بۆ عەلی حەمەساڵح‌و حاجی كاروان، واز لەزمانی تەختە بهێنن‌و داوای لێبوردن لەخەڵكی سلێمانی بكەن

كۆراڵ نوری
  2021-04-25     1615
رووداوی سەماكردنەكەی دوو گەنج لەشەقامی سالمی شاری سلێمانی كاردانەوەی زۆر توندی بەدوای خۆیدا هێنا بەتایبەتی كە دوو پەرلەمانتار لەسۆشیاڵ میدیا خۆیان كرد بەخاوەنی پرسەكە، پاشان ئیسلامی سیاسی تەبەنی كرد. 
پرسیارە گوماناویە تەقلیدیەكان لێرەدا زۆرن: بۆ لەم كاتەدا ئەمە رویداو چ دەستێكی لەپشتەوەیە؟ ‌ئامانج لەمە چیە؟ لە بەرژەوەندی كێیە ؟.ئایا سیناریۆیە ؟ كێ‌ دایڕشتوە‌و بۆچی؟...هتد. 
لە راستیدا ئەم پرسیارانە هیچی  گرنگ نیە ونابێتە جێگەی تێڕامان، روداوی سەماكردنەكەش جگە لە دەربڕینی ئازادی مرۆڤەكان‌و خۆشەویستی بۆ ژیان هیچی دی نیە،  تەنانەت شایەنی قسەلەسەركردنیش نەبوو تا ئەو كاتەی دوو پەرلەمانتار بە كۆمێنتی ژەهراوی‌و بابەتەكەیان جوڵاند  بە ئاراستەیەكی دیكە"لغرض فی نفس یعقوب".
بنەمای كێشەكە ئەوەیە، لە كوردستاندا هەندێ‌ كەس یان لە ناوەرۆكی كارو پیشەكانیان تێنەگەیشتون، یاخود پلەو پۆستەكانیان بەكاردەهێنن بۆ مەبەست‌و مەرامی دیكە. 
ئەركی ئێوەی پەرلەمانتار دەركردنی یاسا‌و پێدانی‌و لێسەندنەوەی متمانەیە لەحكومەت‌و چاودێریكردنی، كاتێك حكومەت كەمتەرخەم دەبێت لەئەنجامدانی ئەركەكانی بەرامبەر هاوڵاتیان. ئەو كات پێویستە ئێوە لێپرسینەوە بكەن، سەرۆك وەزیران‌و وەزیرەكان بانگ بكەنە هۆڵی پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە‌و سزادان، نەك بۆ میوانداری‌و شەكراو خواردنەوە‌و پاشتێلانە، ئەمە سنوری كاری ئێوەیە، نەك هێرشكردنە سەر ماف‌و ئازادیەكانی خەڵك.
ئێوە حكومەتێكی تا بیناقاقا گەندەڵتان هەیە، حیزبی گەندەڵ‌و مافیا پێكیهێناوە، رۆژانە بەئاشكرا دزی لەخەڵك دەكەن بەناوی كۆمپانیای حیزب‌و بنەماڵە، ئێوە چیتان كردوە بۆ رێگەگرتن لەو گەندەڵیانە؟  رۆژانە دەرمان‌و خواردەمەنی ئیكسپایەر دێتە هەرێمی كوردستان لەرێگەی كۆمپانیاكانی حیزب‌و كەسە باڵادەستەكانی حیزبەوە، ئێوە چیتان كردوە بۆ بەسزاگەیاندنی ئەمانە؟ كام بەرپرستان دایە دادگا؟ 
نەوتی كوردستان هەراج كراو‌و دەكرێت ئێوە توانیتان ئاشتی هەورامی بدەنە دادگا؟ تەنانەت توانیتان بەلایەنی كەمەوە جانتای پڕ دۆكیومێنتی دەستی لێوەربگرن پێش كۆتایهاتنی ڕاژەكەی؟  رۆژانە بەناو مۆدێلەكان پارەی بەرپرسان سپیدەكەنەوە، توانیتان شتێك بكەن؟ ئەوەتا خەڵك كێشەی لەگەڵ لێبرینی موچە هەیە بە رێژەی 21% ئێوە توانیتان بە یاسا رێگری لەو لێبڕینە بكەن؟ 
تا ئێستا ئێوە‌و هاوپیشەكانتان جورئەتی ئەوەتان كردوە متمانە لەوەزیرێك بسەننەوە‌و بیدەنە دادگا لەسەر گەندەڵی؟ ئەی توانیتان هیچ شتێك بۆ ئەو رۆژنامەنوس‌و چالاكوانانەی بكەن كە بەم دواییانە لەبادینان بەناهەق زیندانی كران‌و حوكم دران؟ توانیتان لەسەر ئەو دۆسێیە سەرۆك وەزیران بهێننە هۆڵی پەرلەمان‌و لەسەر دەستوەردانی لەكاروباری دادگادا متمانەی لێوەربگرنەوە‌و هەموو شكستەكانی دیكەی روبەروو بكەنەوە؟ نەخیر نەك ناتوانن بەڵكو ناشوێرن. 
ئێوەی پەرلەمانتار لەئاست دەسەڵاتدا كۆیلەن هیچتان پیناكرێت جگە لەقسە‌و بۆڵەبۆڵی ناو میدیا‌و سۆشیاڵ میدیا، بەڵام شەڕەنگێزانە پەلاماری ئازادیەكانی خەڵك دەدەن... ئاخر بە چ یاسا‌و رێسایەك رێگە بە خۆتان دەدەن ماف‌و ئازادیەكانی خەڵك لەژێر ناوی پاراستنی هەستی ئاینی زەوتبكەن لە كاتێكدا ئێوە بەدەنگی ئەو خەڵكە بون بە پەرلەمانتار. 
رۆی شەمەی رابردوو، توركیا هێزی كۆماندۆسی هێنایە خاكی كوردستان، ئایا ئەمە بۆ هەستی نەتەوایەتیتان ئیستیفزاز ناكات بەوشەیەكیش ئیدانەی ئەو رەفتارە بكەن‌و نارەزایی دەرببڕن؟ ئەی بۆ خەڵكتان كۆنەكردەوە‌و بچنە سەر سنور دژی سوپای ئەردۆگانی فاشست‌و نوێژی تەراویح بكەن؟ ئەی بۆ لەشارەكانی كوردستان خۆپیشاندان سازناكەن لەدژی داگیركاری توركیا؟ 
هەفتەی یەكەمی مانگی رەمەزان چەندین ژن بەناحەق كوژران ئەی ئەو روداوە جەرگبڕانە بۆ هەستی مرۆیی‌و ئاینی ئیوەی نەجوڵان‌و لەپەرلمان بیكەنە هەڵا‌و یاسای كۆنكریتی بۆ پارێزگاری لە ژنان دەربكەن. خۆ ئەگەر ئەوە خۆتان بن‌و  دوو شەقتان تێهەڵبدرێت هەموو دونیا‌و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ‌و جیهان تێدەگەینن‌و دەبێت ببنە سەردێری میدیا‌و سۆشیاڵ میدیا، بەڵام لە ئاست ژناندا‌و لە ئاست نەتەوە‌و خاكەكەتاندا نەعامە ئاسا بێدەنگ دەبن.
ئێوە بۆ دژی سەماكردنی دوو گەنجن‌و بەئیستفزاز كردن‌و دژایەتی ئاینی دەزانن لەكاتێكدا ئەو كەسانەی لەو شوێنەدابوون بەپێچەوانەوە دڵخۆش‌و سەرسامبوون، تەنانەت پاش كۆتاییهاتنی نمایشەكە هەموو موسڵمانان بەچەپڵەلێدان بۆ سەماكاران دڵخۆشی خۆیان دەربڕی. كاك عەلی ئەگەر تۆ ئیستفزاز بویت، لەراستیدا ئەوە كێشەی خۆتە، بەڵام بۆت نیە گشتاندنی بۆ بكەیت‌و خەڵك بەلادەر لەقەڵەم بدەیت‌و بڵێت برۆ بۆ ماڵەوە، ئەوە خەڵكە دەتوانێت بە تۆ بڵێت برۆ بۆ ماڵەوە. 
كاك عەلی، تۆ پەرلەمانتاری لەسەر لیستی گۆران، چۆن لەخەتی بزوتنەوەكەو سەركردەی دامەزرێنەری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا لادەدەیت. من لێت دەپرسم:
چ رۆژێك بزوتنەوەی گۆران‌و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا گوتاریان دژی ماف‌و ئازادیەكانی خەڵكی كوردستان هەبوە؟ چ رۆژێك نەوشیروان مستەفا ئاینی بەكارهێناوە بۆ بەرژەوەندی خۆی‌و حیزب؟ 
چ رۆژێك بزوتنەوەی گۆران وتارێكی هەبوە كە بچێتە خانەی دەستوەردان لە كاری هونەری‌و تێكەڵكردنی بەكاری حیزبی؟  چ رۆژێك بزوتنەوەی گۆران وتاری دوبەرەكی‌و ئاژاوەنانەوەی هەبوە بۆ تێكدانی شیرازەی كۆمەڵایەتی خەڵكی كوردستان؟ 
ئاخر لەكوێی سسیستەمە سیاسیەكانی ئەم دنیایەدا هەبوە‌و هەیە پەرلەمانتار دەستدرێژی بكاتە سەر ماف‌و ئازادیەكانی خەڵك بەبیانوی ئاینپارێزی‌و بەخەڵك بڵی برۆ بۆ ماڵەوە.. ئەی لەكوێی دنیادا هەیە پەرلەمانتار دوو كاری هەبێت مەگەر پەرلەمانتارە فەیسبوكیەكانی كوردستان، پەرلەمانتارە، وتاربێژی ئاینیە، داعیەیە، چالاكوانی فەیسبوك‌و سۆشیال میدیایە؟ 
 ئەم كارەی ئێوە كردتان بەهیچ شێوەیەك لەحیزب‌و پەرلەمانەكانی دونیادا نەك مایەی قبوڵكردن نیە بەڵكو لێپرسینەوەشی لەسەرە چ لەسەر ئاستی حزبی‌و چ لەسەر ئاستی پەرلەمانی، لەبەرئەوە هاندانە بۆ دوبەرەكی‌و توندوتیژی بەڵام ئیتر پەرلەمانەكەی ئێمە بوە بە"دوكانەكەی بەكر‌و دوو قاڵب سابون". 
ئێوەی پەرلەمانتار لەخەمی ئایندا مەبن، خودا پێویستی بەپاسەوان‌و بەدیگارد‌و حەسحەس نیە، هەروەها وەكالەتی بۆ هیچ كەسیش نەكردوەتەوە لەسەر زەوی بۆ ئەوەی بەناوی بەرگری لەخودا دەستدرێژی بكاتە سەر ماف‌و ئازادیەكانی خەڵك. لەقورئانی پیرۆزیشدا هاتوە: " انا انزلنا الذكر وانا له لحافظون". واتە ئەوە ئەرك‌و مافی خودایە، یان ئێوە دەتانەوێت دەستوەردان لەكاری خوداشدا بكەن؟!
بەرێزان بڕۆن داوای لێبوردن لەخەڵكی سلێمانی بكەن، كە لەسایەی دەنگی ئەواندا ئێوە بونە پەرلەمانتار، بڕۆن داوای لێبوردن لەخەڵك بكەن چونكە لەسایەی دەنگی ئەواندا ئێوە بەخشگوزەرانی دەژین، برۆن داوای لێبوردن لەخەڵكی سلێمانی بكەن كە لەسایەی دەنگی ئەواندا منداڵەكانتان لەخوێندنگەی تایبەت دەخوێنن‌و ژیانێكی زیاتر لەشایستە دەژین، هێشتا كات ماوە بڕۆن داوای لێبوردن لەخەڵكی سلێمانی بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×