لە ستایشی ئاشتبونەوە لەگەڵ مارکسدا

ئاسۆ کمال
  2023-01-19     502

کاتێک لە کەناڵەکەی "ڕوباری لی" دەستمکرد بە خوێندنەوەی کتێبی " مارکس وەک فەیلەسوف" لە نوسینی دکتۆر محمد کمال، هەوایەکی فێنکی هاوینەی لندنی هەبوو. بۆ یەکەم جارم بوو نوسینێکی فەلسەفی بەزمانێکی پاراوی کوردی لەسەر مارکس لە زمانی کەسێکەوە بخوێنمەوە، کە دوای زویربونی چەندین ساڵە لە مارکس بەهۆی "مارکسیەکانی هەشتاکانی کوردستانەوە" بۆ ئاشبونەوە لەگەڵ مارکس نوسیویەتی . دکتۆرە کوردەکە لەگەڵ مارکسدا ئاشتبونەوەیەکی فەلسەفی وای کردبوو کە منی ڕاکێشا تا لەسەر ئەو بەلەمە گەشتیاریە گەشتێکی بە جیهانی شەخسی و فکری مارکسدا پێکردم بۆ چەندین سەعات. گوێم ڕادێرا بوو بۆ دکتۆر محمد کەمال، کە لە ڕوانگەی بونخوازی خۆیەوە، بەڵام بە ئەمانەت و تێگەیشتنێکی قوڵ و فراوانی فەلسەفیەوە ڕاڤەی فەلسەفەی مارکسی بۆ دەکردم.
ئەم کتێبە شایەنی خوێندنەوەیە بەوەی لە ڕاونگەیەکی گشتگیرەوە مارکس دەناسێنی.
لێرەدا وەک ڕانانێکی کورت چەند خاڵێکی گرنگ لەسەر ئەم ناساندنەی مارکس دەخەینە ڕوو. کتێبەکە خاوەنی ناوەرۆکێکی دەوڵەمەند و بەرفراوانە، کە بۆ خۆپاراستن لە درێژبونەوەی ناساندنەکە و هاندانی خوێنەران بۆئەوەی کتێبەکە خۆی بخوێننەوە، من نەمدەتوانی پەرەگراف و ژمارەی پەڕەکانی لێرەدا دابنێم.


مارکس بەرهەمی مێژووە نەک کەسایەتی ئەفسانەیی
لەم کتێبەدا مارکس وەک پێغەمبەرێک دەرناکەوێ کە پەیامێکی بۆ هاتبێ و ئەویش بە مرۆڤایەتی ڕاگەیەنێ، بەڵکو وەک کەسایەتیەکی مێژوویی کە لە ژینگەیەکی فەلسەفی و لە هاوشانی بیرمەندانی ئابوری و چالاکوانی سیاسیدا گەشەدەکا و تەعبیر لە دۆخی سەردەمەکەی خۆی دەکا. ئەمە لەوەدا گرنگە تا ئەو پەردە موقەدەسەی لاببرێت کە بەسەر بۆچونەکانی کەسایەتیە مێژوویەکاندا دەدرێ و بە نەگۆڕ و ڕاستەقینەی ڕەها دادەنرێ و دەوری هەر تاکێک لە پرۆسەی مێژووی سەردەمەکەی خۆی و مێژووی مرۆڤایەتیدا دەبینین.
لێرەدا ئاشنا دەبین بە پەیوەندی مارکس بە فەیلەسوفەکانەوە، وەک هیگڵ، فیورباخ، کانت و هیگڵیە چەپەکان و ماتریالیزمی کلاسیک دەبینین. پەیوەندی و کار لەگەڵیاندا ، ڕەخنە و کاریگەربون پێیان.
پەیوەندی مارکس بە ئابوری زانەکانەوە، بە شۆڕشی فەرەنسی و سۆشیالیزمی فەرەنسی.
کاتێک دوای وەستانێک لە خوێندنەوەی کتێبەکە جارجارە سەیری ئاوی "ڕوباری لی"م دەکرد کە بێ وەستان دەڕۆشت و هەر جارە گوژمێک ئاوی نوێی کۆدەکردەوە و دواتر دەیکردە شەپۆلێک تا بەرزدەبوەوە و شۆڕشێکی لەناو ئاوەدا دروست دەکرد و ئیتر ئاوەکەی دەگۆڕی، ئەم ڕوبارەم بەراورد کرد لەگەڵ پرۆسەی گەشەی فکری مارکسدا، کە کاریگەری تێزێکی نوێ بیرکردنەوەی دەوروژان و دوای تێڕامانی قوڵتر لێیان دەستی دەکرد بە ڕەخنەکردنیان تا دەگەیشت بە سەنتێزێکی نوێ. لە هیگڵە چەپەکانەوە بۆ فیۆرباخی ماتریالیست و دواتر بۆ جیهانبینیەکی بەرفراوانتر تا بتوانێ کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی پێ لێک بداتەوە و ڕێگای گۆڕینی پەیدابکا.


مارکس وەک شۆڕشگێڕ
ئەم کتێبە باسی مێژووی ژیانی شەخسی و سیاسی مارکس نیە، بەڵکو جێگای مارکس لە مێژووی فەلسەفەدا دەردەخا. باسی دەستکەوت و باربوی ئەوە بۆ پرۆسەی مێژووی فکری مرۆڤایەتی. مارکس بەووتەیەک خۆی دەکا بەناو دڵی ئەم مێژووەدا کە دەڵێ " "فەیلەسووفەکان تەنیا جیهانیان بە شێوازی جۆراوجۆر لێکداوەتەوە، بەڵام زۆر گرنگە بیگۆڕین".لێرەدا دەوری گرنگی کاتیگۆری پراکتیک لای مارکس جەختی لەسەر کراوە. پێچەوانەی دیدگای جەبر و دیترمینیستی کە کۆمەڵگە و مێژوو بەپێی سیستمێکی پێش وەخت و دیاریکراو لە دەرەوەی کاریگەری پراتیکی مرۆڤ دەڕواتە پێشەوە، مارکس ڕۆڵی پراتیکی مرۆڤ خۆی لە گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوریەکانی کۆمەڵگە و مێژوودا دەخاتەڕوو.
دژایەتی مارکس لەگەڵ دۆگمای دین و ئایدیالیزم و ماتریالیزمی میکانیکی لەم تێگەشتنەدا لە ڕۆڵی پراتیکدا دەبینین. لای مارکس شۆڕش و پراتیک مێژوو دروست دەکەن، نەک تەنیا یاسای کوێر و سروشتی ئابوری و سیاسی. ئەم کتێبە بە نمونەیەکی جوان ئەم ڕاستیەمان پێ دەڵێ"کۆمۆنیزم وەک مانگ گیران نیە، چونکە بەرهەمی پراتیکی کۆمەڵایەتی چینێکە". ئەم تێگەیشنە لە پراکتیک،سۆشیالیزم ئیتر نەک وەک یاسایەکی بڕاوە و ناچاری گەشەی هێزە بەرهەمهێنەرەکانی ناو سیستمی سەرمایەداری یان نەخشەیەکی ئابوری ناناسێنێ، بەڵکو وەک پراتیکێکی شۆڕشگێڕانەی ئاگایانە و گەشەی زانینی مرۆڤ بە ئازادی خۆی دەبینرێ .


ئازادی مرۆڤ مەبەستی مارکسە
لای مارکس ئابوری، سیاسەت ، فکر و فەلسەفە و کەلتور ئامڕازن بۆ گەیشتن بە ئازادی مرۆڤ و سەربەستی مرۆڤ مەبەستی سەرەکی هەوڵدان و خەباتە لای مارکس.
ئەم ئازادیە واتە کۆتایی هێنان بە نامۆبونی مرۆڤ لە بەرهەمی کارەکەی و لە چالاکیەکانی ژیان کردنی لە کۆمەڵگەدا. ئەمە ئازادی مرۆڤە وەک جۆری مرۆڤ و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، نەک تاکێکی ئەتۆمی و تاک گەرایی بەڵکو وەک مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی ئازاد. " کۆمۆنیزم ئەگەر نەتوانێ ئازادی مرۆڤ دابین بکا ئەوا ناکۆکە لەگەڵ شۆڕشی پرۆلیتاریادا کەدەیەوێ بنەمای ئەم نامۆبون و کۆیلایەتیە واتە خاوەندارێتی تایبەتی سەرمایەداران و دابەشکردنی کاردا هەڵوەشێنێتەوە. چونکە ئەم هەڵوەشانەوەیەی موڵکایەتی سەرمایەداران خۆی ئامڕازێکە بۆ گەیشتن بە مەبەستی ئازادی مرۆڤ".
لەم ڕۆژە خۆرەتاوەدا کە ڕووی مرۆڤەکانم بە گەشی دەبینی بەکەناری ئاوەکەدا و بەلای بەلەمە وەستاوەکەی منەوە دەڕۆشتن، وە گوێیان هەڵخسبوو بۆ مۆسیقای جازی"چ دنیایەکی قەشەنگە"ی لویس ئارمسترۆنگ، کە لە باڕەکەی ئەو بەر ڕوبارەکەوە دەهات ، هەموو ئەمانە نەسیمی ئەو دنیایەی بە دەرونمدا گوزەر پێدەکرد کە مرۆڤایەتی ڕۆژانی ئازاد و خەیاڵێکی ڕاحەتی دەبێ لە کێشەکانی دنیای سەرمایەداری ئەمڕۆ. ئەمە زیاتر منی ڕۆ دەچاندە تێفکرین لە قسەکانی مارکسم لەسەر گەیشتن بە سەربەستی مرۆڤ، کە چەندە لەگەڵ خواستی هەر تاکێکی مرۆڤدایە و ئارەزووی هەمووانە بۆ ئێستا و خەونی پاشەڕۆژمانە.


مارکس میتۆدێکە بۆ تێگەیشتن لەڕاستی نەک دۆگما وموقەدەسێک
دیالکتیک وەک لۆجیکی هەموو دیاردە و پرۆسەکان، پرۆسەی فکریش دەگرێتەوە. لێرەوە فکری مارکس وەک هەر فکر و بۆچونێکی تر بە پێوەری زانستی و لۆجیک و میتۆدی دیالکتیکی هەڵدەسەنگێنین، نەک وەک تێکستێکی موقەدەس. ئەمە دەتوانێ لەو هەموو جۆرەی "مارکسیزم" ڕزگارمان بکات، کە هەموو ووتە و دەقەکانی مارکس دەکەنە موقەدەس و ڕاستەقینەی ڕەها، کە وەک مارکس وتەنی ئەگەر خۆی بمایە ئێستا دیسان دەیوتەوە "ئەگەر ئەو ڕانانە مارکسی بن ئەوا من مارکسی نیم". لەم کتێبەدا میتۆدی دیالەکتیکی مارکس وەک گەشەپێدانی دیالکتیکی هیگڵ و گێڕانەوەی بۆ واقع و بۆ نێو کۆمەڵگە دەبینین. فکر و فەلسەفە و سروشت و کۆمەڵگە و کەلتور و سیستمی ئابوری و سیاسی و چینەکان و مێژوو لە لۆجیک و میتۆدی دیالەکتیکدا بە پرۆسەیەکی گۆڕانکاری بەردەوام دەبینین، کە پەیوەندی بە پراتیکی شۆڕشگێڕانەوە هەیە. ئەمە توانای ڕاڤەکردنی ڕاستەقینە و ماتریالی دەبەخشێتە میتۆدی دیالەکتیکی مارکس کە دەتوانین بەهۆیەوە ناکۆکیەکان و فرەجۆری و یەکێتی نێوان دیاردە و ڕوداوەکان و سیستم تێبگەین و زانستیانە لێک بدەینەوە.
لێرەدا کتێبی " مارکس وەک فەیلەسوف" م داخست و دەستم کرد بە پیاسەیەکی ئێواران تا چێژێکی پڕ لە زانین کە نوسینەکەی دکتۆر محمد کمال پێی بەخشیم لەگەڵ سەمای مەلەکانی ئێوارە و بیرەیەکی ئای پی ئەی دا بەخۆشی بەسەر بەرم و حەزم دەکرد کە هەرچی زوتر ئەم پەیامە بە هاوڕییانی ترم بگەیەنم کە پێویستە ئەم کتێبەی ئەم فەیلەسوف ناسە کوردە بخوێننەوە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×