پڕۆژەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی

جەواد سەعید
  2020-11-13     520

بەڕێز ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
بابەت/ پڕۆژەیەک بۆ دەربازبوون لە قەیرانی دارایی


بەڕێزان، ھەروەکو جەنابتان ئاگادارن، حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قوول بۆتەوە، ئەمەش بە ھۆی
پەیڕەونەکردنی سیاسەتی ئابوری لە ڕابوردووداو دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبونەوەی کۆڕۆناڤایرۆس لە ئێستادا.
لەبەر دوو ھۆکاری مەترسیدا، ئەم پێشنیارە دەخەمە بەردەستت جەنابتان، بەو ئامانجەی لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم قەیرانە دارایییەی لە ئێستا توشی بووە ڕزگاری بێت و ببێتە ھۆی مانەوەو بەروەو پێشچونی قەوارەی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی ئەو لێکۆلینەوانەی ناوەندە ژینگەیی و ئابوریەکانی جیھان لەسەر ناوچەکەمان بە تایبەتی عێراق ئەنجامیانداوە، کارەساتی مەترسیدارو تراژیدی دروست دەبێت، یەکەمیان: لەبەرئەوەی لە ئەوروپا و وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیا لە (٢٠٣٠) بەدواوە ھیچ ئۆتۆمۆبیلێکی بچوک و گەورە دروستناکرێت بە بەنزین و گاز کاربکات، بەمەش کڕیاری نەوت لە بازاڕەکانی جیھان کەمدەبێتەوە و نرخەکەی بۆ ئاستێکی زۆر نزم دادەبەزێت. دووەمیان: بەھۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرمای گۆی زەوی بەتایبەتی لە وڵاتە گەرمەکاندا ماوەی کارکردن کەم دەبێتەوە بەمەش کاریگەری نێگەتیف لەسەر گەشەی گەشەی ئابوری دروستدەکات.
داھاتی عێراق و ھەرێمی کوردستان زیاتر ٨٠٪ی پشتی بە داھاتی نەوت بەستووە و کەمتر ٢٠٪ داھاتی باجە، ئەمە ڕێک پێچەوانەی وڵاتانی گەشەسەندو و پێشکەوتووە بۆیە لە بڵاوبونەوەی کۆڕۆناڤایرۆس کاریگەری زۆری لەسەر دروستنەکردن، جگە لەوەی بە ملیاران دۆلاریان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی کۆڕۆناڤایرۆس تەرخانکرد ٨٠٪ ی موچەی فەرمانبەریان دابینکردو موچەیان بۆ بێ موچەکانیش بڕیەوە.
لێرەدا چەند پرسیارێک دروستدەبێت کە ئایا بۆچی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نەیتوانی موچەی فەرمانبەرانی لە کاتی خۆێدا بدات و دەتسکاری موچەشی کرد، کەچی ھەرێم ھەر لە کێشەی دارایدایە؟ ئەی ئەو وڵاتانەی نەوتیان نییە چۆن توانیان لە کیشەی کۆڕۆناڤایرۆس دەربازبن؟ ئەی ئەگەر داواکاری لەسەر نەوت کەمبۆوە چۆن دەتوانین لەگەڵ ئەو داھاتە کەمەی ناوخۆ ھەرێم بەڕێوە ببردرێت؟
بەڕێزان، حکومەتی عێراق نیازی خراپە بەرامبەر ھەرێم و دەیەوێ لەڕێگای فشاری دارایییەوە ھەرێم ناچار بکات کە ھەموو شتێکی تەسلیم بکات و خۆی موچە بدات تا خەڵکی کوردستان موتەعاتف بێت لەگەڵ حکومەتی ناوەند، پاشان وردە وردە لە ڕێگای دەستورەوە کار بۆ ھەڵوەشاندنەوەی فیدرالییەتی ھەرێم بکات لەڕێگای دەنگی خەڵکەوە.
بەڕێزان، بۆ دەربازبوون لەم کێشانەی ئێستاو کێشەکانی داھاتوو، تەنیا ڕێگا دانانی سیاسەتی ئابورییە، ئەمەش بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی نەقدی (Monetary policy) و ساسەتی مالی (Fiscal policy)یە، بڕبڕەی پشتی ئابوری سیاسەتی مالییە واتە سیاسەتی (باج). وڵاتانی پێشکەوتوو لەسەر جۆرە باجانەی خوارەوە داھاتیان کۆدەکەنەوە:
١- باجی داھات (Income tax)، ھەر کەسێک لە کەرتی گشتی یان کەرتی تایبەت کار بکات، دەبێت ڕۆژەیەکی دیاریکراو باج بدات. ھەندێ وڵات لە ڕێژەیەکی دیاریکراوی باج خۆش دەبێت. بۆ نمونە لە ھەرێمی کوردستان، ئەگەر ھەر کەسێک داھاتەکەی لە (٧٥٠) ھەزار دینار کەمتر بوو ئەوا لە باج ببەخشرێت، لە سەروی ئەم بڕەو باجی لێوەربگیرێت و بەپێی بەرزی داھاتەکەی باجی زیادبکرێت، واتە لە (٧٥٠) ھەزار دینار بۆ (ملیۆن و نیو) ١٠٪ باج بدات. نمونە ئەگەر یەکێک داھاتی مانگانەی ملیۆن و نیو دینار بێت ئەوا لە (٧٥٠) ھەزار دینار ببەخشرێت و لە سەر (٧٥٠) ھەزارەکەیتر باج بدات لەم حالەتە موچەکەی دەبێتە (ملیۆنێک و چوارسەد و بیستوپێنج ھەزار دینار.
لە (ملیۆن و نیو) بۆ ( دوو ملیۆن و نیو) ١٥٪ باج بدات. لە (دوو ملیۆن و نیو) بۆ ( چوار ملیۆن) ٢٠٪ باج بدات. لە ( چوار ملیۆن) بۆ (شەش ملیۆن و نیو) ٢٥٪ باج بدات. لە (شەش ملیۆن و نیو) بۆ ( نۆ ملیۆن) ٣٠٪ باج بدات و لە ( نۆ ملیۆن) بۆ ( پانزە ملیۆن) ٣٠٪ باج بدات. بەریتانیا تا داھاتی (١١٠٠٠) پاوەند لە باج دەبەخشرێت لە (١١٠٠٠)وە بۆ (٤٥٠٠٠) پاوەند ٢٠٪ باج دەدات، لە (٤٥٠٠٠) بەرەو سەرەوە ٤٠٪ باج دەدات. ئەلمانیا تا داھاتی (٩١٦٩) یورۆ ساڵانە لە باج دەبەخشرێ بۆ سەڵت و (١٨٣٨٨) یورۆ بۆ خێزاندار. ڕێژەی باجیش لە ١٤٪ تا ٤٥٪ بەرز دەبێتەوە.
٢- باجی سەر کاڵا (Value added tax)، ئەم باجە دەخرێتە سەر نرخی کاڵای بەرھەم ھێندراوا و ھاوردە. ئەم باجە جێگیرە، لە زۆربەی وڵاتان ڕێژەکەی لە نێوان ١٥٪ بۆ ٢٠٪ە.
٣- باجی قازانجی سەرمایە (Capital gain tax) ئەم باجەش دەخرێتە فرۆشتنی کۆمپانیا، کارگە، باڵەخانە یان ھەر شتێک واتە ئەگەر یەکێک ھەر باڵەخایەکی کڕی بە ملیۆنێک دۆلار و دوای پێنج ساڵ فرۆشییەوە بە سێ ملیۆن دۆلار ئەوا دەبێت باج لەسەر قازانجی دوو ملیۆن دۆلار بدات. ڕێژەی ئەم باجەش لە نێوان ١٨٪ بۆ ٢٥٪ ە.
٤- باجی خزمەت (Service tax) ئەم جاجە دەخرێتە
سەر ئەم کۆمپانیا و شوێنانەی خزمەت پێشکەش دەکەن وەکو سیستەمی ھاتوچۆ (فرۆکە، قیتار و باس) ھوتێل و شوێنە گەشتیارەیەکان. ڕێژەی ئەم باجەش لە ١٠٪ بۆ ١٥٪یە.
٥- باجی موڵک (Estate tax) ئەم باجە دەخرێتە سەر موڵکێک دوای ئەوەی خاوەنەکەی کۆچی کرد، ڕێژەی ئەم باجە لەنێوان ٥٪ بۆ ١٠٪یە لەسەر قیمەتی ڕاستەقینەی موڵکەکە.
٦- باجی بۆماوە (Inheritance tax) ئەم باجە دەخرێتە سەر ئەم موڵک و پارانەی دوای مردنی خاوەنەی کە بەسەر نەوەکانی دابەش دەکرێت، ڵێخۆشبون تا ڕێژەیەکی دیاریکراو دادەنرێت، دوای ڕێژەی لێخۆشبونەکە، ٣٠٪ بۆ ٤٠٪ە. بۆ نمونە گەر نرخی موڵکێک ٥ ملیۆن دۆلار بوو، باجی سەر موڵک ٥٪ی دەبات واتە (٢٥٠٠٠٠) دۆلار دەبات، ئەوکاتە (٤٧٥٠٠٠٠) دەمێنێتەوە. ئەگەر دابەش بکرێت بەسەر پێنج نەوە ئەوا ھەر یەکەو (٩٥٠٠٠٠) دۆلاریان بەردەکەوێت. تا (٣٠٠٠٠٠) دۆلار دەبەخشرێن بۆ ھەریەک.
کەواتە ھەریەک دەبێت ٤٠٪ لەسەر (٦٥٠٠٠٠) دۆلار باج بدەن. واتە ھەریەکەو (٢٦٠٠٠٠) دۆلار باج دەدەن و (٦٩٠٠٠٠) دۆلاریان بۆ دەمینێتەوە (سافی). حکومەتیش لەو موڵکە (١٥٥٠٠٠٠) دۆلار باج وەردەگرێت.
٧- باجی ھەدیە (Gift tax)، ھەدیە ھەر شتێک کە نرخی ھەبێت. ڕێژەی ئەم باجە ٣٠٪یە، ڕێژەیەکی دیاریکراو دادەنرێت بۆ لێخۆشبون.
٨- باجی خانوو (Property tax) ئەم باجە دەخرێتە سەر کڕین و فرۆشتنی خانوو، ڕێژەکەی لە نێوان ٢٪ بۆ ٥٪ە، ئەگەر یەکێک یەکەم جار خانوو بکڕێ لەم باجە دەبەخشرێت.
٩- باجی سەر جگەرەو مەشروب و بەنزین، زۆرترین باج دەخرێتە سەر ئەمانە لەبەر ئەوەی بۆ تەندروستی و ژینگە زیان بەخشن، لە ھەندێک وڵات ١٠٠٠٪ سەداھەزار باج دەخرێتە سەرجگەرە، بۆسەر مەشروبیش، بیرە دۆلار و نیوێک بۆ ھەر لیترێک، بۆ شەراب و ئەوانیتر تا چوار دۆڵار.
تێبینی/
لە داھاتوودا عێراقیش توشی قەیرانی ئابوریی گەورە دبێت، بۆ ئەوەی ئێمە سەلامەت بین بە ئاگری ئەوانەوە نەسوتێن پێویستە ئەم ھەنگاوەی سەرەوە بنێین.
بەو سیستەمە داھاتی ھەرێم دەگاتە (٦٠٠٠٠٠٠٠٠) شەش سەد ملیۆن دۆلار مانگانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×