پەتای پۆپۆلیزم

بەیار عومەر
  2020-02-09     805
وەک چۆن ھەندێک لە بەرپرسە گەندەڵەکانی یەکێتی دەستێکی باڵایان  ھەبووە لەدواکەوتنی ئەم سنورەدا و سەروەت و سامانیان بەفیڕۆداوە و گیرۆدەی بازرگانی جگەرە ودەرمان بوون لەگەڵ پارتیدا، بە ھەمان شێوە پۆپۆلیستەکانی ناو گۆڕانیش زیانێکی زۆریان لەم سنورە داوە. چۆن؟

پۆپۆلیست ئەوانەن کە ھیچ ڕوئیایەکیان نیە بۆ گەشەی ئابوری و ھیچ پلانێکی ستراتیژیان نیە بۆ پێشخستنی کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و دابینکردنی ھەلی کار. ئەوەی پاڵیان پێوەدەنێت خەمی خەڵک نیە، بەڵکو خەمی خۆیانە. 

بەڵام خەمی خەلک و هەژاری و بێزاری دەقۆزنەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کە بریتیە لە گەیشتن بە پلەیەکی حکومی یان پەرلەمانی و لەو ڕێیەوە گەیشتنە بە کۆمەڵێک ئیمتیازات. بە کورتیەکەی کۆدی ختوکەدانی خەڵکیان دۆزیوەتەوە بۆ بەدەستھێنانی دەنگ. 

پۆپۆلیزم لە ڕێی بەڵێنی قەبەوە دەتوانێت لە ماوەیەکی کەمدا دەنگێکی زۆر مسۆگەربکات. بەڵام کە دواتر چووە دەسەڵاتەوە و بەڵێنە ناواقعیەکانی پێجێبەجێنەکرا بە ھەمان خێرایی دەنگەکانی دادەبەزێت و متمانە لەدەستدەدات.

ھەندێک جار ھەستدەکەیت ئەگەر گەندەڵی و ھەژاری نەمێنێت ئەوانیش بازاڕ و کەسابەتیان نامێنێت، چونکە جگە لە ختوکەدانی ھەستی خەلک ھیچ بەھرەیەکی تریان نیە. بە کورتیەکەی بونی گەندەڵی و ھەژاری وەک بزنسێک سەیردەکەن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و گەیشتن بە حکومەت و پەرلەمان و مسۆگەرکردنی ئایندەی خۆیان. 

کار گەیشتۆتە ئەوەی کە ھەر کەسێکیش لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە دەیەوێت چارەسەر بۆ کێشەکانی کۆمەڵگا بدۆزێتەوە، خەلک باوەڕی پێناکەن و دەڵێن تۆش دیارە بەتەمای پەرلەمان و حکومەتیت. ھاوڵاتیانیش ناحەقیان نیە کە متمانەیان نەماوە، چونکە درۆ و فریودانیان زۆر دیوە. 

بەشی زۆری ئەمانەش زۆر بە توانان لە نمایشی خۆبەسادەدەرخستن و گوایە بەردەوام لەگەڵ ھەژاران و نەداراندان. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە لەو نمایشانە زیاتر ھیچ پرۆژەیەکیان پێنیە بۆ پێشخستنی ژیانی ھەژاران. ئەوەی پێیانە پرۆژەی خۆشکردنی ژیانی خۆیانە نەک کۆمەڵگا. بەشێکیان پاش چونە پەرلەمان ئیتر تەواو بێدەنگ دەبن و دیارنامێنن. ھەندێکی تریان بەردەوام دەبن لە نمایش.

گەندەڵی و پۆپۆلیزم دوو ڕووی هەمان دراون و پێکەوە ئابوری وڵات وێران دەکەن. چۆن ھەتا یەکێتی خۆی لە ھەندێک لە بەرپرسە گەندەڵەکانی ڕزگار نەکات ناتوانێت نە خۆی ھەستێنێتەوە، نە خزمەتی ئەم سنورەش بکات. گۆڕانیش ھەتا خۆی لەم پۆپۆلیستانە ڕزگار نەکات ناتوانێت نە متمانەی دەنگدەرانی بەدەستبهێنێتەوە، نە خزمەتی ئەم سنورەش بکات. دروشمەکانی بژی فڵان و بڕوخێ فڵان خزمەتی ھیچ وڵاتێکی نەکردوە. 

کاتی ئەوە ھاتوە یەکێتی و گۆڕان لە ئێستاوە کار بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی گەنج و نوێ بکەن بۆ سەرکردایەتیکردن بۆ حزب و حکومەت و پەرلەمان. نەوەیەک ئامادە بکەن کە ھەم دڵسۆز بن و خەمی گشتی لەسەروو خەمی تایبەتی خۆیانەوە ببینن، ھەم خولی پێگەیاندنیان بۆ بکرێتەوە و شارەزا بکرێن لە بوارەکانی ئیداری و ئابوری و سیاسیدا، بۆ ئەوەی لە پاڵ دژایەتی گەندەڵیدا، زانیاری و شارەزایی تەواویان ھەبیت لە بەڕێوەبردن وڵات و پێشخستنی ئابوریدا.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
قاسم ئەعرەجی: کشانەوەی هاوپەیمانان لە عێراق، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە
مەزڵوم عەبدی: ڕێککەوتنی دیمەشق تەسلیمبوون نەبوو، بەڵکو قۆناغێکی نوێی خەباتە لەناو دەوڵەتدا
دوای چۆڵکردنی ۱۸ کەمپ لەلایەن ۳ هەزار و ۸۰۰ گەریلا، پاسەوانی سنوور و پێشمەرگە لە ناوچە سنوورییەکان جێگیر دەبن
مەسعود پزیشکیان: سەرەخۆشی لە خەڵکی کوردستان دەکەم
لەشەشەمین ساڵیادی مەرگی فوئادە ڕەشدا، سۆڵیدارێتییەکەی فوئادە ڕەش‌و ڕێکخراوەکانی ئێستا
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیسرائیل: به‌داخه‌وه‌ كورد هێشتا خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ نییه‌، خوازیاری به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانمانین
بوومەلەرزەی سیاسی لەئەڵمانیا: سەرکەوتنی مێژوویی AfD لەویلایەتی ساکسۆنی-ئانهاڵت
تولای حاتەم ئۆغوللاری و تونجەر باقرخان وەک هاوسەرۆکانی دەم پارتی هەڵبژێردرانەوە
دوو موڵکی موجتەبا خامنەیی بە 36 ملیۆن پاوەند دەفرۆشرێن
لە تورکیا هێرشکرایە سەر ناوەندێکی زمانی کوردی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×