە لە پێشمەرگەو دانیشتوانی ناوچەکە بە جۆرێک پەیوەندی هەبوو، بەتایبەتی یەکە یەکە لەگەڵ ئەو چەند هەزار پێشمەرگەو فەرماندانەی هێزی خەبات، یەکە یەکە دەیناسین و بەپێی قورسای و لێهاتوی خۆیان پلەوپایەی بەڕێوەبردن و سەربازی پێدابوون و بەوردیش چاودێری دەکردن، لە سەرکەوتنەکانیاندا پاڵپشتی دەکردن و لە کەموکوڕیەکانیشیاندا ئاگادری دەکردنەوە.
لە دوای پاشگەزبونەوەی ڕژێمی ئێراق لە ڕێکەوتننامەی ١٩٧٠ و هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشی چەکداری لە ساڵی ١٩٧٤ هێزی زمانکۆ لە هێزی خەبات جیاکرایەوە و بارەگای هێزی خەبات هاتە شارۆچکەی ئازادکراوی پێنجوێن لە سەر سنوری ئێراق/ ئێران.
پاش ئەوەی کە ڕژێمی ئێراق بە گشت مەکینەی سەربازی خۆی، تۆپ، تانک و تەیارە، هێزی مغاویری هەڵبژادە، بە گشت توانای سەربازی و چەکی قەدەغەکراویی ناپاڵم و بۆمبی فسفۆر فشارێکی سەربازی گەورەی هێنا بۆ سەر بارەگاکانی سەرکردایەتی شۆڕش بەگشتی و بارەگای بارزانی نەمر لە حاجی هۆمەران بەتایبەتی. لەبەر ئەو هێرشە هەمەلایەنانە لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلولەوە بڕیار درا کە گشت هێزەکانی پێشمەرگەی شۆڕش بە قوەتی هەڵبژاردە لە هەموو ناوچە ئازادکراوەکانی کوردستانەوە بۆ پاڵپشتی و بەشداری ئەو شەڕە بەرگرییە بەرەو سەرکردایەتی بجوڵێن، ئەم قۆناغە لە شۆڕشی ئەیلولدا بەگشتی بەشەڕەکانی بەرگری سەرەوە ناسراو بوو.
سەرەتا هێزی خەباتیش وەکو هەموو هێزەکانی تری شۆڕش بە قوەتێکی هەڵبژاردە بە فەرماندەیی خۆشەویستی کاک فەتاح فەرماندەی لێهاتو شەهید نوری حمەعەلی بە پلەی ئامربەتالیۆن ڕەوانەی ئەو شەڕانە کرا. ئەو قوەتە لە ٣٠٠ بۆ ٣٥٠ پێشمەرگەو فەرماندەی لێهاتوو پێکهاتبوو، کە یەکە یەکە لە نێو لق و بەتالیۆن و بارەگای هێزەوە هەڵدەبژێردران، بەسەدان پێشمەرگەی خۆبەخش هەوڵی بەشداری ئەو قوەتەیان دەدا، بەڵام  شەهید فەتاح یەکە یەک هەمویانی هەڵدەبژارد و ئەوانەی ڕێگەیان پێنەدەدرا، بە بێتاقەتی لەلای کاک فەتاح گلەییان دەکرد، وئەویش وەک هەمیشە بە قسەی خۆش و دەم بەخەندەوە دەیفەرموو پەلە مەکەن نوبەی ئێوەش دێت، ئەوسا بزانم سەری ئێمەو ناوچەکەو برا پێشمەرگەکانتان چۆن بەرزدەکەنەوە، بۆیە گشتمان بڕوای پێپایانمان بە ئامۆژگاری و ڕێنماییەکانی ئەو هەبوو.
بەڕاستی بۆ مێژوو دەڵێم ئەو قارەمانانەی ناوچەی سلێمانی یەک بەیەکیان وەکو گیانفیدا بێ سڵکردنەوە لە هیچ ترسێک بە باوەڕێکی بەتین بە خاک و نیشتیمان بەپێوە شەڕی بەرگریان دەکرد و لەگەڵ یەکتردا کێبەركێی گیانفیدایی خۆیان دەکرد.
لە قوەتی یەکەمدا شەهید نوری حەمە عەلی، خوالێخۆشبوو مەهدی مەلاعەلی و چەند سەرلقێکی تریش لەگەڵ شەهید حمەامین گوڵچین وەکو سەرلقی بەرزنجە لە بەتالێۆنی شەهید دڵشاد، کە دانیشتوی گوندێکی خۆمان * نۆڕک * و هاوڕێی منداڵی وخۆشەویستی کاک فەتاح بوو، بەشداربوون. وەکو سەرپەرشتی ئیداری، دکتۆر حوسێن محمد باراوی و چەند گەنجێکی خوێنەوار، ڕۆشنبیر و خاوەن بڕوای بەتین بە شەڕی بەرگری لەگەڵ قوەتەکەدا بوون. ئەو گەنجە خوێندەوارانە هیچ کە ئەرکی بەڕێوەبردنی ‌هێزەکەیان دەگرتە ئەستۆی خۆیان لەهەمان کاتیشدا لە هێرشەکانی پێشمەرگە بۆ سەر مۆڵگەکانی دوژمن لەگەڵ برا پێشمەرگەکانیان لە پێشی پێشەوە بە ورەیەکی پۆڵاینەوە لە ئەرکی چەکداریش درێغیان نەدەکرد، بۆیە سەرمەشق و جێگەی ڕێز و خۆشەویستی گشتلایەکمان بوون.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە ڕێگەی بروسکە و هەواڵەکانەوە ئاگاداری هەموو جموجۆڵەکانی قوەتەکەمان بووین، بەڕاستی بەشداری هێزی یەکەم سەری هەمومانی بەرزکردەوەو سەرکەوتنەکانیان هەمیشە دڵخۆشی دەکردین. بەداخەوە هەموو سەرکەوتن و بەرگریەک نرخی خۆی هەیەو گەلێک فەرماندەو پێشمەرگەی ئازا خوێنی خۆیان لەو داستانانەدا کردە فیدای نیشتیمان، لە نێویاندا خۆشەویستمان شەهید حمەامین گوڵچین لەگەڵ شەهید هاواری نوری حەلاو لە ‌هێزی زمانکۆ، کە لە داستانی ڕزگاری شاخی گۆڕس لە شەڕێکی دەستەویەخەدا شەهید کران.
بەڕاستی ئەو ماوەیە و شەڕی بەردەوامی جەبهەیی قوەتی یەکەمی شەکەت و ماندووکردبوو، بۆیە دوایی مانگێک ئامر هێزی خەبات بڕیاری جێگۆڕکێی بە قوەتی یەکەم داو بڕیاری ناردنی قوەتی دووەم هاتە ئاراوە.
بەهەمان شێوەی سەرەتا، قوەتی دووەم لە نێو گشت هێزی‌ خەبات لە نێوان سەرلق و مەسئول عەسکری و پێشمەرگە ئازاکاندا هەڵبژێردرا، ئێمەش هەروەها نزیکەی ٣٠٠ تا ٣٥٠ پێشمەرگە و فەرماندەبووین.
چەندە خۆشبوو کە بەندەش بەشدار بووم لەو قوەتەدا، پاشان لێپرسراو سەرپەرشتی هێزەکە درا بەمن لە هەمانکاتدا دەبوو لە ئاستی ئەو متمانە گەورەیەی ئامرهێزی خەباتدابم. برای خۆشەویستم شەهید کاک جەزای علی کاتب کرا بە لێپرسراوی دووەم. کاک حمەعەلی هەڵبجەییش کرا بە لێپرسراوی سێهەم. بەڕێز کاک عەریف مەولود کەنارویی, بەڕێز کاک شێخ نەجم الدین پوشێنی، مەرحوم فەتاحە سور، و خوالێخۆشبوو سابیری ئەڵا کەرەم وەکو سەرلقە کارامەکان بەشدار بوون، هەروەها کۆمەڵێک قارەمانی تر وەکو مسئول عەسکەری لقەکان. بە هەمان شێوە وەکو قوەتی یەکەم چەند گەنجێکی قارەمان و خوێندەوار و دەرچوی زانکۆ کران بە لێپرسراوی ئیداری قوەتەکە، کە بەڕاستی قارەمان و لە خۆبوردووبون کە ئەوانیش خوالێخۆشبوو کاک فەرهاد عبدالحمید-پاڵەوان- و کاکە مژدە تاهری موهندیس بوون. چونکە بەراستی ئەرکی کارگێڕی هەموو قوەتێک گەلێک گرنگەو لێپرسراوی کارگێڕی وەکو دڵی قوەتەکە وایە. ئەوساش لەکاتی تێڕوانینی ئەو گەنجانەدا دەمان وت هەرگەلێک کۆمەڵە گەنجێکی ئاوەها بە باوەڕ و بەورەی لە بەرەی بەرگریدا هەبێت هەرگیز بۆ هیچ داگیرکەرێک ناچێتە سەرچۆک.
وەکو پیشەی هەمیشەی کە هێزێک بەرەو بەرەکانی شەڕی بەرگری دەچوو، ئامرهێزی خەبات لە کاتی بەڕێکردنماندا بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕونی دەکردوە کە ئێوە بۆکوێ دەچن؟ بۆ چی دەچن؟ دەیفەرموو ئەوا دوژمن لە چەند بەرەیەکەوە بەرەو سەرکردایەتی شۆڕشمان دەچێت، ئەوە نەننگیە بۆ ئێمە لێرەدانیشین و بەرگری نەکەین، هەروەها کۆمەڵە ئامۆژگاری و وتەیەکی بەنرخی پێشکەشکرد، کە بەڕاستی نازانم بە چ زمانێک ئەو وتە حەماسیە جوانانە بگێڕمەوە. باسی لێقەومای گەلەکەمانی کرد کە دوژمنان ناهێڵن تەنانەت لە سەرخاکی خۆمان بە ئاسودەیی بژین و غەدرمان لەکەس نەکردوەو نەچوینەتە سەرخاکی هیچ کەسێک و زوڵم لەکەس ناکەین، پاشان باسی یەکگرتووی کوردستانی کرد کە ئەگەر برایەکی کوردت لە هەر ناوچەیەکی دوورەوە پێویستی بە هاناو یارمەتی تۆبێت، چەند گرنگ و پیرۆزە کە بە هانایەوە بچیت و چەند سەربەرز و خۆشەویستن ئەوانەی کە لە پێناوی خاک و پارێزگاری لە شەرفی گەلی خۆیاندا، خۆیان دەکەنە قۆچی قوربانی. گشتمان لە ناخماندا ئەوندە ورەمان بەرزبوبووە وەکو بۆمبێکمان لێهاتبوو کە دەمانویست هەرئێستا بە دوژمنی داگیرکەردا خۆمان بتەقێنینەوە.

نازانم بە چ شورو شەوقێکەوە ئەو گشت ڕێگەیەمان بڕی تاگەیشتینە بارەگای بارزانی لە حاجی هۆمەران، قەت لەیادم ناچێت دانیشتوانی ئەو ناوچانە بەچ خۆشیەکەوە پێشوازیان لێدەکردین و پاشان کاک عبدالمهیمن بارزانی هات بەرەوپیرمان و جێگەیەکیان بۆ دابینکردین تا چاوەڕوانی کات و شوێنی ئەرکە نوێکەمان بین لە بەرەکانی شەر.
ئەرکە نوێکەمان لەگردی * گۆ * بوو کە دەکەوێتە پشتی دیانە (شاری سۆران) کە جەبهەیەکی زۆر قورس و ناخۆش بوو چونکە بەڕۆژ نەمان دەتوانی دەرکەوین و بەرانبەرمان بە سەد مەترێک مۆڵگەکانی دوژمن بوو، چەند جارێک لەوێوە ویستیان بەرەو چیای زۆزک هێرش بەرن بەڵام تێشکان و هێرشەکانیان زۆر گرنگ نەبوون. بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ لەو سەنگەرانەدا ماینەوە، بەڵام پێشمەرگەو فەرماندەکان لەو جبهەیە دڵخۆش نەبوون چونکە جێگەی دەستیان دیار نەبوو و توانای خۆیان زۆر لەو کارانەی ئەو چەند حەفتەیە بە گەورەتر دەزانی تا ئەو ڕۆژەی سەرکردایەتی شۆڕش ئێمەیان بەرەو جەبهەی گەروی عومەرئاغا نارد، چونکە لەو کاتەدا شوێنێکی زۆر ستراتیجی وگرنگ بوو بە نیسبەت گشت ناوچەکە.
ئەو ماوەیەی کە لە جەبهەی گەروی عومەرئاغا ماینەوە زۆربەی شەوەکان هێرشمان لەسەر بوو بەڵام بەهۆی بەرگری پێشمەرگەوە زوو زوو تێکدەشکان و دەگەڕانەوە سەربازگە و مۆڵگەکانیان. لە پشتی جەبهەکەمانەو کۆمەڵێک تۆپی ١٣٠ ملیم هەبوون لە گەروی بێشێ، بە شەماڵەکان ناونرابوون، لەگەڵ یەک دوو تۆپی ١٢٠ ملیم، بۆ هەموو هێرشە پێچەوانەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر دوژمن هاوکاری هێزی پێشمەرگەیان دەکرد.
هەموو قوەتێک بێسیمی تایبەتی خۆی هەبوو. نازناوی قوەتەکەی ئێمە * قەیوان* بوو. شەوێک هێرشێکی گەورەمان لەسەر بوو، لە جەبهەکانی خۆمانەو تا چیای ماکۆک هێرشی چڕ هەبوو تالە بێسیمەکانی خۆمانەوە هەواڵمان پێگەیشت کە دوژمن بە هۆی زامداربونی بەڕێز حمید ئەفەندیەوە کە ئەوکاتە ئامربەتالیۆن بوو، گردی شەهید *حادێ* دامێنی جبهەی گەروی عومەرئاغا لە کاتژمێر ١٢ ی نێوەشەو داگیرکردووە، ئەو گردە وەکو کلیلی گشت جەبهەکە دەناسرا و بە خاڵێکی یەکلاکەروەی جەبهەکە لە دژی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگە دەبینرا. گردەکە کەمتر لە کاتژمێرێک پیادەڕەو لە سەنگەرکانی ئێمەوە دور بوو.
ئەوەمان بەهەل و دەرفەت زانی چونکە ئێمە قوەتێکی تا ڕادەیەک تازەنەفەس بووین، وەپێشمەرگەو فەرمانەدەکان هەموو ڕۆژێک بە گلەی و قسە داوای سەرکەوتنیان دەکرد، نەکا دواڕۆژ ببنە جێ لۆمەی ئامرهێزی خەبات. بۆیە من ئەو فرسەتەم قۆستەوە و پاش ڕاوێژکردن بە فەرماندەکان و پێشمەرگەکان بڕیارماندا کە هەرچۆنێک بووە ئەو گردە ئازادبکەینەوە، دەبێت بیگرینەوە ولە ژێر دەستی دوژمن دەریبهێنین.
لە بێسیمەکەمانەوە بە ئاشکرا بە سەرکردایەتی شۆڕشمان ڕاگەیاند ئێمە ئامادەین بەهەر نرخێک بێت بیگرینەوە، بەڵام بەشەرتێک سەرتا چەند شارەزایەکمان لەگەڵ بنێرن، چونکە ئێمە هیچمان خەڵکی ناوچەکە نەبووین، پاشان کەگرتمانەوە هێزێکی تر بێت بۆ پارێزگاری لەو گردە. جوانم لە بیرە کە بوو بە هەرا لە نێو بێسیمەکانی هێزی پێشمەرگە و بەچ حەماسەتێکەوە گشت بێسیمەکان لە گشت ناوچە ڕزگارکراوەکانەوە سوپاسی قوەتی * قەیوان* یان دەکرد، بەسدان جار بەقوربانی خۆڵی شاری سلێمانی و پێشمەرگە مەردەکانی دەبوون.
بەتایبەتی لێپرسراوی شەماڵەکان، کە کۆمەڵێک ئەفسەر بوون یەکێکیان خوالێخۆشبوو ملازم ئەنوەر مەجید میسری بوو لەگەڵ کاک عومەر عوسمان، سوپاسیان کردین و بەڵێنیاین پێداین کە کێوەکەمان بۆ بسوتێنن.
دوژمن دەیزانی کە ئەو گردە چەندە ستراتیجیەو هێزی پێشمەرگە هەر دەبێت هێرشی پێچەوانەی بۆ بکات. بۆ سەعاتی سفر لە نێو قوەتەکەدا ٦٠ پێشمەرگەو فەرماندەی لێهاتوم هەڵبژراد تا بەشەو بچنە نزیک گردەکە و چاوەڕوانی شەماڵەکان بن تا بە ئەرکی سوتاندی گردەکە هەڵستن، وەکو پەیمانی خۆیان، بەڕاستی لە بەرەبەیاندا شەماڵەکان گردەکەیان بە خەستی تۆببارانکرد، پاشان پێشمەرگەکان هەڵمەتیان برد و گردەکە لە شەڕێکی دەستەو یەخەدا ڕزگار کرا بەبێ ئەوی هیچ شەهیدێک بدەین. بۆ یەکەمین جار چەکی قەناسی ڕوسی نوێ لەلایەن خوالێخۆشبوو عەریف غەریب وەڕازیەوە گیرا.
بێئاگابووین لەوەی کە کاک فەتاح لە بارەگای بارزانیەوە لەگەڵ کاک ئیدریسی ڕەحمەتی و کاک مەسعود چاودێری هەڵمەتی ئەو شەوەی پێشمەرگە و ناوچەکەیان دەکرد. لەو شەڕەدا بەدەیان کەلاک لە دوژمن بەجێ ماو و بە دەیان چەک کەوتە دەستی پێـشمەرگە.
پاش سەرکەوتن ‌هێزەکەمان بەدڵخۆشی و سەربەرزیەوە گەڕانەوە گەروی عومەرئاغا و زانیمان کاک فەتاح لەلای شەماڵەکانە و بە بێسیم قسەی لەگەڵ کردین و فەرمووی دێم بۆلاتان، هەرچەندە ئێمە زۆرمان پێناخۆش بوو چونکە دوژمن بە سەختی بە فڕۆکە و تۆپ بۆمبارانی ناوچەکەی دەکرد. بەڵام ئامرهێزی خەبات بەسەیارەکەی هاتە لامان تا بەشی خوارەوە و خۆی بە پیادە سەرکەوت بۆ لامان، لەو کاتەدا سەیارەکەشی کە لە خوارەوە ڕاگیرابوو بەر قەسفی تەیارە کەوت.

وەکو پیشەی هەر فەرماندەیەک کە لێپرسراوی سەروی خۆی دێت بۆلای، ئێمەش لەگەڵ شەهید جەزای عەلی کاتب باسی بارودۆخی سەربازی و ئەوی بینیبومان و چونێتی جەبهەکەمان بۆ ڕونکردەوە و کە چون فڕۆکەکان بە چ جۆرە چەکێکی نەناسراو  لێمان دەدەن وەچۆن بەردو دار و خۆلی چیاکان بەیەکەو دەسوتێنن. کەچی بە سەرسوڕمانەوە ڕوی کردە پێشمەرگەکان و وتی ئەرێ ئەمانە هەر بەم شێوەیە قسەش بۆ ئێوە دەکەن؟
وەڵا کاکە باش لێپرسراوێکی چاکم بۆ داناون! ئەوە چۆنە لەگەڵ ئەم لێپرسراوانە زندەقتان نەچووە؟ بەڵام پێشمەرگەکان بەگشتی وتیان کاک فەتاح باوەڕت بێت کاک سوارە هەموی نەگێڕاوەتەوە، گشتی واقیعە. لەو کاتەدا چوار فڕۆکەی سیخۆ هاتەسەر جەبهەکەو بە سەخی وەکو پیشەی هەر ڕۆژەیان بۆمبارانیان کرد و ناوچەکە وەکو جاران سورهەڵگەڕاو گڕی گرت. کاک فەتاح تەماشایەکی چواردەوری کردو وتی کاکە ئەمە چەکی فسفۆڕە و ئەمە چەکێکی قەدەغەکراوە لە جیهاندا. پاشان قەناسەکەمان بە دیاری دا بە ئامرهێز، دوای زانیمان کە ئەویش دیاری جەنابی بارزانی نەمری کردبوو چونکە لەو کاتە دا ئەو جۆرە چەکە زۆر دەگمەن بوو.
وەکو عادەتی جەبهەکە هەموو شەوێک هێرشی سەرتاسەری بوو لەلایەن هێزی مغاویرەوە لەسەرمان، لە بەر گرنگی، زۆرتر فشار لەسەر گردی شەهید *حادێ* بوو، وەپاش سێ ڕۆژ دووبارە هێزەکانی ڕژێمی ئێراق گردی شەهید حادێ یان داگیرکردەوە.
بۆجاری دووەم لە بێسیمەکەمانەوە بە سەرکرادایەتی شۆڕشمان وت ئەم جارەش قوەتی *قەیوان* پشتیوان بەخودا ڕزگاری دەکەینەوە و دەیگرینەوە، دوبارە دەنگدانەویەکی مەزنتر ڕویدا، لە نێو بێسیمەکانەوە بوو بە هۆرەی سەرکەوتن، ئەم جارەشیان بۆ جارێکی تر بەتایبەتی شەماڵەکان بەڵێنی سوتاندی گردەکەیان پێداین.
لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ شەهید جەزا علی کاتب و فەرماندەکان بڕیارماندا ئەم جارە ئەوانەی نەچون بۆ هەڵمەتی یەکەم بەشداربن لەم هەڵمەتەدا بۆیە بە پێی نەخشەی هەڵمەت بە شەو خۆمان گەیاندە نزیکی گردەکەو چاوەڕوانی شەماڵەکان و کاتژمێری سفر بووین، لە ئەزمونی یەکەمدا بۆمان دەرکەوت کە بۆ هێرشی دەستەو یەخە و نزیک بۆ ناو گردەکە نارنجۆک لە زۆربەی چەکەکانی تر بەسودترە بۆیە هەریەکە بۆ شەڕی دەستەویەخە چەندین نارنجۆکم پێدان.
شەهید ملازم حەمە شەوقی سەرپەرشتی جێبی تۆپی ١٠٦ کانی دەکرد و دەورێکی گرنگی هەبوو لە گشت شەڕەکاندا. ئەوان بەهۆی تۆپی جێبە ١٠٦ کانەوە ڕێگەیان نەدەدا کە دوژمن لە پشتەوە بە دەبابە و زرێپۆش بەهانای قوەتەکەی نێو گردی شەهید حادی یەوە بچن، شەهید حەمەشەوقی پێش هێرشی جاری دووەم فەرمان و ڕێنمایی کۆتای دابوو بە تۆپە ١٠٦ کان و خۆشی لە بەر برادەرایەتی و هەڵوێستی شۆڕشگێرانەی هات بۆ لامان و لەگەڵمان لە هەڵمەتی  پێشی پێشەوە بۆ نێو جەرگەی گردەکە بەشدار بوو.
بەڕاستی نارنجۆکەکان سەرکەوتنی ئێمەیان مسۆگەرکرد. لە شەڕێکی دەستەویەخەی گەرمدا گردەکەمان پاککردەوە و بەداخەوە سێ شەهیدمان داو زیاتر لە ١٥ پێشمەرگەی قارەمانمان زامدابوون، خوالێخوشبوو قارەمان کاک عباسی مچەی ڕەعنا یەکێک بو لە زامدارەکان، بەڵام هێزی دوژمن کەسیان دەرنەچوون و بەدەیان کەلاکیان لە نێو مۆڵگەکانیان بەجێمان.
پاشان دوبارە گەڕاینەوە سەنگەرەکانی گەروی عومەرئاغا و پاش سێ مانگ لەو جەبهە سەخە ئێمەش لەلایەن قوەتی سێهەمی هێزی خەباتەوە بە سەرپەرشتی خوالێخۆشبوو حمەسور حسین، کە ئامر بەتالیۆنی ١٠ لە پێنجوێن و بە ڕۆمێلی گەرمیان ناسراوبوو، گۆڕدراین و ئەوان لەجێگەی ئیمە دانران، ئێمەش گەڕاینەوە پێنجوێن. قوەتەکەی ئێمە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا ٥ شەهید و نزیکەی ٣٧ بریندارماندا، ڕاستە کە کۆمەڵێکی زۆر شەهید و زامدارمان هەبوو بەڵام ئێمەش وەکو قوەتی یەکەم بە سەربەرزی و سەرکەوتویی گەڕاینەوە بارەگاکانی خۆمان.
پاش ئێمە ‌ئامر هێزی خەبات خۆی لە جەبهەکە مایەوەو سەرپەرشتی شەڕەکانی زۆزک و سەرتیزی دەکرد کە بەداخەوە کۆمەڵێک شۆڕشگێڕی مەزنی هێزەکەمان شەهید بوون وەکو ملازم محمد حاجی ئەحمەدی سروپێ و چەندین پێشمەرگەی تری قارەمان.
بەگشتی لە شەڕەکانی بەرگری لە سەرکردایەتی شۆڕش لە کۆتای ساڵی ١٩٧٤ تا نسکۆی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٥ تەنها لە هێزی خەبات نزیکەی سەد شەهیدی لەیادنەچوو و بە سەدان پێشمەرگەی قارەمان زامدار بوون. بەڕاستی هەڵمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە گشتی چۆکی بە دوژمن دابوو، هەر ئەو بەرگرییە سەختەی پێشمەرگە لە بست بە بستی خاکی کوردستان و خۆڕاگریە مەزنانەش بووە هۆکاریی سەرشۆڕکردنی سەدام بۆ شای ئێران کە لە ژێرناوی ڕێککەوتنی شومی جەزائیر بڵاوکرایەوە.

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا

هێزی پێشمەرگە

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×