ڕۆژی دونیایی فەلسەفە و قەیرانی داهێنان لە دونیای ئیسلامیدا !

ئەنوەر حەمە عەلی
  2020-11-19     792
سێهەمین پێنجشەممەی هەموو مانگێکی یازدە دیاریکراوە بە ڕۆژی دونیایی فەلسەفە. وشەی فەلسەفە لە وشەی لێکدراوی "فیلۆ سۆفی" یۆنانیەوە داتاشراوە کە واتاکەی "ئەشقی ژیری یان ئەشقی حەکیمی" ئەگەیەنێت. گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بە بێ بنەمایەکی داهێنەرانەی فەلسەفی،  ڕوکەش و فشەڵ ئەبێت. فەیلەسوفەکانی ڕۆشنگەری ئەوروپا، وەک و ڤۆلتێڕ، ڕوسؤ، هوچیسۆن و ئەوانی تر، دوونیای ڕۆژا ئاوایان لە تاریکی دەرهێناو ڕیگەیان بۆ شۆڕشی دیموکراسی ، ئابووری، پیشەسازی و ئازادی تاک خۆشکرد.
خەلیفەی عەباسی ئەل مەئمون، (٧٨٦/٨٣٣ زاینی) خەونی بە فەیلەسوفی یۆنانی بەناوبانگ سوکراتەوە (٣٨٤/ ٣٢٢پێش زاین) بینی و بڕیاری دامەزراندنی بەیت ولحیکەمەتەکانی دا و فەرمانی کرد کە فەلسەفەی یۆنانی کۆن وەربگێرێت بۆ زمانی عەرەبی. لەدوای ئەمەوە، شارستانی ئیسلامی پوژانەوەیەکی گەوەرەی بە خۆیەوە بینی.  زانای گەورەی وەکو، خوارزمی، فارابی، جاحض، ئیبن خەلدوون، ئیسمایل جەزیری، هتد دروست کەرد کە بنچینەی زانستی، ماتماتیک، کیمیا، سۆسیۆلۆجی، ئەندازیارییان بۆ مرۆڤایەتی دامەزراند.  بەغدا بوو بووە سەنتەری زانست و گەشانەوە لە دوونیای ئەو کاتەدا. دوونیای ڕۆژ ئاوا، لەو کاتانەدا، بە چەرخێکی یەکجار دواکەوتوودا تێدەپەڕی کە بە چەرخەتاریکەکان لە مێژووی ئەوروپادا ناسراوە.
دوای چەند سەدەیەک، ئەوروپا دەستی کرد بە ژیانەوە و شارستانی ئیسلامیش وردە وردە خزایە ناو تاریکی و قەیرانێکی داهێنان، کە هەتا ئێستاش بەردەوامە. بەشێکی گرنگی ئەکادیمی و پسپۆڕان، وەک و ئەکادیمیانی فەرەنسا، گرتنی کۆنستانتینۆپۆل (ئەستەمبوڵ) لە لایەن عوسمانییەکانەوە لە ساڵی١٤٥٣ ی زاینی و تێکشکانی ئیمپراتۆری بێزەنتی بە سەرەتای قۆناغی ژیانەوەی شارستانی ڕۆژاوا دا ئەنێن. شكستی بێزەنتیەکان بەشێکی زۆری زانایانی ئەم ئیمپراتۆرەی ئاوارەی یۆنان و ئیتالیا کرد کە سەرچاوەی سەرەکی بەرپاکردنی قۆناغی ژیانەوەی ڕۆژ ئاواییەکان بوون. لە ڕاستیدا، ئەم زانایانە زیاتر میراتگری پاشخانی ئەفراندنی ڕۆژهەلاتییەکان ، یۆنانییەکان و ڕۆمانە کان بوون وەک لە عوسمانییەکان.
 لە بنەما هەرە گرنگەکان کە تایبەمەندی قۆناغی ژیانەوەی شارستانی ڕۆژ ئاوا، نرخدانەوەیە بە گەنجینە و پاشخان و مێژووی هاوبەشی گەلانی ئەوروپا وەهەروەها دروست کردنی ناسنامەیەکی گشتگیری کلتوری و جیۆگرافی بۆ کۆمەڵەگاکانی ڕۆژئاوایە. ‌هەر لەم قۆناغەشدایە کە  ووشەی ئەوروپا وەک و ناسنامە و چوارچێوەیەکی کولتوری، جیۆگرافی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژ ئاواییەکان دروست ئەکرێت. هەر لەم قۆناغەشدایە، کە ئەروپییەکان دەرک بە گرنگی داهێنانەکانی ڕۆژهەڵات و دونیای ئیسلامی ئەکەن و کارەکانیان بۆ زمانی لاتینی وە ئەگێڕن.  ئیتر تێرمی ئەلجەبرا، ئەلگۆریتم ، کیمیا، هتد ،کە زانستەکانی داهێنراو پێشخراوی دوونیای ئیسلامین،  دێتە ناو زاراوەی ڕۆژ ئاواییەکان و ڕۆژئاوا موبادەرەی داهێنان ئەگرێت بە دەستەوە. قۆناغی ژیانەوە یان رێنیسانس ڕێگە بۆ دروستکردنی فەلسەفەی ڕۆشنگەری خۆش ئەکات و  شۆڕشەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و پێشەسازی بەرپا ئەکات لە ڕۆژ ئاوادا.
بە پێچەوانەی ڕۆژ ئاواوە، ڕەنگە بتوانین قۆناغی نێوان گرتنی بەغداد لە لایەن مۆنگۆلەکانەوە لە ساڵی ١٢٥٨ ی زاینی و گرتنی کۆنستەنتینۆپۆل و هەژمونی عوسمانییەکان بە سەردوونیای ئیسلامیدا بەقۆناغی لەدەستدانی موبادەرەی ڕۆژهەلات لە داهێناندا دابنێن.فۆکەسی هەرە گەورەی عوسمانییەکان لە بواری سەربازیدا بوە و ئەو دەزگایانەی کە لە سەردەمی عەباسیەکاندا داهێنانیان بەرهەم ئەهێنا بەتایبەتی بەیت و لحیکمەکان، نەبوژێنرانەوە و ڕزین. لەکاتێکدا کردنەوەی زانکۆ و دەزگای پەروەردەیی پێشکەوتو شارەکانی ئەوروپای ئەتەنی لە قۆناغی ڕینیسانسدا، لە ئیمپراتۆری عوسمانیدا تەنها دارولفنونی ئەستەمبوڵ هەبووە کە جگە لە تیۆلۆژی و دین، زانستی تری تێدا خوێنراوە. بەڵام زانست گەلیک کە بۆ بواری سەربازی کەڵکیان هەبێت، بە تایبەتی پزیشکی و دەریایی. لە ئەروپا، لە ساڵی ١٧٦٩ ی زاینی ، جەیمس وات، ماشینی هەڵمی داهێنا و ئەم ساڵە وەک و سیمبۆل بۆ سەرەتای شۆرشی پیشەسازی لە ڕۆژ ئاوادا دائەنرێت. بەڵام یەکەم دەرسی فیزیای کرداری، نزیکەی یەک سەدە دوای ئەم داهێنانەی جەیمس وات، لە ساڵی ١٨٦٣ی زاینیدا، لە دارولفنونەکەی عوسمانیەکاندا وتراوەتەوە ! عوسمانییەکان وێرانەیەکی لە سترەکچەری زانستی، نمونەی خوێندنگە و زانکۆ و سەنتەری لێکۆڵینەوە، بە میرات بۆ دوونیای ئیسلامی جێهێشت کە هەتا ئێستاش پێوەی ئەناڵێنێ.
ئێستآش دوونیای ئیسلامی پێویستی بە داهێنانی فەلسەفی هەیە، لە سەر بنچینەی کوڵتور و مێژووی خۆی، تا لۆژیک بهێنێەتەوە ناو خوولیای تاکەکانی کۆمەڵگا. تەنها لۆژیک مرۆڤی حەکیم و داهێنەر دروست ئەکات. حەکیم ئەو کەسەیە کە هیچ ناسەلمێنێت . حەکیم ئەو کەسەیە کە بەدوای بیانودا ناگەڕێت بەڵکو بەدوای گریمانەدا ئەگەڕێت. ئەوکەسەیە کە دوای ڕاستی ڕەها ناکەوێت بەڵکو دوای لۆژیک ئەکەوێت. لۆژیک سەلماندن نییە. لۆژیک ڕاستی ڕەها نییە. ڕاستیش پرۆسەی لۆژیک دروست ناکات. گومان ئەم پرۆسەیە دروست ئەکات.
حەکیم ئەو کەسەیە کە لە بەرامبەر گوماندا بۆ ڕاستی ناگەڕێت، بەڵکو بۆ لۆژیک ئەگەڕێت. لۆژیک گریمانەیە. لۆژیک پرۆسەیەکە کە فەزیەلە گەردونییەکان ئەگێڕێتەوە بۆ قوڵایی ئەندێشەی مرۆڤ و بە تام و بەهای گەورەی ئازادی ئاشنائەکاتەوە. گریمانەکان و بەهای دروست هێنانەوە، لە دوونیای ڕاستی ڕەهادا، بێ گیانن بەڵام لە دونیای لۆژیکدا، وەک و ئەرک، ئەبێ ڕێزی گریمانەو بەها هێنانەوەی دروست، بگیرێت.



ڕاستی ڕەها لە بەرمبەر گوماندا ترس، دەبەنگی و ڕق دروست ئەکات. لۆژیک لە بەرامبەر گوماندا ئازایەتی، زانست و خۆشەویستی دروست ئەکات. ڕاستی ڕەها چاخە تاریکە مەنگەکانی بۆ مرۆڤایەتی خولقاند و لۆژیک شۆرشە زانستی، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بۆ بەرپا کرد.

ڕاستی ڕەها زیندان ، کوشتن، سێدارە و کۆیلەیەتی بەرهەم ئەهێنی و لۆژیکیش ئازادی ، دیموکراسی، ژیان و دیگنیتی (ژیانی شەرەف مەندانە) ئەگێڕێتەو بۆ مرۆڤ. لۆژیک دەبەنگمان ناکات، ئەمان بزوێنێ، ڕاستی ڕەها دەبەنگ و مەنگمان ئەکات . دەبەنگی و مەنگی ترس دروست ئەکات، ترسیش ڕق و کینە، رق و کینەش توندوتیژی و توندڕەوی !

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×