چۆنێتی ڕزگاربوونی ئەم دەڤەرە لە زوڵمەکانی حکومەتی هەرێم؟!

بەیار عومەر
  2022-10-29     820

 

لە زۆنی زەرد، ڕێگاکانی (هەولێر - دهۆک - زاخۆ)، و (خەلیفان - سپیلک) بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت و سیمای ڕێگاوبانە پێشکەوتوەکانی جیهانیان هەیە.

لە زۆنی سەوز، ڕێگاکانی (کفری - کەلار - دەربەندیخان - سلێمانی)، (قەڵادزێ - ڕانیە - سلێمانی)، و (هەڵەبجە - سەید سادق - سلێمانی) هەتا ئێستا ڕێگای مەرگن و لە ئاستی ڕێگاوبانی وڵاتە هەژار و دواکەوتوەکاندان.

لە هەولێر، بەنداوەکانی (گۆمەسپان)، (مەنداوە نزیک بێخمە لەسەر زێی گەورە)، (شەوگێڕ) (ئاقوبان)، و (ڕەواندوز) + لە دهۆک، بەنداوەکانی (خەنس لە شێخان)، (سبنە لە ئامێدی)، (گەلی بەنداوە لە سمێڵ)، (گەلی بیدۆهێ)، (دێرەلوک)، و (کەشکان) بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت.

لە سلێمانی، بەنداوەکانی (چەقچەق)، (کەوڵۆس لە سەید سادق)، (خێوەتە لەسەر زێی بچوک)، (زەلان لەسەر چەمی قەڵاچوالان)، (دەڵگە لە قەڵادزێ لەسەر زێی بچوک)، (باسەڕە لە دێلێژە لە قەرەداغ)، (ڕۆخانە لە سەنگاو)، (دێوانە لە دەربەندیخان)، (باوەنور لە نێوان دەربەندیخان و کەلار لەسەر ئاوی سیروان)، (بەردەسور لە کەلار)، و (خۆرنەوازان لە کفری لەسەر ئاوە سپی) بەهۆی بڕینی بودجەوە، کاریان تێدا ناکرێت.

بۆ ئەوەی ئابڵوقەی سەر سلێمانی قورستر بکەن و دەرگای زیاتری لێ دابخەن، داهاتی مەرزەکانی پەروێزخان و باشماخ بەرەو وشک بوون ئەبەن و تەنها گرنگی بە حاجی ئۆمەران ئەدەن. لە زۆنی سەوزدا، نەسریە و بودجەی فەرمانگەکانیان بڕیوە و نزیکەی هەزار پرۆژە وەستاون و هەزار بەڵێندەر مایەپوچ بوون.

بۆ هێڵی شەمەندەفەریش، دەیانەوێت دەڤەری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕینی لێ بێبەش بکەن. ئەکرێت ئەمە بە حکومەتێکی نیشتیمانپەروەر و سەنگین دابنرێت؟!

ڕقئەستوری حزی بەعس بەرامبەر پارێزگای سلێمانی کە سەرەڕمی شۆڕش بوو، گەیشتە ئەوەی کە نەخۆشخانەی گەورە تەنها لە پارێزگای سلێمانیدا جێبەجێ نەکەن و زانکۆی سلێمانیش بەرنە هەولێر. بەڵام ڕەوشەکە نەگەیشتە ئەوەی کە حەب و دەرمانی لێ ببڕن. ئەمە زادەی ڕۆچونی ئەخلاقی سیاسیە، کە ڕوپۆشکراوە بە دەلەسەی کوردایەتی و فریوی سەربەخۆیی.

دەمێکە هاوار ئەکەین کە ئەم دەڤەرە بە چاوی ڕق و بە نیەتی سزاوە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. هەژارکردنی ئەم دەڤەرە و خەلکەکەی بوە بە عورف؛ هیچ چارەسەرێک نەماوەتەوە، جگە لە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابوری.

ورەبەردان و دۆشدامان نامانگەیەنێت بە ئامانج؛ خاڵی وەرچەرخان، جوڵاندنی مەلەفی بەهەرێمکردنی پارێزگای سلێمانیە، کە ئیمزاکانی لە بەغدایە و بە هۆی لۆبی پارتی و کڕینەوەی کاربەدەستانەوە، ئاستەنگی بۆ دروست کراوە.

هاوزەمان لەگەڵ ئەو هەوڵانەدا، کاربکرێت بۆ ئەوەی کە نەوت و گازی ئەم دەڤەرە لە ڕێی دامەزراوەیەکی هاوبەش (لە نێوان پارێزگای سلێمانی و حکومەتی ناوەندی) بفرۆشرێت، و لە ژێر چاودێری پەرلەمانی عێراقدا بێت، کە پەرلەمانێکی کاراترە لەوەی هەرێم. ئەکرێت لە پارەی نەوت و گازی ئەم دەڤەرە، موچە و پرۆژە خزمەتگوزاریەکان جێبەجێبکرێن و پەرە بە ژێرخانی ئابوری و بژێوی هاوڵاتیان بدرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×