یەکێتیی، خۆی نوێ دەکاتەوە یان لە هەمان بازنەدا دەخولێتەوە؟

جەواد سەعید
  2021-07-11     1169
ئەگەرچی ژیانی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان پڕە لە ململانێی و ئینشیقاق، هیچ کۆنگرەیەکی بێ کێشەو تەکتول بەڕێنەکردووە، بەشێکی زۆریش لە کێشەکان جیاوازی فکرو فەلسەفەی سیاسی لە پشتەوە بوون. لە کۆنفرانسەکانی کۆمەڵەو کۆنگرەکانی یەکێتیی کادری بەتوانا و نەوعی بەشدارییان تێدا دەکردو گفتوگۆی جدیش لەسەر کۆی تەوەرەکان دەکرا، گەرچی دەردەکانی یەکێتییان پێ چارەسەر نەدەکرا بەڵام بەهێشتنەوەی هەیبەت و براندی خۆیەوە کۆنگرەی ئەنجامدەدا.
کۆنگرەی چوار، کۆنگرەی بێ مامجەلام (روحی شاد بێت)، کۆنگرەیەک بوو هیچ پرنسیپ و بنەماکانی کۆنگرەی تێدا بەدینەکرا، تاکە کۆنگرەش بوو لە مێژوی یەکێتییدا بەبێ گفتوگۆ تێپەڕێت و پارسەنگی هێز ئاوا بە ڕەهایی بەلای لایەکدا بشکێتەوە. بەشی زۆری ئەندامانی کۆنگرەی چوار نەک هەر بێ تەجروبە بوون ئینتیمای نیشتیمانی و حزبییان لە دەستدا بوو، هەندێکیان لە بازاڕی کڕینی ویژدانەوە هێندرابوون. بەشی زۆریان تەنیا ڕستەیەکیان دەزانی یەکێیتی نوێ دەکەینەوەو پڕۆ پارتییەکان دەردەکەین، بێ ئەوەی بزانن میکانیزمی نوێبونەوەی حزب چۆن و چییە، بۆیە ئەو سەرکردایەتییەیان پێکهێنا کە لەماوەی هەژدە مانگدا جگە لە زیادکردنی موچەی خۆیان پەنجەیان لەسەر برینێکی یەکێتیی دانەنا وشەیەکیشیان لەسەر سیستەمی حوکمڕانی و ژیانی حزبایەتی و گوزەزەرانی خەڵک باسنەکرد. ئەوکات پێچەوانەی هەڤاڵەکانم پێموابوو ئەم کۆنگرەیە ئایندەی یەکێتیی و کوردستان بەرەو دۆخێکی مەترسیدار دەبات، برینەکانی جەستەی کورد دەکولێنێتەوە و کێشەکانی یەکێتییش زیاتر دەبن.
یەکێک لە دروشمەکانی پێش کۆنگرەو پاش کۆنگرە، دژایەتی پارتیی بوو، وەکو ئەوەی پارتیی ڕێگر بێت لەبەردەم گەشەی یەکێتیی، ئاخر چۆن دژایەتی پارتیی بە هەمان کەرەستەی پارتیی دەکرێ؟ بۆچی لەبری دروشمی دژایەتی، دروشمی ئازادی و دیموکراسی و خزمەت نەبێت؟ ئەم دروشمە ڕەنگە تەنیا لەناو میللەتانی دوواکەوتوو و پڕلە کێشە مابێت! دەنا چۆن حزبی سیاسی لە ڕێگای خوێنڕشتنەوە گەشە دەکات؟ حزبی سیاسی لە ڕێگای ململانێی تەندروست و پلان و پڕۆژەی خزمەتگوزاریەوە گەشە نەک داهێنانی ڕق، لە ڕێگای دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگا گەشە دەکات نە لە ڕێگای دروشمی ڕووت، لەڕێگای باشکردنی سیستەمی پەروەردەو تەندروستی گەشە دەکات نەک دواکەوتویی و کۆیلایەتی، بۆیە ململانێ لەگەڵ پارتییدا تەنیا بەدابینکردنی خزمەتگوزاری باشترو دروستکردنی کۆمەڵگایەکی خۆشگوزەران و یەکسان دەکرێت.
گەورەترین هەڵەی یەکێتیی لە کۆنگرەی چواردا داهێنانی سیستەمی هاوسەرۆکی و هەڵبژاردنی ئەو سەرکردایەتییەو ئەو زۆری و بۆریە بوو، سروشتی دوو سەرۆک لەدواجاردا دوو ئاراستەی جیای لێدەکەوێتەوە، سەرکردایەتییەکی زۆرو بۆر هەر ئەوە ئەنجامەکەی دەبێت کە بینیمان. لە هەمووی سەیرتر ئەوە بوو کە هەندێکیان دەیانوت ( لەسەر ڕێبازی مام بەردەوام دەبین) بێ ئەوەی نە وشەیەک لە (مامجەلال)وە فێربوبن و نە بزانن ڕێبازی مام چییە. مام بەدرێژایی ژیانی سیاسی عەیبەیەکی شەخسی هاوڕێکانی بڵاونەکردەوە کەچی ئەمانە لە ڕێگای هەڕەشەو بڵاوکردنەوەی شتی شەخسی هاوڕێکانیانەوە سەرکەوتن، مام هەمیشە دەیگوت تا کوردێک مابێت کەرکوک خاکی کوردە و کوردستانییە کەچی ئەمانە دەڵێن خۆ کەرکوک کوردستانی نییە، مام کەشێکی ئارامی لە کوردستان دروستکردبوو کەچی ئەوانە ئەوەشیان تێکدا!!
مام هەمیشە بەوەفا بوو لەگەڵ هاوڕێکانیدا، هەرگیز هاوڕێ تێکۆشەرەکانی پەراوێز نەدەخست، سەرباری هەموو ناکۆکییەکان، لەگەڵیاندا هەڵی دەکردو بەرپرسیاریەتی پێدەسپاردن، کەچی ئەمانە هەموو هاوڕێ تێکۆشەرەکانی مامیان وەلا ناو یەکێتییان داماڵی لە تێکۆشەرەکان. ئەمانە هەموو جولەی ناسیاسی و بەهەند وەرنەگرتنی واقیعی ناو یەکێتیی و کوردستان بوو.
ئەگەر ئەم سەرکردایەتییەی بەرهەمی کۆنگرەی چوار دۆخی ناو خۆی یەکێتیان باشبکردابایە، ئەمنییەتی سلێمانیان باشتر بکردابایە کە چەقی هێزی ئەوانە، عەدالەتی و دیموکراسییان بۆ ناو حزب دەستەبەر بکردایە و هاوسەنگییان لەگەڵ تێکۆشەرەکان دروستبکردایە ئەوا ئەوەی ٨ی ئەم مانگە ڕوویدا، ڕووی نەدەدا.
لەدوای کۆنگرە، بێسەروبەری و قاچاغچییەتی لە سلێمانی ڕووی لە هەڵکشان کرد بەجۆرێک کە تیمی یەکێتیی لە حکومەت ئیحراج کردبوو، تاکار گەیشە ئەوەی کوڕە بچوکی مامجەلال لە یادی باوکیدا، وتی باوکە گیان دۆخی کوردستان زۆر خراپە، دزو قاچاغچییەکان ناڵێن چاکسازی بکەین. پرسیارە جدییەکە ئەوەیە ئایا لە ئێستادا کوڕانی مام هاوسەنگی لەگەڵ جەمسەرەکانی ناو یەکێتیی دروستدەکەن، خەڵکانی دڵسۆزو پاک و بەتوانا لە ناو حزب و حوکمڕانیدا بەشداری پێدەکەن، خەڵکە تێکۆشەرو بە تەجروبەکان دهێننەوە ناو کایەی سیاسی، چاکسازی و پاکسازی لە حزب و حکومەتدا دەکەن و ژیان و گوزەرانی خەڵک خۆش دەکەن یان هەمان سیناریۆی پێشتر دووبارە دەکەنەوە و لە هەمان بازنەی پڕ لە کێشە دوخولێتەوە؟
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×