گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و پارێزگاری لە هونەر و کەلەپووری کوردی

شاهین کەریمی
  2021-10-24     514
گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بە ئەسپایی و هێواشی تێدەپەڕێت. کات دەخایەنێت تاکوو جێ بکەوێت و بە هەمان شێوەش کات دەخایەنێت تاکوو شتێک لە کۆمەڵگە لاببرێت و فۆڕمی کۆمەڵگە بگۆردرێت.


لە سەردەمی بەجیهانیبوون(globalization) و بە تایبەت لە چەرخی دیجیتاڵ و ئینتەرنێت و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، ڕەوتی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان خێراتر و ناچاری‌تر بۆتەوە. ئیتر دەسەڵات، کولتوور و کۆمەڵگە ناتوانێت بە شێوەی کلاسیک خۆی بەڕێوە ببات. ئەوەی گرینگە، کۆمەڵگە و دەسەڵات(لێرەدا کۆمەڵگە و دەسەڵاتی کوردی مەبەستە) دەبێت بە خێرایی خوێندنەوە و خۆگونجاندنی بۆ فۆڕم و میکانیزمی نوێ هەبێت. ئەگەرنا هەر زۆر زوو لە شەمەنەفەری گۆڕانکارییەکان بەجێ دەمێنێت و دەدۆڕێت.


ئامانج لەم پێشەکییە ئەوە بوو، گۆڕانکاری لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە ڕادەیەک خێرا، بەهێز و گشتگیرە کە نەریت و کولتوور و زمانی هاوڵاتی کورد بە ڕادەیەکی زۆر کەوتۆتە بەر هژموونی و کاریگەری کولتوورەکانی دراوسێ، بە تایبەت فارس و تورک.


هیچ میکانیزم و پڕەنسیبێک نییە بۆ پێناسەکردن و سنووردارکردنەوەی شێوە و ئاستی بەکارهێنانی بەرهەمی هونەری و کوولتوری فارس و تورک. بۆیە بەو تەوژمە خێرایەی کە بە کۆمەڵگەی کوردیدا تێدەپەڕێت، پاش چەند ساڵ، شتێک بە موزیک و هونەر و نەریت و کولتوور و زمانی کوردییەوە نامێنێت و ناوەرۆک و جلوبەرگی کۆمەڵگەی کوردی دەبێتە فارسی و تورکی. بە کورتی، کورد لە ئاستی کۆمەڵگە و نەتەوەدا ئاسیمیلە دەکرێت.


بۆ خوێندنەوە و خۆپاراستن لە بەردەم ئەو تەوژمە، کاری یەک و دوو ناوەند و نووسەر و مامۆستا تەواو نییە، بەڵکوو هیمەت و هەرەوەزی گشتی پێویستە. ئاکادیمیا، مێدیا، نووسەر، چالاکی مەدەنی، هونەرمەند، پەروەردە و دەسەڵات دەبێت بەشدار بن و هەر کام سووچێکی ئەم ئەرکە مەزنە وەئەستۆ بگرن.


مەبەست لە خۆپاراستن، کێشانی دیوار بە دەوری کۆمەڵگەی کوردی نییە، بەڵکوو نوێبوونەوە و خۆڕێکخستنە لەگەڵ جیهانی نوێ، بە پاراستنی بنچینە و ڕەسانەیەتی کورد، زیندووڕاگرتنی هونەر و موزیک و کولتووری کوردییە بە تاموچێژی کوردییەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×