دەریچەیەک بۆ تێگەیشتن لەئۆجەلان

سەلاح حسێن پور
  2022-03-14     1005

گەر بمانەوێ ئۆجەلان بناسین، پێویستە چەند بەرهەمێکی دیاری بخوێنینەوە لەوانە: لە دەوڵەتی ڕاهیبی سۆمەڕ بەرەو شارستانیەتی دێموکڕاتیک، بەرگریکردن لە گەلێک و زنجیرەی پێنج بەرگی مانیفیستۆی شارستانیەتی دێموکڕاتیک.
 ئۆجەلان لەم بەرهەمانەدا بە مێتۆدی مێژوویی - کە ئەمڕۆ لە مێژوودا و مێژووش لە کەسایەتیدا شاڕاوەیە -، خوێندنەوەیەکی مێژووییانە بۆ کێشەکان بە مەبەستی چارەسەری دەکات، بۆیەش بەم شێوەیە دەردی کەسایەتی مرۆڤی کوردیشی شیکار کردووە و دەرمانی  چارەسەری بۆ پێشنیاز کردووە.
 ئایدۆلۆژی کراوەی ئۆجەلان وەک خەیاڵی منداڵ و دەقی ئەدەبی کراوەن... و چێژ لە کراوەبوونی ئەم دوانەشدا دەبینێ. هەر بۆیەش لە ئەنجامی هەموو شڕۆڤەکان دەگاتە ئەو ئەنجامە کراوەیە کە: "حەقیقەت ئەشقە و ئەشقیش ژیانی ئازادە..."، تێکۆشانەکەیشی لەو پێناوە دایە. 
ئۆجەلان لەم کتێبانەیدا سەرەتا باسی مژاری "بوون"ی گەردون و هاوکێشە فیزیاییەکان دەکات. زانستی کوانتۆمی بەلاوە گرنگە کە بەردەوام ئەلکتڕۆن بە دەوری پڕۆتۆن لە سوڕانەوە دان. بۆیە دەڵێت هزری ئێمەش وەک سروشت پێویستە زیندوو بێت و لە لێگەڕیندا بێت و چەق نەبەستێ. ئەوەش بە گەوهەر و ناوەڕۆکی "ژیان و بوون" لەقەڵەم دەدات. 
لە بابەتی مڕۆڤ و گەشەسەندنی، شارستانیەتی مرۆڤ و دیوە شاراوەکانی مێژووش دەخاتە بەرباس. مەبەست لە دیوە شاراوەکان ئەوە کۆمەڵگای سروشتییە کە لە کتێبەکاندا باس نەکراوە و ئەو مێژوویەی کە زەق کراوەتە مێژووی دەورانی باوک سالاریە. 
بۆ مێژووی نەنووسراو پشتی بە زانستی شوێنەوارناسی و داستان و ئۆستورەکان بەستووە. زیاتر دەیەوێ لەو ڕێگایەوە ڕۆڵی ونکراوی ژن لە مێژژوودا بدۆزێتەوە تا چۆنیەتی لە‌ڕۆڵکەوتنی و دیسان باسی چۆنیەتی گەڕانەوەی ئیرادە و کەسایەتی بکات. 
لە مێژووی شارستانیەتدا باسی لە کارتێکردنی شارستانیەتەکانی بە وردی کردووە. مژارەکانی ژن، دێموکڕاسی، ژینگە، ئەخلاق، دین، دەوڵەتی نەتەوایەتی، زانست و خێزانی خستۆتە بەرباس. هەروەها ژیانی ئەخلاقی لە سەرجەم بوارەکاندا وەک چارەسەری خستۆتەڕوو. 
تێڕوانینی ئۆجەلان بۆ سەرجەم بابەتەکان جیاوازە لە دەوڵەتە سوسیالیستەکان و هەم لە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری. خاوەن سیستم و پڕۆژەی تایبەت بە خۆتەتی کە بە سیستمی "مۆدێرنتەی دێموکراتیک" بەناوی کردووە، هەروەها چارەسەری نەتەوایەتی کورد لە "نەتەوەی دێموکراتیک"دا دەبینێ. 
ئەم سیستمەی وەک دەرمانێک بۆ چارەسەری دەردەکانی دنیای مۆدێڕنیتەی سەرمایەداری و سوسیالیستی داناوە؛ بۆیەش ڕێکخستنەکانی ئاپۆچی خۆیان بە هێڵی سێیەم بەناو دەکەن. 
لە ئێستادا ئۆجەلان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە جاران لە دڵی مرۆڤەکان و ڕۆشنفکرەکانی دنیاشدا جێی خۆی کردۆتەوە و دەکاتەوە؛ بە تایبەت لە لای ژنان - کە زۆرترین دەردیان هەیە-. لەگەڵ ئەوەشدا چۆن بۆ بەدەستهێنانی ماڤی گەلی کورد هەوڵی داوە، دژمنانی کورد لێ وەخۆ کەوتوون؛ بەردەوام هەوڵی چەواشەکاری فکرەکانی دراوە و من دەمەوێ وەک ئەڕکێکی ئەخلاقی دریچەیەک بۆ هەزمکردنی بکەمەوە. 
 مۆدێڕنیتەی دێموکڕاتیکی ئۆجەلان لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی بونیاد نراوە کە بریتین لە: ئازادی ڕەگەزی، دێموکڕاسی و ژینگە پارێزی. بەڵام هەر یەک لەم بابەتانە لە دیدی ئاپۆدا واتای جیاواز و فراوان لەخۆ دەگرن. واتای ئەم چەمکانە لە گەڵ هزری سوسیالیستەکان و سیستمە سەرمایەداریەکان جیاوازن، کە بە کورتی باسی دەکەم. 

 

ئازادی ڕەگەزی
 ئازادی ڕەگەزی بە گشتی ئازادی تاک یا خود ئازادی ژنی ئازاد و پیاوی ئازاد لەخۆ دەگرێت، ئەم بابەتە بازنەی تەسکی فێمینیستیش تێپەڕ دەکات. لەو پەڕەنسیپپەدا وەک ئایینەکانی ئاسمانی پیاو سەنتەر نییە و ژن کێڵگە و موڵک نییە، بەڵكو هەردوکیان تەواوکەری یەکترن.
 لەم دیدەدا وەک سەرمایەداری ژن ناکرێتە کالا بۆ وەدەستهێنانی بەرژەوەندی. لە سیستمی ئۆجەلاندا ژن پێشەنگە. ژن کڕۆکی کۆمەڵایەتی‌بوون و گەرمی ژیانە، بۆیە دەڵێت: تا ژن ئازاد نەبێت، کۆمەڵگاش ئازاد نابێت. بەرگی سێیەمی زنجیرەی مانیفیستۆی شارستانیەتی دێموکڕاتیک "سوسیۆلۆژی ئازادی" ئەم بابەتەی بە شێوەی سوسیۆلۆژیانە شی کردۆتەوە. هەروەها لە ڕووی دەروونناسیەوە داستانە پیاوسالارەکان و قسە سووکەکان کە کۆمەڵگای پیاوسالار بە ژنی دەڵێت چۆن کاریگەریان لەسەر ژن داناوە، باس کراون. لەوانە داستانی ئادەم و حەوا و داستانی گلگامیش و شەڕی ئینانا خواوەندی ژن لەگەڵ ئەندیدۆی پیاو. 
بۆیە بۆ ئازادی ژنان پێشنیاری پارکی کلتوری و خۆپێگەیاندن ژنان، پارتی ژنان و ئابوری هاوبەشی ژنان و سەربەخۆیی و پاراستن لە هەموو بوارەکاندا کراوە. پیاویش پێوسیتە خۆی لە قورخکاری ژنان و دەسەڵاتداری سەرکوت داماڵێ. پارتی ئازادی ژنانی کوردستان پ.ا.ژ.ک و هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژن لەو چوارچێوە دان. بۆیە بابەتی ژن، ژیان، ئازادی سێ تێگەی لێکدانەبڕاون.

 

دێموکڕاسی
ئەوەی ئێستا زۆرتر لە هزری کۆمەڵگا هاوێژراوە ئەوەیە هەرکەس زیاتر دەنگ بێنیت با حوكم بکات و حوکمیش هەمووی لە چوارچێوەی دەوڵەت دایە. هەر ئەو جۆرە فکرە وای کردووە کە کەمینەکان بەردەوام لە پەراوێز و توانەوەدا بن. وەک دەوڵەتی ئێران، تورکیا، سوریە، ئیراق کە نمونەی بەرچاون بۆ کورد و... . نمونە گەر تورک لە ورمێ ئەندامی شارەوانی زیاد بەدەست بێنن و کورد دەنگ نەدات، ئەوە تورکە نژادپەرەستەکان کە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا دمەزەرد دەکرێنەوە چیان پێ خۆش بێت بۆ گەڕەکەکانی خۆیان دەیکەن و گەڕەکە کوردیەکان پەراوێز دەخن. ئەوە ئەنجامی ئەو دێموکراسیە زۆرینە و کەمینە سەقەتەیە.
 ئەگەر ئێمە ئەم دیموکراسیەمان پەسەند بێت، دەبێت حوکمی نەتەوەی باڵادەستەکانمان پەسەند بێت و قائل بین بە توانەوە. بەڵام لە دیدی ئۆجەلاندا دێموکڕاسی ئەوەیە کە گشت ڕەنگەکان چ زۆر و چ کەم لە لای یەک بە جیاوازیەکانەوە لەگەڵ یەک بژین و باخچەی هەمەڕەنگی دێموکڕاسی بەم شێوەیە ساز دەبێت، نەک بە یەک ڕەنگکردن. وەک ئەوەی ئەو دەوڵەتانە دەیکەن. بۆ نمونە لە سرودی نەتەوەیی دەوڵەتی تورکدا هاتووە و هەموو گەلانی دی دەبێ ملکەچی بن و بیڵینەوە "بەختەوەرم کە تورکم". 
ئۆجەلان پێی وایە دەبێت هەموو نەتەوەکان، ئاینەکان، زمانەکان و زاراوەکان لە شوێنی خۆیان بە تایبەتمەندی کلتوری و ئابووری و هزری خۆیان کۆمەڵی خۆیان بەڕێوە بەرن، نەک زۆڕینە کەمینە بخوات. یان یاسای ئیسلامی بە سەر ئیزیدی و مەسیحیەکدا بسەپێندرێ و یان بە پێچەوانەوە. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا کانتۆنەکان بە گوێرەی تایبەتمەندییەکان ساز دەبن. شەنگال نمونەیەکی باشە کە گەلی ئیزیدی دەیەوێ بە تایبەتمەندی کلتوری و ئایینی خۆی خۆی بەڕێوە بەرێت. بۆ نمونە دەکرێت هەرێمی هەورامان بە تایبەتمەندی زمانی و کلتوری خۆی خۆی بەرێوە ببات. هەروەها بۆ ئیلامیش هەرێمێکی وا لە جیگەی خۆیدایە. 

 

ژینگەپارێزی
گەر وەک کلاسیک باسی ژینگەپارێژی بکەین ئەوە ڕەنگە ئەوەمان بێتە خەیاڵ بچین نەمام بڕوێنین و دار نەبڕین، شت فڕێ نەدەین. ئەو کات دەبینە ژینگەپارێز! 
گەر تەماشا بکەین مرۆڤە بۆتە گورگی هار و هەموو گۆی زەوی تێکداوە و ژینگە هەسارەکانی دیشی دەستکاری کردووە. ئەو هاڕینە تا ئەو ڕادەیەیە کە چینی ئۆزۆن بەتەسک بۆتەوە. گەر پیش بەو مرۆڤ دەروون‌گورگانە و سیستمەکەیان نەگیرێت؛ ئەوە مەترسی تیکچوونی ژیان و قەیرانی خۆراک و نەخۆشی پیست لەئارا دایە. دواجار  زات‌گورکەکان سەری ئێمە و دواجار خۆشیان دەخۆن. 
وەک نمونە و هەزار نمونەی‌ترشەپۆڵەکانی موبایل و ئینتەرنێت کاریگەری لەسەر پەلەوەرەکان و زیندەوەرەکانی دیکە داناوە. سەرمایەداری بۆ قازانجی خۆی هیچ پێوەرێکی ژینگەیی لەبەرچاو ناگرێت و هەردەمەی بە شێوازێک بۆ فریواندنی کۆمەڵگا کالاکان دەخاتە بازار. 
ئەم سیستمە بەرژەوەندیخوازە تەسکە مۆدگەرایی پیش دەخات کە زوو‌زوو بکڕین و زوو‌زوو فرێ دەین. بۆیە ئۆجەلان پێشنیازی ئابووری ئەخلاقی بە گوێرەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگا دەکات کە پەڕەنسیپە ژینگەییەکانی تێدا لەبەرچاو بگیرین و لە هەمانکاتدا ڕۆڵی ژینگەپارێزەکان بەرز دەنرخێنێ و رەخنەشیان دەکات کە بازنەی تەسکدا نابێتە وەڵامی کێشەکان.
ئۆجەلان ئەو بۆچوونە ئایینی و سوسیالیستیانە ڕەخنە دەکات کە پیاو و یان لە سوسیالیستیدا وەک چەقی گەردون پێناسە دەکەن و دەڵێت: مرۆڤ بەشێکە لە ژینگە و تەنانەت خۆدی ژینگەیە. بۆیە بەم شیکردنەوەیە بۆچوونی کۆنی سوسیالیستەکانیش تێپەڕ دەکات و مەیدان بۆ تێکۆشانێکی ئەخلاقیتر بە پێوانەکانی ژینگەپارێزی دەکاتەوە. ئەم ئەخلاقە لەسەرجەم بەرهەم و چالاکیەکانی مرۆڤ پێویستە ڕەنگ بداتەوە. 

 

ئابووری لە دیدی ئۆجەلاندا 
ئۆجەلان لە ڕێگەی زانستی ئیتمۆلۆژی لە ڕەگی وشەی (ئیکۆنۆمیک) ئابوری کۆڵیوەتەوە و بە پێی ئەم زانستە ئیکۆنۆمیک کە بە واتای ئابووری دێت ڕەگەکەی بۆ خواوەندی ژن ئیکۆنۆموس دەگەرێتەوە. ئیکۆنۆموس بە واتای ژنی بەڕێوەبەر دێت کە لە ڕووی ئابووریەوە دەوروبەری ئیدارە کردووە.
ژن لە بواری هونەر، پزیشکی، چاندن، چنین و ماڵیکردنی ئاژەل و ئافڕاندن، کۆمەڵگای لە هەموو بوارەکاندا پیش خستووە. ئۆجەلان دەڵێت بەداخەوە لەمڕۆیدا ژنیان وا زەلیل کردووە نەک هەر ئابووری بەدەست نییە، بەڵکو وەک پشیلە چاو لە دەستی پیاوە بۆ ئیسقانێک دەمیاوێنێ و یان وەک باڵندە لە قەفەس کراوە بۆ جوانی و  دامرکاندنەوەی هەوەس.  
ئۆجەلان لە ڕۆڵی ژندا سەرمایەداری کە ژنیشی بە موڵک کردووە، ڕەخنە دەکات. سیستمی سەرمایەداری هەموو بۆ یەک کەس کار دەکەن و بە شێوەی هەڕەمی یەک کەس لە لوتکە دایە و زیاتری کۆمەڵ لە هەژاریدا دەژی. 
لە دەوڵەتی سوسیالیستی هەندێ کەس کار دەکەن و هێندی ناکەن و ئەوانەی کار ناکەن ڕەنجی کارکەرەکان دەخۆن. جیاوازی لە نێوان تاکی بەکار و تاکی بێکار ناکەن، بۆیە تاکی کارای تێدا ون دەبێت. هەر دووی ئەم سیستمانە ئەخلاقی ژینگەپاریزی بە بنەما ناگرن. بۆیە بە پێچەوانەی مارکس کە پێداگری لەسەر "رێکخستن ڕێکخستن ڕێکخستن" بوو، ئۆجەلان بۆ سیستمی ئەخلاقی و هەرەوەزی پێداگری لەسەر "پەروەردە پەروەدە پەروەردە"یە. ئاکادیمیەکانی ئۆجەلان و پێگەیاندنی هەزاران کادیر هەڵگری ئەو ڕاستیەن.
ئەم ئەخلاق و پەروەردەیەش دەکەوێتە سەر شانی ژنی ئازاد و دەڵێت: تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت. بەداخەوە ژنی ئێستا گەوهەری خۆی ناناسێت و دەبێتە سەرلەنوێ خۆی بناسێتەوە و ئەڕکی سروشتی خۆی بگرێڕێت، ئەوەش دەچیتە چوارچێوەی دوبارە خۆ بونیادنانەوە.
لەم سیستمە ئابووریەدا پێویستە ژینگە لەبەرچاو بگیرێت، سەرمایە وەک سەرمایەداری لەبەر دەستی کۆمپانیا زبەلاحەکان و ملیاردێرەکاندا کەڵەکە نەبێت و لە خزمەت کۆمەڵگادا بێت. لە پڕۆژەکە هەموو وەک یەک کار بکەن و زیاتر لە پێداویستی خۆیان و کەلوپەلی کارپێکردن کە خەرا دەبن، نرخ نەخنە سەر کاڵاکان. 
جیاوازیەکی تری ئەم سیستمە ئەوەیە بە پێچەوانەی سەرمایەداری کە بە کاڵاکانی بێ‌باوەڕی و گومان لەنێو کۆمەڵدا دروست دەکات، ئەم سیستمە لەبەر ئەوەی خزمەتی کۆمەڵ بە بنەما دەگرێت دەبێتە جێگای باوەڕی کۆمەڵگا. 
بۆ نمونە کاتێک ئێمە کالایەکی کۆمپانیایەکی ڕۆن دەکڕین نازانین چۆن ساز کراوە. گومانمان لە چۆنیەتی سازکردنی ڕۆنەکە هەیە. دەڵین بۆ قازانجی خۆیان هەموو شت دەکەن، بەڵام لە سیستمی مۆدێرنیتەی دێموکڕاتیک کە خزمەت و تەندروستی کۆمەڵ و ژینگە بە بنەما گیراوە، لەم بارەوە دڵنیاییمان پێ دەدات و ئاسودەیین کە خاوەنی پڕۆژەکان کەسانی ئەخلاقی و ویژدانین.

 

سێکس و سپۆڕت و سینعەت 
ئەم سێ بابەتە لە دیدی ئۆجەلان ژیانین واتا مرۆڤ لە ژیانی رۆژانەدا بەکاریان دێنێ، بەڵام سەرمایەداری لە گەوهەری خۆی دەریهێناون. 
سیستمی چاوچنۆک سێکس، سپۆڕت و سینعەتی بۆ بەدەستهێنانی پارە کردوون بە ئامرازی کۆکردنەوەی سەرمایە. لێرەدا مەبەست لە سەرمایەداری هەم دەوڵەتانێک دەگرێتەوە کە بە هەمان فکر کار دەکەن و هەم کۆمپانیاکان و هەم ئەم مرۆڤانەی هەڵگری وەها فکرێکن بۆ کۆکردنەوەی سەرمایە. 
پێویستە مڕۆڤەکان لە سێکس و سپۆڕت و سینعەت ڕۆڵی بکەریان هەبێت. پێویستە مڕۆڤ بۆ بەردەوامی ڕەوتی ژیان و پێویستی سکس بکات نەک چاو لە فیلم پۆڕنۆ بکات. پێویستە  ڕۆژانە وەرزش بکات نەک بە سەدهەزار نەفەر لە وەرزشگاکان تەماشایی ٢٢ کەسی یاری تۆپی پێ بکەن. هەروەها پێوسیتە مرۆڤ هونەرمەند بێت و گۆڕانیبێژ نەک کەسێک بێت جەوانان بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەرمایە لە خشتە بەرێت و گەوهەری ئەم بابەتە ژیانیانە دووریان بخانەوە.
 بۆ نمونە یانەی چلسی بە میلیارد پارە بەدەست دێنی و بە میلیۆنان تەماشا دەکەن، بەڵام خۆمان وەرزش ناکەین. مێشکمان لای سکس و فیلمی سکسیە و هیچ خۆشەویستمان نییە، بە هیچ و خۆڕایی دەوروژێنرێین. کچێک گۆرانی دەڵیت لەشی نمایش دەکات، بەڵام ئێمە داهێنەری هونەرێک نین. لە هەر سێ بابەتەکە کەوتووینە خزمەتی کۆمپانیاکانی سەرمایەداری و لە ڕوڵی بکەر بووینە بەرکار، گێژیان کردووین بێ ئەوەی بزانین.
 بۆیە لەم سیستمە ژن و گەنج بۆ ڕاستکردنەوەی ژیان پێشەنگن، لە سیستمی دەوڵەتی سوسیالیستیدا کڕێکاران پێشەنگ بوون، بۆیە لێرەشدا ئۆجەلان لە سوسیالیستەکان جیایە.

 

خێزان و دەوڵەت‌-‌نەتەوە
خێزانی کلاسیک  لە دیدی ئۆجەلان بچووککراوەی دەوڵەتی نەتەوایەتیە، بۆیەش بەیەکەوە باسیان دەکەم. لێرەدا پیاو لە دەسەڵات دادەماڵی و ژن دەکاتەوە خاوەن هێز. دەڵێت: گەر زەواجێکی واتادار و هاوسەنگ هەبێت کە نێوان ژن و پیاو جێگای ڕێزە و هەروەها بۆ دەوڵەتی نەتەوایەتیش گەر یەک نەتەوە باڵادەست بێت یان یەک تاقم، یان یەک ئایین ئەوە ئەو دەوڵەتە وەک خێزانی کلاسیک بەڵایە. واتا وەک خێزانی باوکسالار ناوەڕۆکی پوچە، بۆیە لە جێی زەواجی کلاسیک هاوژینی ئازاد لە نێوان تاکە ئازادەکاندا پێشنیار دەکات. بۆ دەوڵەتە نەتەوەییەکان کۆماری دێموکڕاتیک -کە کۆمەڵگا جیاوازەکان خۆیانی تێدا ئازادانە بەڕێوە دەبرن- پێشنیاز دەکات.
نابێت باوک و دایک منداڵەکان سەرکوت بکەن، بەڵکو دەبێ بە یەکەوە و بە ڕاوێژ خۆیان خۆیان بەڕێوە بەرن و رۆڵی مۆمیان هەبێت. ژن و پیاو لە بنەماڵەدا وەک سیستمی هاوسەرۆکایەتی لە رێکخستنەکانی ئاپۆییدا وایە. بە واتایەکی دی هاوژینی ئازاد سیستمی بچوکی خێزانی کۆمەڵگای خۆبەڕێوەبەرە بە سیستمی هاوسەرۆکی.
 هەر بەو پێوەڕەش دەبێت کۆمەڵگاکان خۆیان بە تایبەتمەندی خۆیان بە سیستمی هاوسەرۆکی خۆیان بەڕێوە بەرن، نەک بەڕیوە ببرێن، یان وەک گورک سواری سەریان بن و لە ڕەنجیان سودمەند بن.
 لە سیستمی خۆبەڕێوەبەر هەوڵی کاڵکردنەوەی جوگرافیای سنوورەکان دەدرێت، بەڵام ئەو دەوڵەتانەی ڕێگرن بە جیاواز مامەلەیان لەگەڵ دەکرێت. ئۆجەلان بە تاکتیکی ڕێکخستنی کۆمەڵ و سیستمی خۆبەڕێوەبەر لە دەرەوەی دەوڵەت، دەوڵەت بێکاریگەر دەکات. نمونە لە باکوری کوردستان خەڵک کێشەکانی بۆ دادگای دەوڵەت نەبرد و لە دادگای گەل چارەسەریان دەکرد. دەوڵەتی تورکیا هەستی کرد هیچ ڕۆڵی نەماوە و ڕەگی دەوڵەتە فاشیستیەکەی کێشراوە، هاتن سەرکوتیان کردن و بە هەزارانیان لە زیندان کردن، بەڵام نەیانتوانیوە ئیرادەیان بشکێنن.

 

تاکی دێموکڕات
لە ئایینە ئاسمانیەکاندا پیاو چەقی گەردوونە و هەموو شت لە خزمەت پیاو دایە. ژنی جوان و ئەسپ و ژینگە هەمووی بۆ خزمەتی پیاوە. پاشان سوسیالیستەکان هاتن شۆرشیان کرد گوتیان هەموو شت بۆ مڕۆڤە لێرەدا ژن و پیاو پێکەوە ئەو ژینگەیە چۆن دەخوا بخوا بۆ مرۆڤە، ئەوە دیارە کە سەرمایەداریش وەک گورگی هار ژینگەکە دەیهاڕی، لێرەدا هەموو شت بۆ کەسێک یان تاقمێکە.
بە واتایەکیتر لە سیستمی سەرماییەداری هەموو مرۆڤەکان بەیەکەوە و وەک سوسیالیستەکان تاکەکان لە قازانج سودمەند نین،  بەڵکو تاقمیەک دەخوا. ئەگەر سوسیالیستی تاکەکان وەک یەک بەهرەمەندن، ئەوە لە سیستمی سەرمایەداری تاقمەیەک تێر و زۆرینە برسین. لە سیستمی کەرتی تایبەتی سەرمایەداری کرێکارەکان بۆنی ئارەقیان لێ دێ و چەند کەسێکیش بۆنی عەتر و عەنبەر. 
ئاپۆ هەردوکیانی ڕەخنە کرد نە پیاو کە وەک ئاین باسی دەکات چەقی گەردونە و نە وەک سەرمایەداری دەیکاتە گورگی هاری ژینگە و تەنانەت دواجار خۆیشی دەخوات و نە وەک سوسیالیستەکان باسی دەکەن کە هەموو شت بۆ مڕۆڤە، بەڵکو دەڵێت هەموو شتەکان تەواوکەری یەکن بە گیاندارو بێ‌گیانەکانەوە. لێرەدا تاکی ئازاد و دێموکڕاتیک بە پەروەدەی ئەخلاقی دێتە ئاراوە.
تاکی دیموکڕات بەرپرسیارێتی ئەخلاقی لەسەر شانە، لێرەدا مرۆڤ نە تەنها سەنتەر نییە، بەڵکو بەشێکە لە ژینگە و خودی ژینگەشە. بۆیە لێرەدا تاکی دێموکراتیک لە بەرانبەر تاکی هاری ئەم سیستمە بێ ئەخلاقانە دەخرێتە بەرباس. تاک دێموکڕاتیک پێویستە بە خوڵقکاری خۆی پێشەنگی ئەم سیستمە بێت. نمونە رومانێک بنووسە و وەک تاک رۆڵت دیارە.  بۆیە ئەوانەی پێیان وایە ئاپۆ هەر سوسیالیستی بونیادنراوی سەردەمی یەکێتی سورڤێتە یان نازانن و یان هەوڵی ڕەشکردن و چەواشەکاری دەدەن و لە ڕیزی دژمنان دان و یان قسەی دژمنان نائاگایانە دەجوونەوە. نمونە ئەو کەسانە تاکوتەرا کوردن کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئەنتەرنێت کەوتوونەتە داوی چەواشەکاران. قەدیم دەیانگوت ئاپۆ کوردی نازانێ تا ئەوەی ئەمڕۆ ڕاستی لە ڕێگای ئەنتەڕنێت بەرچاوە. دواجار ڕاستی سەردەکەوێ، بۆیە ئۆجەلان دەڵێت: "مەحکومین بە سەرکەوتن.

 

دین 
دین لە سەردەمی کۆنەوە تا ئێستا لە ژیانی مرۆڤدا هەبووە. چ پیرۆزی سروشت و مانگ و ئەستێرە و مانگا و ئاژەڵ و ڕوەک تا ئایینە ئیبراهیمیەکان کە هەموو ئەمانەش بە گوێرەی پێویستی  کات دەوریان لە چۆنیەتی ژیاندا هەبووە و هەیە. لە ئیدی ئۆجەلاندا ئەدیان وەک مارکس دەڵێت کە تریاکی گەلانن، بیر ناکاتەوە، بەڵکو تێڕوانینی ئۆجەلان بۆ دینەکان جیاوازە. ئۆجەلان رۆڵی ئیبراهیم پێغەمبەری لەوەی کە قوربانی مرۆڤی لە پێناو خودادا گۆڕی بۆ ئاژەڵ وەک شۆڕشێکی سەردەمی خۆی بەناو دەکات. هەروەها رۆڵی پێغەمبەر محەمەد کە ژنی لە زیندەبەچاڵ هێنایە فرەژژنی وەک شۆڕش لە سەردەمی خۆیدا باس دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا پێی وایە دەبێت شۆڕشەکان بەردەوام بن و بە گوێرەی زەمان پێشکەوتن بە خۆیانەوە ببینن. زەواجی پێغەمبەری ئیسلام لەگەڵ ئایشەی ٩سالان لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا ڕەخنە دەکات و پرسیار دەکات ئایا دەکرێت لەم تەمەنە ئایشە ٩ساڵان بە کامڵبوونی هزری گەییشتبێت. بازاری کۆیلەفڕۆشان بەردەوام بووە. ژن وەک کەنیزەک فرۆشاوە ئەم بابەتانە جێگای رەخنەن کە دەکرا پێغەمبەری ئیسلام رۆڵی زیاتری لە ئازادی ئینساندا گێڕابایە.
ڕەنگە پرسیار لای هێندێکان دروست بێت ئایا ئۆجەلان باوەڕی بە خودا هەیە یا نا. زۆر کەس زۆریان خۆش دەوێت و دیندارن و ئەوەیان بۆ بۆتە پرسیار. لەسەر ئەم بابەتە من دەتوانم بڵێم کە دیندار و بێدینی بابەتێکی کەسیە، بەڵام ئایا ئۆجەلان بێڕێزی بە دین کردووە، بێگومان نەخێر.  لە دینی ئۆجەلان فرەیی دین و ئایین هێمای دێموکڕاسی و یەکتر تەواو دەکەن. هەر وەک زمان و زاراوەکان. جیاوازیەکان  یەکتر لەناو نابەن، بەڵکو تەواوکەری یەکن و پێویستە بە ڕێزەوە بە دیالۆک یەکتر بەهێز بکەن. دەوری دیالۆگی ئاشتیانە لەهەموو بابەتەکان لای ئۆجەلان لەبەرچاوە. ئۆجەلان هەر وەک بۆ نەتەوە باسی نەتەوەی دێموکڕاتیک دەکات لەبارەی ئەدیانیش لەناویاندا ئیسلام ئیسلامی کۆمەڵایەتی بەلاوە پەسەندە نەک ئیسلامی دەسەڵاتداری.
ئۆجەلان پێی وایە کە ئیسلام لە گەوهەری خۆی داماڵراوە و بۆتە ئیسلامی دەسەڵاتداری کە دەوڵەتەکان بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆیان بەکاری دێنن. ئەم بەکارهێنانە بۆ سەردەمی مەرگی حەزرەتی محەمەد پێشەوای موسڵمانان دەگەرێتەوە کە سێ رۆژ تەرمەکەی لەسەر زەوی مایەوە لەبەر کێشەی دەسەڵات و کە کێ ببێتە جێنشین بە خاک نەسپێردرا. 
ئۆجەلان ئیسلامی ئۆمەوی کە ئێستا مەزهەبی سوننە لەسەری بەردەوامە، هەروەها دەەوڵەت و گروپ گەلێکی توندڕەو لەسەری خۆیان بەرێکخستن دەکەن و کردووە. جگە لە خەڵکی ئاسایی ئەوانی دی ئامانجیان دەسەڵاتداریە. نمونەیان ئیمپڕاتۆڕی عوسمانیەکان لە ڕابردوو و لە ئێستادا ئەردۆغان لە تورکیا درێژەی پێ دەدات. ئەوانە هەموو بەرماوەکانی "ئۆمەوی"یەکانن کە ناوەڕۆکی دەسەڵاتداریان هەیە. ئۆجەلان کێشەی لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە دینیە هەیە و هەوڵی داماڵینی دەدات، کە بەردەوام  کێشەی بۆ کۆمەڵگا دروست کردووە.
 لەبارەی حەزرەتی عەلی کە لەناو کورددا پێڕەوانی لە چواربەشی کوردستان هەیە کە دژی ئیسلامی دەسەڵاتداری جەنگاوە وەک شۆڕشگێڕێک بەناو دەکات. دەسەڵاتی ئەمڕۆی ئێران کە حەزرەتی عەلی لە کرۆکی شۆڕشگێری داماڵیوە و هێناوییەتە ئاستی شێوەن و ڕۆڕۆ، هەر بە جەوهەری ئۆمەویەکان لە فۆڕمێکی شیعەگەری درێژەی پێ دەدرێت، هەروەها گروپ‌گەلی دەوروبەری ئێران هیچیان فڕیان بەسەر ئیسلامی کۆمەڵایەتی و داماڵڕاو لە دەسەڵات نییە.
 بە گشتی سەبارەت بە دین پیشنیازی ئیسلامی کۆمەڵایەتی و دێموکڕاتیک دەکات و پێی وایە دەبێت مزگەوت ڕۆڵی چارەسەری لە کێشە کۆمەڵایەتیەکاندا بگێڕیت و نەکەوێتە خزمەت دەسەڵاتە. هەروەها پێی وایە دین بە دیوێکیدا فۆڕمێکی سوسیالیسیانە هەیە لە پێکەوەژیان و دەوری یەک کۆبوونەوە و هەرەوەزی. لەو بارەوە خاوەن کتێبی ئیسلام و وڵاتپارێزیە و وتاری تایبەتی لە زیندانەوە بۆ کۆنگرەی زانایانی موسڵمان کە لە ئامەد بەسترا، ناردووە.

 

پێکەوەژیانی گەلان 
ئەم بابەتە بابەتێکی گرنگی ژیانی ناو خاک و جوگڕافیای کوردستانە؛ ئەو ماوەیە هەوڵی چەواشەکاریشی دەدرێت. گەلی کورد خوی قوربانی ئەوەیە کە دەوڵەتە نەتەوە باڵادەستەکان حسابیان بۆ گەلانی دی نەکردووە و بەرەو توانەوەیان بردوون، زۆر گەلی تریش هەن بە هەمان چارەنووسی کورد گرفتار بوون. بۆیە دەبێ پڕەنسیپی پێکەوەژیانی گەلان و ئایینەکان بە بنەما بگرین؛ هەم لەبەر ئەوەی گەلی جیاواز لە جوگرافیای کوردستاندا دەژین و هەم ئایینی جیاواز. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی رەنگینیەوە تابلۆیەکی دێموکراسی لە هەموو ڕەنگەکان هەیە و بەم سیستمی مۆدێڕنیتەی دیموکڕاتیک ئۆجەلان دەیهەوێ جەوری و زوڵمی دەوڵەتە فاشیستەکان لەسەر کۆمەڵگا رەنگینەکان لابەڕیت و کۆمەڵگا جیاوازەکان کە وەک موزائیکی رەنگینی دێموکڕاسین ئازادانە سود لەیەک ببینن و پێکەوە بژین.
 ناکرێت بەسەر یەکتردا بالادەستیان بکەین و یەک ڕەنگ هەموو ڕەنگەکانی دی کاڵ و یان بەرەو تاک ڕەنگی بیانبات، تاک ڕەنگکردن یان یەکتایەتی هاوتایە لەگەڵ دیکتاتۆڕی.
 لە ئێستا پێوەندی خزمایەتی و ژن و ژنخوازی لە نێوان گەلاندا لە ئارا دایە و بۆیە ناکرێت لەیەک دابڕین. پێکەوەژیانی گەلان بۆتە بابەتێکی ژیانی. تەنانەت نەنکی ئۆجەلان تورکە کە قەدیم لە جێی خوێن دراوە بە پاییری. بۆیە پێکەوەژیانی گەلان بابەتێکی ژیانی و کۆمەڵایەتییە. بابەتە ژیانی و کۆمەڵایەتیەکان نابێت لەگەڵ دەوڵەتە فاشیستەکان کە ژەهر لە نێو کۆمەڵدا بڵاو دەکەنەوە تێکەڵ بکەین و خۆشمان لەو ژەهرانەش پاک بکەینەوە. دەتوانم بڵێم تا ئێمە کۆمەڵگا لە دەوڵەت و دەسەڵاتداری لە ئاین جیا نەکەینەوە، ناتوانین لە ئۆجەلان تێ بگەین. دەوڵەت کێشە بەرهەم دێنێ، کومەڵگا بە ساڵان پێکەوە ژیاوە، لە ئێستادا دەوڵەت بە میدیا ژەهراویی دەکات.
ئەوەی کە کێشە دروست دەکات، گەل و کۆمەڵگا نییە؛ بەڵکو ئەوانە بە یەکەوە تەبا و لەبارن، بەڵام ئەوەی پێکەوەژیانی گەلان تێک دەدات و ئاژاوە دەنێتەوە دەوڵەتە؛ بۆیە شڕۆڤەکردنی کۆمەڵگا لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەت دوو بابەتی جیاوازن. 
ئێمە زۆربەمان گوێمان لەو سرودە بووە کە دەڵیت: "گەلان هەموو بڕای منن هەر زۆردارانم دژمنن، داوای وڵاتی کەس ناکەم، پەنجە بۆ مافی کەس نابەم، بۆ مافی گەل و خاکەکەم، هەتا ماوم خەبات دەکەم"؛ ئێوەش هەتا ماون خەبات بکەن. ئەم سرودە پڕ بە پێستی پێکەوەژیانی گەلان و نەتەوەی دێموکڕاتیکە کە ئێمە دەبێت لەسەری درێژە بە تێکۆشان بدەین.
 کەواتە  خەباتی فکری و تێکۆشانی ئێمە دەبێت دژی زۆرداران و فاشیستەکان بێت، نەک دژی ڕەنگە جیاوازەکان، گەرنا دەبێت وەک جۆگەلە خوێن برژێت و سەری یەکتر بخۆین. بە پێی دەقی ئایینیش پێکەوەژیانی گەلان جێگەی تایبەتی خۆی هەیە. "وجعلناکم شعوبا و قبائلا الا لتعارفوا.

 

پارچەگەرایی و تەواوکەری
ئەم بابەتە هەم فەلسەفییە و هەم ژیانی. ئۆجەلان دەڵێت لەژێر ناوی پسپۆڕی هەوڵی پارچەکردنی هەموو شتێک دراوە. بۆ نمونە مڕۆڤ وەک مرۆڤ تەماشا ناکەن؛ بەڵکو دابەشی دەکەن بە دوو لایەنی دروونی و فیزیکی و هەر کام بە جیا هەڵیدەسەنگێنن. سەرمایەداری مرۆڤ بە فۆرمۆڵی شیمی و فیزیک هەڵدەسەنگێنێ و حساب بۆ دڵ و هەستەکانی ناکات. نمونە ئاو لە پلەی سەد دەکوڵێت. یەک زاید یەک دەبێتە دوو و ... . 
 ئەو فۆڕمۆڵە زانستیانە سەرمایەداری بۆ بەدەستهێنان و کەڵەکەکردنی سەرمایە سودی لێ وەرگرتوون، بەڵام کێشەکانی کۆمەڵایەتی و مڕۆڤایەتی بەو هاوکێشانە چارەسەر نابن. گەر بمانەوێ کێشەکانی مڕۆڤ چارەسەر کەین پێویستە بە مڕۆڤ بە لایەنی مادی و مەعنەویدا دابەش نەکەن، بەڵکو ئەم دوانە پارچە نین و تەواوکەری یەکن. پێویست ناکات وەک هەندێ فیلسوف کەوتوونە بەرەی مادیگەرایی و ئایدیالیستەوە، ئێمەش دابەش بین بەسەر ئەم لایانەوە، ئەوانە بە نەخۆشی و سەرهاویشتەی سیستمی سەرمایەداری بەناو دەکات. بۆ نمونە ژن و پیاو یەکیان بەسەر یەکدا زاڵ نییە، تەواوکەری یەکن. نەتەوەکان یەکیان لە یەکدی دی باشتر نین، بەڵکو تەواوکەری یەکن و هێمای دێموکڕاسی و ڕەنگینیین. گەروانەبێت دەبێت فاشیزم لەسەر حەق بێ ئاتاتورک و هیتلەر لەسەر حەق بن. بۆ زیاتر ڕوونکردنەوەی لایەنی مادی و مەعنەوی من ڕومانی تیمساحی داستایۆفسکی نووسەری ڕووس بە نمونە وەردەگرم من پیشتر لێکدانەوەیەکی ئەدەبیم بۆ ئەم ڕۆمانە کردووە کە تیایدا سیستمی سەرمایەداری بردۆتە ژێر پرسیار. 
داستایۆفسکی دەڵێت لە زانسییە فیزیایی و ماتماتیکی و شیمیاییەکاندا وا سەلمێندراوە کە هەرچی ناوەڕۆکی بۆش و قوڵ بێت ئەوە شت هەڵدەلووشێ؛ بۆیە ئەم تیمساحە ئەم کەسە رووسیەی هەڵلووشیوە، چۆن ناوسکی بۆش بووە. تیمساحەکە ناحەقی نییە پیاوەکەی هەڵلوشیوە و هاوکێشەیەکی فیزیاییە. خاوەن تیمساحەکە داوای قەرەبوو لە کەسوکاری پیاوەکە دەکەن کە بە هۆی چەکمەی لاستیکی تیمساحەکە تووشی کێشە بووە. بە پێی ئەم زانستە هاوسەری پیاوە رووسیەکە قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵکو مەحکومە بە قەرەبوو دان. لێرەدا داستایۆفسکی دەپرسێ: "من دەپرسم ئەی بۆ مێشکی ئەو کەسانەی کە بەتاڵە شت هەڵنالوشێ؟!." مەبەستی نووسەر ئەوەیە کە کێشە دەروونیەکان و مرۆڤایەتیەکان بە زانستی ڕەق و وشکی مادی چارەسەر نابن. 
دەبێ ئێمە ئەوە بزانین و بە هەڵە تێنەگەین و ئەم نووسەرە و ئۆجەلان لەگەڵ زانستن و دژی ئەوەشن زانست بخرێتە خزمەت سیستمی چاوچنۆکەوە و یان پارچە بکرێت. زانست کە سەرمایەداری بەرهەمی نەهێناوە، بەڵکو کەسانی ڕەنجدەر بەرهەمیان هێناوە و ئێستا ئەم سیستمە نائەخلاقیە خستوویەتیە خزمەتی کۆمپانیاکانی خۆی بە مڕۆڤ وەک ژمارە دەبینێ و حساب بە لایەنی دەروونی ناکات. 
زانست دەبێت بخرێتە خزمەت کۆمەڵگاوە نەک تاقمەیەکی چاوچنۆک کە مرۆڤ و ژینگەیان هاڕیوە. زانستەکان پارچەپارچە کراون، ئەوە لە کاتێک دایە دەبێ فرەڕەهەند تەماشای کێشەکان و دیاردەکان بکەین و چارەسەریان بکەین. بۆیە ئۆجەلان هەر وەک زاناکانی کۆن کە لە زۆر زانستدا شارەزابوون، هەمەلایە و بە سودوەرگرتن لە هەموو زانستەکان چارەسەری کێشەکان دەخاتەڕوو و خەت بەسەرپارچەگەراییدا دێنێت.  
بۆ نمونە لە دیدی ئۆجەلان قەڵەم و تفەنگ و روح و مادە تەواوکەری یەکن و نابێت لێک جیا بکرێتنەوە. بۆیە هزر و کردار دەبێ پێکەوە هەنگاو بنێن، ئەوەش ئۆجەلانی لە بیرمەندانی‌تر جیا دەکاتەوە کە لە رێگەی رێکخستنی و پەروەردەکردنی کادیر هەوڵی بەکرداری کردنی هزرەکانی داوە. 

 

ئاپۆیی بوون و ژیانی ئەخلاقی
هەرچەندە بە هۆی زوڵمی فاشیستەکانە و بە هۆی بەرگری فیزیکیەوە زیاتر فکریی ئاپۆیی لە ڕێکخستنەکاندا ناسراوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئاپۆیی بوون شێوەی ژیانە.
 گەر ئێمە خۆمان پەروەدە کردبێت و کار بکەین، دەتوانین ژیانێکی ئەخلاقیمان هەبێت. پیاوێکی دەسەڵاتدار و خۆسەپێن نەبین. ژنێک نەبین تەسلیم بە خۆفرۆشتن بکرێین. زمان و کلتوری خۆمان پاراستبێت. ڕۆڵمان لە بەرهەمهێنانی جوگرافی خۆماندا هەبێت، کارەکانی ئابووری ئێمە بە گوێرەی ژینگەپارێزی بێت. لە پرۆژە گەورەکاندا بە هاوبەشی پڕۆژەمان هەبێ. پارەی زیاد نەخینە سەر بەرهەمەکان و خزمەتی کۆمەڵگا بە بنەما بگرین. لە ماڵدا پێوەندیمان لەگەڵ بازنەی خێران هاورێیانە بێت و پێکەوەخۆ بەڕێوە بەرین. خۆمان لە توندوتیژی داماڵین. لە داوی مۆدومۆدگەرایی نەکەوین. لەگەڵ ئاژەڵان و ژینگە هاودەم بین. ڕێز لە جیاوازیە نەتەوەیی و فکری و ئایینیەکان بگرین. دیالۆگ بە بنەما بگرین. لە کاتی هێرشی فەرهەنگی و فیزیکی بە ئەڕکی بەرپرسیارێتی خۆمان هەستین. گەر ئێمە لە گوند و شارەکەی خۆمان پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنانمان دروست کردبێت. ئەو کات دەتوانین بڵێین، ئێمە ئاپۆچین و یان بە واتایەکیتر ژیانێکی ئەخلاقی دەکەین. 
بچوکترین نمونە ئەوەیە گەر پیاوین گۆرەویەکانی خۆمان بەدەستی خۆمان شت و دەنگمان بەسەر هاوژینی خۆۆماندا بەرز نەکردەوە، هیوای ژیانی ئەخلاقیمان تێدایە. 
ئاپۆیی‌بوون بە دروشم و هاتنە ناو پارتیەکانەوە نییە، بەڵکو شێوە ژیانە.  بۆ نمونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەر پارتی ژیانی ئازادی کوردستان پ.ژ.ا.ک پارتێک بۆ پێشەنگی ئەو شێوە ژیانە بێت؛ ئەوە کۆمەڵگای دێموکڕاتیکی ئازادی ڕۆژهەڵات کار لەسەر ئەو پانتاییە ژیانیە دەکات.
  بۆیە ئاپۆیی بوون هەر وەک کوردبوون هەرچەندە سەختە، بەڵام ڕاکردن لە ئەڕک و بەرپرسییاڕێتیش ئەخلاقی نییە.
لەسەر ئەم فکرانەیە عەبدوڵا ئۆجەلان کە وەک کورد دۆزی ئێمە وەئەستۆ گرتووە، بەساڵانە گۆشەگیر کراوە و ڕۆژانە ئازار دەدرێت. بێگومان ئێستا لە کورد ڕازی نییە، گلەیی و چاوەڕوانی لێمان هەیە، چۆن کەمکارین بۆ ئازادی خۆمان و زۆر شتمان لەجێگەی خۆمان لەدەستت دێت، نایکەین. 
بۆیە پێویستە لە هەموو بوارەکاندا هەر کەس لە شوێنی خۆی بە باشترین شێوە بە ئەڕک و بەرپرسیارێتی هەستێت. گەر باغەوانی بە باشترین شێوە باغەکەت خزمەت بکە تا شارەکەت و گوندەکەت پێویستی بە شتی دەرەوە نەبێت.
 چۆن بۆمان دەکڕێت هاوکاری یەکتری بکەین تا ئازاد و سەربەخۆ بە ئەخلاق بژین. تا بۆمان دەکرێت کێشەکانی خۆمان لەناو خۆماندا لە کۆمەڵگای خۆماندا چارەسەر بکەین و نەیبەینە لای دەوڵەت. 
من شانازی دەکەم کە کوردم و مێژوو و ڕەگم لە لانکەی شارستانیەتی میزۆپۆتامیا دایە. بەختەوەریشم لە سەردەمێکدا دەژیم ئاپۆ هەیە و ژیانی منی وەک مۆم ڕووناک کردۆتەوە و سەربەستم لەژێر ئەم خۆرەدا ئازادانە هەڵبژێرم و بژیم.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم:
"ئۆجەلان بیرمەندێکە کە هزری خستۆتە کردارەوە، لە هەوڵی داماڵینی دەسەڵاتی قۆرخکار لە پیاو، دەوڵەت و دین دایە. ئەخلاق ژینگەدۆستی و مرۆڤ‌دۆستی و دێموکراسی وەبەر تاک و کۆمەڵگای لەئەخلاق داماڵێنڕاو دەنێتەوە و پێشنیاری سیستمی مۆدێرنیتەی دێموکراتێک دەکات کە تیایدا تاک و کۆمەڵ خۆیانی تێدا ئازادانە بەڕێوە بەرن، ئەوەش هەمان ستاندنەوەی دەسەڵاتە لە خواوەندەکانەوە بۆ مرۆڤی ئەخلاقی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×