لەنێوان گۆڕی شاعیرانی فارس و کورد دا.

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2022-06-21     664

لەنێو هەر گەل و میللەتێکدا بوونی زاناو فەیلەسوف نوسەر و داهێنەر کە خزمەتیان بەڕەوتی بەرەپێشچوونی وڵاتەکەیان کردبێت، جگە لەوەی کە سەروەتێکی گرنگ و بە بەهای ئەو گەل و میللەتەیە و شانازی پێ وەدەکەن، لەهەمان کاتیشدا لەدوای خۆیان و مردنیان، 

 

گۆڕ و شوێنی بەخاکسپاردنیان دەکەنە ناوەندێکی  گەشتیاری و سنورێکی زۆری دەوربەری گۆڕەکەشی بە دیمەنی سەوزایی و بیناسازی جوان دەڕازێننەوە و جگە لەوەی کە مێژوو و شوناسی خۆیان دەپارێزن، لەگەڵ ئەوەشدا ساڵانە هەزاران گەشتیاری ناوخۆیی و بیانی سەردانی دەکەن و دەبێتە سەرچاوەیەکی داهاتیش بۆ وڵاتەکە خۆی...

 

 

لەنێو وڵاتی ئێراندا چەندین ئارامگای  شاعیر و فەیلەسوف هەیە کە شوێنی بەخاکسپاردنیان، کراوەتە شوێنێکی گەشتیاری و لەبەرانبەر چوونە ژوورەوەی گەشتیاریشدا بۆ نێو ئارامگاکە، پارەی لێ وەردەگیرێت. 

 

 

هەریەک لە ئارامگاکانی، "بابەتاهیری هەمەدانی" و  "ئەبو عەلی سینا"ی فەیلەسوف" دوو شوێنی گەشتیاریین لەنێو شاری هەمەداندا کە  سنورێکی زۆریان بۆ داندراوە و هەزاران گەشتیار ساڵانە و بەردەوام سەردانیان دەکەن.

 

 

ئەوە جگە لەئارامگاکانی "سەعدی شیرزاری" و "حافزی شیرزای" و "خیامی" شاعیر و "فیردەوسی" 

 

لەشارەکانی شیراز و نیشاپور و طوس.

 

کە شوێنی بەخاکسپاردنیان، سنورێکی زۆری بۆداندنراوە و کراونەتە ناوچەیەکی زۆر سەرنجڕاکێش و دڵڕفێن و گەشتیاری.

 

 

ئەوە جگە لەناشتنی تەرمی محەمەد ڕەزا شەجەریانی گەورە گۆرانیبێژی ئێرانی، لەنزیک ئارامگای فیردەوسی شاعیرەوە، کەئەمەش ڕێژەی سەردانیکەران و گەشتیاری زۆر زیاتر دەکات..

 

 

 لە وڵاتی تورکیاشدا ئارامگای چەندین کەسایەتی و شاعیر  هەیە کەکراونەتە شوێنی گەشتیاری، دیارترینیشیان، ئارامگای "مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی" عاریف و گەورە شاعیری زمان فارسە، کە ئەویش لەشاری قونیەی تورکیادا، شوێنی بەخاکسپاردنی کراوەتە شوێنێکی گەشتیاری سەرنجڕاکێش و ساڵانە سەدان هەزار گەشتیار سەردانی دەکەن و بۆتە سەرچاوەیەکی داهاتی گەشتیاریش.

 

 

لەنێو گەلی کورد دا و سەرەڕای بوونی چەندین زانا و شاعیر و نوسەری بەتوانا، نەک شوێنی بەخاکسپاردنیان نەکراوەتە، شوێنێکی گەشتیاری و دانانی سنورێک بۆی و خزمەتکردنی و بەدەست هێنانی داهات بەهۆیەوە، بەپێچەوانەوە وەک هەر گۆڕێکی دیکەی ئاسایی بووە و زۆرجاریش سوکایەتی بەگۆڕەکانیان کراوە، کەجگە لەگۆڕی شاعیرانی وەک سالم و کوردی و ئەمین زەگی بەگ،

 

 

بەهەمان شێوەش لەچەند ساڵی ڕابردوودا لەشاری سلێمانیدا  کێلی گۆڕی "شێرکۆبێکەس" ی شاعیری بەناوبانگی کوردیان شکاند و بەوجۆرە بەها بۆ ئەو خزمەتانەیان داندرا  کە بەشعر و ئەدەبی کوردیان کردبوو..

 

ئەمەش ئەو شعرەی گۆرانی شاعیرمان بیر دەخاتەکەوە کە گلەی لە کورد دەکات و دەڵێت:

 

"بەڵێ دیارە لەنێو قەومی بەسیتا قەدری سەنعەتکار

وەکو عەکسی قەمەر وایە لەنێو ئاوێکی لیخندا"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×