پێنوسی ژنە و چەپڵە بۆ پیاو لێدەدرێ…

هیبە فەیسەڵ
  2024-02-16     204

هەڵبەتە من یەکەم کەس نیم و هیوادارم دوا کەسیش نەبم کە تیشک دەخەینە سەر هێڵێکی گەرم، لە کۆمەڵگەیەک کە جیاوازی چینایەتی بە شیری دایکەوە دەرخواردت دەدرێ.
کۆمەڵگەیەک کە کوێرانە لە بری نەفرەت، تف ئەکەنە دەمی یەکتر و فەرمانی گەورە و بچوکیان ڕەوایە کاتێک دەگاتە تێڕوانین و مامەڵەکردنی بەرانبەر. جا بەرانبەر مرۆڤ بێت، سروشت یان ئاژەڵێکی بەر کوچە و کۆڵانەکان.
کۆمەڵگەیەک، وەک وابێ خۆڕسکانە و بە خێماڤێکی سیحری، لە پیرۆزترین کتێبی نادیاری مرۆڤایەتیدا نوسیبێتی؛ ئافرەت هەمیشە دەبێ لێپرسێکی هەبێ. جا چ لێپرسێکیش؟ کەسێک ببێتە چەتر و بیپارێزێ. بەڵام لە چی؟ لەهەمان ئەو کەسەی کە وەک خۆی بۆتە لێپرسی یەکێکی دی. لە زۆربەی کاتیشدا هەردوو لێپرسراوەکە یەک ڕەگەزن.
لێگەڕین بدەین لە بنی هەمانەکە و بڵێین پیاو ژن دەپارێزێ لە پیاوی دی. نازانم گەر ئێوە لەم دژیەکی و دەبڵ مۆڕاڵیە تێدەگەن. لە کاتێکدا کە پیاوی کورد خۆی بە هەموو جۆرێکیەوە یەکێکی دەوێ بیپارێزێ.
هەموویان پەروەردە و بەرهەمی شەڕ و برسێتی و توندڕەوین. لەگەڵ ئەوشدا ئەرکی پاراستنیان دراوە بەسەردا بێ ئەوەی هەڵیان بسەنگێنن تا چەن لێهاتون. ئایا خۆیان لەو ڕۆڵە دەبیننەوە؟ چۆن ئەو ڕۆڵە پڕدەکەنەوە؟ ئایا بەو شێوەیەیە کە خۆیان ئەیانەوێ؟ یان وەک ئەوەی کەسانی پێشتر بۆیان نەخشاندون؟.
شایەنی باسە کە ئەم پاراستن و ئاگاداری بوونە لە بری ئەوەی ببێتە دەستێکی گەرم، میهرەبان و ئاوێنەیەکی هەقانی کە ژن بێ پەردە بتوانێ لەگەڵی بدوێ و خۆشی و ناخۆشی لەگەڵ بەش بکا، دەبێتە کەسێک کە لە گچکەترین هەنگاو دەبێ پرسی پێبکەیت و لە فەرمانی دەرنەچی.
لە ناو ژنانیشدا وا باس دەکرێ کە فڵان پیاوێکی باشە و دەپرسن چۆن « ڕێگەی » بە ژنەکەی داوە بخوێنێ؟، بچێ بۆ ئیش و پارە بێنێتەوە.
جا خۆ ئەگەر ئەو ژنە چوبێ بۆ ئاهەنگێک و مناڵی بەسەر مێردا بەجێهێشتبێ، ئەوا ژنانی دی لەسەرەوە بۆ خوار چاوی سوکایەتی بە باڵای ئەخشێنن.
ئیدی زۆرن ئەو ژنانەی کە باجی ناخی چۆل و بێ متمانەیی پیاوێک دەدەن. تەنانەت سەرکەوتنەکانیشیان دەبێ ژێر بەژێر یاد بکرێتەوە. نەک تەنها لە ترسی قسەڵۆکی ژنانی دی. بەڵکو بۆ ئەوەی پیاوان دوودڵ نەبن و نەکا دڵیان لەخۆیان دابمێنێ کە ئەوان بەهەمان پلەی سەرکەوتن نەگەیشتون.

من هەتا ئێستا تێنەگەیشتوم ؛ هونەر لەوەدا چیە کاتێک مامۆستایەک، نوسەرێکی ژن لە کۆڕێکدا، یان هونەرمەندێک بەرهەمێکی دیاری دەبێ و سەرکەوتنێک بەدەست دەهێنێ، دەبێ لەگەڵ یەکەم دەست خۆشی لێکردنی ئەو خاتونە، باس لە باڵای بەرزی ئەو پیاوە بکرێ کە یارمەتی داوە؟ هەروەک بڵێی ژن هەمیشە و گەر یەکێک لەپشتی نەبێ ناتوانێ هیچ هەنگاوێک بنێ. گەر ئەم بۆچونە دروستیش بێت، مانای وایە ئێمە کوێر و ڵاڵ بووین لە ئاست ئەو ستڕەکچەرەی کە کۆمەڵگەی ئێستای کورد، لەسەری سەما ئەکا.
ئەو خاڵە بنەڕەتیەشمان لە یاد نەچێ ، گەر پیاوێک ئاشنا بێت بە پێگەیشتن، کامڵ بوون و مانای نێرایەتی خۆی، هەرگیز ناهێڵێ ئەو بەراورد و پیاهەڵدانە لەبەرانبەری بکرێ. چونکە پڕاوپڕ لە کەمکردنەوەی بوونی ئەو نێرەیە و یەکسان کردنێتی بە هاوڕەگەزی خۆی کە پیاوسالاری لە خوێنیدا ڕاست وچەپ ئەکا، بێ ئەوەی لە خودی خۆیدا بزانێ بۆ!
ئیدی چ پێویستە کە بە بەژن و پیاوەتی نێردا هەڵبدرێ، گەر بناغەی پێکەوەنانی ژیانی هاوبەشی ئەو دوو مرۆڤە لەسەر دابەشکردنی ئەرکەکان بێت، و هەر لە سەرەتای پێخستنە ژیانی هاو-بەشیەوە، تەرازوی کەس لەوەی دی قورستر نەبووبێت.
نیە جوانتر، ئاڵۆزتر و پیرۆزتر لەوەی کە دوو مرۆڤ بتوانن هاوکار و هاو-ڕێی یەکتربن. بەڵام کاتێک ئەم یەک بوونە دەخرێتە قاڵبی ڕەگەز و بە کەمتر و لاوازتر بینینی بەرانبەر، ئەوا ناهەوسەنگی دەبێتە نەخۆشیەکی درێژخایەن و لە کۆتادا کوشندە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×