چەند ڕەهەندێک بۆ چاکسازیی کۆمەڵایەتی‌و بەهێزکردنی پێگەی ژنان لەکۆمەڵگە

شاهین کەریمی
  2020-07-11     1090
هیچ گومان لەوەدا نیە ئەمڕۆ بارودۆخی ژنان لە وڵاتانی ڕوو لەگەشە، لە کۆمەڵگا ئیسلامییەکان و بەگشتی لە جیهانی پەرەنەسەندووی پیاوسالاردا، نالەبار و نامرۆییە. ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیکی لە کۆمەڵگا، بازاڕ، شوێنی کار، خێزان، قوتابخانە و زانکۆ ئەکەونە بەر هەڵاواردن و چەوساندنەوە. ژن لەم کۆمەڵگایەندا، هاوکات بەدەست چەند ستەمی ڕەگەزی، سیاسی و دینی و کولتوورییەوە ئازار ئەکێشیت و لەکردەوەدا ئەبێتە هاوڵاتی پلەچەندەم.

باشکردنی دۆخی ژنان و بێدەنگ نەبوون بەرانبەر بەو ستەمە مێژووییەی لەسەر ژنان بووە، جگەلەوەی ئەرکێکی مرۆیی و مۆرالییە، هەنگاوێکی گرینگیشە بۆ بەرەوپێش بردنی کۆمەڵگا بۆ پێکهاتەیەکی شارستانی و هاوچەرخ. لەڕاستیدا ناتوانین باس لە کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوو و مرۆیی بکەین، لە کاتێکدا کە چەوساندنەوەیەکی زەق و هەڵاواردنێکی کارەساتباری سیستماتیک، بەرانبەر بە نیوەی کۆمەڵگە لەسەر ڕەوڕەوەیە.

خێزان هێشتا دامەزراوەیەکی گرینگە لە کۆمەڵگادا. بەشێکی بەرچاو لە پەرەوەردە، ڕۆشنبیری و پێوەندی مرۆڤەکان لە خێزاندا دەستەبەر ئەبێت. ژن وەک توخمێکی چالاک لە خێزاندا، بەشێکی گرینگ لە پەروەردەی خێزانی لە ئەستۆیە. چاکسازی بۆ ڕۆڵی ژن لە خێزان و کۆمەڵگادا، جگە لەوەی چلۆنایەتی ژیانی ژن ئەباتە سەرەوە، کارتێکەری هەیە لەسەر پەروەردەی نەوەکانی داهاتووش. خوێندەواربوون و ڕۆشنبیربوونی ژن، ئەبێتە هۆی زانیاری سەبارەت بە ماف و پێگەی خۆی، ڕۆڵ بینین لە بڕیار دان، دیاریکردنی پێوەندییەکان، بەشداری لەبەرهەمێنان، چالاک بوون لە کۆمەڵگا و هەروەها وشیاری سەبارەت بە پێداویستی و دەروونناسی مناڵ. هەر گۆڕانکارییەک بۆ ژنان لە ڕووی ڕۆشنبیری و یەکسانییەوە، لە کۆتایی خۆیدا بە قازانجی پیاوان، کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتووشە.

ئەم وتارە هەوڵ ئەدات ئاماژە و شیکاری بۆ ئەو هێڵە سەرەکیانە بکات کە خاڵی بنەڕەتین لە گۆڕانکاری بۆ دۆخی ژنان و پەیڕەوکردنیان خزمەت بە پرسی ژن لە کۆمەڵگاکەماندا ئەکات.

 

 

ئابووری
لە پێکهاتەی نەریتی خێزاندا، ژن وەک هاوبەشێک، ئەگەرچی لەڕووی ئابوورییەوە ڕۆڵی حاشاهەڵنەگری لە پێکهێنان و هەڵسوڕانی کاروباری خێزان هەیە، بەڵام بۆ بژێوی و دابین کردنی پێداویستییەکانی خۆی، دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نیە. واتە بۆ سەرپەنا، خۆراک، جلوبەرگ، دەوا و دەرمان و هاتوچۆ و هتد، ئەبێت چاوەڕێی دەستی پیاوی ماڵ، مێرد، باوک یان براگەورە، بێت. کاتێک مرۆڤ بۆ دابین کردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی خۆی، هەڵواسراوی کەسێکی‌تر بێت، ناچارە خواست و بڕیار و پێخۆشبوونەکانی ئەو کەسە جێبەجێ بکات و لەکردەوەدا ئازادی و سەربەخۆیی خۆی بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ئەکاتە دەستمایە. بەڵام ئەمە نادادپەروەرییەکی ڕووتە، چونکە هەموو ئەو شتانەی لە ڕێگەی خێران و دەسەڵاتداری خێران (پیاوان) دەدرێت بەژن و ژن ملکەچی نێرینە ئەکات، مافی ژنە و خودی ژن لە بەرهەهەمهێنان و دابین کردنیاندا، پێیانەوە ماندوو بووە و ئەرکی بینیوە. بەڵام ئەمانە، وەک چەکێک بەرانبەر بە ژن بەکار ئەبرێن و لەبەرانبەردا، مافی بڕیاردان و هاوبەشی ڕاستەقینە لە ژن ئەسەندرێتەوە.

کردنەوەی گرێ کوێرەی ئابووری، یەکێکە لە ڕێگا سەرەکیەکانی چاکسازی لە دۆخی ژناندا. کاتێک ژن سەربەخۆیی ئابووریی و دارایی هەبێت، بتوانێت خۆی ژیانی خۆی بەڕێوە ببات، خانوو و پێداویستییەکانی ژیانی دابین بکات، دەتوانێت بۆ ژیانی خۆی بڕیار بدات و لەبەردەم پێشێل کردنی مافەکانی و دەسدرێژی بۆسەر ماف و کەرامەتی، لەلایەن مێرد و براگەورە و باکییەوە بێدەنگ نەبێت.

دیارە سەربەخۆیی ئابووری، پێویستی بە گۆڕانکاری جیدی و کرداری لە سیستەمی کۆمەڵگا، بەرهەمهێنان و حکوومەتدا هەیە. بەڵام بەگشتی بەبێ سەربەخۆیی و دابینی ئابووری، ناتوانین باس لە ژنی مۆدێڕن و یەکسان لەگەڵ پیاو بکەین.

 

یاسا
سیستەمی یاسادانان (تشریعی) خاڵی دیاریکەرە لە کارکردی کۆمەڵگا. مرۆڤ لە کۆمەڵگای مۆدێڕن و هاوچەرخدا، بەپێی یاسا ماف و سنوور و ئەرکەکانی دیاری ئەکرێت. بەشێوەی کۆنکرێت، سەبارەت بە پرسی ژنان، لە کۆمەڵگای پیاوسالاری دینی و خێڵەکیدا، یاسا لەلایەن پیاوانەوە و بەقازانجی پیاوان نوسراوە. هەزاران نموونە لە زەوت کردنی مافی ژن، وەک بەشداری ژیان، وەک دایک، وەک مرۆڤ، بەدی ئەکرێت. بۆوێنە بە پێی یاسای دامەزراو لەسەر ڕاهێنانی ئیسلامی لە کۆماری ئیسلامی، کاتێک ژن و پیاو کۆتایی بە ژیانی هاوبەشیان دێنن، بەزۆری دایک لە سەرپەرشتنی و بینینی مناڵەکانی بێبەش ئەکرێت. هیچ عەقڵیەتێک، جگە لە عەقڵیەتی پیاوسالاری دواکەوتوو، ئەم نادادپەروەرییە بە رێگەپێدراو نازانێت.

بەشێکی زۆر لەو تاوانانەی بەرانبەر بە ژنان و کچان ئەکرێت، لە کوشتن بە ناوی شەرەفەرە بگرە تاکو لیدان و سوکایەتی و بێبەشکردن لە مافی سەرپەرشتی و مافی جیابوونەوە، سەرچاوەکەی یاسای کۆمەڵگایە. واتە پیاو ئاگادارە لەوەی کە ئەگەر تووشی تاوانێک بەرانبەر بە ژن ببێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و سزایەکی ئەوتۆ نابێت. بۆیە بە شێوەی سەرەکی، یاسای  ڕێگەخۆشکەرە بۆ تاوان بەرانبەر بە ژنانی کۆمەڵگاکەمان.

بەبێ گۆڕانکاری و نووسینەوەی یاساکانی کۆمەڵگا لە قازانجی ژنان و لابردنی هەڵاواردنی یاسایی، هیچ هەوڵێک بۆ چاکسازی لە دۆخی ژنان بەسەرەنجام ناگات و لە کۆتاییدا پیاوان، بڕیاردەر ئەمێننەوە.

یاسا، دەقێکی پیرۆز نیە کە دەسبردن بۆی، تاوان و گوناح بێت. یاسا پێویستی و هاوکێشەکانی ڕۆژی کۆمەڵگا دیاری ئەکات. بۆیە بەپێی گۆڕانکارییەکانی کۆمەڵگا، هەردەم ئەبێت یاساش نوێ بکرێتەوە و چاکسازی تیا بکرێت.

یەکێک لە کێشەکانی یاسا دانان لە کۆمەڵگە دینییەکاندا، ئەوەیە دەق و ڕاهێنانە دینییەکان ئەکرێنە سەرچاوە بۆ یاسادانان. ئەمڕۆ ئێمە لە کۆمەڵگایەکی هاوچەرخی مۆدێڕنی سەدەی بیست ویەکدا ئەژین. سەرچاوە دینییەکان، بەشێوەیەکی یەکسان سەیری دانیشتوانی کۆمەڵگا ناکەن و لە بنەڕەتدا، چەمک و مافی هاوڵاتیبوون، واتە یەکسانی مافی لەئاست یاسادا، لە ڕاهێنانە دینییەکاندا نیە. بەڵکو فەرمانە دینییەکان تایبەتە بە پەیڕەوانی ئەو دینە. سەبارەت بە مافی ژن، لە هیچ دینێکدا مافی ژن وەک مرۆڤ و بوونەوەرێکی یەکسان لەگەڵ پیاو، چاو لێنەکراوە. بۆیە یاسادانان لە سۆنگەی ڕاهێنانە دینییەکانەوە، دەبێتە هۆی درێژەپێدان و بەردەوام بوونی ئەو نەریتەی تا ئێستە بووە و هەمانە.

زۆر جار یاسا بە شێوەیەکی گونجاو نوسراوە و پەسەند کراوە، بەڵام کاری پێناکرێت یان خەڵک بازدەدەن بەسەر یاساکەدا و لەڕێگەیەکی‌ترەوە، هەمان پێشێلکاری بەرانبەر بە ژن ئەکەن. یاسا کاتێک بەها وەردەگرێت کە بە کردەوە بکرێت و ڕێگر بێت لەبەردەم پێشێلکاریدا. 

بەکورتی، پیداچوونەوە و چاکسازی لەو یاسایانەی لە وڵاتانی پەرەنەسەندوو کاریان پێئەکرێت، بۆ وێنە کوردستان، پرسێکی جیدی و پێویستییەکی دەسبەجێ و ئەمڕۆییە. سەرچاوەی یاسا، ئەبێت هاوڵاتیبوون، یەکسانی و بەها مۆدێرنەکانی سەردەم بێت. جێبەجێ کردنی یاسا بەها ئەدات بە یاسا و کاتێک ئەتوانین بڵێین یاسامان هەیە کە جێبەجێ بکرێت.

 

پەروەردە
پەروەردە کەسایەتی و ڕۆشنبیری مرۆڤ دروست ئەکات. بیرکردنەوە، هەڵبژاردنی سیاسی، دینی، کار و ستایڵی ژیان، بەپێی سەردەم گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەڵام چوارچێوەی کەسایەتی ئێمە لە خێزان و لە ڕێگەی پەروەردەوە دروست ئەبێت.

ڕێزدانان، دادپەروەری، جۆری ڕوانین بۆ مرۆڤەکان، ئازایەتی، ترسنۆکی و دەیان لایەنی‌تری دەروونناسی و کەسایەتی ئێمە، لە پەرەوەردەوە سەرچاوە ئەگرێت. بۆ بەرهەمهێنانی هاوڵاتییەکی دادپەروەر و ڕۆشنبیر و ئەرکدار، پێویست بە پەروەردەیەکی دروست و سەلامەتە. پیچەوانەی ئەمەش بەتەواوەتی ڕاستە. پەروەردەی سەقەت لەخێزان و قوتابخانە و زانکۆدا، ئەبێتە هۆی بەرهەمهێنانی هاوڵاتی ناتەواو و نەخۆش، کە لە کۆتاییدا کۆمەڵگا و مرۆڤەکان بەهاکەی ئەدەن.

پرۆسەی پەروەردە لە سێ شوێنی گرینگدا ئەچێت بەڕێوە: خێزان، خوێندنگا و کۆمەڵگا

پەروەردەی سەلامەت لە خێزاندا، پێویستی بە دایک و باوکی ڕۆشنبیر و خوێندەوار هەیە. گەورەکردنی مناڵ، تەنها دابین کردنی خواردن و جلوبەرگ و سەرپەنا نیە، بەڵکو ئاگاداربوونیشە لە پێویستییە دەروونییەکانی مناڵ. گەورەساڵان ئەبێت بزانن لەهەر تەمەنێکدا، مناڵ لە چ ڕوویەکەوە لاواز و بەهێزە و چۆن ئەتوانن وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانی مناڵ بن. چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی مناڵ بکەن و چۆن کەسایەتی مناڵ بەهێز بکەن.

سەبارەت بە دروست کردنی کولتووری یەکسانی نێوان ژن و پیاو لە خێزاندا، پێویستە دایک و باوک جیاوازی لە نێوان کچ و کوڕدا دانەنێن. سنووردار کردنەوەی کچان و تەرخان کردنی خاڵی تایبەت بۆ کوڕ، دیاردەیەکی باوە لە خێزانی کوردیدا. پێویستە ئەم نەریتە ناسەلامەتە، کۆتایی پێبێت و کچ و کوڕ وەک یەک سەیر بکرێن.

کاتێک مناڵ ئەچێتە خوێندنگا، پاڵەوانی یەکەمی، مامۆستاکەیەتی. کەسایەتی و ڕۆشنبیری و مامەڵەی مامۆستا دەورێکی یەکجار زۆری هەیە لەسەر دەروونناسی مناڵ. جگە لەوە سیستەمی پەروەردە، بەتایبەت ناوەرۆکی کتێبەکان و وانەکان، هێڵی سەرەکین بۆ پەروەردە. بۆیە، پێویستە ڕۆڵی کچ و ژن لە کتێبە دەرسییەکاندا تەنها وەک خانمی ماڵ و دایکی مناڵ، چاو لێنەکرێت، بەڵکو وێنایەک لە ژن پێشان بدرێت کە توانایی ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکانەشی هەیە کە پیاوان دەیان کەن، بەهەمان شێوە کە لە وڵاتانی پیشەسازی ژنان زۆربەی ئەو کارانە دەکەن کە بە کاری پیاوانە ناسراون. لەهەمان کاتیشدا، تایبەت کردنی هەندێ ئاکار بۆ ژنان و ژنانە و پیاوانە کردنی ئەرکەکانی ناو خێزان، واتە کولتووری پیاوسالاری، ئەبێت لەنێو بچێت.

 

 

کولتوور و تێگەیشتنی گشتی
کولتوور، نۆڕم و تێگەیشتنی کۆمەڵگە، لە هەموو شوێنێک و لە هەموو کاتێک ئامادەیە و بەردەوام لەسەر دەروونناسی ئێمە دەور ئەبینێت. بەشێک لەو سنوورە نادیار و یاسا نەنوسراوانەی ئەبنە هۆی ئازار و هەڵاواردن بۆ ژنان، لە کولتووری کۆمەڵگادان. دەروونناسی زاڵ بەسەر کولتووری ئێمە، دەروونناسییەکی پیاوسالار و دواکەوتووە. ژن وەک بێعەقڵ و لاواز و کەمتوانا سەیر ئەکرێت. پیاو خۆی بە خاوەنی ژن ئەزانێت و بە مافی خۆی ئەزانێت بڕیار بۆ ژن، خوشک و دایکی بدات. لە ناو بازاڕ و شوێنی کار، تێڕوانینێکی سێکسی و ئازاردەری بۆ ژنان هەیە. توانج و نوکتە و هێرشی زارەکی بۆ سەر ژنان ئەکرێت. شەڕ و سوکایەتی پێکردنی پیاوان لەگەڵ یەکتر، لە ڕێگەی جەستە و نامووسی ژنانەوە ئەکرێت. ئەمانە و هەزاران نموونەی‌تر ئەو کولتوورە سەقەتە پیاوسالارە نوێنەرایەتی ئەکەن، کە ڕۆژانە ژنانی کۆمەڵگاکەمان، خانمانی ئیمە، ئازار دەدات.

ئەم جۆرە کولتوور و عەقڵیەتە پێویستە گۆڕانکاری بەسەردا بێت. دروست کردنی کولتوورێکی مرۆیی و ڕێز بۆ مرۆڤەکان، بە ژنانیشەوە، ئەرکی کۆمەڵگایە. دەزگاکانی ڕاگەیاندن، سیستەمی پەروەردە، یاساکانی شوێنی کار و خوێندن، ئەنجوومەن و ڕێکخراوەکان و حیزبەکان و هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا بەرپرسن لە دروست کردن و پەرەپێدانی کولتووری سەلامەت و مرۆیی، بەتایبەت بەرانبەر بە خانمان.

لانیکەمی گۆڕانکاری لە کولتوور و یاسای کۆمەڵگادا، ئەبێت ئازاردانی ژنان لە بازاڕ و شوێنی کار و خوێندن، چ بە دەست بۆبردن و چ توانج و چ سەیرکردنی ئازاراوی، بکرێتە تاوان و سزای بەشوێنەوە بێت.

 

سیاسەت و شوێنی بڕیاردان
هەموو یاسا و ڕێککەوتنە کۆمەڵایەتییەکان، لە شوێنی بڕیاردانەوە دێت. ناوەندەکانی بڕیار دیاری ئەکەن کە چ شتێک، لە کوێ و بە چ شێوەیەک جێبەجێ بکرێت. سەبارەت بە هەر چاکسازییەک بۆ پرسی ژنان، پێویستە ناوەندەکانی بڕیار، خواست و پێویستییەکانی ژن هەڵکەوتە بکەن. لە شوێنی یاسادانان، نوسینی کتێبەکان و بەتایبەت کتێبی قوتابخانەکان، دروست کردنی بەرنامە تەلەفزوێنییەکان، بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و هەموو ئەو شوێنانەی یاسا و کولتوور و ڕۆشنبیری دروست ئەکەن، ژنان یان تێگەیشتنێکی مرۆییانە و سەردەم بۆ ژنان، ئەبێت ئامادە بێت.

بە پلەی یەکەم، پێوستە ژن، وەک فاکتەری ڕۆشنبیر و خوێندوەار لە شوێنی بڕیارداندا ئامادە بێت. پێویستە ژنان چەکدار بن بە ماف و زانیاری و بێنە ناو کۆمەڵگا و شوێنەکانی بڕیاردان. لەو شوێنەی یاسایەک بە دژی ژنان پەسەند ئەکرێت، کتێبێک ئەنووسرێت یان زنجیرەیەک بۆ تەلەفزوێن دروست و پەخش ئەکرێت، ئامادە بن و بەرگری لە ماف، کەسایەتی و کەرامەتی ژن بکەن.

بەبێ دەنگی خودی ژنان و هەستی ژنانە و تێڕوانینی ژنی ئەرکدار و بەرپرس لە ئاست کۆمەڵگا، گۆڕانکاری ڕاستەقینە نایەتە ئاراوە. بۆیە ئەمە بەرپرسایەتی وئەرکی خودی ژنانە کە هەنگاو بنێین و بەها بدەن بۆ بەدەست هێنانی مافەکانیان. دروشمێکی کۆن بەڵام دروست هەیە کە دەڵێت ماف بۆ ستاندنە، نەک بۆ بەخشین. واتە کەس مافی تۆ بەتۆ نادات، بەڵکو ئەبێت خۆت مافی خۆت بستێنی. ئەم دروشمە بۆ پرسی ژنانیش ڕاستە. ژنان ئەبێت خۆیان بێنە مەیدان و مافی خۆیان بستێنن. ئەگەر باس لەوە ئەکەین کە ئەرکی ژن نابێت سنووردار بکرێتەوە بە کاری ناوماڵ و تەڕ و وشک کردنەوەی مناڵ و خزمەتگوزاری سێکسی بۆ پیاوان، ئەمە بە پلەی یەکەم ئەرکی خودی ژنانە کە لەو قاوخە بێنە دەر و هەنگاو بۆ شوێنی بڕیاردان و سیاسەت و ڕۆشنبیری بێنن. هەتاکوو ژنان سەرقاڵی زنجیرەی تەلەفزوێنی و مۆدی جلوبەرگ و کێبەرکێی ڕواڵەت بن، هیچ گۆڕانکارییەکی جیدی لە پرسی ژناندا نایەتە پێش. دیارە، بەشێک لە ژنان چالاکن لەم بوارەدا، بەڵام ئەو ڕ‌ێژە تەواو نیە بۆ دروست کردنی هێز و قورسایی بۆ ملکەچکردنی پیاوان و کۆمەڵگا بۆ ڕاهاتن لەگەڵ ئابووری سەربەخۆی ژنان، بۆ گۆڕانکاری لە پەروەردە و پیداچوونەوەی یاساکان وهتد.

بەشێک لە بەرپرسایەتی ئەو دۆخە نالەبارەی بۆ خانمانی ئێمە هەیە، لەسەر شانی خودی ژنانە. کەواتە ڕوون کردنەوەی تاریکستانی کولتووری پیاوسالاری دواکەوتوی دینی کۆمەڵگاش، بەجۆرێک لەسەر خودی ژنانە.

 

کۆتایی
چاکسازی لە دۆخی ژناندا، هەم ئەرکی مۆرالی و مرۆییە و هەم بە قازانجی کۆمەڵگایە.

گۆڕانکاری ڕاستەقینە لەسەر ئاستی کۆمەڵگا، پێوستی بە وردبوونەوە لە هۆکارەکانی دیارەدەکانە و بۆ چارەسەری ڕاستەقینە، پێوستە دەست ببرێت بۆ ڕەگ و سەرچاوەکان. بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان، دەستەبەر کردنی میکانیزمێک بۆ ئابووری سەربەخۆی ژنان، ئاوڕدانەوە لە سیستەمی پەروەردەو ڕاهێنان، گۆڕانکاری لە یاسای پیاوسالاری دینیدا و بەرهەمهێنانی کولتوور و نۆڕمی نوێ، ئەو ڕەهەندە سەرەکیانەن کە ئەتوانن پلە بە پلە، دۆخی ژنان بەرەو باشتربوون ببەن. ئەبێت ژنان خۆیان مەیدانداری ئەم گۆڕانکارییانە بن و بە وشیاری و ماندووبونی خۆیان، مافی خۆیان دەستەبەر بکەن.

بەهیوای ئەوەی کە هیچ ژنێک لە کۆمەڵگای کوردیدا نەکەوێتە بەر سوکایەتی، هەڵاواردن و کوشتن.

 
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×