خەتەنەی كچان لەنێوان سەردەمی جاهیلی و ئیسلام دا

مامۆستا جەعفەر
  2022-02-07     647


رێكخراوی (وادی ) دوێنێ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ، سەبارەت بە  خەتەنەی كچان ، ئامارێكی بڵاوكردەوە: كە لە هەولێری پایتەختدا ساڵی پار (٨٥ ) كچ خەتەنە كراون، لە شاری راپەڕینیش (٢٥ ) مێینە، دەستی رەشی خەتەنەكەران پێیان گەیشتووە. لە وڵاتە ئیسلامی و عەرەبیەكاندا ( ٢٤٠ )ملیۆن ژن خەتەنە كراون !

لێرەدا نامەوێ لێكۆڵینەوەی زانستی و دەروونی لەسەر ئەم دیاردەیە نامرۆڤانەیە بنووسم . دەمەوێ سەرجەم مەلا و زانای ئاینی و رێكخراوی ژنان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی،  لەوە ئاگادار بكەمەوە ، كە خەتەنەی كچان ، یەكێكە لە رەفتار و عادەتەكانی پێش ئیسلام . هیچ دەقێكیش لە قورئان دا نییە داوا لە موسڵمانان بكات  : دەبێ مێینە خەتەنە بكرێت...

رۆژێكیان زانایەك پێی گوتم:  من دژی خەتەنەی ژنانم ، بەڵام دەترسم لە سەر  ئەم بابەتە بدوێم ، مەلاكانی هاوڕێم رەنگە فەتوای كوشتنم بۆ دەربكەن! من گوتم:  پێتوایە ئیسلام عادەتی خەتەنەی ژنانی داهێناوە ، یان پێش ئیسلامیش دامەزراوەی خەتەنەی ژنان هەر هەبووە؟
ئەو گوتی : ئەمە عادەتێكی خراپە و هەقە ئێوەی نووسران دیواری بێدەنگی بڕووخێنن. ئەو بەلایەوە سەیر بوو كاتێك گوتم:  ئەمە لەڕووی مێژووییەوە بۆ سەردەمی  پێش هاتنی ئیسلام  دەگەڕێتەوە. ئەركی ئێوەی زانا و پیاوانی ئاینییە دەنگتان بەرز بكەنەوە . كتێبەكەی  (الطبري) م بۆ هێنا و لاپەڕە  (٦٦ )م بۆ كردەوە:
لەوێ لە  باسی ( حمزة بن عبد المطلب)  لە شەڕی (الاحد) كراوە ، دەنووسێت:  

( ثم مر به سباع بن عبد العزى الغبشاني ..فقال له حمزة بن عبدالمطلب: هلم الي يا ابن مقطعة البظور! وكانت امه ام انمار ختانة بمكة -فلما التقيا ضربه حمزة فقتله....)

گێڕانەوەكەی تەبەری بەڵگەیە لەسەر ئەوەی: لەسەردەمی جاهیلیدا دامەزراوەی خەتەنەی كچان هەبووە . ئەم كارەش لەكارە دزێو وقێزەوەنەكانی ئەو زەمانە بووە. بەڵگەشمان ئەوەیە(حمزە) ناوی كابرا ناهێنێت  ، بە كوڕی ژنی خەتەنەكەری كچان جوێنی پێدەدات و دەیكوژێت ..

 دوێنی لە كەناڵە ئاسمانیەكانی ئێرە قسەی ژنێك بڵاو كرایەوە بەڕاشكاوانە دەڵێت : ئەگەر كچەكەم خەتەنە نەكەم ( كافر ) دەبم...
ئیدی ئەمە ئەركی رێكخراوی ژنان و چالاكوانانی كۆمەڵی مەدەنی  و مەلا و  زانایانی ئاینیە ئەم تێگەیشتنە ناڕاستە راست بكەنەوە. راستی بۆ ژنان و پیاوان روون بكەنەوە : خەتەنەی كچان هی سەردەمی جاهیلی و  پێش ئیسلامە . كەسێك بیروڕای جیاوازی هەیە با بەڵگەمان بۆ بهێنێتەوە، كە تەبەری بە هەڵەدا چووە!

مامۆستا جەعفەر
07.02.2022

* ابي جعفر محمد بن جرير الطبري  - ٢٢٤-٣١٠ هجرية
تاريخ الطبري ، م ٢ ،دار الكتب العلمية - بیروت - ٢٠٠٥ل٦٦

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×