کلاسیکۆی پارتی و یەکێتی

عەلی عه‌بدولصه‌مه‌د
  2022-02-01     341

لەئێستادا بەغداد چاوەڕوانی کلاسیکۆیەکی گەرم و گرنگی نێوان دوو هێزی کوردی یە بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار و یەکلابوونەوەی لەنێوان یەکێك لەم دوو هێزە کوردی یەدا، کە یەکێتی و پارتیە و کاپتنەکانی ئەم کلاسیکۆیەش هەریەکە لە هۆشیار زێباری و بەرهەم ساڵەحە.

 

بەبەراورد بە یەکێتی، بەرکەوتن و ئەزموونی پارتی لەگەڵ بەغداد دا، بەرکەوتنێکی زبرە و  ئەزموونێکی شیرین نیە. 

هەم لەسەروبەندی ڕیفراندۆم و دژایەتیکردنی بەغداد و هێزە عێراقیەکانی دیکە بۆ خودی بارزانی و پارتی و هەم لە لێسەندنەوەی متمانە لە هۆشیار زێباری لەبەغداد و هەم لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە لەنێوان بارزانی و نوری مالکی و سەدردا ڕوویان داوە لە ماوەکانی ڕابردوودا. 

 

ئەگەرچی وەک دەوترێت لەسیاسەتدا دۆست و دوژمنی  هەتا سەر نیە و لەئێستادا پارتی و بارزانی لەگەڵ سەدر دا پەیوەندیەکانیان لەباشیدایە و هاوپەیمانێتیان لەگەڵ خۆیان و  بەشێک لەسونەکاندا پێكهێناوە، 

دوور نیە لە ئەگەری یەکلابوونەوەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆماردا بۆ پارتی و هۆشیار زێباری، نەیاری دوێنێ بکاتە یاریی ئەمڕۆ بۆ بەغداد و هێزە عێراقیەکان و یەکێتیش وەک ئەوەی کە دەگوترا نێوانی لەگەڵ هێزە عێراقیەکاندا باشە، یاری دوێنێیان لێ بکاتە نەیاری ئەمڕۆ.

 

ئەگەر چی یەکێتی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەمافی خۆی دەزانێت و بەڕێکەوتنی ستراتیجی نێوانیان ئەو پۆستە بۆ یەکێتی داندراوە و ساڵانێکە لای ئەو حیزبەیە، بەڵام ئێستا پارتی و سەرکردەکانی بەڕوونی ئەوە دەڵێن کە ڕێکەوتنی ستراتیجی کۆتایی هاتوە و بەمافی خۆیانی دەزانن کاندیدیان هەبێت بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.

 

ئەگەرچی تا ئێستا وەک ئەوەی کە دەبیندرێت ژمارەی دەنگی هەردوو یەکێتی و پارتی  و ئەو بەڵێنانەی کە هێزەکانی دیکە پێیان داون بۆ کاندیدەکانیان لەیەکەوە نزیک بێت و هەر کامیشیان لە ئێستاوە سەرکەوتنی کاندیدەکەی خۆیان باس دەکەن، بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە کام لەم دوو کاندیدە لەسەر کورسی سەرۆکایەتی کۆمار دادەنیشێت و کلاسیکۆکە دەباتەوە، بەو پێیەی لە سیاسەتدا هەموو ئەگەرەکان کراوەن و زۆرجاریش لە خولەکی کۆتایدا سحری چاوەڕواننەکرا ڕوو دەدات و دۆلارەکاشەکان و دراوسێ سنورەکانیش کاریگەریان دەبێت لە هەڵگەڕانەوەی نیەت و بەڵێنە پێش وەختەکان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×