سەردانێک بۆ وڵاتی کوردان لە ساڵی 2015

مەحمود چاوش
  2021-01-15     1339
پێش چەند ساڵێک هاوکارێکی عەرەبم پێی وتم: دەزانیت سیفەتی ئێمەی عەرەب لە سیفەتی چ باڵندەیەک دەچێت؟ منیش وتم نازانم، بۆچی و مەبەستت لە چییە؟ وتی ئێستا بۆتی ڕوون دەکەمەوە. ئەو هاوکارەم وتی: "عەرەب لە سیفەتدا لە باڵندەی کوکوختی دەچێت". جارێکی تر وتم، من لە تۆ تێناگەم، مەبەستت چییە؟ وتی: "کوکوختی تەنیا باڵندەیەکە کە دەچێتە سەر هێلانەی باڵندەیەکی تر و تەنانەت هێلکەکانیشی دەکات بە هی خۆی."
لە پاش قەتڵوعامی موسڵ و ناوچەکانی شنگاڵ و کۆبانێ، زیاتر لە مەبەستی ئەو هاوکارەم تێگەیشتم، کە زۆرینەی ناوچەکە بۆتە شوێنی ژیانی عەرەبی کوکوختی. لەم چەند ساڵەی ڕابوردوودا لە خەونیشمدا بمدییایە باوەڕم نەدەکرد، کە لە کوردستانی ئازاد و سەربەخۆدا، "عەرەبی برا و هاونیشتمان" بەم چەشنە و شێوازە لە کوردستانی نیشتمانی کوردان مامەڵە لەگەڵ کوردی خانەخوێ بکەن! لەم وڵاتەدا عەرەبی شۆڤێنی و ڕق لە کورد تا چەند ساڵ لەوەوبەر ئەم نیشتمانەیان وێران دەکرد، خەڵکیان ئەنفال دەکرد، هەولی جینۆساید و قڕکردنی کوردیان دەدا، هەمان عەرەب هەمێستاش لە کوردستان خۆی بە براگەورە دەزانێت و هەڵسوکەوتی تێدا دەکات.
لە شاری سلێمانی و هەولێر عەرەبەکان بە ئێمەی کورد دەڵێن: "کاکە إحچی بلعربی"( کاکە بە عەرەبی بئاخفە). من لە هیچ کولتورێکی جیهاندا نەمبیستووە میوان بە خاوەن ماڵ بڵێت بە زمانی من بئاخفە! ئەمە ئەگەر ئەو سیفەتەی کوکوختی نەبێت ئەی چییە؟ عەرەبە ئاوارە و میوانەکانمان لە کوردستان بێزیان نایەت بە زمانی کوردی بئاخفن، ئێستاش خۆیان بە برا گەورە و ئێمەش بە سووک و برا بچکۆلە دەزانن.
لە شاری هەولێر و لە گەڕەکی عەنکاوە دەبێت کاتژمێرێک بگەڕێیت، تاکو کوردێک دەدۆزیتەوە! ئەگەر کەسێکیش بە زبانی کوردی قسە بکات، ئەوا بە سەرسوڕمانێکەوە سەیری دەکەن و دەڵین "ئێمە لە زمانی کوردی تێناگەین، إحچی بلعربی".
من پێم زۆر سەیرە کەسێکی کورد بێت بۆ شاری بەرلین و بە خەڵکی ئەو شارە بڵێت "بە کوردی قسەم لەگەڵدا بکەن، چونکە من ئەڵمانی نازانم". کورد دەڵێت: "نازانم ڕەحەتی گیانە"، منیش دەڵێم نەزانینی زمانی کوردی عەرەبەکانی لای ئێمە لە جەهالەت و خۆبەگەورەزانینەوە دێت و قسورەکەشی لە ئێمەوەیە، چونکە ئێمەی کورد تاکو ئێستاش لە وڵاتی خۆمان، خۆ بە برا بچکۆلەی عەڕەب دەزانین. فەرمانبەرانی کورد تاکو ئێستا بە شێوەیەکی کۆنکرێت بیریان لەوە نەکردۆتەوە، کە پلان و بەرنامەیان بۆ خۆگونجاندنی خەڵکانی عەرەب لە کوردستان هەبێت، بە پێچەوانەوە کورد دەبێت لە وڵاتەکەی خۆیدا خۆی لە گەڵ عەڕەب ڕابهێنێت! بۆ خەڵک و کاربەدەستان لایەنی ئابوریی و پووڵ و پارەهێنان و پارەبردنی عەرەبەکانی باشور و ناوەندی عێراق بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان گرنگە، نەک زمان و تێکدانی سیما نەتەوەیییەکان و سەروەری قانوون و خۆگونجاندنی میوان لەگەڵ نۆرمەکانی کۆمەڵگەدا! بۆیە زمانی کوردی بەلایانەوە گرنگ نییە و ئەوانیش بە عەرەبی لەگەڵ براگەورەکانی خۆیان دەدوێن. بەم فەلسەفەی براگەورە و برابچوکییە خەڵکانیان ئاواژە کردووە و کوردنشینانی کوردستانیان لای عەرەب سووک و چرووک کردووە.
فەرمانبەرانی کوردستان تاکو ئێستا بیریان لەوە نەکردۆتەوە، کۆرسی زمانی کوردی بۆ عەرەبە ئاوارە و میوانەکان بکەنەوە! زەوی و ماڵ و موڵکی کوردەکان بە عەرەبەکان دەفرۆشن، تەنانەت بە تاپۆی ڕەشیش. لە ئوتێلە لوکسۆسەکاندا عەرەبەکان بەڕێوەبەری و ئۆرگانیزەکردنی ئوتێلەکانیان بەدەستە و کوردەکانیش پاککردنەوە و چێشتلێنان و خزماتکاری ئەوانەیان وەئەستۆ گرتووە! زۆربەی ئوتێلە گەورە و بەناوبانگەکانی هەولێر لەژێر دەستی عەرەبەکاندا بەڕێوە دەبرێن. ئەگەر بە کوردیش قسەیان لەگەڵدا بکەیت، بە عەرەبی وەڵامت دەدەنەوە، چونکە لە وڵاتی کوردان پێویستیان بە زمانی هاوڵاتییە کوردەکان نییە، "خۆ هەموو کورد زمانی عەرەبی دەزانن"، ئیتر بۆچی بە زمانی کوردی قسەبکەن!
ئەمە باری ئێستای کوردستانە و بە بڕوای من مەترسییەکی گەورە لەسەر ئایندەی کوردستان هەیە، ئەگەر لە ئێستاوە سنوورێک بۆ ئەم خۆبەساحێبماڵ زانینە دانەنرێت.
غەمساردی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە، بە بیروبۆچونی من، خەتەرە و گیروگرفتی ترسناک بۆ پاشەڕۆژی کوردستان دروست دەکات، بۆیە دەبێت ئێستا و هەر لەم ساتە وەختەدا بیرێکی قوڵ لەم دیاردەیە بکەینەوە. هەڵهاتنی خەڵکی باشور و ناوەڕاستی عێراق بۆ ناوچە کوردییەکانی کوردستان، دەبێت بە پێوەرێکی سنووردراو دەستنیشان بکرێت. ئەو کەسانەی دێنە کوردستانەوە، پێویستە زمانی کوردی فێر ببن و ئاوێتەی کولتوری کوردی بکرێن، ئەمەش بەهۆی کۆرسەکانی زمانەوە، کە لە هەموو جیهاندا پڕاکتیزە دەکرێت، ئەویش بەبێ جیاوازی، جا ئاوارە بن یان کاسبکار.
جێگەی داخە، کە تاکو ئێستا کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان غەمساردانە کار لەم بوارەدا دەکەن. عەرەبەکان ئێستاش خاکی کوردستان بە ماڵ و خاکی خۆیان دەزانن، ئەمەش لە کاتێکدا کە شەڕی گروپی داعش سەروبەرۆکی گرتوون.
ئەی ئەگەر ئەم شەڕە کۆتایی بێت، دەبێت چی بە کوردستان بکەن!؟ ئێمەی کورد هیچ ساتەوەختێک بێڕێزیمان بەرانبەر میوان نەکردووە، بەڵام گیروگرفتەکە لەوەدایە، کە ئەم عەرەبانە خۆیان بە میوان نازانن، بەڵکو بە خاوەن ماڵ و هیچ ڕێزێک بەرانبەر خەڵکی کوردستان پێشان نادەن.
ئێمە لە کوردستانیشدا پەستانی ئەوەمان لەسەر دەکەن، لەگەڵ ئەواندا بە زمانی عەرەبی بئاخفێین! ئایا ئێمە دەتوانین لە شارە عەرەبنشینەکاندا بە کوردی لەگەڵیاندا بدوێین؟! بێگومان نا. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە بۆچی ئەوان لە کوردستان بە کوردی نائاخافن؟؟ ئەمە دیاردەی ئەو کارەساتە کولتوری و جوغرافییەیە، کە عەرەبی وڵاتی ئێمە پڕاکتیزەی دەکات و کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش غەمساردانە چاوی لێ دەپۆشن. من ئێستاش تێناگەم بۆچی کورد تاکو ئێستاش خۆی بە برابچوک و سووک سەیر دەکات، بەتایبەتی بەرانبەر عەرەب!
ڕەنگە هەندێ کەسانی کۆسمۆپۆلیت و جیهانبین ڕەخنە لەم چەند دێڕە بەوە بگرن، کە عەرەبەکانیش هاونیشتمانی عێراقن و مافی خۆیانە سەردانی کوردستان بکەن، یان گەشتی تێدا بکەن. قسەکانی من دژی کەسانێکی عەرەب نین کە دێنە کوردستان و ڕێز لە کولتور و مێژووی ناوچەکە دەگرن، بەڵکو مەبەست لێرەدا ئەو کەسانەن، کە تاکو ئەم سەدەیە، لە تەم و مژی سەردەمانی جاهیلی تێناپەڕن و بە هزر و عەقڵیەتی ئەو سەردەمە مامەڵە لەگەڵ کولتور و مرۆڤەکاندا دەکەن. ئێمەی کورد میواندۆست و شیرینزمان مامەڵە لەگەڵ کەسانی بێگانە و میوان دەکەین،  بەڵام کوردیش دەڵێت، "ئەگەر شیرین بووم، مەمخۆ"!
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×