٨ی مارس‌و ئێمە گەیشتینە چی؟ 

هیبە فەیسەڵ
  2023-03-07     333

لەکاتێکدا کە سەرچاوەی شۆڕشی ئازادی ژن گیرئەکرێ لەپۆشینی بەرگ و ئەرکی ماڵ و پەروەردەی مناڵ و ..هتد، زۆر لایەنیتر هەن فەرامۆش دەکرێن کە لەڕاستیدا پێویستیان بەئاگایی، خستەڕوو دەستکاری کردن هەیە. جا ئەم فەرامۆشکردنە بۆ مەبەستی تایبەتی بێت یان ئابووری و بێگومان سیاسیش. 
بێشومارن ئەو دەنگانەی کە هاواریان پڕە لەحەسرەت، توڕەیی، ژێردەستی، چەوساندنەوە و کوشتن. 
لەکاتێکدا دەگمەن و نەبیستراون ئەو دەنگانەی کە باس لەیەکسانی موچە، پێدانی مۆڵەتی باوکایەتی، مافی لەباربردن و بەربەستی دوگیانبوون .. هتد دەکەن. ئەمانەش هەموو سوچ و کەلەبەری ژیانن کە بە نەبونیان یان شاردنەوەیان، ناهاوسەنگیەکی چەسپاو ئەچێنێت بۆ نەوەی داهاتوو. 
بەچ بەهانەیەک ئەم دەنگانە ئەخنکێنرێن؟ یان هەر زوو دەخرێنە چوارچێوەی فێنۆمینی فیمینیسم، کە ئەویش خەریکە بەدناو دەکرێت و بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی خود، نەک وەک پشتگیریەکی ڕاستەقینە لە هەوڵەکان بۆ تێگەیشتن و بەیەکگەیشتن و بینینی دووڕەگەزی جیاواز، بە جیاوازی خۆیان. 
کێن ئەوانەی دەستیان لە کپکردنی ئەم هاوارانەدایە و بۆ چ مەبەستێک؟ 
گەڕان بەداوی ڕاستیەکی بنەڕەتی، کارێکی مەحاڵە، لەڕاستیشدا گرنگ نیە.  چونکە لێکدانەوەی ڕاستیەکان واڵان بەڕەنگ و چەشنی تاکەکان. هەر بۆیە پێویستە بابەتی ململانێی ئازادی و یەکسانی ژن و پیاو وەک ناکۆکیەکی سێ جەمسەر ببینرێت. »جەمسەرێک کە هەستەکان دەگرێتە خۆی. واتە خۆشەویستی، ڕک، بێزاربوون، هەستی ستەم و مافخواردن، و لە هەموویان گرنگتر هەستی بوونت وەک قوربانی. هەموو ئەم هەستانە دەبنە چەند ئامرازێک لە چەشن و جۆری ئەو دیالۆگەی کە پەنای بۆدەبەین بۆ گەیاندنی پەیامەکانمان. هاوسەنگی هەستەکان واتە دیالۆگێکی هاوسەنگ. 
جەمسەرێکی دی تێگەیشتنە لە ناوەڕۆک و کرۆکی بابەت. واتە چ ئازادیەک؟ چۆن یەکسانیەک؟ ئایا هەر لە بناغەوە یەکسانی هەیە؟ هەبووە؟ دەبێت؟ لە چ بارێکەوە؟ بۆچی؟ 
جەمسەری سێیەم کارکردن، مامەڵەکردن و ڕەفتارە لەگەڵ کێشەکە. واتە دیاریکردنی خاڵی سەرەتا و دانانی نەخشە و بەشکردنی ئەرکەکان بۆ گەیشتن بە ئەنجام. 
دەبێت ئەم سێ جەمسەرە وەک یەک ڕەچاو بکرێت تا هەردولا بتوانن دیالۆگێکی دوور لە توانج، ڕکەبەرایەتی، تۆمەتبارکردنی بەرانبەر یەک ئەنجام بدەن. 
دیالۆگێک کە پەیامێکی کۆن وەک خۆی ڕوون بکاتەوە و لە دەستدرێژی، دوبەرەکایەتی، شێواندن و بەرژەوەندی تاک بیانپارێزێ. 
دیالۆگێک کە لە قوڵایی واقع و گۆڕەپانی ژیانەوە هەڵقوڵێ، نەک تەنها لەسەر هەوری خەون و خەیاڵ باسی لێ بکرێ. 
بە بونی ئەم جۆرە دیالۆگە، فینۆمینی فیمینیزم و خەونی یەکسانی ژن و پیاو، نابێتە بابەتێکی شەخسی یان دارێک کە بەناوی سیاسەت و بەرژەوەندی ئابوری کۆمەڵگە بە هەموو ئاڕاستەیەکدا ڕابوەشێنرێ. 
لێرەدا فیمینیزم دەبێتە شۆڕشی گۆڕان و سەرلەنوێ هەڵشێلاندن و تێکەڵکردن و داڕشتنەوەی کولتور. ئەمەش بە بوونی ڕەفتار و نەریت و ڕوانگەی نوێ. دروست بوونی ئەم کولتورە نوێ یە، وەک هەموو تازەگەری و گۆڕانکاریەکی دی، کاتی دەوێت. بڕوا و هەوڵی دەوێت تاکو بتوێتەوە و سەرلەنوێ لە پەیکەرێکی ئیلاستیکی نوێدا خۆی بنوێنێ. پەیکەرێک کە من و تۆ و یەکێکی دی لە قناعەت و قبوڵکردنی جیاوازیەکانەوە تێی بڕوانین و بە فرەڕەنگ پێناسەی بکەین. 
چیدی داوا و گەیشتن بە مافەکان بە گاگۆڵکێ و دەنگێکی لەرزۆکەوە ڕوناکی نابینێت. هەموو دەنگێک، هەنگاوێک دەبێتە تەواوکاری. جا هەنگاوەکانیش لەیەکتر ناچن. تاکت، تۆن و خێراییان جیاوازە. هەر بۆیە داوای ژنێکیش لە یەکێکی دی ناچێ. 
ئیدی دەبێت بێگومانبین لەوەی کە مافی داواکردن و ڕێزگرتن لە سەرەتاوە لە خۆدی خۆمانەوە دەست پێدەکات، تا هاوشێوەی بازندەی ئاو گەورەتر و بەرینتر چواردەوری ئاوەدان بکاتەوە. 
ئیتر هەموومان ئەبێ ئەوە بزانین کە فیمینیزم چڕنوکە. چڕنوکێکی بێڕەحمانەیە لەو یاسایانەی کە لە هیچ شوێنێک نەنوسراون، ڕەنگیان نیە. بەلام لە هەمان کاتدا سەپێنراون و پەیڕەو ئەکرێن، بێ گەواهیدەر مرۆڤی لەسەر دادگایی دەکرێ و ئەکوژرێ. 
جا بەڕێزان بیرمان نەچێت کە هەموو گۆڕانکاریەکیش لە بیرۆکەیەکەوە دەست پێدەکات تا بە هاوکاری چەند دەستێک ببێتە واقعێک لە دەرگای هەموو ماڵێک بدات و ببێتە یاسای پەیوەندیەکان. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×