حەتمییەتیی جەنگ

عومەر ئەحمەد
  2023-10-20     360

مرۆڤ لە کۆنەوە بیری لەوە کردووتەوە، کە ئایا ئازادە، یان ڕامکراوە، یان لەو دۆخی نێوانییەدایە، ئەم سێ چەمکە مرۆڤی ئازاد، سەربەست لیبرتاریانیزم/ libertarianism و مرۆڤی جەبرکراو و ڕامکرا و ئاڕاستەکراو، دێترمێنیزم/ determinsime و مرۆڤیک، کە هەم بەرهەمی ویستێکی ئازادەو هەمیش لەژێر جەبری ڕوداوەکانی مێژوودایە، لەو نێوەندەدا جارجار خۆی توانای دروستکردنی ڕوداوی هەیە لەژێر چەند مەرجێکی بابەتییدا، کە ئەم فەلسەفەیەش پێی دەوترێت: کۆمپاتیبیڵیزم/ compatibilism کە تەبایی و گونجانی نێوان دنیای دێتێرمینزیم و لیبیرتاریزمە.

لەم بابەتەدا ئێمە تیشک ئەخەینە سەر حەتمییەتی مێژووی وەکو ڕەوایەتییدان بۆ جەنگ، دیتەرمینیزمی مێژوویی بریتییە لەو باوەڕەی، کە پێی وایە، ڕووداوەکانی مێژوو بە تەواوی لەلایەن هێزە جۆراوجۆرەکانی پێشووەوە دیاری دەکرێن، هەر بۆیەش بە مانایەکی دیاریکراوتر ڕوداوەکانی نێو مێژوو حەتمیین/invetability، دەبێت ڕوبدەن، حەتمییەت ڕوانگەیەکی فەلسەفییە، مێژوو وا دەبینێت، کە داهاتووی بەرهەمی ڕابردویەتی، هێزە میتافیزیکیی و فیزکییەکان کارەکتەری سەرەکی مێژوون، ڕوداو دروستدەکەن و دەیکەن بە پێویستیی، ئەمەش ئیفلیجکردن و شەلەلکردنی ئیرادەی مرۆڤە، ئەو ئیرادەیەی لە ئایندا خودا مرۆڤی پێ موخەیەر کردووە، کە توانای بیرکردنەوە و هەڵبژاردن و کردن و نەکردنی داوەتێ.

چەمکی دیتەرمینیزم لە سەدەی نۆزدەهەمدا دەرکەوت، بیرۆکەی سەرەکی چەمکەکە ئەوەیە، کە هەندێک هۆکار بوونی مرۆڤەکان دیاری دەکەن و بەو هۆیەوە مەودای ئیرادە و ئازادییان سنووردار دەکەن، بۆ نمونە لای هیگڵ عەقڵ دیاریەکەری ڕەوڕەوەی مێژووە، لای مارکس و ئەنگلس ململانێی چینایەتیی و هاتنەکایەی کۆمەڵگایەکی بێچین ڕوداوێکی حەتمیی مێژووین و دەبێت هەموو کۆمەڵگەیەک پیایا تێپەڕێت، لە مێژوودا ئەمە ڕێبازێکە، کە پێی وایە مێژوو لە بنەڕەتدا مانادارە، یان پێشتر مانای پێدراوە .

دەتوانرێت دیتەرمینیزمی مێژوویی بەو بیرۆکەیە تێبگەین کە ڕووداوەکانی داهاتوو پێشوەختە دیاریکراون، بەزۆری لەلایەن هێزێکی سیاسیی و عەسکەری یان ئابوورییەوە. ئەمەش لەگەڵ ئەو باوەڕەدایە کە کۆمەڵەیەکی دیاریکراو لە مرۆڤی ڕۆشنبیر هەن، کە دەزانن ئەم دەرئەنجامەی داهاتوو چی دەبێت.‌ لە کاتێکدا چەندین ڕوداو هەبوون پێشبینیکران و ڕویان نەدا، کە ئەمەش نەک ڕەخنە، بەڵکو ڕەتکردنەوەی تەواوی ئەم دیدەیە، توێژینەوەکەی (جەیرید ڕاسڵ2021) لەسەر ئەم پرسە بەوردیی کاری کردووە، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان دێترمینیزمێکی مێژوویی وەک ئەوەی هیگڵ خەیاڵی کردبوو کە دواتر گونجێندرا بۆ مارکسیستی-لینینیزم و دواتر ستالینیزم؛ ئەو فەلسەفە ڕەگەزییەی کە پاڵنەری نازیزم بوو؛ و ئەپۆکالیپتیزمی ئایینی پەڕگیر و کۆنزەرڤاتیڤ، کە لە پشت هەندێک فۆرمی سیاسیی مەسیحی و ئیسلامەوەیە. ئەم ڕوانگە دیتەرمینیستییە مێژووییە لەم ئایدۆلۆژیانەدا، ئەو باوەڕە بە لایەنگرانی دەبەخشێت کە ئەوان زەمینەی بەرزی ئەخلاقییان بەدەستەوەیە، سەرکەوتنیان حەتمییە و دژایەتیکردنیان تەنیا بەربەستێکە لەبەردەم ئەو کۆمەڵگە ئایدیاڵەدا، کە بڕیارە لە داهاتوودا بێتە کایەوە، هەوڵی سەپاندنی ئەم شێوازە بیرکردنەوە بەسەر کەسانی دیکەدا زۆرجار ئەنجامەکەی کوشتن و بڕینی و جینۆسایدی لێدەکەوێتەوە.

 

حەتمییەت بۆ ڕودانی جەنگ:

دیارە جەنگ ڕەهەندی جیاجیای سیاسیی و ئابوریی هەیە، ئێمە لێرەدا ئەو ئاراستەیە ناگرینە بەر، کە بزانین لەڕوی بابەتییەوە جەنگی ئیسرائیل لەبەرانبەر فەڵەستین چییە؟ لەوەش ئەگەڕێین بەدوای هۆکار و چارەسەر و لێکدانەوە و تەفسیری جیاواز بگەڕێین، لێرە تشک ئەخەینە سەر ڕەهەندێکی ترسناکی جەنگ، کە بریتییە لەوەی جەنگ وەکو دۆخێی حەتمیی، کە دەبێت ڕوبدات دەبینێت، جەنگ وەکو پێویستیی مێژوو سەیردەکات و ڕودانی دەکاتە مەرج بۆ بەردەوامیی ژیان، ئەم ڕەهەندە لە ئێستادا لای زۆرێک بووەتە حەقیقەتێکی ترسناک، لەکاتێکدا دەبێت ڕێک بەپێچەوانەکەیەوە بیربکرێەوە، جەنگ بە دیاردەیەک سەیربکرێت کە نابێت ڕوبدات، وەکو ترسناک و کارەسات سەیربرکرێت، بەدوای ئەوەدا بگەڕێین بەهیچ جۆرێک ڕەوایەتی بۆ جەنگ نەهێڵینەوە، مناڵەکانمان بەجۆرێک پەروەردە بکەین جەنگ وەکو قەدەغە سەیربکەن، پرۆگرامی پەروەردە و ڕاگەیاندن و پەرستگا و شوێنە ئاینییەکان بەوجۆرە ئاڕاستەبکرێت کە دژی جەنگ ببن، لەژێر هەر ناوێکدا بێت.

ئاستێکی تری جەنگ بریتییە لەوەی هەر لایەنێکی جەنگ بۆخۆی چیرۆکێکی هەیە، ئیسلامییەکان جەنگی یەهود بە جەنگێکی حەتمی مێژووی دەزانن، یەهودییەکان جەنگەکە وەکو بەرەنگاریی مانەوەو ئازادکردنی خاکی پیرۆزی دەبینن، وەکو جەنگێک دەیبینن کە جولەکەکان دەپارێزێت ، لەو ستەمەی لە ماوەی نیوسەدە لە ئەوروپا بەرانبەریان کرا، وەکو جەنگێک دەیبینن، کە دوای دوو هەزار ساڵ هاتونەتەوە نێو خاکی باوباپیرانیان دوای داگیرکردنی ئەو خاکە و ئاوارەبوون و بێ سەروشوێنبوونیان لەوڵاتاندا، ئێستا ئەم جەنگە بریتییە لە بەرگرییکردن لە مانەوەلەخاکی ڕەسەنی خۆیان

خەسڵەتێکی تری جەنگ لە دنیای مۆدێرندا، بریتییە لەوەی دەرئەنجامەکەی کوژرانی منداڵ و ئافرەت و پیاوی پەککەوتە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆۆلجیا و دروستکردنی فڕۆکە و بۆمب و گازە خنکێنەرەکان و بۆمبی دوورهاوێژ، وای کردووە بە ئاسانترین شێوە لەماوەیەکی زۆر کەمدا هەزاران ژن و منداڵ و پیر ببنە ئامانج و بکوژرێن، لەکاتێکدا لە جیهانی پێش مۆدێرنیتە، بەشێکی زۆری جەنگەکان لەلایەن جەنگاوەرەکانەوە دەکرا، لە شوێنێکدا دوو هێز دەگەشتنە یەک و جەنگ دەستی پێ ئەکرد، ئەگەر چی لە مێژووشدا کاولکاریی و کوشتنیی بێ وێنە ڕویداوە، مەغۆل و ڕۆمەکان بەنمونە، بەڵام لانی کەم زۆرینەی جەنگەکانی پێشوو وەکو ئێستا لەوماوە کەمەدا ئەو هەموو کوشتارەی لێ نەدەکەوتەوە، جەنگەکان هەمیشە بێتاوانەکانی تیا ئەکوژرێن یان بەجۆرێکی تر بیڵێین، کە زۆرینەی قوربانیانی جەنگ ئەو مرۆڤانەن کە لانی کەمی ژیانیان ئەوێت، ژیانێک سەروماڵیانی تیا پارێزراو بێت، دوور لە جەنگ و شەڕوشۆڕ و ئاژاوە، ئەم مرۆڤانە سیڤیلن، خەریکی ژیانی ڕۆژانەی خۆیانن، بەدرێژایی مێژووی قوربانی سەرەکیی بوون، بەبێ جیاوازی ڕەگەز و نەتەوە و ڕەنگی پێست و تەمەن ...تاد.

 

ئاین و جەنگ

جەنگ مێژوویەکی دێرینی هەیە لە ئایندا، جەنگی جولەکە و مەسیحی و ئیسلام و مەسیحیی و شیعە و سونەو ئەرسۆدۆکس و کاسۆلیک و پرۆتستانت...تاد. جگە لەو هەموو جەنگەی لە هندستان لەنێوان موسوڵمانەکان و هیندۆسەکان و لەچین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ئەگەر بەوردیی لە هۆکاری هەموویان وردبینەوە، کەسیان لەبەر دەقێکی ئاینیی، حەقیقەتێک، سەرخستنی حەق و چاکە بەسەر ناحەقیی و خراپەکاریدا نەبووە، بەڵکو شەڕی بەرژەوەندیی و خاک و و نفوس و پارە و ماڵ و موڵک بووە، ئینجا وەرە بزانە ژمارەی کوژراوانی جەنگ لە نێوان ئاینەکان و مەزهەبەکاندا چەند بووە!

ئەمە لەکاتێکدایە ئاینەکان خۆیان دژی جەنگ و کوشتارن، کوشتنی مرۆڤ لە ئایندا گەورەترین تاوانە، لە ئاینی ئیسلامدا ڕوخانی کەعبەی پیرۆز کە قیبلەی هەموو موسوڵمانانە باشترە لە کوشتنی مرۆڤێک بە ناحەق، کوشتنی مرۆڤێکی بێتاوان وەکو کوشتنی هەر هەشت ملیارە مرۆڤەکە وایە، ئەمەو چەند ئاماژەی تر لەئاینی پیرۆزی ئیسلامدا کە دژی کوشتن و بڕینە...تاد.

 

بەرەی جەنگ

دیارە لە مێژوودا و لە سەردەمی ئێستاشدا، هەمیشە جەنگ کە ڕودەدات هێز و دەوڵەتان دەبنە چەند بەرەیەکەوە و دابەش دەبنە سەر بەرەکانی جەنگ، لەم جەنگەدا ڕۆژئاوا و ئەمریکا وەکو لایەنگیر دەردەکەون، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خاوەن بانکە ئەهلیی و کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەتی ئەمریکا و ئەوروپا جولەکەن و خەڵکێکی زۆری دەستی کار لای ئەوان کادەکەن و ئابورییان بەدەستی ئەوانە، هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا بەتەواوی پشتگیریی ئیسرائیل دەکەن، چی لەڕوی هێزەوە چی لەڕوی ڕاگەیاندن و هێزی نەرم و ڕەوایەتی دانەوە بێت لەڕێگەی دەستە و ئەنجومەنەکانیانەوە، ئەمەش ئەوپەڕی مەترسییە لەسەر مرۆڤایەتیی، کە میللەتێک قڕبکرێت بەهاوبەشیی زلهێزەکانی جیهان .

ئێران و دەستێوەردانەکانی و یارمەتیدانی گروپێکی وەکو حەماس کە گروپێکی چەکداریی سونەمەزهەبن، لە دژی ئەو ڕێککەوتنانەی وڵاتانی عەرەبیی سوننە مەزهەب لەگەڵ ئیسرائیلدا کردبویان، کە پێی وابووە دەبێتە هۆی ئاشتی و یەکگرتووی ئەو هێزانە دژ بە بەرژەوەندییەکانی، بۆیە دۆ و دۆشاوی تێکەڵکرد، ئەمە ڕەهەندێکی جەنگەکەیە، سەرئەنجام ناچارین هەم بیڵێینەوە، کە تەنها مناڵی هەژار و پیرو پەککەوتە شەهید دەبێت، شەڕەکە بە هەزاران کیلۆمەتر دورە لە سنورەکانی ئێرانەوە.

لەلایەکی ترەوە تورکیا و بە فیعلیی خۆی دورخستۆتەوە لەم شەڕە و بگرە ئەم جەنگەی قۆستۆتەوە، لە ڕۆژئاوای کوردستان لەنێو دوکەڵی جەنگی ئیسرائیلدا وەکو دەرفەت و دوور لەچاوی دونیا بەدزیەوە کەرتی کارەبا و پەروەردە و ئاو و خزمەتگوزاری گشتیی وێران کردووە و نزیکەی 5000هەزار هێرشی موشەکەیی و ئاسمانیی کرادووە و زیاتر لە 50 شەهید و چەندین بریندار هەیە، نازانم بۆچی سەد ساڵە چاوی دنیا ، جیهانی ئیسلامی کوردی نەبینی؟ کورد میللەتێکی موسوڵمانە، لەوەش زۆر خراپتر ئەوەیە دەوڵەتانی بەناو ئیسلام و مووسڵمان کۆمەڵکوژی دەکەن.

دیارە جەنگێک کە ڕوئەدات، جیهان دابەش دەکات، هەر هێزێک دەوڵەتێک بەپێی بەرژەوەندی خۆی هەڵوێستی پشگیریی و دژوەستانەوەی دەبێت نمونەیەکی سەیر ئەهێنینەوە، لەبارەی هەڵوێستی وڵاتان لەسەر جەنگی فەڵەستین:

تورکیای سوننە مەزهەب لە ئاستی ڕاگەیاندن و بۆ گەمژاندنی میللەتانی موسوڵمانی ناوچەکەی وەکو کورد، پشتگیریی فەڵەستین دەکات و لە ئەرزی واقعدا هاوپەیمانی ئیسرائیلە، ئەرمینیای مەسیحیی هەڵوێستی دژی ئیسرائیلە، چونکە هاوپەیمانی ڕوسیایە، ئازەربایجانی موسوڵمان دژی فەڵەستینە، چونکە دوژمنەکەی، کە ئەرمینیایە لایەنگریی فەڵەستینە، یان لانی کەم لەئاستی گوتاردا پشتیگریی دەکات، ئێرانی شیعە مەزهەب هاوپەیمانی هێزێکی سونیی چەکدارە، کە حەماسە، ڕوسیا و کۆریای باکور دژی ئیسرائیلن و چین وەکو هەمیشە تۆزێ بێ لایەن و زیاتر هاوسۆزی فەلەستینە و ئەمریکا و ڕۆژئاوا دژی فەڵەستینن و هەندێک وڵاتانی ئەمریکای باشوری لەئاستی ڕەمزیی و شەقامدا هاوسۆزی فەڵەستین، وەکو چیلیی ، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مەیلی دژە ئەمریکایی لەو وڵاتانەدا، کە کاریگەریی بزوتنەوە شۆڕگێڕە شیوعییەکانیان لەسەرە تا ئێستاش...تاد

کەواتە ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە هەموو جیهان لە دابەشبوندان، شتێک نییە بەناوی مرۆڤایەتیی و ڕێگریکردن لەڕشتنی خوێن، بەرەکان هێڵن و پێکەوە بەستراون و بەرژەوەندی بەپلەی یەکەم ئابوریی و دواتریش سیاسیی پێکەوەیان دەبەستێتەوە.

 

ئایدۆلۆژیا و حەتمییەتی جەنگ

مورید و دەروێشە ئایدۆلۆجیی و دینییەکان تینوی خوێنن، لەپێناو خوداکەیان، سەرکردەکەیان چاویان سور بوەتەوە و قوربانی زیاتریان ئەوێ، ئەیەناوێ زۆرترین خوێن بڕێژرێ بۆ ڕەوایەتی دان بە بەخەباتەکەی خۆیان، وەکو دەوترێت خەڵکێکی زۆر هەبووە لەڕێگەی گروپە جیاوازەکانەوە ڕۆشتووە بۆ غەزە و لەوێ ژیاوە بەو بیانوەی ئەگەر لەوێیش بمرێت شەهید دەبێت، ئەم ئیرۆسە بۆ خوێن و مردن و قاچپەڕین و سەر لەلاشە بونەوە و و سەر پانبونەوە سەرچاوەکەی لە ئاین و مەزهەب و ئایدۆلۆجیاوە وەردەگیرێت، ئەم جۆرە مرۆڤانە هۆکاری کوژران و بێ سەروشوێنبوونی منداڵی بێتاوان و پیر و پەککەوتە و ئافرەتی دوگیانن، بۆیە مرۆڤ ئەبێت لانی کەمی ئەم هۆشیارییەی هەبێت، ئەم جۆرە گروپ و کەسانە بناسێتەوە.

خاڵێکی تر ئەوەیە مرۆڤ درکی پێ بکات، ئەوەیە کوڕ و کچ و ماڵ و حاڵ و مناڵی سەرکردەکان لە شوێنی ئارامدان، بۆ نمونە سەرکردەکانی حەماس بەنمونە وەربگرین، وەکو دەوترێت زۆریان لە ئەوروپان، ئەم وێنەیە بۆ زۆربەی شۆڕشەکان ڕاستن، کوڕ و کچی ئەم دەستەو گروپ و تاقمانە لە زانکۆی شاهانەی بڕیتانیا و دورگە کڕوکپ و بێ دەنگەکانی ئیسپانیا و شارە هێمن و ئارامەکانی ئەوروپان، ئێ خۆ مرۆڤ ئەبێت ئەم تۆزە هۆشیارییەی هەبێت و درکیان پێ بکات، بە ئاوەزەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم جۆرە پێشهاتانە بگرێت و نەبێتە سوتەمەنی هیچ دین و مەزهەب و، ئایدۆلۆجیایەکی دیاریکراوەوە.

ڕەهەندێکی تری ترسناکی جەنگی ئیسرائیل و فەڵەستین بریتیە لە بەرکاهێنانی خەڵک، میللەت و کۆمەڵگا وەکو پشتێن و قەڵغان و کەڕەستەی جەنگ، ئیسرائیل میلەتێکی بردووەتە نزیکی حەماس و خاک ئەکڕێ و کۆمەڵگەی جولەکە دروست دەکات، حەماس لێی دەدات و ئیسرائیلیش بێ دەستپارێزی چەندقات و چەند بەرانبەر خەڵکی سڤیل بۆردومان ئەکات، لەم نێوەندەدا وەکو دەوترێت نزیکی 5000 فەڵەستینی و زیاتر لە 1000 ئیسرائیلی گیانیان سپاردووە، سەرەڕای بریندا و بێ سەروشوێن، ڕای نێودەوڵەتیی و وڵاتانی موسوڵمان، دەبێت سنورێکی بۆ دابنەن و بڵێن شەڕ ببەنە شوێنێک دانیشتوانی تیا نەبێت لەوێدا خۆتان تاقیبکەنەوە، نەک لە ناوەڕاستی شار و نەخۆشخانە و شەقامی گشتیی بۆمباران بکرێت و بکرێتە ئامانج.

 

سەیری ئەم سەرچاوانەم کردووە لە نوسینی بابەتەکەم.

1https://www.kurdipedia.org/default.aspx/default.aspx?q=20221117070039445767&lng=1

2https://digitalcommons.bridgewater.edu/honors_projects/65/

3https://en.m.wikipedia.org/wiki/Historical_determinism

4-https://www.jstor.org/stable/2105051

5-(Jared russell:2021), The Destructive Draw of Historical Determinism.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×