شەڕی ئۆکراین بەرەو کوێ؟

ئاسۆ کمال
  2022-07-06     541

ڕۆژی شەممە لە زانکۆی کوین ماری لەندەن دیبەتێک لەسەر شەڕی ئۆکراین لەنێوان ئەلیکس کالینیکۆس و گیلبرت ئەشقەر کە دوو نوسەری کۆمۆنیستن کرا. لە بەشی پشتەوەی وێنەکە دوو کەسەکە دەبینرێ. کۆڕەکە بە شێک لە بەرنامەی مارکسیزمی ٢٠٢٢ ە کە پارتی کرێکاری سۆشیالیست، SWP ڕێکی خستبوو.
دیبەیتەکە لەسەر ئەوەبوو کە شەڕی ئۆکراین بوەستێ و ڕێگە لە ناردنی چەک بگیرێ، وەک ئەلیکس دەیوت، یاخود یارمەتی چەک بۆ ئۆکراین بنێردرێ لەبەر ئەوەی ئیمپریالیزمی ڕوسی بە چەک نەبێت دەست بەرداری شەڕ و داگیرکاری نابێ، وەک گلیبرت دەیوت. 
لە دوای دیبەتەکەدا بە گیلبرت م گوت ئەم دۆخە لە چوارچیوەی ئەو دوو دروشمە ئاڵۆزترە. 
دەکرێ لەسەر هەڵوێستی کۆمۆنیستەکان و ڕاست و دروستی لێکدانەوەکان قسە بکرێ، بەڵام ئەوەی من هەستم پێکرد لەم دۆخە جیهانیەدا بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی خاوەنی هێزێکی کردەیی نیە کە لەم مەیدانەدا ئەم هەڵوێست و لێکدانەوانە کاریگەری دابنێ، هەروەک چۆن هەڵوێستی بزوتنەوەی ئێمە لەسەرەتای سەدەی بیستدا لەسەر شەڕی جیهانی یەکەم کاریگەری دانا، چ بەبەشداری باڵی ریفورمیستی سۆشیال دیموکراتەکان یان بە دژایەتی باڵی چەپی ئەم بزوتنەوەیە دژی ئەو شەڕە و دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان. ئەمە مەسەلەیەکە کە خۆی لە چەقی ڕوداوە چارەنوس سازەکانی ئێستادا خۆی نیشان دەدا. هەربۆیە دوای ماوەیەکی درێژ لەم شەڕە ئەم دروشمانە نەیانتوانیوە کاریگەریان لەسەر دۆخی شەڕ هەبێ. 
دنیای ئێستا دنیای خۆئامادەکردنی زیاترە بۆشەڕی دەوڵەتە زلهێزە سەرمایەداریەکان و ئۆکراین بەشێک لەم خۆئامادەکردنە یاخود خۆگەرم کردنی لایەنەکانێتی. هەربۆیە نە ناردنی چەک بۆ  زلنسکی پرۆ ناتۆ چارەنوسی ئەم شەڕە یەکلادەکاتەوە ، وە نە دروشمی نابۆ جەنگ دەتوانێ بە کردەوە ئێستا ئۆکرانیەکان لە دەست داگیرکاری و کوشتاری ڕوسیا ڕزگاربکا.
چونە سەری بودجەی سەربازی زۆربەی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی و هاوپەیمانە لۆکاڵیەکانیان و پەرەپێدانی ناتۆ و داگیرکاری ئۆکرانیا و مەترسی سەر تایوان و نائارامی بازاڕی نەوت و گاز و خۆراک، ئەمانە سیمای دەورەیەکی ململانێی سەربازی و میلیتاریزەکردنەوەی جیهانی دوای شکستی نەزمی نوێی ئەمریکا نیشان دەدا. 
ڕاستە دژ بەم سیاسەت و شەڕانە دەبێ بە کردەوە ناڕەزایەتیەکان بەڕووی حکومەتە سەرمایەدارەکاندا دەرببڕێ، چ بە دروشمی دژی شەڕ و میلیتاریزەکردنی زیاتردا بێت کە ناتۆ بەدوایەوەیەتی ، یاخود دژ بە داگیرکاری و شەڕی ئیمپریالیستی ڕوسیا لە ئۆکرانیادا بێت، بەڵام بزوتنەوەی جیهانی خەڵکی کرێکار و ژێردەستەی بورژوازی پێویستی بە ڕێنسانس و بوژانەوە و خەبەربونەوەیەکی نوێی ئینتەرناسیونالیستی هەیە کە بتوانێ لە مەیداندا دژ بەم سیستمە سەرمایەداریەی ئەمڕۆ بوەستێتەوە ، کە لە هەرچی کات زیاتر هەڕەشەیەکی ئەتۆمیە بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×