دۆخی پشێویی 

عومەر ئەحمەد
  2023-06-26     430

تیوری ئەنیمیی، یان پشێویی لە سایتی((assanet)) بەمجۆرە لە کۆمەڵناسیدا پێناسەکراوە، کە بریتیە لەو دۆخە پشێویی و نائارامییە دەرونیی و کۆمەڵایەتیەی، کە کاتێک ڕودەدات لەنێو دەوڵەتێک، نەتەوەیەک، یان گروپێکی کۆمەڵگا کە نۆرم و بەها و کلتور و ئاینی تێدا لەدۆخی سەرلێشێواویدا بێت، ئەم تیورە جەخت لەوە دەکاتەوەکە تێکچوون و لادان لە کۆمەڵگایەکدا بەهۆی شکاندنیی ئەو بەهای نۆرمانە ڕوئەدەن چیتر ئەو کۆمەڵەیە کۆمەڵگەیەکی زیندو نابێت و دەچێتە ژێر باری ئەم پێناسەیە لە کۆمەڵگە کە پێی ئەوترێت سەرلێشێواو، تێکچوو، نائارام و ناجێگیر لەهەموو ئەو نۆرم و بەهایانەی کە بەشێکن لێی. لەژێر ڕۆشنایی ئەم چەمکە هەندێک لەو دەرئەنجام وهۆکارانە دەخەینە ڕوو کە لەکۆمەڵگای کوردیدا بوونی هەیە.

دۆخی کوردستان بەدەست چەندین قەیرانەوە ئەناڵێنێ، لەڕاستیدا زۆریان قسەیان لەسەرکراوە، هیچ کۆمەڵگەیەکی بێ کێشە لە جیهاندا بوونی نییە بەڵام دۆخەکە لە کوردستان هێندە تێک چڕژاو و فرەڕەهەند و تێکئاڵاوە، ڕەنگە کەم ڕۆشنبیر و نوسەر هەبێت بتوانێت تیوریزەی بکات، یان بە مانایەکی تر بتوانێت تەنها لەیەک دنیابینییەوە سەیری بکات و خوێدنەوەی گشتگیریی بۆ بکات، بەدڵنیاییەوە ئاڵۆزیی و دۆخەکە وا دەکات بەدەر لە تیور و پارادایمیی زانستیی و فیکریی زۆر ورد و قوڵ سەیری واقعەکە بکەی، لەبری ئەوە پیاو باشترە کۆنکرێتییانە دۆخە پێناسە بکات و وەکو فاکتێک بوون و دەرهاویشتەکانی بخاتە ڕوو، لەم بابەتە هەوڵئەدەین ئەم دۆخەی دروست بووە و چەندین ساڵە لە فۆرمی جیاواز درێژەی هەیە و بگرە ڕیشەیەکی کۆنتری هەیە و لە ئێستادا گەشتۆتە ئاستی پشێوییەکی گەورە لە چەند ڕویەکی جیاوازەوە بخەینەڕوو:

 

یەکەم: گوتاری ئاینیی

ئاین ڕەگەزێکی کۆمەڵایەتییە، بەمانا فۆکۆییەکەی ڕەگەزێکی گرنگی دەسەڵاتە، چونکە خۆ دەسەڵات یەک مرۆڤ، پەیکەر نییە بەڵکو لە چەند چینێک دەزگای جیاواز پێکدێت ئاین بەجیاوازیی ئامادەییەکەی لە کۆمەڵگەکاندا ڕەگەزێکی گرنگی دەسەڵاتە و گوتاری ئاینیی توانای هەیە کۆمەڵگە ئاڕاستە بکات بۆ هەر پێشهات و دۆخێک، کە دێتە پێش، هەر بۆیە هەموو دەوڵەتانی دنیا گوتاری ئاینیان کۆنتڕۆڵکردووە، چونکە لەوە تێ ئەگەن کە ئاین لەئاستی شەقامدا چی کاریگەرییەکی هەیە، تورکیا وەکو کۆمەڵگایەکی موسوڵمان نمونەی ئەم باسەیە، لە تورکیا گوتاری دینی یەک گوتارە و تێکەڵ بە نەتەوەپەرستیی تورک و نیشتیمانپەروەریی بووە، بڕواناکەم مەلایەک جورئەت بکات پێچەوانەی ئەوەی دەسەڵات بۆی داناوە قسەبکات! ئەوەی لە هەرێمی کوردستاندا ئەبینرێت ئێستا، بڕواناکەم هیچ سەردەمێک بەقەد ئێستا گوتاریی ئاینی لە پشێویدا بوبێت، بۆ یەک پرسیاری سادەی ڕۆژانە بڕۆیت پرسیار لە دە مەلای دە مزگەوتی جیاواز بکەیت، دە وەڵامی جیاوازت دەست ئەکەوێت، گوتاریی ئاینی بەتەواوی داڕزاوە و دورکەوتۆتەوە لەو پاشخانە فیکریی و فەلسەفیییەی کە هەیبووە لە کۆندا، تۆ سەیری پیاوای ئاینی بکەن لەکۆندا ئەدیب و بوون، سەرۆکی بزوتنەوەی ڕۆشنبیریی و سیاسیی بوون و هەر دوانزە عیلمەکەشیان خوێندووە، بەدەر لە زانستیی دینیی ئاگایان لە ئەدەب و مۆسیقا و مێژوو و فەلسەفە و ...تاد بووە بۆئەوەی ئێستا ببیت بە مەلایەکی سەرکەوتوو ماوەی سێ ساڵ لە خوێندنگەیەیک ئیسلامیدا، هەندێک لەزانستە شەرعییەکان ئەخوێنیت و فو ئەکەی بە مایکرۆفۆنی مزگەوت یان هەر سەکۆیەکی تر، ئیتر بە ئارەزوی خۆت تەکفیر ئەکەیت، یان شتی سەیرو نامۆ ئەڵێی لەبارەی ئاینەوە، ئێستا لە فەیسبوک و لەڤیدۆی دە خولەکیی و پانزە خولەکیی موناقەشەی بابەتی گرنگی وەکو موخەیەر و موسەیەر، ئیسراو میعراج، ئەسمائو سیفات، مەسائیلی زۆ وردی عەقیدە ...تاد دەکرێت، چەندین بابەتی تری پەیوست بە عەقیدەی ئاینی، لەکاتێکدا ئەم پرسانە دەبێت لە شوێنی خۆیاندا وەکو بابەتی خوێندنی ئاینیی باسبکرێن، پێویستیان بەنەفەسی درێژ و لێکۆڵینەوە و کتێب هەیە، نەک لە سۆشیال میدیا و تیکتۆک، بەهەرحاڵ مەبەستمان لەو نمونەیە ئەوە بوو بیگشتێنین بەسەر فرە گوتاریی و دژیەکیی و نا سەنتەریی لە گوتاریی دینی لە کوردستان سیفەتێکی زەق و دیاری کۆمەڵگەکەمانە، بەجۆرێک کاریگەریی سایکۆلۆجیی قوڵی لەسەر تاکیی ئیماندار و بێ ئیمانی ئەم کۆمەڵگەیە هەیەو کۆمەڵگە دابەش بووەتە سەر مزگەوت و مەلا و گروپی جیاوازی دینیی، کە ئەمەش هەر لەگەڵ ناوەڕۆکی خودی ئایندا ناگونجێت، کە دژ بە لێکترازانە و کۆمەڵگەی بەرەو پشێوی بردووە، چونکە ناکۆکیی نێوان ئەو سەکۆ جیاوازە ئاینییانە کاریگەریی لەسەر کۆی دۆخی کۆمەڵگا دەبێت.

 

سیاسیی:

هەر زۆر بە سەرپێی سەیر بکەین، دۆخی سیاسەت، وەکو چەند ڕۆشنبیرێک باسیان لێوەکرد لە ڕۆژانی پێشودا، بەجۆرێک شڵەژاوە، ڕەنگە بەدرێژایی مێژوو بەقەد ئەم یەک دوو ساڵە دۆخی سیاسیی بە قۆناغێکی بێ سەروبەرو و پشێویدا تێنەپەڕیبێت، سیاسەت بە تەواوی داماڵراوە لە کاری ڕێکخراوەیی و بۆ ڕێکخستنیی پەیوەندی نێوان خواستی خەڵک و دەوڵەت و دەزگاکانی حوکومەت، ئەوەی هەیە لە کوردستان گروپی چەکداری خاوەن نفوسن کۆنتڕۆڵی سەرچاوەکانی داهاتیان کردووە، بۆ بەرژەوەندیی حیزبیی و تەنانەت لەنێو حیزبیشدا بەرژەوەندی زۆر شەخسیی، کە ئەگەر ڕاستگۆ بین لە هەموو سەردەمێکدا ئەم دیاردەیە بەڕێژەی جیاواز هەر هەبووە، بەڵام لە ئێستادا ئەم تایپە لە حزبایەتی دیوێکی تری ئەو پشێویەیە، کە هەیە و فاکتەرێکی زۆر گرنگیی و لێکترازانی زیاترە، بەدەر لەمانە لایەنکی تری سیاسەت بریتییە لەوەی گوتاری جیاواز بەرهەمبهێنێت، یان خواستی خەڵک تیوریزەبکات و بیکات بە پاکێجی کاری سیاسییانە و وەریبگێڕێت بۆ کۆمەڵێک ڕێکاریی کارگێڕیی ئەمە کاری هەرەگرنگی سیاسەتە بەڕای من، بەپێچەوانەوە سیاسەتی حیزبەکانی ئێمە خەریکی شتانێکی ترن، گوتارێکی شکاویی پۆپۆلیستیی داماڵراو لە هەموو ڕەهەندێکی فیکریی و فەلسەفیی، گوتارێک کە منداڵێکی باخچەی ساوایانیش دەزانێت کە چەن پڕە لە تەناقوز و دژیەکیی ، چەن پڕە لە ناڕاستیی درۆکردن و زیادەڕەویکردن لە وروژاندنی ڕای گشتیی و سادەکردنەوەی سیاسەت لە چەند پرسێکی ڕۆژانە، کە تەنانەت لەگەڵ ئەوەشدا ڕاست ناکەن.

 

دەسەڵات و حکومەت و دەزگاکانی:

بەدەر لە تێڕوانیینی ناوچەیی و وەلائی حیزبیی و بەقسەی زۆرێک لە چاودێر و ڕۆژنامەوانەکان یەکێک لەخراپترین ماوەی دەسەڵاتداریی لە کوردستان لە دوای ڕاپەڕینەوە ڕەنگە ئەم چەندساڵە بێت، بەجۆرێک ئێستا خەڵک دڵخۆشە بەوەی دەزگای ئەم حوکومەتە بەرەو لاوازبوون دەڕوا و دەگەڕێینەوە بۆ بەغداد بۆ ئەوەی مانگانە پارە بنێرێت بۆ موچە و خزمەتگوزاریی، واتە حوکومەتی کوردستان ئیشی ئەبێتە دابەشکردنیی، کە خەڵک لەوەش بەگومانە، بەهەرحاڵ دەزگای پەروەردە، خزمەتگوزارییەکان، میدیا، دادوەریی، پەرلەمان و خودی حوکومەت لەم ماوەیەدا لەو ئەوجی پشێویی و بێ سەروبەرییدا بوون، ئەگەر وانەبێت، چۆن دەسەڵاتێکی گرنگی وەکو دادوەریی لە هەولێر بڕیاری لەسێدارەدان دەردەکات لە سلێمانی ڕەت ئەکرێتەوە! ماشێنێکی گەورە لە میدیای ئاڕاستەکراو و خاوەن ئەجیندای جیاواز بەدەر لە هەموو پرەنسیپێکی ئەخلاقیی و هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کاردەکەن، ڕۆژانە تۆ بۆئەوەی گوێت لە هەواڵەکان بێت، نازانیت گوێ لەکام میدیا بگرت، میدیای دەسەڵات، حزبە ئیسڵامییەکان، یان میدیای بەناو ئۆپۆزیسیۆن، هەروەها لە پەروەردە و خوێندندا زۆرینەی بەشەکانت لە زانکۆکاندا دەرچووەکانیان کاریان بۆ نادۆزرێتەوە و زۆر بەش دادەخرێت، ژمارەی خوێندکار تا بێت زیاد دەبێت بەبێ گرتنەبەری ڕێوشوێنی گونجاوی کارگێڕیی و زانستیی، لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە چەندین ڕوداوی کوشتن و بڕین و شەڕی نێوان کۆڵان و عەشیرەت ڕوئەدەن ڕۆژانە ...تاد باشە دەزگا و دەوڵەت سەربازیی و پەروەردە و میدیا و دادوەری خراپ بێت، ئیتر کوێی باشە؟

 

ئابوریی:

لەنێو سیستەمی ئابوری جیهانیدا ( کە زۆرینەی کۆمەڵگاکان پێڕوی سیستەمی لیبڕاڵیزم و نیو لیبڕالیزم ئەکەن، کە لەسەر بنەمای ئابوریی و بازاڕی ئازاد و زیادکردنی بەرهەم و ئازادیی تاک لەهەڵبژاردنی کارو کۆکردنەوەی داهات دەکەن) و لەهەموو کۆمەڵگەکاندا خاوەن کار و سەرمایەدار و دەوڵەمەند هەن، چینی مامناوەندیش هەیە و دەستکورت و بێلانە و فەقیریش هەن، ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی دابەشبوونی کۆمەڵگایە، واتە جۆرێکی دابەشبوونی کۆمەڵگا بە فاکتەری ئابوریی و ئاستی ژیانە، بەڵام ئەو چینایەتییەی لە کوردستان هەیە بەهۆی نایەکسانی دابەشکردنی داهاتە و وای کردووە کۆمەڵگا دابەشبکات بۆ چینێکی موچەخۆر، کە دەتوانێت تەنها بژیت، لەگەڵ چینێکی زەبەلاحی بێ کار، کە سەیرە بڵێین بەپێی ئامارەکان 500 هەزار دەرچوی زانکۆی بێکار هەن لەکۆی کۆمەڵگەیەکی پێنج بۆ شەش ملیون کەسیی، جیاوزاییەکە بەڕادەیەکە چینێک بەهۆی نزیکیی لە دەسەڵاتەوە نازانێت پارەکەی چی لێبکات، سەفەری وڵاتان، گەعدە و شەوانی سوری نێو یانە و قومارخانەکانی ئەوروپا و کوردستان، باخ و ڤێلاکان و بەخشینەوە و هەڵکردنی سەفتەدۆلار بەسەر گۆرانیبژ و شایەر و بەندبێژەکان و هێنانی ئافرەتیی تایبەت لە خەلیج و ناوەڕاست و باشور و ئێرانەوە، چینێکییش کە زۆرینەی کۆمەڵگان و گەنجن و سەرەتای ژیانیانە، داهاتووی دیار نییە بەهۆی بێکارییەوە، ئەمە وای کردووە هیچ هاوبەشییەک لەنێوان ئەم دوو چینە نەمێنێت، هیچ خواست و بەهایەکی هاوبەشیان نەبێت، وەکو بڵێی خەڵکی یەک وڵاتیش نیین، بەدەر لەوەش هۆکاری سەرەکی نائارامیی دەرونیی و کۆمەڵایەتییە، کۆمەڵگەیەک گەنجەکەی کە ڕۆحی زیندوێتیی هەر کۆمەڵگەیەک گەنجە بێکار بێت، ژیانی لە کافتریا و چاخانەکان بباتەسەر ئیتر تۆ چۆن داوای ئارامیی و ژیانێکی شایستە و جێگریی سیاسیی و کۆمەڵایەتی ئەکەیت!

 

گوتاری ڕۆشنبیریی

ئەگەر قەرار بێت گوتاری ڕۆشنبیریش بەشێکی گرنگی کۆمەڵگا بێت، لە خستنەڕووی کێشە مادیی و مەعنەوییەکانی کۆمەڵگا، وەسفکردنی ڕاستیی دۆخەکە، بەدەر لە تێڕوانینی حیزبیی ئاینی و ناوچەیی، ‌بەرهەمهێانی گوتاریی ڕۆشنبیریی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی و لەڕێگەی کۆڕ و سیمینار و نوسین و وەرگێڕان و بڵاوکردنەوەی کتێب و ...تاد ئەوا هیچ سەردەمێک بەقەد ئێستا هەست بە نا ئامادەیی ئەو گوتارە و و پشێویی دۆخی ڕۆشنبیریی کوردیی ناکەین.

ڕۆشنبیری کوردیی ئەگەر تەمەنیشی زۆر نەبێت بەڵام بەدرێژایی پەنجا ساڵی ڕابردوو و بە دیاریکراویی لە دوای ڕاپەڕینەوە هەمیشە نوزەیەکی هەبووە، کە ڕۆشنبیریی و نوسەرەکان نوسویانە و ڕەخنەی دەسەڵاتیان کردووە، ئەوەی ئێستا ئەیبینیی ئەڵێی لە دورگەیەکی دابڕاوین لە دنیا، ئەم ماوەیە (فاروق ڕەفیق ) وەکو یەکێک لەو ڕۆشنبیرانە، گفتوگۆیەکی بیست خولەکی بڵاوبویەوە بەحەسرەتەوە خەڵک گوێی لێدەگرت وەکو بڵێی غیابێکی گەورەی ڕۆشنبیریی هەیە لەم کۆمەڵگا، کەس نییە بیری بۆ بکاتەوە، مانای بۆ بەرهەمبهێنێت، ڕەخنەی ئەو دۆخە پشێوە نالەبارە لێکترازاوە بکات، هۆشیاریی بڵاوبکاتەوە و خەڵک لەوە ئاگادار بکاتەوە، کە لە بەرانبەر چی کلتورو نەریتێکن، لەبەرانبەر مەترسیەکانی سیستەم و دەسەڵات چۆن و بەچی ڕێگایەک بیربکەنەوەو خۆیان ڕێکبخەن، وەکو هەندێکیان ئەڵێن کە دۆخی ئێستا پێویستی بە جۆرێکی تر لەخەبات هەیە کە خەباتەکەیان بێدەنگییە، چونکە پێیان وایە ناکرێت تۆ هەمان ئەو قسانەی کردوتە بیجویتەوە، بەهەرحاڵ ئەگەر ئەوەش جۆرێک نەبێت لەبیانوو بۆ ئەوەی خۆشت بەشێک بێت لەم ستەمەی کە ئەم دەسەڵاتە کردویەتیی و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە، هەروها پشێوی لەنێو گوتاری ڕۆشنبیریشدا هەیە، ڕۆشنبیری ئاینیی تا ڕادەیەک لەپاشەکشەدایە لەبەرانبەردا گوتارێکی ئاینی هاوردەکراوی خەلیجیی و سعودیی جێی گرتۆتەوە کە لەگەڵ گیان و پێکهاتەی کۆمڵگەکەدا ناگونجێت، ڕۆشنبیریی سیکۆلاریش تا ڕادەیەکی زۆر دابەشبوونێکی زۆر سەیریان هەیە، وەکو بڵێی هیچ خواست و پێداویستییەکی هاوبەشیان نییە بۆ ئەم کۆمەڵگایە، هەریەکەیان ئەوی تر بە نەخوێندەوار دەزانێت، دیارە مەبەستمان لێرە ئەوە نییەیە، کە یەک گوتاریی ڕۆشنبیریی هەبێت، بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە کە گوتارەکە لێکترازاو و نائامادە و بێکاریگەریی و داماوە.

 

هۆکاری ئەم دۆخە

ڕەهەندە مێژووییەکانی :

هۆکارێکی ئەم دۆخەی ئێستا بریتییە لەو ڕاهێڵە مێژوویەی کە کورد دەبەستێتەوە بە مێژووی کۆنی، بڕوانینە مێژووی کورد وەکو تێزەکەی( عیرفا مستەفا )جەختی لەسەر ئەکاتەوە هەمیشە کۆمەڵگەیەک ناکۆک و دابەشبوو فرە ڕەنگ بووە، دابەشبووەتە سەر هۆز و بنەماڵەی حوکمڕانی جیاواز، تەنانەت ئاین و مەزهەبیش بە ڕێژەیەکی کەم، سنوری حوکمڕانی میرنشینێک لە چەند ناوچەیەک تێنەپەڕیوە، سنوری دەسەڵاتی هۆز و عەشیرەتێک لە چەند دێیەکدا بووە کۆی دنیابینی مرۆڤی کود لە بازنەی میرنشین و هۆز و عەشیرەتەکەیدا تێنەپەڕییوە، تەنانەت دوای هاتنی سەردەمی مۆدێرنیتە و دوستبوونی دەوڵەت- نەتەوە، کورد بەشە زۆرەکەی هەر سەربەوجۆرە دابەشکاریە نەریتییە بوون، تەنانەت دروستبوونی حزبی مۆدێرن لەژێر کاریگەریی بزوتنەوە ئایدۆلۆجێیەکانی ئەوسەردەمەی وەکو مارکسزییزم و سۆسیالیزم و ئیسلامی سیاسیی، چەمکە مۆدێرنەکانی وەکو ناسیۆنالیزم و دیموکراسیی، ئەو دۆخە ناسەنتەریی و بێ چەقیەییەی کوردی تێنەپەڕاند، چونکە هەمان ناکۆکیی کۆن لە فۆرمی حیزبایەتیشدا ئامادەی هەبوو، حیزبەکان دیسانەوە کۆمەڵگەی کردییان دابەشکردووە بەسەر خۆیاندا، ڕەنگ و کانیی و سروشت و جوگرافیا و ئەدەب و مۆسیقا و ...تاد دابەشکرد تا ئێستاش ئەم دۆخە درێژەی هەیە، کە ئەم فرەیی و نەبوونی سەنتەر و چەقی بڕیارو و کۆبوونەوە لەسەر هاوبەشیی و کاڵکردنەوەی جیاوازییە دژ بەگیانی ئەم سەردەمەیە، کە بریتییە لەسەردەمی مۆدێرنیتە، هەر ئەمەشە وای کردووە مرۆڤی کورد هەمیشە لە دۆخێکی ساێکۆلۆجیی پشێو و ناجێگیر و گۆڕاودا بێت، مرۆڤی کورد هەمیشە ڕاڕایە، وەکو وتمان هۆکارێکی سەرەکیی ئەوەیە ئێمە لە فۆرمێکی ژیانداین، کە دژ بە هەموو سیستەمی جیهانە، تۆ سەیری هەموو کۆمەڵگاکان بکە هاوبەشییەکانیان زیاترە لە جیاوازییەکانیان، کەچی لای ئێمە هیچ کۆیەک، گشتێک نییە بۆی بگەڕێینەوە، تەنانەت هەندێ بابەتی وەکو زمان و نیشتیمان و ئاڵا و پێشمەرگە و خاک و کلتور و ئاین...تاد لە ئێستادا گوتاری جیاواز هەن لەبارەیانەوە، کە لەهیچ کۆمەڵگەیەک ئم دیاردەیە بوونی نییە.

 

نەبوونی دەوڵەت

دەوڵەت بریتییە لە دەزگایەکی گەورە، کە سنورێکی دیاریکراوی جوگرافیی و جیۆپۆلەتیکیی لەژێر دەستدایە، لەچەندین دەزگای جیاواز پێکدێت و پێڕەوی سیستەمێکی دیاریکراوی حوکومڕانی دەکات، ئەم دەزگایە لەکۆنەوە تا ئێستا چەند سیفەتێکی هاوبەشی هەبووە، لەوانە دەوڵەت سیادەی هەیە، سەنتەری بڕیاریی هەیە، کۆمەڵگە ئاڕاستە ئەکات، کۆنتڕۆڵ و ئیدارەی هەموو جیاوازیەی ئاینیی ، نەتەوەیی، سیاسییانە ئەکات کە لەکۆمەڵگەکەیدا هەن، دنیای پێش دەوڵەتی مۆدێرن، لە چەندین فۆرمی وەکو میرنشین و هۆز و عەشیریەت و ناوچەی نفوس و ئیمپراتۆریەتی و چەندین فۆرمی جیاوازی بەڕێوەبردن بوونی هەبووە، بەڵام دەوڵەت لە هەموو ئەو فۆرمانە زیاتر توانی کۆمەڵگا ڕێکبخات، ئاڕاستەی بکات، ئارامیی و ئاسایشی کۆمەڵایەتیی و ئابوریی و بەدیبهێنێت، پەروەردە و زانکۆ و میدیا گەشە پێبدات.

بێگومان یەکێک لە هۆکارەکانی فرەگوتاریی کۆمەڵگەی کوردیی بریتییە لە نەبوونی دەوڵەت، ئەمە وای کردووە ئێمە هیچمان نەبێت لەسەری کۆکبین، چەقێک نەبێت بۆی بگەڕێینەوە، دەزگایەک نەبێت کۆمەڵێک بەهای هاوبەشمان بۆ دروستبکات، هەندێک وێنەی ڕەمزیی مەعنەویی، کە هەموو کۆمەڵگاکە پێوەی پەیوست بێت، بەجۆرێک لە دوای ئەو هاوبەشییانەوە جیاوازییەکانمان دەستپێبکەن، نەک جیاوازیمان لەبارەی ئەو بنەمایانە هەبێت، کە دەوڵەتێکی مۆردێرینی لەسەر ڕائەوەستێت و بونیات ئەنرێت، لەهیچ دەوڵەتێکدا فرەگوتاریی ئاینیی بوونی نییە، لەهیچ دەوڵەتێکدا گروپ و تاقم بوونی نییە، کە دژ بەو دەوڵەتە بێت، یان دژ بە پیرۆزییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە بێت، چونکە دەوڵەت ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتییە، کە لە ئێستادا نەبوونی دەوڵەت وایکردووە ناجێگیریی و پەشێویی و نائارامییەکی نامۆ و جیاواز باڵبکێشێت بەسەر کۆی کایەکانی کۆمەڵگەی کوردیی.

 

ڕەنگدانەوەی ئەخلاقیاتیی حزبەکان:

هۆکارێکی سەرەکی نەبوونی هەستی نیشتیمانیی و نەتەوەیی لە ئێستادا بریتییە لەو دۆخەی کە لەدوای ڕاپەڕینەوە دوستکراوە، خەڵک بەتەواوی تێگەشتووە ئەم هێزانە نیشتیمانی نین، زۆجار خەڵک لە ناچاریدا بەدوای جیگرەوەی خراپتردا دەگەڕێت بۆئەوەی ڕزگاریان بێت لەم دۆخه، ئەمەش بۆشایی گەورەی دەرونیی دروست کردووە، بەوەی خەڵک هەست ئەکات لە دنیایەکدا ئەژی هیچ بەهایەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی تێدایە نییە، کەبێ گومان بە مانا فرۆیدەکەشی دەوڵەت و دەسەڵات بریتییە لە بەخشینی هەندێک لە ئازادایی و ویستە درونیی و جەستەییەکانی مرۆڤ بۆ ئەوەی گشتێک دروست ببێت، کە هەموانی تێدا ئازاد بن، وەکو چەترێک هەنێک لە ئازادی دەستەجەمعیی سیاسیی و کۆمەڵایەی بۆ فەراهەم ببێت، بەدەر لەوەش ئەخلاقیات و ئەدەبیاتی خراپی ئەم حیزبانە دابەزییوەتە نێو بەشێکی زۆری کۆمەڵگا و ڕەنگیداوەتەوە، ئەمەش وایکردووە، خەڵک تەنها بیری بەرژەوەندی تەسکی خۆیدایە، کۆکردنەوەی پارە و خانو و باخ و ڤێلا و پاسپۆرتی وڵاتانی ڕۆژئاوا ببێتە ویستی لەپێشنەی خەڵک، هەر ئەمەشە وایکردووە، مەحسوبییەت و نزیکبوونەوە لە بەرپرسان و دەسەڵات و کردنەوەی ئەنجومەی هۆز و دەیان ناوی جیاواز تەنها لە پێناو پوست و پلەوپایە و کۆکردنەوەی سامانی زیاتر، لەبەرانبەردا هەستی نیشتیمانیی و نەتەوەیی خۆشەویستی خاک و پیرۆزییەکان لەپاشەکشەدا بن.

 

سەرچاوە:

بۆ پێناسەی زاراوەی ئەنیمی بڕوانە ئەو سایتە:

https://www.asanet.org/wp-content/uploads/savvy/introtosociology/Documents/Glossary.html

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×