کێ دەتوانێ بەر بەم تاڵانی کردنە بگرێ؟

ئاسۆ کمال
  2020-08-10     918
دوای ١٥ ساڵ لە دزینی پارەی نەوت و داهاتی کوردستانەوە لەلایەن دەسەڵاتی مافیایی یەکێتی و پارتی و بنەماڵەکانیانەوە ئێستا سەرمایەیەکی گەورەی سەدان ملیارد دۆلاریان کەڵەکە کردوە. بەڵام ئەم دەسەڵاتە لە ٢٠٠٣ ەوە چیتر چەتە مافیاکانی پێشوو نین و لەژێر دەستی گەورە سەرمایەدارانی بازاڕی نەوت و نیولیبرالیزم و ئامۆژگاریەکانی بانکی جیهانیدا فێری چۆنیەتی پاراستن و کەڵەکە کردنی سامانەکانیان بوون. هەربۆیە ئەو پارانەی لەم ٣٠ ساڵەی دەسەڵاتیاندا لە ژێر زەمینەکان کۆیان کردبۆوە ئێستا خستویانەتە بازاڕی وەبەرهێنانی سەرمایەوە. بەتایبەت نەوەی نوێی مافیاکان فێربوون کە چۆن حکومەتی هەرێم بکەنە کۆمپانیا و کارتێلی وەبەرهێنانی سەرمایەکانیان. ئەمانە دەزانن کە سەرمایە لە ڕاوەستانیدا دەمرێ و هەربۆیە جگە لە هەناردەکردنی سەرمایەکانیان بۆ بانکە جیهانی و بازاڕی دەرەوە ئێستا خەریکن بنەمای ئابووری دەسەڵاتە مافیاییەکەیان بە فەرمی و بەناوی کەرتی تایبەتەوە دادەمەزرێنن و هەرچی کەرتی حکومیە لە تەندروستی و ئاو و کارەبا وە تا هەموو بەشەکانی تر لەسەر تەختەی نەشتەرگەری ئۆرگانەکانی بەبێ بەنج لە هەناوی کۆمەڵگە دەردێنن. ئەمە دۆخێکە کە ئەم مافیایانە لە کاتی قەیرانی کۆرۆنا و فەوزای ئابوری ئێستادا فرسەت لە جێبەجێ کردنی دێنن.
بە تایبەت لەم دۆخەدا کە تەندروستی کۆمەڵگە لە بەردەم هەڕەشەی کۆرۆنادایە ڕۆژانە هەواڵی لەکارخستنی خەستەخانەیەکی گشتی دەبیستین، وەک نەخۆشخانەی مناڵانی سلێمانی، نەدانی موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەی هیوا، نەخۆشخانەی Sante Life hospital لە هەولێر و چەندین کێشەی تری نەبونی موچە و دەرمان و ئامێر و هتد.. بە کورتی ئەم وێران کردنەی کەرتی حکومی تەندروستی پیلانێکی حکومەتی هەرێم و حزبە مافیاکانێتی بۆ ڕوتاندنەوەی زیاتری خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان لە ڕێگەی نەهێشتنی  خزمەتگوزاری تەندروستی خۆڕایی و گشتیەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ڕیژەی نەخۆشی شیرپەنجە و تەشەنەی کۆرۆنا و چەندین نەخۆشی درێژخایەن و پڕ مەترسی تر لە کوردستاندا لە هەڵکشاندایە. 
چۆن و کێ دەتوانرێ بەر بەم تاڵانی کردنە بگرین؟
بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئەم تاڵانکاریانەی بنەماڵیکانی یەکێتی و پارتی و حکومەتە مافیاییەکەیان کارێکی باشە بۆ ئاگادارببونی خەڵکی کوردستان لە مەترسی پیلان و نەخشەکانی ئەم تاوانکاریانە، وە ئەمە مافی هەموو خەڵکی کوردستانە کە لە دۆخی ئەم خزمەت گوزاریانەی سەرچاوەی ژیانن ئاگاداربن،بەڵام ئەمە بە تەنیا بەس نیە. چونکە هێزێک پیویستە بەر بەم تاوانکاریانە بهێنێ ئەگەر نا هیچ لە دۆخی نالەباری خەڵک ناگۆڕێ.
هەوڵدان بۆ ئاراستەکردنی نامە و ناڕەزایەتی تاکەکەسی و تەنانەت بە گروپیش بۆ وەزارەت و پەرلەمانی کوردستان و عێراق بەردەوامە و پێویستە فشار لەسەر ئەم دەسەڵاتانە دابنرێ، بەڵام ئەمانە دەبێ بکرێنە فشارێکی جدی کە بتوانێ شتێک بگۆڕێ لەو شوێنانەدا کە ئەم تاڵانکاریانە پیادە دەکرێ.چونکە هەر کام لەم لایەن و حزبانەی حکومەتی ئێستای هەرێم و حزبە ئیسلامیە کۆنە سەر بەدەسەڵاتەکانی پێشووش بەشێک لەم سیستمی تاڵانکاری و کەڵەکەکردنی سەرمایەداریەن و هەموویان بەشداری دزی و دەوڵەمەندبوونەکەن. لە لایەکی تریشەوە پەنا بردن بۆ پەرلەمان و حکومەتی عێراق کە بوەتە ئامڕازی هەندێ حزبە نیوە ئۆپۆزسیۆن و نیوە بەشداری گەندەڵی ودەسەڵاتداری وەک گۆڕان و نەوەی نوێ دیسان خستنەوە خزمەتی ئەم ناڕەزایەتیانەی خەڵکی کوردستانە بۆ پچڕینی سەهمێکی زیاتر لەو تاڵانی و گەندەڵیە سیاسی و ئابوریەی کە ئەم لایەنانە بەشدارن تیایدا.پاڕانەوە لە پەرلەمان و حکومەتی عێراق کە بە نەوەی نوێی مافیاکانی کوردستان دادەنرێن و خەڵکی حێراق خۆی لە دژیان ڕادەپەڕێ هیچ خزمەتێک بە بە ئەنجام گەیاندنی داخوازی ڕەوای خەڵکی کوردستان ناکا و توشی شکست و نائومێدی زیاتری دەکا.
هەربۆیە تەنیا یەک ڕێگا چارە هەیە، ئەویش دروستکردنی دەستە و بۆردی کارمەند و کرێکار و دکتۆر و ئەندازیار و هەموو ئەو کەسانەیە کە لەم کەرتە حکومیانەدا کاردەکەن وەک بەرەیەک وبەدیلی ئەو بەڕیوەبەرانەی ئێستای ئەم دامودەزگا و فەرمانگە و نەخۆشخانانەی کە حکومەت دەیەوێ لەناویان بەرێ و هەڵیان بوەشێنێتەوە و پەکیان بخات و دواتر خەڵک و ئەم کارمەندانەش ناچار بکا کە پەنا بەرنە بەر کەرتی تایبەتی کۆمپانیا و کارتێلە حزبیەکان و بنەماڵەکانیان.
ئەم بۆرد و دەستانە لە هەنگاوی یەکەمدا لەو چالاکانە دروست دەبێ کە هەر ئێستا دەنگیان بەرامبەر بە بەڕیوەبەر و وەزیر و حکومەتی هەرێم بەرز کردۆتەوە. بەڵام پیویستە هەموو کارمەندانی ئەو ناوەندانە بگرێتە خۆ و ئەمەش هێز لەو ناوەندانەدا دروست دەکا کە دەتوانێ فشار لەسەر بەڕیوەبەر و حکومەت دابنێ. ئەم بۆردانە پێویستە ببنە ئەو نوێنەرانەی کە ڕوو بە بەڕیوەبەر و بەڕیوەبەرایەتی گشتی و وەزارەت و حکومەت و پەرلەمان و دەزگا نێودەوڵەتیەکان و خەڵکی کوردستان دەنگ بەرزکەنەوە و خەڵکی کوردستان بانگەواز بکەن بۆ پشتیوانی کردن لەو کارانەی کە ئەم بۆردانە لە پێناو پاراستنی تەندروستی و خزەمتگوزاری گشتیدا دەیکەن. ئەم بۆردانە پیویستە بە شێوەی هەرەوەزی بەڕیوەببرێن و پەیوەندی نێوان کارمەند و کرێکار و دکتۆر و ئەندازیاران پتەو بکا و گیانی هاوپشتتیان تیادا دروست بکا کە کۆڵەکەی سەرکەوتنی ئەم زۆربەیەیە بەرامبەر بە کەمایەتیەک کە ئێستا کۆنترۆڵی ئەم دەزگایانەی کردوە.
سیاسەتی تایبەتی کردنی خزمەتگوزاریەکان تاڵانکاریەکی ئاشکرای مافەکانی خەڵکی کرێکار و کارمەند و هەموو دانیشتوانی کوردستانە و پشتیوانی کردنی ئەو دەستە و ناڕەزایەتیانەی ئەم ناوەندانە پاراستنی ژیان و گوزەرانی هەموو خەڵکی کوردستانە هەربۆیە ئەرکی هەمووانە. بۆنمونە پاراستنی گیانی کەسانێك کە بە شێرپەنجە توش بوون تاکو بە خۆڕایی بتوانن دەستیان بە چارەسەر ڕابگات پێویستی بە پشتیوانی ئەو کارمەندانەی نە خۆشخانەکانی هیوای سلێمانی و ڕزگاری هەولێر و ئازادی دهۆکە تاکو ئەم نەخۆشخانانە دانەخرێن و توشبوانی شێر پەنجە تەسلیم بە بازاڕی بێ ڕەحمی پارە و کەرتی تایبەت نەکرێن. ئەمە ئەو خەباتە کۆمەڵایەتیەیە کە وەک خەڵکی کرێکار و فەرمانبەر و کەم دەرامەتی کوردستان هەموو پیویستمان بە یەکتر و هاوپشتیەکی بەرفراوانی جەماوەری یەکتر هەیە. ئەمە تەنیا ڕێگا چارەی ئێمەیە. تۆڕێکی کۆمەڵایەتی لە بۆردی پاراستنی خزمەتگوزاریە گشتیەکان  دەتوانێ بەر بەم تاڵانی کردنە بگرێ کە مافیاکانی دەسەڵات دەتیان داوەتێ.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×