داستانی تۆڵە

سوارە محەمەد ئەمین ئاغا
  2020-10-21     1643

 (بەشی یەکەم)

 

ئەمەی بەردەستان کۆمەڵە بیرەوەریەکی تاڵی منە (سوارە محمدئەمین ئاغا) لە بارەی ژیانی پێشمەرگایەتی و چۆنێتی شەهیدبوونی سەرکردەی شەهید مهندس عەبدوڵای برام بە دەستی کۆمەڵێک چڵکاوخۆری ڕژێمی بەعسی فاشی لە ساڵی ١٩٨٧ لە سلێمانی. پاشان گەڕانی بەردەوامی هەڤاڵەکانی بەدوای ئەو خیانەتکارانەدا تا بە سزای شایستەی خۆیانیان بگەیەنن.

بە شاهیدی دۆست و نەیار ئێمە وەکو بنەماڵە لە مێژەوە لەگەڵ خەباتی ڕاست و ڕەوای گەلەکەی خۆمانداین و هەرگیز لە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە نیشتیمانیانەی کە کەوتونەتە سەرشانمان بە پێی توانا درێغیمان نەکردووە. لەم ڕێگە پڕئازار، دورودرێژو، هەوراز و نشێوەدا لە قوربانیدان بە سامان و گیانی ئازیزانمان سڵمان نەکردۆتەوە، بۆیە خۆمان لە ئاست دیرۆک و مێژووی گەلەکەمان بەکەمتەرخەم نازانین و شانازی بەو هەوڵ و تێکۆشان و قوربانیانەوە دەکەین کە خۆنەویستانە تاک وتەنها لە پێناوی گەلەکەی خۆماندا بەخشیومانە.
بیرەوەریەکی تاڵە، تەنانەت پاش نزیکەی سی وپێنج ساڵ ئێستاکەش زامەکەی ساڕێژ نەبووە، ئەمڕۆ یادی جەنگاوەرێک دەکەینەوە کە لە پێناوی ئازادی گەلەکەیدا ژیانی سەختی پێشمەرگایەتی هەڵبژاد و پشتی لە ژیانی خۆشی ناوشار کرد و ژیانی ژێرچەپۆکی زەبرو دەستەڵاتی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی ڕەدکردەوە. یادی شۆڕشگێڕێکی مەزنی گەلەکەمان دەکەمەوە، مرۆڤێک کە قاڵبوی خەباتێکی سەختی پارتیزانی، چەکداری و سیاسی بوو دژی ڕژێمی بەعس، هەر لە سەرتای لاویەوە وەک سیمبولێک لە دوتۆێی داستانەکانی بەرگری گەلێکی بەشخوراوەوە هەڵقوڵابوو، سەربازێکی ون کە هەر لە تەمەنی لاوێتیەوە جگە لە بیری نیشتیمان و بۆگەل ژیان هیچ حەز و ئارەزوێکی تری نەبوو.

عەبدوڵای برام گەنجێکی باڵابەرزی لێهاتوو بوو، هەردەم دەم بە پێکەنین، گەنجێکی زمان پاراو، وریا، قسەخۆش و هەمیشە خاوەنی قسەو پەیمانی خۆی بوو، قسەی بۆهەرکەس بکردایە قەناعەتی پێدەکرد، لەگەڵ گوندنشینان دا وەکو ئەوان دەجوڵایەوەو لەگەڵ کادیرە پێشکەوتوەکاندا لە ئاستێکی بەرزدا شڕۆڤەکارێکی ڕوودواو و پێشهاتە سیاسی و فکریەکانی ئەو سەردەمە بوو. هیچ کات بە بیرێکی توندئاژوویی بیری نەدەکردەوە. زۆربەی پێشبینیەکانی بۆ داهاتوی ڕژێمی دیکتاتۆری ئێراق هاتنەدی، پەیوەندیەکی پتەو وباشی لەگەڵ زۆربەی حیزبەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی کوردستان هەبوو، هەروەها پەیوەندیەکی ڕۆحیشی لەگەڵ هاوسەنگەر و هەڤاڵەکانیدا هەبوو، زۆر خۆشەویستی هاوسەنگەرەکانی بوو چونکە هەرگیز لە پۆشاک، خواردن و ژیانی ڕۆژانە، خۆی لەوان جیانەدەکردەوەو لە ئەرکی پێشمەرگایەتیشدا هەردەم سەرمەشق و ڕێنیشاندەری گشتیان بوو، کاتیک ئاسودە دەبوو کە ئەگەر هەموو سامانی خۆی بکردایە لوقمەیەک و دەرخواردی پێشمەرگەیەکی هەژاری بدایە، بۆیە ئەوانیش تا دواهەناسەی ژیانیان وەفادربوون بەرامبەر بە پەیام و ئاواتەکانی. بەداخەوە لە ئێستادا زۆربەی هاوسەنگەر و هەڤاڵە پێشمەرگەکانی لە درێژەدانی خەباتی بەرگری چەکداریدا شەهیدبوون، ئەو چەند شۆڕشگێڕەی کەماون تائەمڕۆش بە هەناسەیەکی قوڵی پرخەفەتەوە یادگاریەکانی ڕۆژانی سەختی خەباتی ئەو مرۆڤە دڵپاک و بیرمەندەمان بۆ دەگێڕنەوە.
ڕاستە عەبدوڵا لە بنەماڵەیەکی عەشائیر لە ساڵی ١٩٤٦ لە دەڤەری شارباژێڕ هاتوبوە دنیاوە، ئەو بە هۆی لێهاتوویی خۆیەوە توانی قۆناغەکانی خوێندی سەرەتایی، ناوەندی و دواناوەندی لە شاری سلێمانی ببڕێت. لە خوێندندا تابڵێی قوتابیەکی نمونەیی بوو بەڵام هەر لە مێرمنداڵیەوە خولیای کاری سیاسی و هەردەم بەدوای ڕووداوە سیاسیەکانی ڕۆژەوە بوو. بەهۆی بارودۆخی سیاسی ئەوکاتەی سلێمانی لە ساڵی ١٩٦٧ ناچاربوو بچێت بۆ بەغداد و هەرلەوێش لە دواناوەندیەکی ناحکومی پۆلی شەشی دواناوەندی بەسەرکەوتوویی تەواوکرد و لە بەکەلۆریدا بە کۆنمەرەیەکی باش لە کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی موسڵ وەگیرا، پاشان بەسەرکەوتوویی کۆلێژی ئەندازیاریشی لە بەشی بیناسازی لە هەمان شاری موسڵ تەواو کرد.
عەبدوڵای برام مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی بوو، لە ژیانی ئاسایی خۆیدا لە هیچی کەم نەبوو، ژیانی تاڕادەکی زۆر بێ کەم و کوڕی بوو، ئەوەی بیخواستایە بۆی دابیندەکرا، بەڵام ئەو چونکە دڵ و مێشكی لای ژیانی گەلەکەی بوو ئەو ژیانە خۆشە بۆ چرکەیەکیش لە خەمی ئازار و ژێردەستەیی میللەتەکی دوری نەخستەوە و پاش تەواوکردنی کۆلێژی ئەندازیاری بەشی بیناسازی لە ساڵی ١٩٧١ ڕاستەوخۆ جلی خاکی پێشمەرگایەتی پۆشی و بە بیروباوەڕێکی بەتینەوە بوو بە پێشمەرگە. خوێنەرێکی باش، شڕۆڤەکارێکی گشت بیرەجیاوازەکانی ئەو سەردەمەی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان بوو، لە هەمان کاتیشدا نوسەر و ڕۆشنبیرێکی چاوکراوە و ئاستێکی مەزنی هەبوو لە بەڕێوەبردنی کارەکانی شۆڕش، بۆیە لەبەر لێهاتووی و چاونەترسی لە شوڕشی ئەیلولدا زۆر زوو پلەکانی باڵای پێشمەرگایەتی بڕیووە تا پلەی ئامربەتالیۆن.
لە هێزی خەبات لە ناوچەی چوارتا وەکو ئامربەتالیۆن ئەرکی پێسپێردرا و پاشان کرایە ئامربەتالیۆنی یەکی دووز لە ناوچەی قادرکەرەم لەگەرمیان. هاوخەباتەکانی شاهیدن کە چۆن لە گەرمیان شەڕی کۆپتەر و گشت مەکینەی سەربازی ئێراقی هەرگیز نەیتوانی لە دەرکردنی عەرەبە هاوردەکان بۆ سەر خاکی ڕەسەنی کوردستان پاشگەزی بکەنەوە. وەکو قەڵایەک بەرامبەر بە بەعەربکردنی ناوچە کوردستانیەکانی گەرمیان وەستا. لە گەرمیان بۆ یەکەمین جار بە گولەی دوژمن بریندار دەبێت و پاشان چەندین جار لەشەڕی دەستەو یەخەدا دوبارە زامدار دەکرێت بەڵام هەرگیز لە خەباتی بێوچانی کۆڵی نەدا.
لە شەڕەکانی پایزی ١٩٧٤ وەکو ئامربەتالیۆن لە هێزی ڕزگاری بەشداری کارای هەبوو. لەگەڵ قوەتێکی هەڵبژاردەدا، کە زۆربەیان پێشمەرگەکانی هێزی خەبات بوون، لە پایزی ساڵی ١٩٧٤ بەشداری شەڕەکانی بەرگری لە سەرکردایەتی شۆڕش کرد و بۆ ماوەی چەند مانگێک لە چیای ماکۆک لە شەڕی بەرگریدا بوو. لەو ڕۆژگارەدا ڕژێم بەهەموو مەکینەی سەربازی و چەکی ناپاڵم و فسفۆریەوە لە هەمولایەکەوە هەوڵی شکاندنی ڕیزی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی دەدا، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ماکۆکەوە بگرە تا چیاکانی گۆڕس، حەسن بەگ، زۆزک و سەرتیز بەرگریەکی ئاوەها قارەمانانەیان کرد تا ڕژێمی ئێراق ملی بۆ داخوازیەکانی شای ئێران شۆڕکرد. بنەمای پەیمانی شومی جەزائیر و سەرشۆڕی ڕژێمی ئێراق لەو پەیمانەدا کاتێک بوو کە ڕژێم توانای شەڕی لەبەرامبەر بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەدەستدابوو. .
پاش نسکۆ لەگەڵ زۆربەی بنەماڵە پێشمەرگەکان یەک ڕاستە بەرەو باشوری ئێراق و شاری سەماوە ڕاگوێزکرا و لە شاری سەماوە دوبارە چۆتەوە سەر پیشەی ئەندازیاری خۆی لە ئیدارەی محەلی. بەڵام هەردەم لە دەرفەتێک دەگەڕا کە دوبارە بەرەو شاخ بگەڕێتەوە، باوەڕی بەتینی هەبوو کە بۆ وەرگرتنی مافمان هەرگیز لەگەڵ ڕژێمە فاشستەکاندا جگە لە ڕاپەڕین و شۆڕشی چەکداری هیچ چارەیەکی تر نییە.
لە ساڵی ١٩٨٠ دا دووبارە ئەو دەرفەتەی بۆ خوڵقاو لە شەقەی باڵی داو خۆی گەیاندە چیاسەرکەشەکانی کوردستان. لە نسکۆی ساڵی ١٩٧٥ وە لە شەهید فەتاحی برای دابڕابوو، بۆیە بەرەو دیداری ئەو دەکەوێتە ڕێ بەڵام قەدەر ئاوەهایە و تا دەگاتە لای, شەهید فەتاح لە داستانێکی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ جەیشی ئێراقی لە ناوچەی حاجی‌هۆمەران لە بەرواری ١٨/١١/١٩٨٠ شەهیددەکرێت و بەداخەوە بە زیندویی بەدیداری شادنابێت.
پاش ماڵئاوای یەکجارەی لە شەهیدی سەرکردە کاک فەتاحی برامان بەدڵێکی پڕخەمەوە، بەڵام بە باوەڕێکی پوڵایین، دەگەڕێتەوە بۆ زنجیرەچیاکانی سورێن و لەوێ لەگەڵ کۆمەڵە هاوسەنگەرێکی چەکی بەرگریان کردەوە شان و بۆ ڕۆژی ئازادی یەکجارەکی تێدەکۆشان. لەو ڕۆژانەدا لەو چیا سەختەوە لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوسەنگەرەکانی کە زۆربەیان شەهیدبوون پەیمانی بەرگریان نوێکردەوەو لیژنەی ناوچەی چوارتای پارتی دیموکراتی کوردستانیان دامەزراندەوە. کە لە داهاتودا ئەم لیژەنەی ناوچەیە بە یارمەتی هەڤاڵە شەهیدەکانی بووە داینەمۆ و بەردی بناغەی دوبارە نوێکردنەوەی لیژەنەی ناوچەکانی تری وەکو، لیژەنەی ناوچەی سلێمانی، لیژەنەی ناوچەی دوکان، لیژەنەی ناوچەی پێنجوێن... و زۆر تەشکیلاتی حیزبی تر کە بە هۆیانەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەڤەری سلێمانی دوبارە بوژایەوە.
لەو کاتەدا کە توانای سەربازی ئێراق لە گشت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ ڕکابەرو لە ترۆپکی خۆیدابوو. عەبدوڵای برام و هاوڕیکانی بەو شاخە بەردینە ڕەق وتەقەوە لە کۆمەڵێک ژوری بەبەردوقوڕ هەڵچنراو، بە بێ نان و ئاو، بە کۆمەڵێک كڵاشینکۆفی کۆنی ژەنگاویەوە ئاواتی ڕوخانی ڕژێمی دیکتاتۆری ئێراقیان لە ناخی خۆیاندا چەسپاند بوو.

زۆر هەوراز و نشێوی بڕی تەنانەت جارێکیان لە یەکێک لە چالاکیەکانیدا لە ساڵی ١٩٨٢ لە شاخێکی بەرزەوە کەوتەخواری و بەسەختی زامداربوو. ئەو کاتە من هێشتا نەهاتبومە دەرەوە بۆ پێشمەرگایەتی و لەناو شاری سلێمانی نیشتەجێ بووم. بەیانی زۆر زوو بوو کە لەلایەن گوندنشینێکەوە نامەیەکی بچوکی عەبدوڵام پێگەیشت کە زۆر بە ناڕونی و خواروخێچی نوسرابوو: من لە شاخ هەڵدێراوم پێویستم بە دکتۆرهەیەو بەرەو گوندی چاڵەخەزێنە دەچم. لەو کەسەوە زانیم کە عەبدوڵا بە سەختی بریندارە و هەر ئێستا پێویستی بە دکتۆرە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×