چۆن دڵی هات ئەو تولفە بێ تاوانانە بەجێ بهێڵێ؟

هیبە فەیسەڵ
  2023-08-21     392

هەر کاتێک مرۆڤ ( ئەوانەی کە دەستیان لە ئاگرەکەدا نیە) هەواڵی ڕۆیشتنی دایکێک دەبیستن، زۆر بە ئاسانی و بە کۆڵێک لۆمەکردنەوە ئەم قەدەرە لە زۆرینەی دانیشتن و کۆبونەوەکاندا دەکەنە خوان.
ئەم جۆرە دایکانە بە چەندەها سیفاتی نامرۆڤانە و بگرە بە ڕەهایی تاوانی ئابڕوبەریان دەدرێتە پاڵ.
لەو کاتەی ئێمە سەرقاڵی سەر و بەندی ئەم تاوان بەخشینەوەیەین، درکمان نامێنێ کە چۆن ڕۆچونێکی قوڵ و دوور مەودایی بکەین بۆ بنەمای کێشەکە.
ڕۆچونێک بۆ تێگەیشتنی ئەم فینۆمینە نەک بۆ پشتگیری. چونکە لە ڕاستیدا نە ئیش و نە ئەرکی تۆیە کە ئیدانە یان دەست خۆشی لەم جۆرە کردار و دایکانە بکەیت. بەڵام ئەرک و کاری منە کە ئاوریشمێک لە ڕووناکی، گەر لە کلاوڕۆژنەیەکی ساکاریشەوە بێت بیخەمە ڕوو. ئەمەش وەک ڕێزێک بۆ ئەو منداڵانەی کە هەمیشە دەبنە قوربانی کردارە نەخوازراوەکانی گەورەکان.

دەتوانم بڵێم کە جێهێشتنی مناڵ لە لایەن یەکێک لە باوانەوە فێنومینێکە کە لە هەموو کۆمەڵگەیەک بوونی هەیە. بڕیارێکی بە ئازارە، تراژیدیایەکە کە بەرکەوتە و دەرئەنجامی درێژخایەنی بۆ مناڵەکان بەتایبەتی و کۆمەڵگە بەگشتی هەیە. بڕیارێکی هەنوکەیی سادە نیە. بەڵکو لە دەرئەنجامی کۆبونەوە و دەرهاویشتەی، کۆمەڵێک پرسیاری وەک؛ بۆ و چۆن و لە کوێ و کەی هتدە.
ئەم پرسیارانە دەبنە ڕۆژمێری نەفەسە پڕ ئازار و پەنگخوراوەکانی ژیان.
جگە لە لایەنە دەروونیەکە، هەنێکی دی لەو هۆکارانە ئەمانەن؛
»کەم دەرامەتی،
»ئاڵۆدەبونی یەکێک لە دایک و باوکەکە بە ئەلکهول یان مادەیەکی هۆشبەر یان قومار و هتد،
»دروست کردنی مناڵ بە تاکلایەنە،
»لە کەڵەکە بوونی ناڕەزایی و ناکۆکیەکانی ڕۆژانەی ژیانی هاوبەشی. کە خودی خۆت نیت بەرانبەر ئەوی دی. ئەمەش لە ئەنجامی دەرنەبڕینی هەست و قبوڵ کردنی تانە و قسەی شکێنەری ڕۆژانە کە دوو هاوسەر بە ڕاستەوخۆ یان وەک توانج ڕەوانەی یەکتری دەکەن.
بۆ نمونە؛ (مناڵەکانت تەربیەتی خۆتن بۆیە وا دەرچوون)، یان (تۆ هەر بەمن فێری)، یان (هیلاکی چیت؟ ڕۆژی ئەمڕۆ تۆ چیت کردوە؟) ئەمانە و چەنەها توانجی جەستەیی و بگرە جنسیش کە دەبێتە تیرۆری ئەقڵ و هزر و دەروون.
»هەرزەیی و پێنەگەیشتن و تێنەگەیشتنی دایک و باوک لە مانای ژیانی هاوبەشی و مانای بوونی منداڵ وەک ئەرک و خۆشی و جوانیەکی هاوبەش.
بەداخەوە کەمن ئەو گەنجانەی پێش ئەوەی هەنگاوی ژیانی هاوبەشی بنێن، بیر لە مانای پڕاوپڕی ئەو هەنگاوە دەکەنەوە.
لە پاش ئەمەش مانای دروست کردنی مناڵ و لەسەر چ بناغەیەک و بۆ؟. منداڵ تەنها بۆ دروست کردن نیە. هاتنە دونیایان، کۆمەڵێک گۆڕانکاری بۆ خێزان دەهێنێ لەگەڵ خۆی. مەرج نیە ئەم گۆڕانکاریانە هەمیشە ئەرێنی بن. مناڵ واتە شەونخونی، نەخۆشی، گرنگی پێدانی دەروونی بەردەوام، واتە قوتابخانە و ئامۆژگاری و فێربوون. لەهەمان کاتدا ڕاگرتنی ماڵ و کاسپی و بەڕێکردنی میوان. هاتنی مناڵ دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی دایک و باوک و بوونی کات بۆ گفت و گۆ و تێڕوانینی هاوبەش بۆ ناخی یەکتر، نەک بۆ پڕکردنەوەوی بۆشایی قۆناغەکانی ژیانی هاوبەشی و کارێکی میکانیزمی جەستەیی و بەس.

»بەڕێزان، لە هەموو ئەم هۆکارانە گرنگتر توشبوونی یەکێک لە باوان بە خەمۆکی دوای منداڵ بوون.
خەمۆکی دوای منداڵ بوون تەنها توشی دایک نابێت، بەلکو توشی باوکانیش دەبێت. ئەم جۆرە خەمۆکیە پێویستی بە شارەزاییەکی زۆرە بۆ دەرخستن و ئاشکرا کردنی، چونکە نادیار و شاراوەیە. نیشانەکانی لە نەخۆشی دی دەچێ و توش بوو فریو دەدات. دایک توشی خەم و دڵتەنگی و دەستبەردان لە ژیان دەکات. هەنێجار ڕکیان لە مناڵی خۆیان دەبێتەوە و فەرامۆش و برسیان ئەکەن. ئەشکەنجەیان ئەدەن و پاشان پەشیمان ئەبنەوە. خۆیان بە شایەنی ئەرکی دایکایەتی نابینن و لە هەنێ حاڵەتی دەگمەندا منداڵەکانیان دەخنکێنن. ئەم جۆرە خەمۆکیە جگە لە چارەسەری پزیشکی بە دەرمان، دەتوانرێت بە دیاریکردنی کاتی پشو و ڕێکخستنی ژیانی ڕۆژانە و بەشکردنی ئەرکەکان چارەسەر و تێپەڕ بکرێت.
مناڵ مانابەخشە بۆ ژیان. لە هەنێکاتدا جوانترین و پاکترین پاسارین لە چاوی دایک و باوک. لە لایەکی دیش ئەرکێکی قورس و بێ کۆتان. بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نیە ئەوەیە، کە هەمیشە منداڵ دەبێتە قوربانی دووبەرەکی دایک و باوک و هەنێ بڕیار و کردار لە چوارچێوەی خێزاندا. جێهێشتنی مناڵ لە لایەن یەکێک لە دایک و باوک مانای جێهێشتنی بۆشاییەکی بێ شومار گەورەیە لە ناخ و ڕۆژانەی مناڵدا. ئەم بۆشاییە لە تەمەنێکی پێگەیشتوشدا پڕکردنەوەی زەحمەتە. چونکە مرۆڤ هەر لە مناڵیەوە پێویستی بە ناسین و ئاشنا بوونە بە ڕەگەزی خۆی. هەست بکات کە بوونی لەم دونیایە گرنگە، کە پلانی بۆ دانراوە و هاتنی پیرۆزی و بەختەوەریە. نەک بەزۆر یان بەهەڵە هاتبێتە ئەم دونیا و ژیانە بەڕێزان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×