مافی شۆڕشکردن له شەقامی ئێراندا

ئاسۆ کمال
  2022-10-04     406

ڕاپەڕینی ژینا لە ئێران و کوردستاندا مافی خەڵکی ناڕازی لە شۆڕشکردن دژی جمهوری ئیسلامی ئێران بە کردەوە نمایش کرد. ئەم ڕاپەڕینە هاوسەنگی هێزی نێوان خەڵکی ئازادیخواز و دەسەڵاتی سەرکوتگەر و تۆقاندنی ڕژێمی ئیسلامی گۆڕیوە بە قازانجی خەڵک. خەڵک هێرش دەبەن و ڕژێم ترسی لێ نیشتوە و بەرگری دەکا. ئەوەی ئەم ئاڵوگۆڕەی دروستکردوە، هوشیاری ئەم خەڵکە ناڕازیەیە بە مافی شۆڕش و ڕاپەڕین دژی دەسەڵاتی سەرکوتگەر. ئەم ئاگاییە لە پرۆسەیەکی دورودرێژی خەبات و خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی ڕابردوو و قوڵبونەوەی قەیرانە سیاسی و ئابوریەکانی ئەم ڕژێمەدا شکڵی گرتوە. ڕاوەستانەوەی ژنانی ئێران دژی بە حیجابی ئیسلامی و سەرکوتی ئازادیەکانی ژنان بوە ئەو ئاگرەی ئەم جارە نەک هەر دەسەڵاتی حکومەت، بەڵکو یاسا و فەرهەنگی ئیسلامی ئەم ڕژێمەشی سوتاند و خستیە پێی ژنان و پیاوانی ئازادیخوازی خۆپیشاندەر و ناڕازیەوە. ئەمە شەڕە لەسەر هەژمونی فکری و کەلتوری و سیاسی، وە بەم هەنگاوە سەرەتاییانە دەڵێین پراتیکی شۆڕشی کۆمەڵایەتی دژی سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ڕژێمی ئیسلامی لە ئێران. لەم سەرەتایەدا کردەوەی شۆڕشگێڕانەی جەماوەر مافی شۆڕشکردنی وەک ئەمری واقیع و دیفاکتۆ سەپاندوە، هەرچەند ئایندەی پراتیکی ئەم جەماوەرە شۆڕشگێڕە نیشانمان دەدا کە ئایا ئەم مافی شۆڕشکردنە چەندە بوەتە ئاگاییەک بۆ خودی ئەم جەماوەرە و چەندە ڕادیکاڵ ڕۆچوەتە نێو ئەم خەباتە کۆمەڵایەتیەوە و چەندە بوە بە پراتیکی کۆمەڵایەتی شۆڕشکردن دژی سەرتاپای سیستمی دەسەڵاتدار. وەک ڕۆزا لوکمسبورگ دەڵێ "لۆژیکی پرۆسەی مێژوویی پێش لە لۆژیکی زاتی ئینسانەکانەوە دێت، کە بەشداری لە پرۆسە میژوویەکەدا دەکەن."[1]

بەڵام هەر لەم سەرەتایەوە پرسیاری زۆر لەسەر ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە هەیە. پرسیار نەک تەنیا لەسەر ئایندەی ئەم ڕاپەڕین وشۆڕشە و مۆدێلێک کە لە جێگای جمهوری ئیسلامی دادەمەزرێ. بەڵکو پرسیار لەسەر ئەوەی کە ئایا لەم پرۆسەی ڕاپەڕینە جەماوەریەدا دژی جمهوری ئیسلامی جگە لە ژنان و گەنجان دەتوانێ زۆربەی کرێکاران و مامۆستایان و کارمەندان و توێژە هەژارەکانیش بێنە مەیدان؟ ئایا ئەم گۆڕانی هاوسەنگی هێزە چ گۆڕانێک لە ئاستی توانایی ڕیکخراوبون و وشیاری چینایەتی ئەم چین و توێژە ستەملێکراوانەدا دروست دەکا؟ ڕیزی ژنان و گەنجان و خەڵکی ناڕازی جگە لە حیجابی ئیجباری چ خواست و کێشەیەکی تر دێنێتە مەیدان؟ ئایا مەیدانەکانی قوڵکردنەوەی ئەم شۆڕشە کۆمەڵایەتیە کامانەن؟ ئەم ناڕەزایەتیانە چ کاریگەریەکی حزبە ئۆپۆزسیۆنە تەقلیدیەکانی گۆڕەپانی سیاسی، کە لەدەرەوەی ئێرانن، بەسەرەوە دەبێ؟ ئایا لەم دەورەیەدا جمهوری ئیسلامی دەتوانێ ئەم ڕاپەڕینە شکست پێ بێنێ یاخود توانای خەباتکارانەی ئەم جەماوەرە پاشەکشە بە ڕژێمی ئیسلامی دەکا و کۆمەڵێک مەرج و ڕیفۆرمی بەسەردا دەسەپێنێ؟ ئایا بزوتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی چ دەرسێکی لە مێژووی شۆڕشی بەهمەنی ١٩٧٩ بینیوە، کە لە بەرامبەر ئەم هێزە ئیسلامیە و خومەینیدا شکستیان خوارد؟ ئەمانە پرسیار گەلێکن کە لە کار و کردەوەی جەماوەری بەرینی خۆپیشاندەران و ڕابەر و هەڵسوڕاوانی خۆپیشاندانەکانی ناوخۆی ئێران وەڵامیان پێ دەدرێتەوە و ئێمەش دەتوانین بە کردەوە بیانزانین، نەک تەنیا لە ڕێگەی بەرنامەی پێشتر دوبارەکراوەی حزبێک یان مەزەندەکردنی چاودێرێکەوە بتوانین وەڵامی ئەم پرسیارانەی شۆڕش لە ئێراندا بدەینەوە؟

سەرکەوتن لەم شەڕەی نێوان خەڵکی ڕاپەڕیو دژ جمهوری ئیسلامیدا دەتوانێ خۆی لە بە دەستهێنانی هەر دەستکەوتێک بۆ ژنان و ئازادی نیشان بدات. بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتایەک دەبێت بۆ درێژەپێدانی ئەم خەباتە بۆ سەپاندنی خواستی زیاتر و پێشڕەوی زیاتر. ئەمە یاسای شۆڕشە کۆمەڵایەتیەکانە کە لە هەر پاشەکشەیەکی دەسەڵاتدا جەماوەر زیاتر ڕابەرانی ئەم دەسەڵاتە غافڵگیرتر دەکەن بە هێرشێکی گەورەتر. هەرچۆن شۆڕشی بەهمەن بەجۆرێک شای گێژکرد، کە دوای شۆڕش دەیوت نازانم بۆ خەڵک شۆڕشیان کرد، هەر ئاواش ئەم دوو هەفتەیەی ڕاپەڕینی ژینا لیدەری خامەنەئی خستۆتە کۆماوە کە نازانێ بۆچی خەڵک لە دژی دەسەڵاتەکەی هەستاون.

ئەوەی گرنگە لێرەدا ناسینی پەیوەندی ئەم ڕاپەڕینەی ژینایە بە هەموو هۆکار و تواناییە شاراوەکانی ئەم ڕاپەڕینە، کە ئێستا لە دژایەتی حیجاب و ئازادی سیاسیدا خۆی دەرخستوە، بەڵام لە قوڵایی خۆییدا هەموو ڕەگەکانی لە زەوی ئەو ستەمە هەمەلایەنەی سیستمی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی جمهوری ئیسلامی ئێراندایە. هەروەها پەیوەندی ئەم ڕاپەڕینی ژینایەی ئێران بە هەموو ئەو تان و پۆ جیهانیەوە کە گرتویەتیە خۆ لەگەڵ ئەو خەباتە جیهانیەدا، کە وەک بورکان هەر جارە لە گۆشەیەکی جیهاندا بەڕووی سیستمی زاڵی سەرمایەداری ئێستادا دەتەقێتەوە.

هەربۆیە لێرەدا لە گۆشەی مافی شۆڕشکردنەوە پەیوەندی ئەم ڕاپەڕینەی ئێران بە سەرجەم پرۆسەی خەبات و شۆڕش لەمڕۆی دنیای سەرمایەداردا پێشکەش دەکەینەوە، کە پێشتر ئەم باسەم لە کتێبی "کۆمۆنیزمی نوێ"دا کردوە.

مافی شۆڕشکردن

مافی شۆڕشکردن وشیاری چینێکە بەوەی کە سیستمی زاڵی ئابوری و سیاسی ئێستا ناڕەوایە. ئەم شۆڕش و خۆپیشاندان و ڕاپەڕینانەی دنیای ئەمڕۆی سەدەی ٢١ی گرتۆتەوە لە فەرەنسا و ئیسپانیا، بەرازیل و چیلی، جەزائیر و سودان ، لوبنان و عیراق و زۆر شوێنی تری ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا و ئەمریکا، نیشانەیەکن لە وشیاری چینایەتی کرێکاران و چینە کەم دەرامەتەکان بەوەی ئەم سیستەمە نیولیبرالی و سەرمایەداریەی ئێستا ناڕەوایە و دەبێ شۆڕشی لەدژ بکرێ.

شۆڕش بە ڕوداوەکانی چەند ڕۆژێک و چەند جارێک چوونە سەر شەقام دەست پێ دەکا، بەڵام ئەمە تەنیا سەرەتای پرۆسەیەکی درێژخایەنە، کە تیایدا هێزە شۆڕشگێڕەکان هەژمونی فکری و پراتیکی سیاسی خۆیان نمایش دەکەن. شۆڕش ئەوکاتە دەست پێدەکا کە چینی کرێکار و چەوساوە بەو ڕاستیە دەگا کە مافی شۆڕشکردن مافێکی سەرەتایی و حاشاهەڵنەگرە. بەڵام پەیداکردنی هەژمونی و دەسەڵاتی شۆڕشی کرێکاری لەکاتێکدایە کە زۆرینەی ئەم چینە خۆیان بەساحێبی کۆمەڵگە دەزانن نەک سەرمایەداران، وە بورژوازی و حکومەتەکەی بەڕێگری بەردەم ژیان و گوزەرانی شایستەی ئینسانی دەزانن. هەربۆیە سەرەتا بە داوای لابردنی سەرۆکێک و حوکەمەتێک و چەند داواکاریەکی چاکسازی دەست پێ دەکا و لەم ڕێگەیەوە ئەم چینە دەیەوێ مافی شۆڕشکردنی بەسەر بورژوازی و یاسا و دامودەزگاکانیدا بسەپێنێ.

لە ئێستادا تارمایی شۆڕش بەسەر جیهانی سەرمایەدا جارێکی تر لەهاتوچۆدایە . ئەم هەموو ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە گەورە و ملێونی و سەراسەریانە نیشانی دەدا کە بەشێوەیەکی خۆبەخۆیی مافی شۆڕشکردن بەسەر سیستمی سەرمایەداریدا بووەتە وشیاریەکی گشتی و لێرەشەوە بزوتنەوە شۆڕشگێڕانەکانی چینی کرێکار هەنگاو بۆ سەپاندنی هەژمونی شۆڕش بەسەر چینی دەسەڵاتداردا دەدا. دوای شکستی بەهاری عەرەبی هەستانەوەی بزوتنەوەی داگیرکردنی گۆڕەپانەکانی ئەوروپا و ئەمریکا سەریهەڵدا و دوای چەند ساڵی تر شەپۆلی شۆڕش لە پاریسەوە بۆ چیلی و بۆ ئێران و سودان و جەزائیر و عێراق و لوبنان گەڕایەوە. ئەمە نیشانی دەدا کە ئەم چینە جیهانیە ئەمڕۆ مافی شۆڕشکردنی خۆی وەک مافێکی سروشتی خۆی سەیردەکا. لە یەکەم هەنگاودا جارێکی تر خەریکە مافی شۆڕش کردن بەسەر سیستمی سەرمایەداریدا دەسەپێنین. بورژوازیش لە سەدەی ١٧ەوە کاری کرد بۆ ئەوەی مافی شۆڕشکردن بەسەر دەسەڵاتی پاشایەتیدا بکاتە مافێکی دەستوری تا لە ڕێگەی شۆڕشەکانی بەریتانیا و فەرەنساوە ئەم مافەی سەپاند.

چینی کرێکار لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەوە، کە لە شۆڕشی دیموکراتی بورژواکاندا بەسەر پاشماوەکانی دەرەبەگایەتیدا بەشداریکرد هەوڵی داوە ئەم مافی شۆڕشکردنە بکاتە مافێکی یاسایی و دەستوری . کرێکاران زۆر زوو فێربوون کە شۆڕش تەنیا بەسەر ڕابردوودا یەکسانی و مافی کرێکاران بەدەست ناهێنێ ، بەڵکو شۆڕشێکی بەردەوام و ڕادیکاڵ دژی سیستمی نوێی سەرمایەداریش پێویستە تا بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان بگەین . لێرەوە مافی شۆڕش کردن بووە تەوەرەیەکی بنەڕەتی لە فکری کۆمۆنیزم و کرێکاراندا. لە پرۆسەیەکدا ئەم چینە مافی شۆڕشکردنی لە ڕای گشتیدا جێگیر کرد و شۆڕش بووە فکرەیەکی خاوەن هەژمونی لە کۆمەڵگەدا. ئەم پرۆسەیە لەکۆمۆنەی پاریس ١٨٧١ دا بەشێوەی غەریزی و خۆبەخۆیی دەستی پێکرد. کرێکارانی پاریس مافی شۆڕشکردنیان بەسەر دەسەڵاتی بورژوازی فەرەنسیدا و دامەزراندنی دەسەڵاتی کرێکاریان بەڕەوا لەقەڵەمدا. دواتر حزبی بەلشەفی لە ساڵی ١٩١٧ لەڕێگای ڕاپەڕینێکی چەکدارانەوە لە ئۆکتۆبەردا ڕەوایەتیدا بە مافی شۆڕشکردنی بەسەر دەسەڵاتی حکومەتی سەرمایەداری کرنسکیدا و حکومەتی حزبێکی کرێکاری خستە جێگای حکومەتی سەرمایەداران. بەمەش مافی شۆڕشکردنی کرێکاران لە خەیاڵدانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ دا جێگیر بوو.

لەسەرەتادا کاردانەوەی هەموو حکومەتە بورژوازیەکان هەوڵدانە بۆ سەرکوت و کوشتنی خۆپیشاندەران بەڵام ئەمەش سنوری هەیە. کاتێک دەزانن سەرکوت داد نادات ،لە کۆتاییدا ناچارن سازشێک بکەن لەگەڵ ناڕەزایەتیەکاندا تا کارنەگاتە شۆڕش. هەموو ڕێگایەکی بەڵێندان و فریودانی شۆڕشگێڕان ودواتریش لۆمەی سەرکوتگەری خۆیان دەگرنەبەر تا ڕێگەیەک پەیدابکەنەوە بۆ قەناعەت پێ هێنانەوەی جەماوەر بە دووبارە شەرعیەت وەرگرتنەوەی دامودەزگای پەرلەمان و پۆلیس و سوپا و دادگا و ئیدارەکانیان. بەڵام کاتێک کە کرێکاران و جەماوەری ڕاپەڕیو دەزانن هیچ ڕێگەچارە و ریفۆرمێک کێشەی هەژاری و بێکاری و بێ مافی ئەوان چارەسەر ناکا، ئەوکات ئەوە بە مافی خۆیان دەزانن کە شۆڕش بەسەر هەموو جۆرەکانی دەسەڵاتدارێتی کەمینەی سەرمایەداریدا بکەن و شۆڕش بەسەر هەموو حزب و پەرلەمان و حکومەت و پۆلیس و ئیدارەی بورژوازیدا دەبێتە تەنیا ڕێگەچارە.

لەم کاتەدا هەموو هەوڵی فەیلەسوف و سیاسی وڕۆشنبیرەکانی بورژوازی و حکومەتەکانیان بۆ لێسەندنەوەی شەرعیەتی مافی شۆڕشکردنی چینی کرێکار و چین و توێژە چەوساوەکانە. بەتایبەت نیولیبرالیزم هەرچی بنەماکانی شۆڕشگێڕێتی و ئایدیای ئینسانی کۆلیکتیڤە گۆڕی بە تاکگەرایی و بانگەشەی پوچی ئایدیا و ئایدیۆلۆژی شۆڕشگێڕانە و یەکسانی خوازی و کۆمۆنیستی کرد تا بتوانێ سەرمایەداری لەدەست شۆڕشی کرێکاران ڕزگاربکا.

بەڵام ئەم هەوڵانە ناتوانێ ناکۆکی و کێشەکانی ناو سیستمی سەرمایەداری بۆ هەمیشە داپۆشێ و کپ بکاتەوە. هەربۆیە دەبینین ئەم نیولیبرالیزمە و تەواوی مانگەکانی تری دەوری ئەم هەسارەی نیولیبرالیزمەی بورژوازی، لە حکومەتەکانی لە ئەمریکا و بانکی جیهانیەکەیەوە بگرە تا عێراق و پرۆژەکانی خسوسیکردنەوەی سەرمایە، ئێستا لە سایەی ناکۆکیەکانی دنیای سەرمایەدا ئیعتباری خۆی لای جەماوەری کرێکار و چەوساوە لە دەستداوە. لەدنیایەکدا کە چڕبوونەوەی سەرمایە لە ١٠ ساڵی تردا، واتە لە ٢٠٣٠ بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەری لێ دێت کە ٢/٣ هەموو داهاتی کۆمەڵگەی ئینسانی لەدەستی لە ٪١ ی چینی سەرمایەداردا کۆدەبێتەوە [2] و ڕێژەی هەژاری وبێکاری و جیاوازی چینایەتی دەگاتە ئەوپەڕ و سەرمایەداران لەسەر ترلێۆنەها دۆلاری کەڵەکە بوو دادەنیشن. ئەم هێزی کارە خوێندەوار و ئەو هەموو ئامڕازەی بەرهەمهێنان کە دەتوانن بەهەشت لەسەر زەوی دروست بکەن بەڵام لەلایەن سەرمایەوە بێکاردەکرێ و پەراوێز دەخرێ. هەربۆیە ئەم چینە چیترناتوانێ ئەم سیستمە قبوڵ بکا. ئەم توڕەییەی خەڵک دەبێ بەرەو شوێنێک بچێ. هەردوو سیناریۆی چەپ و ڕاست لێرەدا مومکینە. سیناریۆی وەرچەرخانی ڕاستڕەوانەی کۆمەڵگە و توڕەیی و ناڕەزایەتی بەلای پۆپۆلیزمی قەومی و دینی و فاشستیدا، وەیان وەرچەرخان بەرەو شۆڕشی سۆشیالیستی بەسەر سیستمی سەرمایەداریدا. کاری چەپ و کۆمۆنیستەکان و ڕۆشنبیرانی چینی کرێکار ئەوەیە کە توڕەیی و ناڕەزایەتیەکانی ئێستا بەرەو ڕادیکالیزمی چەپ و سۆشیالیستی بەرن. بەڵام چەپ و کۆمۆنیستەکان بۆ ئەوەی بتوانن ئەم کارە بکەن پێویستە لە مێژووی کەموکوڕی و لاوازیەکانی پێشووی خۆیان و چینی کرێکار تێبگەن تا بتوانن ڤێرژن ومۆدێل و ئاسۆیەکی نوێی شۆڕش بنەخشێنن و بزانن ئامڕازەکانی سەرکەوتنی شۆڕش و بنیاتنانی کۆمەڵگەی نوێی بێ چین و چەوسانەوە چین؟

شۆڕشی ئۆکتۆبەر هەرچەند بەم ئومید و بانگەشە سۆشیالسیتیەوە دەستیپێکرد، بەڵام نەیتوانی ئەم شۆڕشە بەرەو کۆتایی هێنان بە سیستمی سەرمایەداری و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالسیتی بەرێت. ئەمەش پرسیاری لەسەر ناوەرۆکی شۆڕشی سۆشیالیستی کرێکاران درووستکرد. کە ئایا ئەو گۆڕانکاریەی شۆڕش دەیەوێ لە سیستمی ئابوری و سیاسی سەرمایەداریدا بیکا چیە؟ کرێکاران چۆن دەتوانن شۆڕشێکی سەرکەوتوانە بەسەر شێوازەکانی بەرهەمهێنان و موڵکایەتی ودەوڵەت و چینەکاندا بکەن؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێ ئێمە لەو نمونەی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ڕوسیاوە دەستپێبکەینەوە تا بزانین کە هۆی شکستی ئەو جۆرە لە شۆڕشی سۆشیالیستی چی بوو؟ چۆن شۆڕشی ئێستا دەتوانێ تەنیا گواستنەوەی دەسەڵات لە حزبێک ودەسەڵاتێکی کەمینەوە بۆ دەسەڵاتی حزب و کەمایەتیەکی تر نەبێ؟ شۆڕشی کرێکاریی شۆڕشی زۆرینەی کۆمەڵگەیە نەک هەر بۆ گۆڕینی ڕژێم و چوونە سەرشەقام، بەڵکو لە دامەزراندنی سیستمی ئابوری و سیاسیشدا لەسەر بنەمای پەیوەندی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگە لە بەرهەمهێان و بەڕێوەبردندا و موڵکایەتی گشتی بنیات دەنرێ . ئەمە مانای واقعی شۆڕشە بەسەر شێوەی ژیان و ئیدارەی کۆمەڵگەدا. بۆئەوەی بتوانین متمانە و باوەڕ بۆ شۆڕشی سۆشیالیستی لەمڕۆ بگێڕینەوە و تێگەیشتنێکی نوێ بخەینەڕوو لە ڕەوایەتی و ئایندەی سۆشیالیستیانەی شۆڕش پێویستە شۆڕشی سۆشیالیستی وەک کاری هەموو چینەکە و ڕێکخستنی هەموو چینەکە و دروستکردنی دەسەڵاتی زۆرایەتی کۆمەڵگە نیشان بدەین و نمونەی حزبی سەرکردە و تاقانەی دەسەڵات و دەسەڵاتی کەمایەتی بەجێبێڵین . لەجیاتی مۆدیلی شۆڕش لەسەرەوە و دامەزراندنی سۆشیالیزم لەلایەن حزب و دەوڵەتێکی حزبیەوە واتە سۆشیالیزمی دەولەتی لە نمونەی بەلشەفی، پێویستە ئەمڕۆ مۆدیلی شۆڕش و سۆشیالیزم لە خوارەوە و لەلایەن هەموو هێزی سیاسی و جەماوەریەکانی چینی کرێکار و خەڵکی چەوساوەوە بخەینە ڕوو. مۆدێلێک لەو کارە هەرەوەزیانەی لە کاتی شۆڕش و ڕاپەڕین و خۆپیشاندانەکاندا سەرجەم هێزی ئەم چینەیە دێتە مەیدانی شەڕەوە بۆ گۆڕینی ئەم سیستمە. ئەم هێزە چینایەتیە بەرفراوان وڕەنگاوڕەنگە سیاسیە دەبێ دەسەڵات و ئیدارە ببێتە بەدیلی حکومەتی کەمایەتی بورژوازی. پێویستە بەشی ڕۆشنبیر و کۆمۆنیست و پێشڕەوی ئەم چینە خۆی نەکاتە قاڵبێکی کەمایەتی و توانای شۆڕشگێڕانەی ئەم چینەی تێدا قەتیس بکرێ، بەڵکو ئەم بەشە ڕوناکبیر و پێشڕەوە دەبێ هەموو چینەکە بۆ ئاستی گرتنە دەستی دەسەڵات و بەڕێوەبردن گەشەپێبدا. هەژمونی ئەم زۆربەی کۆمەڵگەیە بەسەر کەمایەتی چەوسێنەردا دەبێ نەک لە پێش شۆڕش بەڵکو لە کاتی شۆڕش و لەدوای شۆڕشدا بتوانێ بەردەوام بێ، ئەگەر نا، دیسانەوە لە نمونەی شۆڕشی کەمایەتی و دیکتاتۆریەتی حزبی و بیرۆکراسی و سەرمایەداریەکی دەوڵەتی تر پیادە دەکرێ و لە گۆڕینی ئەم سیستمە سەرمایەداریەدا شکست دێنین. دەبێ لە قوتابخانەی شۆڕشدا فێری ئەم دەرس و نەخشانە بین و لە مەیدانی شۆڕشیدا لەلایەن هەموو جەماوەری کرێکار و چینە شۆڕشگێڕەکانەوە ڕاستی و دروستیان بسەلمێنین.

لە تەجروبەی شۆڕشی بەلشەفیدا دەتوانین ٣ دەرس وەرگرین.

یەکەم؛ لینین لە فەلسەفەی ڕەوایەتی مافی شۆڕش و هەژمونی دەسەڵاتی کرێکاران بەسەر سەرمایەداراندا پێشڕەوی کرد. هەروەک گرامشی دەڵێ ئەم ”گەشەی سیاسی فکرەی هەژمونیە دەرخەری پێشکەوتنێکی گەورەی فەلسەفی و هەروەها پراتیکی سیاسیشە”. بە هەنگاوی شۆڕشی سۆشیالیستی حزبی بەلشەفی نیشانیدا کە چینی کرێکار تائاستی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی گەشەی کردووە و دەتوانێ ئەم هێز و هەژمونیە بەرامبەر بە چینەکانی تر نیشان بدا. چینی کرێکار دەتوانێ ڕێکخراووترین بەشی بورژوازی کە حکومەت و دەوڵەتە لە دەسەڵات بخات و لە ڕێگەی چەکەوە ئۆتۆریتە و دەسەڵات و بەرنامەی خۆی بسەپێنێ. ئەمە مانای پڕاوپڕی حزبی سیاسی چینی کرێکارە ، حزبێک کە دەتوانێ شەڕ لەگەڵ بورژوازی چەکدار و ڕێکخراودا بکا و بەسەریدا سەرکەوێ. حزبێکی کرێکاریی کە بتوانێ ئەم کارە بکا واتە چینی کرێکار تا ئاستی مۆدێلی دەوڵەت گەشەی کردووە. دەوڵەت واتە چینێکی ڕێکخراو کە بەزۆری هێز و هەژمونی خۆی دەسەپینێ بەسەر کۆمەڵگەدا. مۆدیلی حزبی بەلشەفی نەک لەم بارەیەوە جێگای ڕەخنە نیە و نە ئەمەش خاڵی لاواز و هۆکاری شکستی ئۆکتۆبەرە، بەڵکو بەپێچەوانەوە بەبێ تێگەیشتن لەم خاڵە بەهێزەی بەلشەفیەکان ناتوانین لە گەشەی سیاسی و فکری چینی کرێکار تێبگەین لە چۆنیەتی گۆڕینی سیستمی سەرمایەداری و شۆڕشی سیاسی بەسەر دەسەڵاتی بورژوازیدا. بەڵام ڕەوایەتی شۆڕش شتێک سەبارەت بە ئایندەی دەسەڵات و کۆمەڵگەی نوێ ناڵێت، ئەگەر شۆڕشێک بەسەر دەسەڵاتی کەمینە و خاوەندارێتی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و پەیوەندیەکانی بەرهەمهێنانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا نەهێنێ.

دووەم؛ خاڵێکی تریش کە حزبی بەلشەفی پێشڕەوی تێدا نواندووە ئەوەیە کە لە ساتەوەختی فرسەتی گرتنی دەسەڵات و شۆڕشی چەکداری بۆ گرتنی دەسەڵاتدا، ناتوانێ بەپێی پێوەری زۆرینە و کەمینەی ڕای کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار دیاری بکرێ ، بەڵکو پێوەری سەرەکی ئەوەیە، ئایا لەتوانادایە دەسەڵات لە دەست بورژوازی دەربهێنرێ لە کاتی گونجاودا ؟ وە ئایا بەم هەنگاوە دەتوانرێ هەموو هێزی چینی کرێکار بۆ بە ئەنجام گەیاندنی شۆڕشی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر سەرمایەداریدا ئامادەبکا و بیهێنێتە مەیدان؟ دیالەکتیکی گەشەی خەباتی چینایەتی و فراوانی جۆر و شێوەی ڕێکخراووبونی سیاسی و جەماوەری کرێکاران لەوانەیە چەندین حزب و ڕێکخراو و ناوەندی جیاجیای کرێکاریی لێ پەیداببێ، شۆڕشی کرێکاریی بریتیە لە کۆکراوەی سەرجەم ئەم هەوڵە چینایەتیە بەرفراوانە و سەرکەوتنی شۆڕشیش لە گرەوی ئەم کۆکردنەوە و یەکگرتوو کردنی هێزە چینایەتیەیە بە هەموو جیاوازیەکانیەوە، بەڵام مەرجی دەستبردن بۆ دەسەڵات ڕێکەوتن و یەکگرتوو بونی لە پێشەوەی هەموو ئەم هێزانە نیە لە ساتەوەختی گرتنی دەسەڵات و بە لوتکە گەیشتنی قەیرانی دەسەڵاتی بورژوازی.

سێهەم؛ لەپاڵ ئەم دوو حوکمەدا دەبێ حوکمێکی لەمانە گرنگتریش بڵێین ئەویش ئەوەیە کە ئەگەر ئەو کەمایەتیە لە چینی کرێکار و حزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستی کە شۆڕشی چەکدارانە بەسەرکەوتن دەگەیەنێ، نەتوانێ سەرجەم هێزی چینی کرێکار بۆ دەسەڵات و بەڕێوەبردن و بەرنامەداڕشتن یەکگرتوو بکا و بخاتەگەڕ و ئەم کەمایەتیە نەگۆڕێ بە زۆرایەتی و لە کەمایەتیدا بمێنێتەوە، ئەوا شۆڕشی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەی کۆمۆنیستی ڕووبەڕوی شکست دەکاتەوە. لەبەرئەوەی سەرکەوتنی شۆڕشی کرێکاری لە کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئابوری و سیاسی کەمینە و جێگرتنەوەیدایە بە بەشداری هەرەوەزیانەی هەموو هاوڵاتیان لە بەرهەمهێنان و بەڕێوەبردندا. بەداخەوە ئەمە ئەو شکستەیە کە مۆدیلی حزبی بەلشەفی لە شۆڕشی کرێکاری ڕوسیادا هێنای و نەیتوانی ئەم شۆڕشە بەرەو دامەزراندنی سیستمێکی سۆشیالسیتی و هەرەوەزی بەرێ . بێگومان بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم ڕەخنەیە لە مۆدیلی سیاسی حزبی بەلشەفی پێویستە مێژووی ئەم حزبە لە پێش ئۆکتۆبەر و لە کاتی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لە دوای دەسەڵاتدا باس بکەین، تا بزانین دەبێ چ بکەین تا شۆڕشەکانی سەدەی بیست بەو ئامانجە سۆشیالیستیانەی خۆیان بگەن.

بورژوازی هەوڵدەدا ئەم مێژووەی چینی ئێمە لە پێناو سەپاندنی مافی شۆڕشکردن بەسەر سەرمایەداریدا لە خەیاڵدانی کۆمەڵگەدا بسڕێتەوە، ئێمەش بە ناسینی ئەم مێژووە خەباتکارانەی چینەکەمان جارێکی تر ئاڵای مافی شۆڕشکردن لە گۆڕەپانەکانی ئازادی و التحریر دەشەکێنینەوە.

--------

[1] ڕۆزا لوکمسبورگ، پرسیارە ڕیکخراوەییەکانی سۆشیال دیموکراتی ڕوسیا، بەزمانی ئینگلیزی Rosa Luxemburg: Organizational Questions of the Russian Social Democracy

https://marxists.com/.../luxe.../1904/questions-rsd/ch01.htm

[2] https://www.theguardian.com/.../global-inequality-tipping...

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×