بینەرو دەنگدەرانی ئەمریکا براوەی دیبەیتی کۆتایی ئەمشەوی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بون

قارەمان مەمەند
  2020-10-23     643
دوا دیبەیتی نێوان سەرۆک ترەمپ کاندیدی کۆماریـیەکان و جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی 
 دیبەیتەکە لە زانکۆی بیلمۆنتی شاری ناشڤیلی ولایەتی تێنسی، کە بە پایتەختی کوردان لە ئەمریکا ناسراوە بەڕێوەچوو، پرۆسەکە بۆ ماوەی زیاتر لە ٩٠ خولەک بەردەوام بوو،  نێوەندگیری دیبەیتەکە رۆژنامەڤان کریستن وۆڵکەر بوو. 
ئەو دوگمەی بۆ قسەبڕین و بێدەنگکردنی کاندیدەکان دانرابوو، زۆ ر کاریگەر بوو لە کاتێکدا بەکاریش نەهات. لەگەڵ کۆتاییهاتنی دیبەتەکە نزیکەی پەنجا ملیۆن ئەمریکی دەنگیداوەو پێشبینی دەکرێ  سەد ملیۆن کەس سەیری ئەم دیبەیتەیان کردبێ، بەڵام ئەم شەو بە هۆی کەمترین بەریەککەوتن و قسەپێبڕین، بینەران و دەنگدەران توانیان تا ڕادەیەکی باش گوێیان لە سیاسەت و بەرنامەو گوتاری دوو کاندیدەکە بێ. 
هەرچەندە، دووپاتکرندوەیەکی زۆری هەمان ئەو وەڵامانەبوو، کاندیدەکان پێشووتر و بەردەوام دووپاتیانکردۆتەوە و باسی دەکەن، بۆیە بێ گوێلێبوونی لە پێشێنە لەوانەیە هەندێک لە سەرسوڕمان و گومان و ڕاچڵەکین دروستکردبێ لەلایەن بینەر. بۆنمونە، زمانی ترەمپ هەمان ئەو زمانەیە لە بەرنامەکانی ئێوارانی فۆکس نیوز قسەیپێدەکری، بۆیە بۆ کەسێک کە گوێی لەو بەرنامانە ڕانەگرتبێ، وەک بەرنامەکانی شۆن هانەتی و تەکەرە کارلسۆن و لۆرا ئینگرام،  زۆر ئەستەمە لەو زمانە تێبگا کە ترەمپ قسەی پێدەکرد. هەروەها  ترەمپ، وای نیشاندەدا وەک ئەوەی ئەو سەرۆک نەبێ دژی جۆو بایدن خۆی هەڵبژاردبێ، لە کاتێکدا پرۆسەکە بە پێچەوانەوەیەوە، بایدن دژی ئەو خۆی کاندیدکردووە. 
کۆرۆنا دیسان تەوەرێکی سەرەکی و کاتێکی زۆری دیبەیتەکەی بوو، سەبارەت بە پرسیاری تایبەت بە کۆرۆناو، کاندیدەکان بەم جۆرە وەڵامیان دایەوە. 
ترەمپ، پێیوابوو، ڤاکسین بە زووترین کات بەردەست دەبێ، لەلایەن هێزی سەربازی ئەمریکاوە دابەشدەکرێ بەسەر خەڵکدا، گووتی بەهۆی سەرکەوتن و کارەکانمانەوە تەنانەت لەلایەن چەندین سەرکردەی جیهانەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشیم لێکراوە و کۆرۆنا کۆتایی پێدێ زوو. پلانی تۆکمەمان هەیە و کارەکانمان زۆر باشترە لەوەی ئۆباما و جۆو بایدن کردیان لەبەرەنگاربووونەوەی ئەنفۆلنزای باڵندە، هەرچی بایدن باسی دەکات ئێمە کردوومانە بە زیادەوە. 
ترەمپ، دیگوت، منیش حەزمدەکرد بمتوانیبوایەو بکرابایە چەندین مانگ لەژێر زەمین بوومایەوە خۆمبشاردایەوە، هەروەک جۆو بایدن کردی. من دەبێ خەڵک ببینم و کاربکەم،کۆڕۆنام گرت و چاکبوومەوە. ئەم وڵاتە گەورەیە داناخەین، من و جۆو بایدن هەڵەمان نەکردووە، بەڵکو ئەم ڤایرۆسە هەڵەی وڵاتی چین-ە. دیموکراتەکان هەموو شتێکیان داخست، گەنجەکانمان مەترسییان لەسەرنییە، نابێ ئەم وڵاتە دابخەین، من دەمەوێ قوتابخانەکان و شوێنەکانی بازرگانی بکرێنەوە، خەڵک بێکارن، خۆیان دەکوژن و زۆر دەخۆنەوە و ئاڵودەبوونەو توشی نەخۆشی دەروونی بوونە. سەیری شارە جوانەکەم نیویۆرک بکە چییان لێکردووە، دانانی پارچە پلاستێکێک لەناوەڕاستی چێشتخانەیەکدا کارێکی خراپە بازار دەکوژێ. 
لەبەرامبەردا، جۆو بایدن، گوتی زیاتر لە دووسەد هەزار کەس مردوون و زۆرترین ژمارەی تووشبوومان هەیە لە سەر ئاستی جیهاندا، ئەگەر ماسکمان ببەستایە، قوربانی کەمتر دەبوون، پشگیری ماسک بەستن دەکەم، پشکنینی زیاتر دەکەین، پاڵپشتی کردنەوەی شوێنەکانی خوێندن و بازرگانی دەکەین، لەسەر بنەمای ستانداردی تەندروستی و زانیاری زیاتر ، بەرەو زستانێکی تاریک هەنگاو دەنێین، پێویستیمان بە شەفافیەت و ڕیگای زانستی زیاترە.  
ترەمپ لە سەرەتادا سوپاس و دەستخۆشی لە وڵاتی چین کرد، نەچووە بنج و بنەوانی ڤایرۆسەکە لە وهان، ئێمە ناژین لەگەڵ ئەو ڤایرۆسە بەڵکو دەمرین لەگەڵی، سەیری ماڵەکان بکەن چەند کورسی بەتاڵی ئازیزانمان هەیە خاڵیەو گیانیان سپاردووە بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە. ترەمپ، دەبوایە لەبڕی یاری گۆلف، کارو هەماهەنگی زیاتری لەگەڵ  دیموکراتەکان کردبا بۆ هاریکاری زیاتری خەڵک لەوچرکەساتەدا. 
سەبارەت بە دەست تێوەردانی ڕوسیاو ئێران و چین لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەمریکا
بایدن. ڕونمکردۆتەوە هەر لایەنێک دەستبخاتە هەڵبژاردەنەکانی ئەمریکا ، دەبێ باجی ئەو کارەی بدات، چونکە ئەمە پەیوەستە بەدەستخستنە ناو پرسی سەروەری ئەمریکاوە. نازانم ئەو سەرۆکە- مەبەستی ترەمپ بوو، بۆ ناتوانێ هیچ بڵی بەرامبەر ڕوسیا و پۆتین. 
ترەمپ، گوتی، جۆو بایدن سێ ملیۆن و نیو دۆلاری لە کاربەدەستانی شاری مۆسکۆ وەرگرتووە، من هیچم لە ڕووسەکان وەرنەگرتووە، من توندترین کەسم دژی ڕووسیاو ئەوان دەیانەوێ هەڵبژاردنەکە بدۆڕێنم.
بایدن، من هیچ پارەیەکم وەرنەگرتووە، بەڵکو ئەم سەرۆکە مەبەستی ترەمپ بانک ئەکاونتی هەیە لە چین، هەروەها، بیستو دوو ساڵە من هەموو دۆسیەی باجم ئاشکراکردووە و باجم داوە، سەیری ئەو بکەن تەنانەت یەک دانە ساڵیش باجی نەداوە و ئاشکرای نەکردووە.  چیت شاردۆتەوە کۆمپانیا بیانییەکان و ڕوسیا  وچینییەکان پارەی زۆریان پێداوی... 
سەبارەت بە ئاسایشی نیشتمانی، بەتایبەتی کۆریای باکور، ترەمپ: ئۆباما گوتی گەورەترین مەترسی کۆریای باکورە، لەوانەیە جەنگی ئەتۆمی ڕووبدات. ئێستا پەیوەندییەکی  باشمان هەیە و جەنگ ڕووینەداوە.  
بایدن، گوتی، باکوری کۆریا هەمیشە کێشەیەو دەبێ کۆنترۆل بکرێ، ترەمپ سەرۆکی کۆریا، کە چەتەو پیاوکوژە بە هاوڕێی خۆی دەزانێ. لە کاتێکدا من تەنها بەو مەرجە لەگەڵی دادەنیشتم ئەوکاتەی دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی بێ، ناوچەکە خاڵی بێ لەچەکی ئەتۆمی. 
سەبارەت بە بیمەی تەندروستی، بەکورتی پوختی، ترەمپ دەمەوێ  یاساکەی ئۆباما هەڵبوەشێنمەوە و یاسایەکی جوانتر و باشتر دەربکەین.بایدن، گوتی، پێموایە دابینکردنی بیمەی تەندروستی مافێکە پێویستە بۆ هەموو کەسێک دەستەبەربکرێ.
سەبارەت بەوەی ئەمڕۆ دوانزە ملیۆن کەس بێکارن و هەشت ملیۆن کەس ڕووبەری هەژاری بۆتنەوە. ترەمپ، گوتی ئێمە ئامادەین شتێک بکەین، بەڵام نانسی پیلۆسی نایەوێ هیچ بکات.
سەبارەت بە زیادکردنی کرێی کار
بایدن،ڕایگەیاند، پیێویستە ئەوە بکەین، بەڵام ئەم پیاوە مەبەستی تڕەمپە نایەوێ پارە بدات بە قوتابخانەو و خاوەنکارەکان.
ترەمپ، وەڵامی دایەوە،  هەموو شوێنێک جیاوازە، ئەگەر کرێی کار زیاد بکەین ئەوا خاوەن کارەکان، زۆر بەی کرێکارەکان دەردەکەن. 
سەبارەت بە کۆچبەران لە کاتێکدا تا ئێستا نەتوانراوە نزیکەی ٥٥٠ منداڵ بە دایک و باوکیان شاد ببنەوە لەکۆی زیاتر لە ٢٧٠٠ منداڵ، لە ئەنجامی پیادەکردنی سیاسەتی جیاکردنەوەیان لەدایک و باوکیان لەسەر سنوور.
ترەمپ، ڕایگەیاند،  ئەوانە زۆربەی لە گەڵ دایک و باوکیان نەهاتوون بەڵکو لەگەڵ قاچاخچییەکان هاتوون بۆ ئەمریکا بەکار‌هێنراون بۆ ئەوەی بگەنە ئەمریکا. بایدن، وەڵامی دایەوە، ئەم منداڵانە لەگەڵ دایک و باوکیان هاتوون بۆ ئەمریکا  و لەسەر سنوور لێک جیاکراوەتنەوە و ئەمە ڕەفتارێکی تاوانکارییە بەرامبەر ئەم خێزان ومنداڵانە. ئەمە یەکەم سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکا وا لە خەڵک بکا ئەگەر داوای مافی پەنابەری بکەیت دەبێ لە وڵاتێکی ترەوە داوای  بکەی. 
سەبارەت بە ڕەگەزپەرستی
بایدن، ڕایگەیاند، منداڵێکی ڕەش پێست، هەژار یا دەوڵەمەندبێ، دایک و باوکی پێدەڵین وریابە لە سەر شەقام کڵاو لەسەر مەکە، کاتێک پۆلیس ڕاتدەگرێ، وریابەو گوێڕایەڵی ڕێنماییەکانی بە. گوتی قەت ئەوەم بە کچەکەم-منداڵەکانی- خۆم نەگووتووە ( منداڵەکانی سپێ پێستن). لەو ڕۆژەوەی ترەمپ، خۆی هەڵبژاردووە هێرشی کردۆتە سەر پەنابەر وکۆچبەران، خەڵکی لاتینی و موسڵمانان. 

ترەمپ، لەدوای ئەبراهام لینکۆڵنەوە، من گرینگترین سەرۆکم لە مێژووی ئەمریکا بۆ ڕەشپێستەکان، من ڕیفۆرمم  لە سیستێمی دادوەری تاوانەکاندا و بەندیخانەکان بەدیهێناوە. جۆ لەسالێ ١٩٩٤دا بە دەنگندان بە یاسایەکی سزادان هەزاران ڕەشپێستی خستۆتە زیندانەوە. 
بایدن، لە وەڵامدا،  بەڵی تەواوی کۆنگرێس، دەنگیان بەوە داوە، دەنگدانم هەڵەبوو، ئەو یاسایە تایبەت بوو بە ماددە هۆشبەرەکان، بە تایبەتی ئەو  بەشەی تایبەت بوو بە هیرۆین، بەڵام دواتر لەگەڵ ئۆباما هەوڵماندا ئەو هەڵەیە چابکەیەنەوە، بە ئازادکردنی ٣٨٠٠٠ هەزاران کەس لە بەندیخانەی فیدڕالی. هەوڵدان بۆ جیاکردنەوەی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر، لە تاوان و ئەنجامدەرانی بنیێردرێن بۆ چاکسازی وچارەسەر  لە جیانی بەندیخانە. 
سەبارەت بە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی، گەرمبونی گۆی زەوی و گۆڕانی کەش و هەوای زەوی 
ئەمە بابەتێکە، زۆرترین گفتۆگۆی لەسەرە، ڕای تەواو جیاواز و پێچەوانەیان هەیە، بەکورتی، ترەمپ، پێیوایە، ئەم بابەتە دروستنییە و هەڵبەستراوە، جێبەجێکردنی ڕیکەوتتنامەو یاسا و ڕینمایی و پرۆژەکانی تایبەت بەو پرسە، دەبێتە مایەی زیانی ئابووری و لەدەست دانی هەلی کار لەئەمریکا.
بە پێچەوانەوە، بایدن، پێیوایە، تەواوی گۆی زەوی و مرۆڤایەتی لە مەترسیدایەو پێویستە هەرچی زووە پەلە بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دیاردیەوە، دابینکردنی سەرچاوەی ئەلتەرناتیڤ و پرۆژەکانی  ئەو بوارە، دەرفەتی کاری زیاتر دەڕەخسێنن. 
دواجار، لە ڕۆژی دەنگداندا، دەنگدەرانی ئەمریکا لە هەڵبژاردندا، بڕیاردەدەن، جگە لە بینەرانی ئەمریکا،  کام بەر بژێریش، ترەمپ یاخود بایدن،  براوەی ڕاستەقینەی ئەم دیبەیتەی ئەم شەو بوو. 




زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×