یەكێتی بەرەو سەرەتایەكی نوێ یان خولانەوە لەناو گێژەنی رابوردووی پڕ نائومێدی؟

مامۆستا جەعفەر
  2021-07-28     1139
مرۆڤ بیەوێت بەنداوێك دروست بكات پێویستی  بە ئەندازیار ، پسپۆر ، بەڵێندەر  و كرێكار هەیە!  كەسێكیش بیەوێت  بانكێك ببڕێت پێویستی  بە دز ، مافیا و زانیاری نێو بانكەكە هەیە!
رووداوەكانی  پاش رۆژی ٨ تەمووز دەكرێت وەكو كێشەیەكی هەژێنەر ببینرێت . كێشەی هەژێنەر  بۆی هەیە هەرەست پێ بهێنێت ،  دەتوانێت دەروویەك بێت بۆ بەرەو پێشەوە چوون و سەركەوتن ! مام جەلال لە قەندیل قسەیەكی زوو زوو دووبارە دەكردەوە: خوا دەرگایەك دادەخات و هەزار دەرگا دەكاتەوە.  هەر بەو ویستەوە نسكۆی بە سەركەوتن دەگۆڕی.
ئێستا كاتی ئەوە نییە قەتماغەی برینەكان هەڵبدرێنەوە.  جوێندان و یەكتری  تاوانباركردن هیچ سوودێكی ئەوتۆ ناگەێنێت . 
ئەگەر هەر بە راست یەكێتی دەیەوێت لەم تەنگژەیە خۆی دەرباز بكات ، دەبێ زوو بگەڕێتەوە بۆ  سەری دێڕ .
سەری دێڕ كوێیە؟  
كێ دەتوانێ هەوڵبدات یەكێتی  بۆ سەر سكە بگێڕێتەوە؟
دیارە ئەوانەی ئەمڕۆ خاوەن بڕیارن ئەو راستیە  چاك دەزانن پێكهاتە ، ئاستی دڵسۆزی ، هەڵوێست و جوامێری  زۆربەی سەركردەكان چۆنە و چییە !
بە داخەوە  پاژێك لە مانە نە بڕوای بە نیشتمان هەیە ، نە دڵسۆزی یەكێتییە. ئەمانە دیلی بەرژەوەندییە بەر تەسكەكانی خۆیانن: 
بەكورتی دەمەوێت بنووسم:  تەنیا بە كەسانی دڵسۆز  و بە ئەمەك وڵات دەپارێزرێت و ئاوەدان دەكرێتەوە. ئەوانەی بۆ كەسابەت و پلەو پۆست  كۆبوونەتەوە ، ئەمانە سەر لە سەكردە سیاسیە دڵسۆزەكانیش تێكدەدەن!
یەكێك لە دەرهاویشتە زەق و زۆپەكانی چوارەمین كۆنگرەی  یەكێتی : 
سەدان كادر و پێشمەرگەی دێرین  بە شێوەیەك دڵیان شكێنرا  ، بڕوا ناكەم ئامادە بن جارێكی دی لە سێبەری  بارەگایەكی كۆنی یەكێتیش سەرخەوێك بشكێنن..
گۆڕینی دەموچاوەكان بەتەنیا نابێتە هەوێنی هەنگاو نان بەرەو سەرەتایەكی نوێ. 
سەرەتایەكی نوێ بە گۆڕینی ستراكتوری ئیدارەی حزب وئاشتكردنەوەی جەماوەر و كۆنگرەیەكی نوێی  ئازادو كراوەی دوور لە گوشار و پاڵەپەستۆی ئەم لاو ئەو لا...
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×