داستانی تۆڵە (بەشی چوارەم)

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-11-03     858
لە مێژوی دوورودرێژی شۆڕشی چەکداری گەلەکەماندا ئاوەها چالاکیەک زۆر زۆر دەگمەنە چونکە ئەم چالاکییە لەلایەن کۆمەڵێک پێشمەرگەی گیانفیداوە ئەنجام دراوە. زۆربەی چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە بۆ نێو شارەکان بە شەو ئەنجام دەدرا و پاش خۆشاردنەوە لە ماڵی هەواداران و دۆستەکانی شۆڕش و دوایی هەر بەشەو بیر لەگەڕانەوە بۆ نێو ناوچە ئازادکراوەکان دەکرا. بەڵام ئەم چالاکییە بەڕۆژی ڕوناک و لە نێو جەرگەی شاری سلێمانیدا لەلایەن کۆمەڵێک لە پێشمەرگە گیانبازەکانەوە ئەنجام درا.
پلانەکەی پێشمەرگەکانی لیژنەی ناوچەی چوارتا بە جۆرێکە کە هیچ کەسێک نەک بیری لێنەدەکردەوە بەڵکو بەخەویش بڕوای نەدەکرد کە کۆمەڵێک پێشمەرگەی خۆبەخشی گیانفیدای قارەمان کە ژمارەیان لە پەنجەکانی دوودەست تێنەدەپەڕی بە ڕۆژی نیوەڕۆ بە سەیارەیەکی ئاشکرا لە ناوچە ئازادکراوەکانەوە بەو نێو دەیان زاڵگەی سەرباز و سیخوڕو ئاسایشی دوژمن بەرەو شاری سلێمانی بچن و لەیەکێک لە گەڕەکە ناودارەکانی ئەوشارە کە بەدەیان ئامر فەوجی سوک لێی نیشتەجێبوون بچنە سەرماڵی ئەو خۆفرۆشانە و بۆ مێژوو بە سزای ئەو کارەچەپەڵە خیانەتکاریەیان بگەیەنن. لە پلانەکەدا هیچ یەک لەو پێشمەرگە گیانفیدا خۆبەخشانە بیریان لە دوای ئەنجامدانی چالاکیەکە نە کردبووە چونکە بۆگشتیان ئاشکرابوو کە گەڕانەوەیان بەڕۆژی نیوەڕۆ لە نێو جەرگەی سلێمانی و بە بەرچاوی گشت زاڵگەکانەوە بۆ بارەگاکانی خۆیان نەک شتێکی ئاسان نییە بەڵکو ئەستەم و مەحاڵیشە.
لە ساڵی ١٩٨٧ عەبدوڵا بە پلەی حیزبی بەرپرسی سەربازی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، بەڵام لە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو سەرکردەیەکی لێهاتووی خەباتی ڕامیاری و چەکداری دەژمێرا و یەکێک بوو لە هەڤاڵە نزیکەکانی کاک ئیدریس بارزانی ڕەحمەتی و سەرکردایەتی پارتی. کاتێک لە ساڵی ١٩٨٠ وە کە دوبارە پەیوەندی کرد بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە لە زنجیرەچیای سورێن لەگەڵ کۆمەڵێک تێکۆشەری ناوچەکەی خۆمان و فەرماندەکانی شۆڕشی ئەیلول بارەگای خۆی دانا و لیژنەی ناوچەی چوارتایان دووبارە بونیادنایەوە.
بە فەرمی لێپرسراوی لیژنەی ناوچەی چوارتا بوو کە ناوچەی زێدی باوک و باپیرانمانە تا ساڵی ١٩٨٤، لەو ساڵەوە بە فەرمانی پارتی دیموکراتی کوردستان لێپرسراوێتی ناوچەکەی تەسلیم بە کاک دەروێش عبدالرحمن ئاغا کرد و هەروەها خۆی سەرپەرشتی سەربازی لقی چواری گرتە ئەستۆ، لەو پۆستەدا مایەوە تا ڕۆژی شەهیدکردنی، لە کاتی ناوچەو و ئەرکی بەرپرسی سەربازی لقی چواردا بە سەدان تێکۆشەری کۆن و پێشمەرگەی نوێ پەیوەندیان کرد بە لیژنەی ناوچەی چوارتا و لقی چوارەوە، کە بەداخەوە لەو ماوەیە تا ئەمڕۆ لە گەلێک داستانی بەرگری و چالاکی پێشمەرگایەتیدا بەسەدان هاوسەنگەری لە خەباتی نوێدا شەهیدکراون. بۆیە پەیوەندی عەبدوڵا و کادیر و فەرماندە و پێشمەرگەکانی نێو لیژنەی ناوچەی چوارتا پەیوەندیەکی تایبەتی دەیان ساڵە و بێوێنە بوو.
هەر هۆکاری ئەو پەیوەندیە قوڵەش بوو کە دەستەیەک لە پێشمەرگەی قاڵبوی خەباتی چەکداری و پێشمەرگەی بێوێنە لە نێو پێشمەرگەکانی لیژنەی ناوچەی چوارتای پارتی دیموکراتی کوردستان خۆبەخشانە خۆیان بۆ ڕاپەڕاندی ئەو چالاکیە دەگمەنە هەڵدەبژێڕن. هەریەکەیان قارەمانێکی نێو سەدان داستان و چالاکی پێشمەرگایەتی و پارتیزانی بوون. ئەو گیانفیدایانە دەیان ساڵە ڕۆژ و شەو لەگەڵ عەبدوڵا لە خەباتی چەکداریدا بوون. ئەو دەستە پێشمەرگە هەڵبژاردەیە هەڵگری خەمی لەدەستانی خۆشەویسترین فەرماندە و سەرکردەیان بوون، ڕقی تۆڵە هەریەکەیانی لەگشت بارودۆخە واقعیەکەی ئەوسا دورخستبووە و هیچ ئامانجێکیان نەبوو جگەلەوەی بەم کارە هەرهیچ نەبێت وەفاداریان بۆ دەیان ساڵی هاوسەنگەری خەبات و تیکۆشانی ئەو سەرکردەیە، کە هەموو ژیانی خۆی لە پێناوی دابینکردنی ژیانێکی سەربەز بۆ گەل، ئەوان و منداڵەکانیان تەرخانکردبوو. جگە لە تونێتی ئاوی تۆڵە هیچ شتێکی تر ئاگری ڕقی ناخی ئەوانی خامۆش نەدەکردەوە.

پلانەکە ئاوەهایە ئەو حەوت قارەمانە پۆشتەو جلی کوردی جوان و کراسی سپی پاک و خاوێن بپۆشن، خۆیان پڕچەک بکەن بۆ شەڕی دەستەو یەخە و تفەنگەکانیان تاقیکردبێتەو و دڵنیابن لە کارکردنیان، بۆ پاراستنی بنەماڵەکانیان لە نێو شار دەبێت پێشمەرگە خۆبەخشە گیانفیداکان هیچ ناسنامە و بەڵگەنامەو دوکۆمێنتێک هەڵنەگرن، کە بە هۆیەوە بزانرێت ئەو کێە و سەربەچ حزبێکی سیاسی کوردستانە. پاشان دەبێت بە نێو گشت زاڵگەکانەوە لە خەتی سەربازی بە خێرایی بەرەو سلێمانی بچن و بگەنە ماڵی خۆفرۆشەکان. لەوەوپێش هەواڵ هاتبوو و دەزانرا کە ئەو خۆفرۆشانە هەمیشە بەدەیان چەکداری چڵکاوخۆریان بەدەورەوەیە، و پاش ڕوودانی ئەو خیانەتەش چواردەوری خۆیان باشتر قایمکردبوو، بۆیە دەبێت هەر پێشمەرگەیەک زیاتر لە چەند خۆفرۆشێک بکاتە ئامانج و تەنها بیری لە لەناوبردنی ئەوانی بێت وهیچی تر. بۆ ڕەواندنەوەی ترس و نەهێشتنی هیچ شکێك لەلای جاشەکان هیچ پێشمەرگەیەک نابێت تفەنگەکەی لە شان دابگرێت، تا ئەوکاتەی کە فەرماندەی هێزەکە تەقەدەکات.
سەرتا دەبێت هێزەکە زۆر بە هێمنی و لەسەر خۆیی لە دەرگای ماڵەکە بدەن و لێپرسراوی هێزە گیانفیداکە بە بیانوی ئەوەی کە نامەیەکی گرنگی لە شۆڕشەو بۆ سەرۆک جاشەکان هێناوە، خۆی بگەیەنێتە لای سەرۆک جاشەکان و سەعاتی سفر کاتێکە کە ئەو، ئەو سەرۆک جاشانە بە سزای گەل بگەیەنێت، پاشان پێشمەرگەکانی تر بە ئەرکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەڵدەستن.
پلانەکە ئاوەهایە کە هاوڵاتیانی گەڕەک دەبێت بپارێزرێن، ژن و منداڵی ئەوماڵە خۆفرۆشە نابێت بکوژرێن چونکە ئەوانە هیچ تاوانێکیان نەکردووە بەڵکو تاکە تاوانیان ئەوەیە کە سەربەو خیزانە چەپەڵەن. برینداری خۆمان هەڵناگیرێتەوە دەبێت تا دوا فیشەکی شەربکات و پاشان خودی خۆی خۆی شەهیدبکات، نابێت هیچ پێشمەرگەیەک بەزیندووی بکەوێتە دەستی دوژمن.
چەند جارێک بەرپرسی ناوچەی چوارتا لەگەڵ فەرماندەی هێزەکە و پێشمەرگە گیانفیداکان نەخشەکە خاڵ بەخاڵ ڕوندەکاتەوە و لە دوا ووتەیدا دەڵێت: دەبێت نەخشەکە خاڵ بەخاڵی پیادەبکرێت و هیچ کەسێک مافی گۆڕینی نییە، چونکە ئەم چالاکییە خۆبەخش و گیانفیداکاریە هەر کەسێکیش ئازادە کە لە بڕیاری بەشداری پاشگەزببێتەوە، بەڵام گشتیان بەیەک دەنگ دەڵێن ئامادەین پشت بەخوا سبەینێ حەقی بە ناڕەوا ڕشتنی خوێنی ئەم سەرکردەیەمان دەستێنین.
سەیارەیەکی تۆیۆتای سەربازی ژمارە سەوزی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگە بۆ ئەم چالاکییە هەڵدەبژێردرێت، کە لە حەفتەیەکی پێشودا لە یەکێک لە چالاکیەکاندا لەلایەن فەرماندەکانی هەمان هێزە گیانفیداکەوە دەستی بەسەراگیرابوو.
سەرەتا درەنگانی هەمان شەو مەفرەزەیەکی ناوچەی چوارتا دەچن بۆ کەمین و چاودێری لە سەرجادەی قیری عەربەت، تا سەیارەی پێشمەرگە گیانفیداکان بە بێ روودانی هێچ ڕووداوێک بگاتە سەر جادەی قیر. پاش خوداحافیزی لە بەرەبەیان کاتی تاریکی وڕونیدا گشتیان بە بڕوای بەتین ئامادەی سەفەری یەکجارین. سەیارە کە بەرو جادەی قیر لێدەخوڕن و وەکو نەخشەی پێشو یەک لەدوای یەک زاڵگەکانی دوژمن لە سەرجادەی عەربەت تا نێو شاری سلێمانی دەبڕن و نابنە جێگەی شکی هیچ خۆفرۆش، سەرباز و ئەمنێکی دوژمن.
کاتژمێر شەشی بەیانی زووە کە دەگەنە شاری سلێمانی و لە گەڕەکی توی مەلیکەوە بەرەوخوار شۆڕدەبنەوە، زۆر دەمێکە کە هیچیان ئاوەها بە ڕوناکی و ئاشکرا نەهاتبونە ئەم شارەوە. زۆربەیان کوڕی ئەم شارەن و لەنێو کوچەو کۆڵانەکانیدا گەورەبوون. شاری سلێمانی لەلای پێشمەرگە جگەلەوەی کە شاری هەڵمەت و قوربانییە، بەڵکو سامێکی شۆڕشگێڕی هەبووە و هەردەم دەیمێنێت، هەردەم چقڵی چاوی گشت داگیرکەران بووە، لە مێژووی دروستکردنەیەوە لە ساڵی ١٧٨٤ تا ئەمڕۆ هەرگیز بۆ هیچ زاڵمێک نەچۆتە سەرچۆک.
عەبدوڵا هەر لەمنداڵیەوە لە گەڕەکی سەرشەقام لە ماڵی پورە ئایشێی مەلا رەحیم گەورەبوو بوو. پورە ئایشی سەربە یەکێک لە بنەماڵە دیارەکانی شاری سلێمانیە و پوری شەهیدی سەرکردە ئازاد مستەفایە، کە سکرتێری حیزبی پاسۆک بوو.
عەبدوڵا و هەڤاڵەکانی خۆنەویستانە بەسکی برسی، سەرما وگەرمای وەرزەکانی ساڵ، شەو و ڕۆژ بەبێوچان خەباتیان دەکرد بۆئەوەی دانیشتوانی ئەم شارە سەربڵندە بەسەربەرزی و ئازادی بژێن.
لە کاتی گەیشتن بۆ شاری سلێمانی لە یەکێک لە شەقامەکان لە گەڕەکی توی مەلیک فەرماندەی هێزەکە لە سەیارەکە دادەبەزێت و تا بزانێت هەموو شتێک تەواوە و دواڕێنمایی بدات بە هەڤاڵە گیانفیداکانی. فەرماندەی هێزەکە خەڵکی ناوچەی خۆمانە لە شارباژێر و زۆر نییە کە پەیوەندی کردووە بە عەبدوڵا و شۆڕشەوە.
یەکێک لە پێشمەرگەکان دەڵێت: کاکە هەرچەندە ئەم قسەیە دژی گشت ئەو بڕیارانەی پێشوەختی ئێوەیە بەڵام وتتان چی: بۆ ئاخرین جار بۆ نانی بەیانی بچین بۆ جگەر و کەباب خواردن!
بەخۆشیەوە یەکێکی تر لە پێشمەرگەکان دەڵێت، نا نا بە قوربان نەکەی، پاش کاتژمێرێکی تر کە فیشەکەکان لە وەرگمان دەدات، هەموو کەوەر و کەرەوزەکە بەسەوزی و ساخی لە گەدەمانەوە دێتە دەرەوە. ئای چ دیمەنێکی قیزەوەن دەبێت!! گشتیان دەستدەکەن بە قاقای پێکەنین.
فەرماندەی هێزەکە ناتوانێت دڵیان بشکێنێت و دەڵێت با جگەر و کەباب خواردنێکیشی تێدابێت بەڵام تکایە کەس نەیگێڕێتەوە بۆ بەرپرسی ناوچە و لق نەبا سەرزەنشتمان بکەن. دوبارە جەوێکی پێکەنین باڵ بەسەر هێزەکەدا دەکێشێت، هەر بەخۆشی و پێکەنین و قسەکانەوە بەرەو کەباب خانەیەکی ناسراوی شار نزیک لە مەیدانی دارەکە لە دەباشان دەچن و هەریەکە تێر تێر جگەر و کەباب دەخۆن. لەوکاتەدا چەند چەکدارێکی کوردی ڕژێم بەرپرسی هێزەکە دەناسنەوە! سەریان دەسوڕمێ کە لە سلێمانییە! پاش چاک و چۆنی دەڵین ئەرێ کاکە دیارە خۆت تەسلیم کردۆتەوە؟ یاخود درۆبوو کەوتیان پەیوەندیت بەشۆڕش و پێشمەرگەوە کردوە؟ بە هێمنی و لە سەرخۆیی جوابی سەلامەکەیان دەداتەوە و بە زەردەخەنەیەکەوە کەگوایە پرسیارەکانیان بەلایەوە گرنگ نین بەلایاندا تێدەپەڕیت و هەموو دەگەنەوە نێو سەیارە کە. بەڵام هێشتا بەیانی زووە کاتژمێڕ حەوتی بەیانییە و کاتێکی زۆریان بە دەستەوەیە، فەماندەی ‌هێزەکە دەڵێت: لەوانیە ئەو خیانەتکارانە هێشتا لە شیرین خەودابن، بۆیە بۆ کات کوشتن بەرەو سەرچنار دەچن و لەوێ سەیارە کە پڕ بەنزین دەکەن. لەکاتی وەرگرتنی بەنزیندا برای یەکێک لە ئامر مەفرەزەی چەکدارانی کوردی ڕژێم یەکێک لە فەرماندەکانی هێزە گیانفیداکە دەناسێتەوە بەڵام لە ترسا دەشڵەژێت و هیچ ناڵێت، تەنانەت پارەی باقی بەنزینەکەشی وەرناگرێتەوە. ئەوانیش باشی دەناسن و هیچ گرنگی بەو نادەن.
بەرەو ئامانجی دیاریکراو، کە ماڵێکە لە گەڕەکی رەعایە شەبابی جاران و گەڕەکی بەختیاری ئەمڕۆ، بەڕێدەکەون، پاش ماوەیەک دەگەنە ماڵی بنەچە خۆفرۆشەکان، چەند چەکدارێکی ئەوان لە بەر دەرگای ماڵەکە حەرەسن، هەریەکە کڵاشینکۆفێکیان بەدەستەوەیە و سەیارەیەکی بەرزیش ڕاگیراوە. زۆر بەهێمنی و لە سەرخۆیی سەرەتا فەرماندەی هێزەکە لە سەیارەکە دادەبەزێت و یەک لەدوای یەک گشتیان لە سەیارەکە دادەبەزن. فەرماندەی هێزەکە لە کاتی نزیبونەوە لە چەکدارەکانی بەردەگا چاوێک بە هەڤاڵەکانیدا دەخشێنێت و بە بێدەنگی و چاوتروکانێک گشت پلانەکایان بە بیر دێنێتەوە. ئەوانیش یەک لەدوای یەک هەر یەکە یەکێک لە چەکدارەکان وەکو ئامانجی خۆیان هەڵدەبژێرن. هێزە گیانفیداکە تا ئەو کاتەش گشتیان تفەنگەکانیان لە شاندایە و زۆر لەسەرخۆن.
پاش سڵاو لە چەکدارەکانی بەردەرگا دەڵێت: هاتوین بۆ لای کاک حەمە ساڵح خەیات، یاخود کاک حمەکەریم خەیات! نامەیەکی بەدەستەوەیەو دەڵێت: نامەیەکی گرنگم پێیە بۆیان و تۆزێک پەلەمانە!
یەکێک لە چەکدارەکان زۆر بە سادەی دەڵێت: وابزانم هیچیان لەماڵ نین، بەرەو بەغداد سەفەریان کردوە و تنها کاکە حەمەی خەیات نەبێت کە لێرەیە!
هەرئێستا پێی دەڵێم: تکایە چاوەڕوان بە!
فەرماندەی هێزەکە زۆر بە لەسەرخۆیی و هێمنی دەڵێت، فەرقی نییە! ئەویش برایانە، ئەویش دەبێت! فەرموو، فەرموو:
حەمە خۆیی و چەند چەکدارێکی تر دێنە دەرێ، گشتیان تفەنگەکانیان بەدەستەوەیە و ئەملاو ئەو لای گیراوە، هەموو تێکدەئاڵێن، بەڵام فەرماندەی هێزەکە بە ئیشارەت وای تێدەگەیەنێت کە نامەکە زۆر گرنگە باتۆزێک بچینە ئەولاوە نەکا کەس بە نهێنیەکەمان بزانێت. ئیتر لە کەمتر لە چاوتروکانێکدا گشت چەکدارە جاشەکان لەلایەن پێشمەرگەکانەوە وەکو ئامانج هەڵدەبژێردرێن، هەر کەسە نێچیری خۆی دەستنیشان دەکات. بە خێراییەکی بێوێنە فەرماندەی هێزەکە تفەنگەکەی لەشان دادەگرێت و حەمەی خەڕات بە سزای شۆڕش دەگەیەنێت، بەهەمان شێوە گشت چەکدارە جاشەکان خەڵتانی خۆێن دەکرێن و وەکو گەڵای پایز هەڵدەوەرێن بەبێ ئەوەی کەسیان فریای دەستکردنەوە بکەون. لە هیچ ئەکادمیایەکی سەربازیدا ئاوەها بەخێرایی کەس فێرنەکراوە لە چاوتروکانێکدا و لە نزیکی یک مەتریدا تفەنگ لەشان داگرێت و ئامانج بپێکێت. ئەم پێشمەرگە گیانفیدایانە تاک وتەنها پەروەدەی شەڕی شاخ و شەڕی پارتیزانی بوون.
فەرماندەی هێزەکە بە نارنجۆکێک سەیارەکەی بەردەرگاش تێکدەشکێنێت و دەیسوتێنێت، دوو پێشمەرگە خۆیان دەکەن بە ماڵەکەیاندا بەڵام فەرماندەکە دەڵێت دەستنەبن بۆ ژن و منداڵەکانیان، ئەوانیش یەک ڕاستە دەگەڕێنەوە دواوە.
بەداخەوە هەروەکو چاوەڕوانکرابوو لە زۆربەی ماڵەکانەوە بووە بە دەستڕێژ و تەقە، بەڵام ئاڕاستەی گولەکان بەرەو هێزەکە نەبوو، تا ئەوکاتەی لە سەربانی یەکێک لە دراوسێکانەوە کە ئەویش سەرۆکی یەکێک لە چەکدارانی کوردی فەوجە سوکەکانی دوژمن (افواج خفیفە) بوو، دەستڕێژی گولە بە ناو پێشمەرگەکاندا دەکەن. دوو پێشمەرگە بریندار دەبن بەڵام زامەکانیان سوکە. بە خێرایی تەقەکەری سەربانەکە بێدەنگ دەکرێت. یەکێک لە زامدارەکان فەرماندەی ‌‌هێزەکەشە، سەرئەنجام هێزەکە بە خێرایی سواری سەیارەکەیان دەبن و ئەو گەڕەکە بەجێدەهێڵن و تا دوریش دەکەونەوە هەر دەنگی تەقە دێت لەو گەڕەکە.
بەبێ کوشتنی کات بە خێرایی هەر چۆن هاتوبوون بەهەمان شێوە بە هێمنی و نەشڵەژاوی بەنێو گشت زاڵگەکانی دوژمن لە هێڵی سەربازیەوە بە جادەی قیری سلێمانی عەربەت دەگەڕێنەوە ناوچە ئازادکراوەکان.
یەکێک لە پێشمەرگەکان کە زامدارە لە کاتی شەڕەتەقەدا لەگەڵ دانیشتوانی چەکداری گەڕەکەکە لە هێزەکەی خۆی دادەبڕێت و بەجێدەمێنێت. پێشمەرگە زامدارەکە بە تەکسی هاووڵاتیەکی شۆڕشگێڕ خۆی دەگەیەنێتە یەکێک لە ماڵە ناسیاوەکانی، پاش چارەسەری برینەکانی هەواڵ دەنێرێت کە ئەویش سەلامەتە. دوای ماوەیەکی کورت ئەویش لە ڕێگەی ڕێکخستنە نهێنیەکانی شارەوە خۆی دەگەیەنێتە وە بارەگای ناوچەی چوارتا لە گوندی دەربەندفەقەرە.
بەم شێوەیە کۆمەڵێک قارەمان داستانێکی دەگمەن، بێوێنە و مەزنیان لە خەباتی پێشمەرگایەتی دژی دوژمن تۆمارکرد. چۆن هەواڵی بێسەروشوێنکردنی مهندس عەبدوڵا و هاوڕێکانی دەنگی دایەوە، هەواڵی ئەم داستانەی تۆڵەش گەیشە گشت کونج و کەلەبەرێکی کوردستانی داگیرکراو، بووبە وانەیەک کە هەوڵی خیانەتکاریش ئاست و سنوری خۆی هەیە و تا جارێکی تر هیچ خۆفرۆشێک دەستی خیانەت بۆ سەرکردەکانی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتی پارتیزانی نەبات.
ئەمڕۆ تاک و تەنها یەک پێشمەرگە لەو هێزەقارەمانە لەو حەوت گاینفیدایە لەژیاندا ماوە و ئەوانی تر یەک لەداوی یەک لە کۆمەڵێک داستانی خۆڕاگری مەزندا لە سەر ئەرکی شۆڕشگێڕی خۆیان لایاننەدا و یەک لە دوای یەک شەربەتی شەهادەتیان لە پێناوی ئازادی ئەم خاکەدا نۆشی.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×