موچە ئەرکی سەرەکی حکومەتی هەرێم نییە !

ئەنوەر حەمە عەلی
  2020-06-06     483
ئەمڕۆ مووچە، ووتارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگی هەرێمی کوردستانی بەڕادەیەکی مەترسیدار داگیرکردووە. میدیا، پەرلەمانتار، حکومەت و تەنانەت خۆپیشاندانەکانیش بەشدارن لە زاڵ کردنی ئەم گوتارە بە سەر ناڕەزاییەتییەکان و نائومێدی هاووڵاتییان لە حکومەتی هەرێم. ئەمە مەترسیدارە چونکە کێشەو ئیشی سەرەکی فەرمانڕەوایی لە کوردستان مووچە نییە. مووچە و کورتهێنانی بوجەیی یەک لە دوای یەک، لەم ساڵانەی دواییدا، تەنها دووانن لە دەیان دەرهاویشتەی تری مۆدیلێکی فەرمانڕەوایی کە بە کردار شکستی خواردووە بە دەردی خەڵکی کوردستان ناخوات.
پارەپەیداکردن و مووچە ئەرکی سەرەکی فەرمان ڕەوایی نییە لە وڵاتێکدا. مێژووی ئەم سێ سەد ساڵەی مرۆڤایەتی، دوای تێکشانی سیستمی بەڕێوەبردنی دەرەبەگایەتی لە بەرامبەر سەرمایەداریدا، ئەوە بە ڕوونی ئەسەلمێنێت کە حکومەتەکان دەزگایەکی باش نین بۆ بەرهەم ‌هێنان و نان پەیداکردن.  بەم شێوەیە ناتوانن گەرەنتی ئەو خزمەت گوزاریانە (بە مووچەشەوە) بکەن کە لە فەرمان ڕەوا چاوەڕوان ئەکرێت  و وە بەردوامی بە بوونی خۆیان بدەن. هەموو ئەو دەوڵەتانەی کە ئاوها مۆدیلێکی فەرمانڕەواییان هەبووە لە دواجاردا تێکشکاون و ڕووخاون. لە دواجاردا شۆڕشگێڕەکانیان بوون بە بار ، زیندانیکەرو کوژەریان. بڕوانە مێژووی یەکییەتی سۆڤییەت، یوگوسلافیا و دەوڵەتانی عەرەبی وەکو چەند نمونەیەک.
دەزگای باش بۆ بەرهەم هێنان، پەیداکردنی پارە و زیاد کردنی زەنگینی وڵاتێک، کۆمپانیا و گروپە هەرەوەزییەکانە بەڵام لە چوارچێوەی یاسایەکی دادپەروەر و سەرفرازدا. حکومەتی هەرێم ئەبێ ئیلهام لە حکومەتێکی وەک وهەرێمی باسکی ئیسپانیا وەرگرێت کە تەنانەت لە خراپترین کاتەکانی قەیرانی ئابووری ئیسپانیا، لە ساڵەکانی  ٢٠٠٨ تا ئەم نزیکانە، ئەم هەرێمە لە هەموو هەرێمەکانی تری وڵاتی ئیسپانیا باشتر بەرگەی گرت و کەمترین کەس کاریان لە دەستدا و کەمترین ڕێژەی هەژاریشی لێیە. ىڕوانە گرووپی هەروەزی کۆمپانیاکانی مۆندراگۆن بۆ نموونە [١].
کردنی چاکسازی لە مووچەدا بە پەرەدایگمی ڕزگارکردنی قەیرانی فەرمانڕەوایی لە کوردستان، ڕەنگە یەکێک لەم دوافرسەتانەمان لە دەست بدات بۆ ڕێکخستنەوەی مۆدیلی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان و دروستکردنەوە و بە‌هێز کردنەوەی وابەستەیی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی هەرێمەوە. هەر لە ئێستاوە، نەیارانی هەرێمی کوردستان، قەیرانی مووچە وەک و ئەسپی تەراودە بە کار ئەهێنن بۆ لاواز کردنی زیاتری هەرێمی کوردستان، بەردەوامیدان بەم قەیرانانەی فەرمانڕەوایی لە هەرێـمی کوردستان و دابڕاندنی زیاتری وابەستەیی هاوڵاتیانی هەرێم بەم دەسەڵاتە خۆماڵیییەوە کە چەندین ساڵە خەباتیان بۆ کردووە و و خوێن و سامانێکی زۆریان لە پێناویدا داوە.
ئەرکە سەرەکییەکانی فەرمانڕەوایی دابینکردنی دادپەرەوەری، ئازادی و ئاسیشە بۆ هاووڵاتییەکانی. قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانی فەرمانڕەوایی لە هەرێمی کوردستان (بە قەیرانی مووچەشەوە) دەرئەنجامی شکستی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمە لە بەرامبەر ئەم سێ ئەرکە سەرەکییەی فەرمانڕەوایدا. هەر ئەم شکستەشە کە دەرگای، بە شێوەیەکی بەرچاو، بۆ گەندەڵی، موشتەری گەرایی و بە فیڕۆدانی سامانی گشتی ئابووری و مرۆیی کردۆتەوە لە ناو ئۆرگانە جیاوازەکانی دەوڵەتداریدا، لە زۆربەی دەزگا و کەرتە گشتی و تایبەتییەکانیدا. چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە بە یەکجاری و قەیرانەکانی فەرمانڕەوایی، بە ڕێکخستنەوەی ئەم ئەرکە سەرەکییانەی حکوومەت و دەزگاکانی ئەبێت لە ناو مۆدیلێکی نوێی حکومڕانی. ئامانجەکانی چاکسازی و داواکارییەکانی هاوڵاتیان ئەبێ بۆ ڕێکخسنەوەی ئەم سێ ئەرکەی حكومەت بێ و نەک تەنها بۆ مووچە. لە ڕاستیدا داهاتوی خەڵکی هەرێمی کوردستان،  حکومەتی هەرێم و بەردوامی مووچە پێویستی ڤیتالی بەم ڕێکخستنەوە هەیە لە زووترین کاتدا.
سیاسەت لە کوردستان، هیچ کاتێک ئەوەندەی ئێستا پێویستی بە تێگەیشتن لە فەلسەفەی فەرمانڕەوایی بەرهەم هێنەرو دادپەروەر نییە.  هیچ کاتێک بە قەد ئێستا لێکدانەوەکانی فەیلەسوفی ڕۆشنگەری هۆڵەندی باروچ سپینۆزا، کە لە لایەن زۆرێکەوە بە دامەزرێنەری دیموکراسی مۆدێرن دائەنرێت،  پێویست نین بۆ هەرێمی کوردستان. لە کتێبی" تێزی سیاسی" کە نزیکەی سێ سەد ساڵ لەمەو پێش بڵاوی کردۆتەوە، سپینۆزا ئەنوسێت " فەرمان ڕەواییەک، کە هەڵسوڕانی بەندە لە سەر وەفا و دڵسۆزی تەنها چەند کەسانێک وکە لە ڕاپەڕاندنی کارەکانیدا تەنها پێویستی بە وەیە کە  کە ئەم کەسانە وەفاداری بن، هەرگیز جێگیری بە خۆیەوە نابینێت. بۆ ئەوەی جێگیر و بەردەوام بێت، ئەبێت ئۆرگانەکانی فەرمانڕەوایی بە شێوەیەک ڕیک بخات کە ئەوانەی دەسەڵاتی گشتی بە ڕێوە ئەبەن بە ئەقڵانی کار بکەن نەک بە سۆز. بەشێوەیەک ڕێکیان بخات کە ڕێگربێ لەوەی کە ئەوانەی بەڕێوەی ئەبەن، کاری نادڵسۆزانە، بە پێچەوانەی بەرژەوەندیە گشتییەکانی هاوڵاتییانەوە ئەنجام بدەن. بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئاسایشی خودی دەوڵەت یان هەرهۆیەکی تری ناوەکی ئەم کەسانە، ئەبێت بسەلمێنرێت کە ئەم کەسانە بەڕاستی بەم شێوەیە و بە باشی کارەکانی دەوڵەت بە ڕێوە ئەبەن. فەزیلەی فەرمانڕەوایی لەجێگیری و بەردەوامییەتیدایە"
 لەبەر ڕۆشنایی ئەم سەرنجەی سپینۆزادا و ئەو قەیرانە یەک لەدوای یەکانەی حکومەتی هەرێم، ئەبێ مۆدیلی حکومڕانی لە کوردستاندا ڕێک بخرێتەوە بە شێوەیەک کە دەسەڵات بتوانێ سێ ئەرکە سەرکییەکەی کە دادپەروەری، ئازادی و ئاسایشە، جێبەجێ بکات. ئەمەش بەبێ دابڕاندنی حکومەت لەمیژووی سیاسی ٢٩ ساڵی ڕابوردوو مەحاڵە بکرێت. ئەمە پێویستی بە دیبەتێكی نیشتمانی کاریگەر هەیە، بە دۆزینەوە و سود وەرگرتن لە سەروەتی مرۆیی خەڵکی کوردستان بە دەرلە سۆزی حیزبی و بنەماڵەیی یان ئایدۆلۆژی. هەر لە هەمان کتێبیدا، سپینۆزا ئەڵێت : هێچ دەسەڵاتێک لەو دەسەڵاتە توندو تیژترنییە، کە ڕێگرە لەوەی کە هاوڵاتییەک کە نیەتی باشەو توانای هەیە، بەشدار بێت لە ڕێکخستن و ئیدارەدانی دەزگاکانی گشتی فەرمانڕەوایی.
زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×