کێ بەرپرسە لە ڕێکنەکەوتنی ھەرێم و بەغدا؟! وردەکاریەکانی چین؟!

بەیار عومەر
  2024-02-24     229

پارتی و میدیاکانی لۆمەی خەڵک دەکەن و گوایە لەسەر خواستی ھاوڵاتیان ڕێکەوتنیان لەگەڵ بەغدا کردوە؛ کە ھیچ ئەنجامێکی نەبووە.

یەکەم، ڕێکەوتنی (حکومەتەکەی پارتی لەگەڵ بەغدا) لەسەر خواست و فشاری خەڵک نەبووە، بەڵکو لە ناچاریدا بووە. ئەگەرنا زۆرینەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، زیاد لە ١٠ ساڵە نیگەرانن و تکا ئەکەن بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا و فرۆشتنی نەوت بە شەفافانە و دابەشکردنی بە عادیلانە، بەبێ ئەوەی حکومەتەکەی پارتی و شەریکەکانیان گوێی پێبدەن. ئێستا کە (تورکیا و ھەرێم) لە دادگای پاریس دۆڕاندویانە، پارتی بە ناچاری پەنای بۆ بەغدا بردوە، نەک لەبەر ویستی خەڵک.

دووھەم، (پارتی و حکومەتەکەی) پەیمانشکێنن و ئامادە نین (٤٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت) ڕادەستی عێراق بکەن. لەبەرامبەریشدا عێراق ئامادە نیە (مووچە) بنێرێت. ئێستا پارتی و شەریکەکانیان تەنھا (٨٠ ھەزار بەرمیل) تەسلیمی عێراق دەکەن و باقیەکەی بە تەنکەر لە ڕێی تورکیا و ئێرانەوە بە قاچاخ دەفرۆشن.

پارتی دەیەوێت بەشێکی زۆر لە نەوتەکە وەکو جاران، داھاتەکەی بە ناوی خەرجی وەھمیەوە ونبکات و نەیخاتە خەزێنەی حکومەتەوە. ھەروەھا دەیەوێت کۆمپانیای کار وەکو جاران بە ملیارەھا دۆلاری دەستبکەوێت لە گواستنەوەی نەوتدا، کە لە جیھاندا ڕوینەداوە بۆری نەوت سەر بە کۆمپانیا و کەرتی تایبەت بێت.

سێھەم، (شەیتان لە وردەکاری) ڕێکەوتنی ٥٠ ساڵەدایە؛ کە لە تاریکیدایە و نەچۆتە بەردەستی خەڵک و پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەھۆی دانوستانەکانی (ھەرێم وتورکیا و عێراق)، تا ڕادەیەک ڕون بۆتەوە کە (بەدەر لەو کۆمپانیا ئەھلیانەی تورکیا کە لە دەرھێنانی نەوتی ھەرێمدا کار دەکەن)، کۆمپانیای بۆتاشی حکومی تورکی (Botas)  لە ھەر بەرمیلێک نەوتی ھەرێم بە نزیکەیی (١٧ دۆلار)ی دەستکەوتوە ( ١١ دۆلار داشکاندن + ٦ دۆلار بۆ گواستنەوە)؛ لە کاتێکدا (عێراق) بۆ ھەر بەرمیلێک نەوت (١ دۆلار و ٢٠ سەنت) ئەدات بە تورکیا. 

واتە تورکیا ڕاھاتووە بەو گەندەڵی و پارە زۆرەی ھەرێم؛ دەیەوێت فەرھودەکەی لەگەڵ بەغداشدا بۆ بچێتە سەر. بۆیە تورکیا لە ڕێی پارتیەوە ھەوڵی دروستکردنی فیتنەی تائیفی و شکستی ڕێکەوتنەکە ئەدات. بێگومان ڕێکەوتنەکە دیوی ئەمنیشی ھەیە کە بریتیە لەوەی (تورکیا و پارتی) پشتوپەنای یەکبن بۆ ڕاوەدونانی کوردانی پارچەکانی تری کوردستان. خۆناچەمێنین و دروشمە ساختەکانیش تەنھا ئامرازێکن بۆ شاردنەوەی ئەم حەقیقەتە تاڵە.

بەشێکی دادگاکەی پاریس لەسەر ئەوەیە کە (ھەرێم و تورکیا)، بۆریەکەی (عێراق)یان بەکارھێناوە، بەبێ ئەوەی ڕەزامەندی وەربگرن. یەکێک لە ئەگەرەکان ئەوەیە کە ڕەنگە (تورکیا) بۆریەکی تازە دروست بکات بۆ ئەوەی پێویستیان بە بۆریەکەی عێراق نەبێت. پارتیش کات بکوژێت و بەقەرزیش بێت پارەی مووچە لە بەغدا بسەنێت، ھەتا بۆریەکە تەواو دەبێت و دیسان سەرکێشانە بێمنەت بێتەوە بەرامبەر بەغدا.

چوارەم، حکومەتی ھەرێم پێشینەی ھەیە لە پەیمانشکێنیدا. ساڵی ٢٠١٥ حکومەتی ھەرێم لەگەڵ عێراقدا ڕێکەوت و لە یاسای موازەنەدا جێگیرکرا کە (٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت) لەژێر سەرپەرشتی سۆمۆدا بفرۆشێت (٣٠٠ ھەزاری کەرکوک و ٢٥٠ ھەزاری ھەرێم) و لەبەرامبەردا (١٧% ی بودجەی عێراق) بۆ ھەرێم بنێرێت. 

حکومەتی ھەرێم ئەو ڕێکەوتنەشی پێشێل کرد و پشتی کردە عێراق و ڕویکردە تورکیا، و ئەم کارەساتەشی ناولێنا (ئابوری سەربەخۆ)؛ کە تێیدا چینێک بوون بە ملیاردێر بەسەر میللەتێکی ھەژارەوە. لەو کاتەشەوە ھەتا ئێستا بێمنەت بوون بەرامبەر بەغدا، ھەتا لە ڕێی دادگای پاریسەوە، دەرگاکان بە ڕویاندا داخرا.  

لەم ڕێکەوتنە ناچاریەدا، سەرۆکی حکومەت چووە بەغدا و وەکو سەرکەوتنێکی گەورەی خۆیان بە خەڵکیان فرۆشتەوە؛ بەڵام کە بە پیلانی (تورکیا و پارتی) شکستی ھێنا، تاوانەکەی دەخەنە ئەستۆی بەغدا و دەبێت خەڵکی کوردستان باجەکەی بدەن. لەو پێناوەشدا (سۆزی نیشتیمانی) خەڵک دەجوڵێنن.

پێنجەم، ئەگەر مەسەلە (کوردایەتی)یە، ئەی بۆ چەندین ساڵە میللەتی کورد لە داھاتی نەوت بێبەش بووە؟! بۆ لە کاتی ڕۆشتنی نەوت و دەوڵەمەندی و خۆشیدا، تەنھا خێرەکەی بۆ حیزبێک و بنەماڵەیەک و شەریکەکانیانە، بەڵام کە نەوتەکە وەستێنرا، ئیتر ئەبێت میللەت باجەکەی بدات و بە جوڵاندنی سۆزی نیشتیمانی و تەفرەدان، خەڵک بە کوشت بدرێت؟! کوردایەتیەک دەزگا ھەواڵگریەکانی بێگانە بیجوڵێنن ئەبێت چ کوردایەتیەک بێت؟!

چارەسەری دروست ئەوەیە کە ڕێکەوتنەکە جێبەجێبکرێت و ھەرێمی کوردستان (٤٠٠ ھەزار بەرمیلەکە) لەژێر سەرپەرشتی (سۆمۆ)دا بفرۆشرێت و ھیچ بیانویەک بۆ بەغدا نەھێڵێتەوە بۆ ئەوەی ھەموو مانگێک بودجە بێت و موچەخۆران لە کاتی خۆیدا موچە و مافی خۆیان وەرگرن. بەڵام بێگومان ئەمە دروکەوتنەوەی ئەوێت لە ئەجێندای وڵاتانی ئیقلیمی، کە بۆ پارتی ئەستەمە.
بڕیارەکەی (دادگای فیدرالی) بۆ (ناردنی ڕاستەوخۆی موچە و دابەشکردنی کوردستان بۆ چوار بازنەی ھەڵبژاردن)، وەرچەرخانێکی دادپەروەرانە و دڵخۆشکەرە. 

ھەوڵ و فشارەکانی (مامۆستایان بۆ موچە + یەکێتی و چەند کەسایەتیەکی سیاسی سەربەخۆ بۆ فرەبازنەکردنی ھەڵبژاردن) لە ڕێی بەغداوە، کاری خۆی کرد.

ھەوڵەکان بۆ (بەھەرێمکردنی دەڤەری سلێمانی)، ڕێگەیەک بوو بۆ گەڕانەوەی شکۆی سیاسی و ئابوری و ئیداری بۆ (پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) و ڕزگارکردنیان لە سزاکانی پارتی. 

خۆ ئەگەر لە ڕێگەی (دادگای فیدرالی)یەوە مووچە ڕاستەوخۆ بدرێت و شکۆ بۆ ئەم دەڤەرە بگەڕێتەوە و دەسەڵاتی پێبدرێت بۆ پێشخستنی ژێرخانی ئابوری، ئەوکات زۆرینەی ئامانجەکانی (بەھەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین) بەدیدێن.

سودی بڕیارەکانی دادگای فیدرالی:

١-چیتر پارتی و حکومەتەکەی ناتوانن ستەم لە موچەخۆرانی ئەم دەڤەرە بکەن، چونکە دادگای فیدرالی بڕیاریدا کە موچە بنێرێتە لقی بانکە فیدرالیەکان لە پارێزگاکانی ھەرێم و ڕاستەوخۆ بدرێت بە فەرمانبەران. 

چەندین ساڵ بوو بە پاساوی پاراستنی قەوارەی ھەرێمەوە، پارتی نەیدەھێشت لقی بانکی ناوەندی لە سلێمانی بکرێتەوە، کە لە سەردەمی (پۆل برێمەر)ەوە بڕیاری لێدرابوو؛ تەنھا بۆ ئەوەی ئەم دەڤەرە ھەژار و ملکەچ بکات و تۆڵەی دەنگنەدانیان بە پارتی لێبکاتەوە.

٢-بڕیارەکەی دادگای فیدرالی بۆ دانانی ٤ بازنە، ڕێژەی ساختەکاری ھەڵبژاردن کەمدەکاتەوە. دادگای فیدرالی بەپێی یاسای کۆمسیۆن و ئاماری ڕاستەقینەی خۆیان، ڕێژەی دانیشتوانی بازنەکانی ھەڵبژاردنی ھەرێمیان دیاریکردووە. 

واتە ساختەکاریەکانی حکومەتی ھەرێمیان رێککردۆتەوە، کە (٥٠٠ ھەزار دەنگدەری بۆ پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک) زیادکردبوو، لە بەرامبەردا نزیکەی (٧٠ ھەزار دەنگدەری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە)ی کەمکردبۆوە. 

لانی کەم نزیکەی ١٠ کورسی ساختەی لابردووە کە پارتی بۆ خۆی زیادی کردبوو. ئەم یاسایە دادپەروەرانەیە ناھێڵێت لایەنێک، حکومەتی ھەرێم زەوت بکات و خاکی کوردستان بکات بە سەربازگەی دوژمن، بۆ ھێرشکردنە سەر کوردانی پارچەکانی تر. 

لە ھەڵبژاردنەکانی پێشودا، بەھۆی یەک بازنەیی و ئاماری ساختەوە، واقعێکی تاڵ زاڵ بووبوو، کە بە ئێستاشەوە پێش ھەڵبژاردنی ئایندە، پێدەچێت بە ھەماھەنگی لایەنێکی ناوخۆیی و دەوڵەتێکی ئیقلیمی لە چەند مانگی داھاتوودا لێزمەی خیانەت و خۆخۆری بگاتە لوتکە.

٣-سەبارەت بە کورسی کۆتاکان، لە جیاتی ھەڵوەشانەوە، بریا دابەشکرایە بەسەر چوار بازنەدا؛ بەڵام لەژێر ناوی پاراستنی پێکھاتەکاندا، پارتی (١١ کورسی) قۆرخ کردبوو بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و سامانی ھەرێم، ھاوشێوەی تاڵانکردنی نەوت لەژێر ناوی ئابوری سەربەخۆدا. سەرەنجام تاکڕەوی و تاڵانی، گەردەلولێکی سیاسی خوڵقاند، کە قەڵای پارتی و پاشکۆکانی لەرزاند.

پێویستە حزب و لایەنەکانی ئەم دەڤەرە لە ژێر چەترێکدا تواناکانیان بخەنەگەڕ و ھەوڵی گەڕاندنەوەی باڵانسی ھێز بدەن و نەھێڵن چیتر بە دەنگی تەزویری ناوچەکانی تر، ئەم دەڤەرە وێران بکرێت. پێویستە ھەماھەنگی و پێکەوە کارکردن بکرێتە دەستپێکی قۆناغێکی نوێ بۆ گەشەی ئابوری (پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین).

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×