نەبوونی پرۆژە یاسای بودجەو لێکەوتەکانی

عیماد مەحمود
  2023-01-10     273

دوو کابینەی بێ بودجە بەڕێ کرا !

بودجە، پێک دێت لە کۆی داهات و خەرجی گشتی خەمڵێنراوی ساڵێکی دارای، مەرجە ماوەکەی ساڵێکی تەواو بێت،
لەماوەی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیدا، تەنها دە جار پرۆژە یاسای بودجە پەسەند کراوە، ئەویش لە ساڵەکانی
1993,1996,1998,2004,2007,2008
,2010,2009 ,2011,2012,2013
بووە،
دوابە دوای ڕاگەیاندنی ئابوری سەربەخۆ تەنها بۆ یەک جاریش حوکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیووە، پرۆژە یاسای بودجە ئامادە بکات، تەنها لە ساڵی 2020 دا هەوڵێک هەبوو ، ئەویش سەرکەوتوو نەبوو یان نەویسترا.
دوا بودجە ، پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013 بووە کە بڕەکەی پانزە ترلوێن دیناری عێراقی بووە،

هۆیەکانی ئامادە نەکردنی بودجە،

بیانووەکانی ساڵانی ڕابوردوو ، ئابوری سەربەخۆ ، شەڕی داعش و هاتنی ئاوەرەکان، دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بوو،
بەڵام لە ئێستادا ، زۆرینەی ئەو بیانوانە نین و نەماون ، هۆکارێکی ڕوون ، نیە ، تەنها جۆرێکە لە خۆلادان و خۆدزینەوە نەبێ لێی .

توانای دارای گشتی لە ئێستادا ..

..هیچ بەهانەیە نیە بۆ حوکمەت تا ئامادەسازی بۆ پرۆژە یاساکە نەکات، لە کاتێکدا ، بە پێی ئامارە نافەرمیەکان، بە داهاتی حکومەت بۆ ساڵی دارای 2022 شێوەیەکی گشتی ، بەم جۆرە بووە .

- 500 بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

-75*100هەزار بەرمیل لە ناخۆدا ساغ کراوەتەوە بۆ کۆمپانیاو پاڵاوگەکان.

- داهاتی نا نەوتی سەروی 350ملیار دینارە،

- 174 ملیۆن دۆلار غازی فرۆشتووە .
- 750 ملیۆن دۆلار هاوکاری ئەمریکای بۆ هاتووە.
- 400 ملیار دینار لە بەغدا وەرگیراوە .

بەم ژمارانە زۆر بەئاسانی دەتوانرێت بکرێت بە بنەمایەک بۆ خەمڵاندنی برۆژە یاساکە، بیانویەک ناهێڵێتەوە، بۆ خۆلادان و خۆ دزینەوە لە ئامادەسازی بۆ پرۆژە یاسای بودجە.

نەبوونی پرۆژە یاسای بودجە، لێکەوتەکانی

_ لەکاتی نەبوونی پرۆژە یاسای بودجە، بە ئاشکرا دەرگا بە دووی نا ڕوونی سەدان دۆسیەیی گەندەڵی دەکاتەوە،

_ ناڕێکی و نادروستی و نا دادی لە چۆنێتی کۆ کردنەوەی داهات و چۆنێتی خەرج کردن دێنێتە ئاراوە.

_ کاریگەری لەسەر تاک بە تاکی کۆمەڵگە دەبێت لە چۆنێتی مامەڵەکردنیان بە خەرجکردن + بەکاربردن+ پاشەکەوت کردن. بە جۆرێک تاک نازانێت چۆن مامەڵە بکات.

_ نەبوونی پرۆژە یاسای بودجە کاریگەری تەواوی لەسەر بازاڕ و هەموو جموجۆڵە بازرگانیەکان دەبێت ، بە جۆرێک کە سەرمایەدارو بازرگانەکان و بەکاربەرانیش بە ڕاڕای ماڵە لەگەڵ بازارو ئابوریدا بکەن، دوا جار ئەمەش کاریگەری ، نەرێنی لە سەر گەشەی ئابوری ، ووڵات بە جێ دەهڵێت.

_ کاریگەری نەرێنی لە سەر پرۆژەکانی وەبەرهێنان و شێوازو چۆنێتی دانەوەی قیست و قەرزەکانی کەرتی تایبەتی و گشتی دەبێت.
_ لە دەستدانی متمانەی هەردوو دەسەڵاتی جێبەجێ کردن و دەسەڵاتی یاسادانانی لێ دەکەوێتەوە لە لایەن هاوڵاوڵاتیانەوە، بەتایبەت ڕۆڵی پەرلەمان لاوازترو بێ ئیرادەتر دەکات.

گرنگی پرۆژە یاسای بودجە، لە چیدایە؟

ڕوونە کە ئامادەکردن و پەسەندکردنی بودجە، دەرگا بە ڕووی ناشەفافی دارای گشتیدا دادەخات ، ڕێگر دەبێت لە دروست بوونی نا دادی لە چۆنێتی کۆکردنەوەی داهات و چۆنێی خەرجکردندا، هاوشان ڕۆڵی دەزگای چاودێری دارای ، پەرلەمان ، دەزگا پەیوەندیدارەکان چالاکتر دەکات و زیاتر دەست کراوە دەبن ،
کاریگەری لە سەر تەواوی پرۆژە ئابوریەکان دەبێت و گەشەو جووڵەی ئابوری زیاترو خێراتر دەکات.

لە ئێستادا دەبێ هەوڵ و فشارەکانی پەرلەمان ، لیژنە پەیوەندیدارەکانی پەرلەمان و چاودێری گشتی و ڕێخراوەکان و دەسەڵاتی پێنجەم ، شەقام ، زیاتر بکرێت، تا چیتر هیچ بەهانەیەک نەبێتە هۆی ئامادەنەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە، چیتر ووڵات بێ بودجە نەبێت ، گەشەیی ئابوری گشتی زیاتر و خێرا تر بکرێت، هاوکات ڕێگری لە نادادی کۆکردنەوەی داهات و چۆنێتی خەرجکرنی بگیرێت لە ڕێی ئامادەکردنی بودجە .

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×