کەمپەین‌و گەردەلولی تویتێری بۆ زاراو چەند وانەیەک

شاهین کەریمی
  2020-07-23     500

لە ڕۆژانی رابوردودا، لەسەر دۆزی دادە #زارا موحەمەدی لە ڕۆژهەڵات، کەمپەین، واژۆ و گەردەلوولی تویتێری گەورە ساز بوو. بۆ یەکەمجار زیاتر لە ١٠٠ ڕێکخراوەی کوردی لە ئاستی جیهانیدا و لە هەر چوار پارچەوە بەشداری کەمپەینەکە بوون.


یەکێکی‌تر لە هەنگاوە باشەکانی دژ بەو حوکمە نامرۆییە، گەردەلوولی تویتێری بوو. کەمپەینەکە هاشتەگی #ExonerateZara بۆ گەردەلوولەکە هەڵبژارد.


تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتێر لەلایەن دەزگا فەرمییەکان و کەسانی سیاسییەوە بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی خۆیان بەکار دێت. بەپێچەوانە فەیسبووک و ئینستاگرام تۆڕێکی کۆمەڵایەتییە و بۆ وێنە و ڤیدیۆ و بابەتی کولتووری و کۆمەڵایەتی بەکار دێت و ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە پرسە سیاسییەکاندا نییە. بۆیە، باشترین شوێن بۆ گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی بە گوێی کۆمەڵگەی جیهانی، کەسایەتییە سیاسی و بڕیاردەرەکانی جیهان، باشترین شوێن تویتێرە. تویتێر بە تایبەت لە پاش بەکارهێنانی لەلایەن سەرۆک کۆماری ئەمریکاوە وەک کەناڵێ فەرمی ڕاگەیاندن، پێگەیەی گرینگ‌تری پەیدا کردووە.

چەند ڕۆژێک پێش لە کەمپەینەکەی ئێمە، فارسەکان لە سەر حوکمی سێدارەی سێ کوڕی فارس، کەمپینێکی بەرفراوانیان ساز کرد و هاشتەگەکەیان بۆ ماوەی زیاتر ٣ کاتژمێر بوو بە ترەندی جیهانی و زیاتر لە ١١ ملوێن جار تویت کرا. ئەمە بووە هۆی ئەوەی زۆرێک لە کاربەدەستانی ڕۆژئاوا هەڵوێست بگرن و داوای وەستانی ئەو حوکمە بکەن، تەنانەت زەبری هاشتەگەکە کارێکی کرد کە سەرۆک کۆماری ئەمریکاش بە فارسی تویت بکات و پشتگیری کەمپەینەکە بکات.

بۆ گەردەلوولی تویتێری زارا، چەند خاڵێکی لاواز بە کەمپەینەکەوە دیار بوو، کە بە بڕوای من ئەگەڕێتەوە بۆ کەم ئەزموونی ئێمە لە سەر گەردەلوول و کەمپەینی لەو شێوە.

هەڵە و کەموکوڕییەکان

- درەنگ ڕاگەیاندنی گەردەلوولەکە.
تەنها چەند کاتژمێر پێش دەسپێکردن، هاشتەگ و بانگەوازەکە هات. ئەمە چەند کێشە دروست ئەکات و لە کارتێکەری و قورسایی ڕێپێوانەکە کەم ئەکاتەوە. سەرەتا، خەڵکێکی کەم ئاگادار ئەبێت، پاشان ڕەنگە خەڵک پلان و بەرنامەی‌تری بۆ ئەو کاتە دیار کردبێت و دەرفەتی بەشداری لە گەردەلوولەکەی نەبێت، هەروەها ڕەنگە کەسانێکی زۆر شارەزاییان لە تویتێر نەبێت و پێویستیان بە هاوکاری و ڕاهێنان هەبێت.

- چەند هاشتەگ
هاشتەگ کلیکی گەردەلوولە. هاشتەگ ١ یان ٢ وشەی بەیەکەوە لکاوە کە بە # دیار ئەکرێن و تویتێر ئەمە بە وشەی کلیل یان هاشتەگ ئەناسێت. لە ڕێگەی هاشتەگەکەوە، هەموو پۆست و بابەتە پێوەندیدارەکان ئەدۆزێتەوە و ڕیزییان ئەکات. (نابێت بۆشایی لە نێوان وشەکاندا هەبێت، ئەگەر دوو وشە بوو بە _ بەیەکەوە ئەلکێندرێن، یان وشەی یەکەم بنووسە، شیفت و پیتی H لەسەر کیبۆردەکەت داگرە، پاشان وشەی دووهەم بنووسە، بەمشێوە ٢ وشەکە لێک جیائەکرێنەوە، بەڵام بۆشاییش ناکەوێتە نێوانیان).
بۆ گەردەلوولی زارا تا 5 هەشتەگی جۆراوجۆر هات. ئەمە ئەبێتە هۆی پەڕتەوازەیی و چەند دەستەیی و سەرلێشێواندن. واتە دابەشبوونی تویتەکان بەسەر چەند هاشتەگدا، ڕێگر ئەبێت لەبەردەم چوونە سەرەوەی گەردەلوولەکە لە ترەندی تویتێردا. بۆیە باشترە تەنها یەک هاشتەگ بکرێت بە ناسنامە و هاشتەگی گەردەلوولەکە.

- هاشتەگی دوور و درێژ
باشتر وایە (بەڵام مەرج نییە) هاشتەگ یەک یان دوو وشە بێت. لە گەردەلوولەکەی زارادا، ڕستە کرابوو بە هاشتەگ. ئەمە خوێندنەوە و نوسینی سەخت ئەکات و لەلای بینەر/خوێنەر قورسایی و کارتێکەری کەمتر ئەبێت.

چەند وانەیەکی‌تر

- ئەبێت لەگەڵ هاشتەگەکە، شتێک بنوسیت. واتە، بۆچوون، سەرنج و هەواڵێک تویت بکە و لە کۆتاییدا هاشتەگەکە بنووسە.

- باشتر وایە، کەسان یان ناوەندی پێوەندیدار بەو کەیس/بابەتە لە تویتێر تاگ بکرێن. بۆ وێنە، سەبارەت بە گەردەلوولی زارا، ناوەندەکانی مافی مرۆڤ، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی مرۆڤ لە ئێران، ئەمنستی، یۆنسکۆ و هتد تاگ بکرێن. دیارە ئەبێت پێشتر هەژمار و ناوی ڕاستی ئەو کەسانە بدۆزرێتەوە و لە ناو خەڵکەکەدا بڵاوبکرێتەوە.

- باشتر وایە تویتەری وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەی لێی ئەژیت، پەرلەمان، نوێنەرانی پەرلەمان، ئەمنستی و هتد بدۆزیتەوە و بە زمانی ئەو وڵاتە و بە هاشتەگەکەوە تویت بکەیت و هەژماری ئەو ناوەندەانەش تاگ بکەیت.

- تەنها نوسینی یەک یان چەند تویت تەواو نییە. بۆ ئەوەی هاشتەگەکە و گەردەلوولەکە ببێت بە ترەند، ئەبێت زۆرترین تویت بکرێت. بۆیە ئەبێت هەر چەند چرکە/خولەک جارێک تویت بکەیت.

- یەکێک لە ڕێگەکانی ترەند کردنی هاشتەگێک، تویت کردنەوەی تویتی خەڵکە (retweet). ئەمە زۆر ئاسانە، چونکە پێویست بە نوسین و هاشتەگ لەلایەن خۆتەوە ناکات، بەڵام هەمان کارتێکەری ئەبێت.

- بۆ دڵنیایی لە یەکسانبوونی هاشتەگەکە، باشتر وایە هاشتەگەکە کۆپی بکرێت لە جیاتی ئەوەی هەموو جارێک بینوسیتەوە.

- تویتێر ڕێگرە لەبەردەم تویتی دووبارە. واتە هەمان تێکست ناتوانی چەند جار تویت بکەیت و هەڵە دروست ئەکات، بۆیە باشترە هەرجارە و تویتەکەت بگۆڕیت. ١-٢ وشە زیاد و کەم بکەیت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×