سه‌رده‌می وڕێنه‌: من وڕێنه‌ ده‌كه‌م، كه‌واته‌ من هه‌م!

رێبوار سیوەیلی
  2019-03-26     1309
1. شار، له‌ڕاستیدا، وێرای هه‌موو تایبه‌تمه‌ندییه‌كانیتری، شوێنی وڕێنه‌كردنیشه‌، به‌تایبه‌تی له‌ سه‌رده‌می ئێستاماندا، كه‌ میدیاكان و به‌رنامه‌كانی (شۆ) و دنیای تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی، تا دێت ئه‌م ڕه‌هه‌ندی وڕێنه‌كردنه‌ی مرۆڤ، به‌رجه‌سته‌تر ده‌كه‌ن، یان ناچاری ده‌كه‌ن به‌وه‌ی هه‌میشه‌ وڕێنه‌ بكات. له‌ هه‌شتاكاندا، مرۆڤی كورد هه‌رچی گوتبای لای به‌عسییه‌كان وه‌ك وڕێنه‌كردن وابوو. ئێستا سه‌رده‌مه‌كه‌ و مرۆڤه‌كانی به‌ هۆی له‌وچه‌له‌وچی فه‌یسبووكیانه‌ و "چات"و "لایڤ" و "ئینستاگرام" و ته‌نانه‌ت "توێته‌ر"یشه‌وه‌، كه‌ گوایه‌ "پایه‌به‌رزانه"‌تره‌، خۆویستانه‌ خه‌ریكی وڕێنه‌كردنن‌.

2. به‌مجۆره‌ش وڕێنه‌ له‌ كرده‌یه‌كی تاكه‌كه‌سییانه‌وه‌ كه‌ سته‌می لێكراوه‌، كه‌ ناچاركراوه‌ ئه‌وه‌ی پێوسته‌ له‌ ڕۆژدا بیڵێت و چه‌پاندوویه‌تی، ناچار بێت له‌ شه‌ودا بیكاته‌ وڕێنه‌.. یان وڕێنه‌ی شه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژدا دووباره‌ بكاته‌وه‌. به‌مه‌ش، وڕێنه‌كردن ده‌بێته‌ چالاكییه‌كی ڕه‌شۆكیی و هه‌مه‌كیی و ئاپۆره‌یی به‌ربڵاوی هه‌ر ساته‌وه‌ختێكی مرۆڤ،  كه‌ به‌ داوی سته‌مكارییه‌كی شاراوه‌ی بێده‌نگ و گه‌وجێنه‌ره‌وه‌ بووه‌. ئه‌مه‌ لووتكه‌ی زه‌لیلیی مرۆڤی كورده‌، كه‌ قاره‌مانه‌كانی شه‌وانه‌ و ڕۆژانه‌ی ده‌بنه‌ ئه‌و پێشكه‌شكاره‌ گه‌وج و گه‌وجێنه‌رانه‌ی كه‌ له‌ به‌رنامه‌كانی خۆیانه‌وه‌، ده‌سته‌بژێرێك داوه‌ت ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی "چه‌رخی به‌خت" باده‌ن و له‌ ته‌كیا له‌وچه‌وله‌وچ و وڕێنه‌ بكات و به‌هۆی ژماره‌ی سه‌د هه‌زاریی هاووڵاتیانی خۆبه‌خشه‌وه‌ كه‌ "فۆڵه‌وه‌ر"ی لاپه‌ڕه‌كانیانن، چوونی خۆیان بۆ په‌رله‌مان و كورسیی وه‌زاره‌ت دابین بكه‌ن.

3. به‌مجۆره‌ش ئه‌وه‌ گه‌وجێتی و وڕێنه‌كردن و له‌وچه‌ له‌وچه،‌ كه‌ مرۆڤ له‌م سه‌رده‌مه‌دا ده‌گه‌یه‌نێت به‌ ده‌سه‌ڵات، نه‌ك به‌رخۆدان و پرانسیپ و ڕۆشنبیری.. ئه‌وه‌ش گه‌وجبوونی جه‌ماوه‌رییانه‌یه‌ كه‌ قاره‌مانی كارتۆنیی سه‌رشاشه‌كان و كوڕ و كچه‌ قۆزه‌كانی، (به‌ڵام ماكیاژكراو و بۆتۆكسیی و فیڵه‌رییه‌كانی)، لێده‌بێته‌ قاره‌مانی ڕاسته‌قینه، كه‌ شانازیی به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ن فڵان كۆمپانیا "سپۆنسه‌ر"ی جله‌كانی كردووه‌‌!..

4. ئه‌وه‌ش وڕێنه‌كردنه‌ كه‌ ته‌نیا چه‌ند ڕۆژێك دوای له‌ ده‌ستدانی شارێك و ئاواره‌بوونی هه‌زاران دانیشتوانه‌كه‌یی و كوژرانی بێگوناهانه‌ی سه‌دان منداڵ، تۆ له‌ شارێكی دیكه‌ به‌ دیار به‌ندبێژێكی سووكه‌وه‌ هه‌ڵده‌په‌ڕیت و هاوار ده‌كه‌یت: "هه‌موومان عفرینین"! هههه، ئه‌وه‌یه‌ لوتكه‌ی وڕێنه‌كردن، كه‌ جگه‌ له‌ وڕێنه‌ی جه‌ماوه‌ریی و ڕه‌شۆكی، هیچیتر به‌رهه‌م ناهێنێته‌وه‌ و ئه‌مه‌ش ئه‌و واقیعه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ی تێدا ده‌ژین.

5. پیرۆزه‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ له‌ هاوزمانه‌كانم، كه‌ ناهووشیاریی وایكردووه‌ تا بینه‌قاقایان له‌ سته‌مكاریی خۆویستانه‌دا دابڕزێن و له‌جیاتی ئه‌وه‌ی خۆیان له‌ كۆیلایه‌تییه‌ جۆربه‌جۆره‌كان ئازاد بكه‌ن، ئازادانه‌ ده‌بنه‌ كۆیله‌ی خۆویست و خۆبه‌خشانه‌ كۆیله‌.. ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ جه‌ماوه‌ری هه‌ر ده‌سه‌ڵاتێكه‌، بێگانه‌ یان خۆیی، به‌مه‌رجێك وڕێنه‌ی پێ بكات.. 

6. من وڕێنه‌ ده‌كه‌م، كه‌واته‌ هەم .. 
زۆرترین بینراو
قوباد تاڵەبانی: بەگەنجی زۆرجار لێدانم خواردووە وایانزانیوە پاکستانیم
​ئاسایش گرووپێکی داعش دەستگیر دەکات کە سەرجەمیان کوردن
تۆڵەسەندنەوەی ترەمپ لەسعودیە: ئێوە نەتانویست لەگەڵ ئیسرائیل ئاشتی بکەن، ئەمە باجەکەیەتی
مامۆستا عەینەدین مەریوانی، هونەرمەندی هەژاری نەتەوەیەکی بندەست و وڵاتێکی داگیرکراو
مه‌سعود بارزانی: نابێت ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ببێته‌ هۆی تێکچونی پەیوەندیی نێوان کوردو عەرەب
پێشانگای شێوه‌كاران له‌ كۆڵن-ئه‌ڵمانیا به‌ به‌شداری هه‌ژار كه‌لهوڕی، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كاری كورد
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان داوای مانگرتنی گشتی دەکات
وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی هەشتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دا
ئێران وردەکاریی ڕێڕەوە دەریاییە نوێیەکەی گەرووی هورمز دەداتە عێراق و وڵاتانی کەنداو
ده‌سته‌ی راگه‌یاندن و گه‌یاندنی عێراق دوایین مۆڵه‌ت ده‌داته‌ به‌كارهێنه‌رانی سیمكارتی كوڕه‌ك تیلیكۆم
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×